ئیسلامییەكان لەنێوان كەرتبوونی زیاترو كۆكردنەوەی تواناكاندا

ئەبوبەكر كاروانی


02/10/2022

 

ئەمڕۆ لەپرۆسەیەكی زیاد بوونی ناسروشتیدا، ناوێكی تر چووە سەرلیستی ناوی لایەنە ئیسلامییەكانی كوردستان؟!

لەكاتێكدا  چاوەڕواندەكراو واپێویستە، توانا ئیسلامییە پەرش وبڵاوەكە لە چوارچێوەوە دیدێكی ھاوبەش ونوێدا خۆی كۆبكاتەوەو لەخەمی بوون بەھێزدا بێت.
 ڕووداوەكەی ئەمڕۆ بەجۆرێ لەجۆرەكان ھوشیاركەرەوەیە بۆ ھەمووانی ئیسلامی. چونكە ھۆكارەكانی  بەشێوەیەكی ھێزەكی وماتەوزە لەسەر ئاستی تەوژمەكەو ناونیشانەكانی ولایەنەكاندا، ئامادەییان ھەیە، كەبەگشتی لەم خاڵانەی خوارەوەدا خۆیان دەبیننەوە:

١- پێشێلكردنی پەیڕەوی ناوخۆو پێچلێدان بەدەوریاو تەئویلكردنی لایەنگیرانە بۆ ھەندێ ماددەو بڕگەو نەمانی دەزگای ناوبژیوانی بێلایەن وپابەندكەر، لەپێناو مانەوەی كەسی یەكەم لەدەسەڵات ولوتكەی ھەرەمەكەدا.
٢- درێژەكێشانی نەگەیشتن بەئامانج ودرێژبوونەوەی ڕێگە، كە جۆرێ لەگومان ونائومێدی بۆ بەشێ لەكادرەكان بەدوای خۆیدا دەھێنێت.
٣- بێلایەننەمانی كەسی یەكەم و بوون بەلایەنگر لەكێشەكان لەكاتێكدا دەبێت لەسەرو ملانێ وكێشەكانەوە  بمێنێتەوە ولەچوار چێوەی پێڕەوو پڕۆگرامدا بەشێوەیەكی عاقڵانە جیاوازییەكان بەڕێوە بەرێت.
٤-  ڕێگرتن لە سەركەوتن وبەدیھێنانی چاكسازی ناوخۆیی وخۆبیناكردنەوە فیكری وكرانەوەی مەنھەجی وپێنانە نێو قۆناغی نوێوە.
٥-  نزمبوونەوەی سەقفی تموح
 وئاواتەكان ولەدەستدانی توانای دەستپێشخەری ودەستگرتن بەگوتاری مانەوەو بەدەستكەوت دانانی.
٦- قوربانیدان بە ئازادی ودادپەروەریی نێوخۆیی بەناوی پاراستنی یەكێتی نێوخۆی، لەكاتێكدا ئەوقوربانیدانە ئەگەر سەری یەكێتیەكە نەخوات، ھێزەكان بەرەو پووكانەوە دەبات.

 بۆیە  سەركردایەتی ئیسلامییەكان، ئەگەر لەخەمی وزەوتواناكەی بەردەستیان ومەودا موگناتیسییەكە دان وبەئەمانەت سەیری دەكەن، دەبێت بەجددی حساب بۆئەو خاڵانە بكەن. لەدیدێكی فراوانی بەھایی ئیسلامی وتەوژمەكەو ئەركە ئەخلاقی وسیاسی ونیشتیمانییەكانییەوە، لە بیری ڕێگریكردن لە زیاتر كەرتبوونی ھێزەكان وپەرتبوونی تواناكان بكات ولەخەمی بەكردەوەیی كۆكردنەوەی تواناكان، بەھەناسەو شێوازو ڕوحییەتێكی نوێوە بێت.
چونكە زیاد بوونی ناونیشانەكان لەچوارچێوەی ھەمان مۆدێل وڕوحییەتدا، ھێندەی دەبێتە مومارەسەكردنی جیاوازیی لەدەرەوەی ڕیزەكان وسزادانی كەسی یەكەم وناچاركردنی بەپێشوازیلێكردنت وەك سەرۆك وھاوشان، نابێتە ئیزافەیەكی فیكری وسیاسی نوێ كەگۆڕەپانە ئیسلامییە نیشتیمانییەكە چاوەڕێیەتی.