دیوێکی دیکەی قەتەر

ئەحمەد سەنگاوی


04/12/2022

قەتەر بەجۆرێک ئامادەکاری کردووە، دەیەوێ بۆ هەمیشە بە زیندوویی لە یادەوەری گەشتیاران و شاندە وەرزشییەکان بمێنێتەوە. هەموو هەوڵێک دراوە بە رێز، خۆشەویستی و ئارامییەوە مامەڵە لەگەڵ گەشتیاران بکرێت. ئەم مامەڵەیە سپێردراوە بە کارگوزارە بیانییەکان، ئێ کرێکاری بیانی بچووکترین مامەڵەی هەڵە بکات، بێڕێزی بە میوانان بکات، بە ئەگەرێکی زۆر کارەکەی لەدەست دەدات، چونکە بەبەردەوامی سەرۆکی تیمی کرێکاران چاودێری کاری رۆژانەی تیمەکان دەکەن. واتە ئەوەی مامەڵە لەگەڵ گەشتیاران دەکەن، قەتەری نین بیانین، چونکە چاوەڕێ نەکەیت قەتەرییەک لە ژیانی شاهانەوە دابەزێت بۆ سەر شەقام و خزمەتی تۆی گەشتیار بکات و رێنوینیت بکات، بۆیە گەشتیاران لەگەڵ کرێکارە بیانییەکان مامەڵە دەکەن، بۆیە سەرسامن بەوەی زۆر رێزیان دەگیرێت و خزمەتیان دەکرێت، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوەی بەرهەمەکە دەچنێتەوە قەتەرە، نەوەک کرێکار.

تۆ دەچیتە قەتەر زیاتر بەر کرێکارە بیانییەکان دەکەوێت و کەمتر مامەڵە لەگەڵ قەتەری دەکەیت، چونکە بەشی هەرە زۆری کارەکان کرێکارە بیانییەکان رایی دەکەن، وای لێهاتووە لە قەتەر زمانی ئینگلیزی و هندی بزانی باشتر یارمەتیت دەدات، وەک لەوەی زمانی عەرەبی بزانیت. 

راستە خاکەکە قەتەرە، دەسەڵاتەکە قەتەرییە، هەموو جومگەکانی سیاسەت و ئابووری و بەڕێوەبردن بەدەستی قەتەرییەکانەوەیە، بەڵام تیمی خزمەتگوزاری مۆندیال بریتین لە کەسانی بیانی زیاتر، فلیپینی، هندی، نیپاڵی و ئەفریقین، بازاڕ، چێشتخانەکان، کەلتووری جلوبەرگی فلیپینی، هندی و نیپاڵی زاڵە بەسەر کەلتووری قەتەری، چونکە ئەوانە لە 88%ی دانیشتووانی قەتەر پێکدەهێنن، خۆ قەتەرییەک بەو گوزەرانە باشەوە، نایەت شۆفێری تەکسی و پاس بکات، نایەت کاری سادەی رۆژانە بکات، بۆیە تێکڕای ئیشی رۆژانە سپێردراوە بە بیانییەکان، ئێ ئەوانیش بەشی هەرە زۆریان عەرەبی نازانن، میوانخانەکان عەرەبی ئەفریقی، هندی نیپاڵی و فلیپینی بەڕێوەی دەبەن.

دوکاندارەکان بیانین. چوومە چەندین بازاڕی جلوبەرگ، مۆبایل، تێکڕا کەرەستەکان هندی و فلیپینی بوون، وای لێهاتووە لە بازاڕی گشتیدا، پێداویستی، خواردنی قەتەری، ئاسەواری خواردنی قەتەری، کەلوپەلی قەتەری نابینیت، بەڵام ئەمە هیچ مەترسییەکی لەسەر دواڕۆژی قەتەرییەکان دروست ناکات، چونکە بۆ بیانییەکان ئاسان نییە ببنە خاوەنی رەگەزنامەی قەتەری و بۆ هەمیشە وەکو هاووڵاتی قەتەری مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. واتە یاسا و ماف بەجۆرێک رێکخراوە، ئەو زۆرینە بیانییە هەڕەشە نین لەسەر نەوەی دواڕۆژی قەتەری. 

تۆ بە شەقامەکاندا دەسوڕێیتەوە، هەست دەکەیت لە هندستانیت، یان لە نیپاڵ و فلیپینیت، هێندە هێندی دەبینی هێندە فلیپینی دەبینی، دەکەوێتە گومانەوە و بەخۆت دەڵێی من لە وڵاتێکی عەرەبیم! بەکورتی کەلتووری خواردن، کەلتووری جلوبەرگ، کەلتووری بازاڕ، کەلتووری هاووڵاتیانی بیانییە کە لە قەتەر کار دەکەن. ئەمەش ئاساییە مادام ئەوان سێ لەسەر چواری ژمارەی دانیشتووان پێکدەهێنن، بەپێی خواست و دڵخوازی خۆیان چێشتخانە و جلوبەرگ و پێداویستییەکانی بازاری ئامادە دەکەن. وا هەست ئەکەم قەتەرییەکان زیاتر پێکەوە دەژین و کەمتر تێکەڵی ئەم چینە هەژار و کرێکارە بیانیانە دەبن.

قەتەرییەکان کە شاهانە دەژین و کەمتر ژیانیان تێکەڵ بە کرێکارە بیانییەکان دەبێت، ئەوان رابردوویەکی پڕ لە کێشە و ناکۆکیان نییە، مێژووی ململانێ و شەڕ و ناکۆکییان نییە، رەنگە قوربانی میدیاییان زیاتر بێت لە قوربانی جەنگ، مەبەستم میدیاکارانی جەزیرەیە لە رووماڵی میدیایی بوون بە قوربانی. کاتێک خەڵکی قەتەر خاکەکەی داگیر نەکرابێت، مێژووی خوێناوی لەگەڵ کەس نەبێت، کێشە و ململانێی نەتەوەیی نەبێت، مەترسی و هەڕەشە لەسەر تاکی قەتەری نەبێت، دەسەڵات لە هەموو روویەکەوە بیانووی هاووڵاتی قەتەری بریبێت و شاهانە بژین و بەردەوام لە گەشت و گەڕانی بەردەوام بن بە جیهاندا، چاوەڕێ نەکەیت ئەم میللەتە هەڵگری رق و کینە بێت، ئاخر قەتەری لەبەرچی رقی لە کەس بێت؟

کێشەی سیاسی، ئابووری مێژووی، نەتەوەی و ئایینی نەبێت و هەر رۆژە و لە گەشتی وڵاتێک بن، بۆچی خاوەنی میزاجێکی باش نەبن، بۆچی ئارام و لەسەرخۆ نەبن؟ بێگومان هەموو ئەوانە کاریگەری لەسەر ئارامی و لەسەرخۆیی و لێبووردەیی و دەروونی خەڵکی قەتەر هەیە. خەڵکی قەتەر دەیانەوێ مۆندیال بکەنە هەوێنی سەلماندنی لێبووردەیی و میهرەبانی. 

هەر بەڕاستی خەڵکی وڵاتانی کەنداو، چەند لە خۆشگوزەرانیدان، چەند تانە و تەشەریان تێدەگیرێت بەوەی بیاباننشین و دواکەوتوون، ئەوان بەوپەڕی خەکەڕایی و دڵباشییەوە وەڵامی ئەم رەق و خۆبەزلزانییە دەدەنەوە، بۆیە ئەوەی دێتە قەتەر وێنەیەک دەبینێ، زۆر جیاوازتر لەو وێنەیەی میدیای رۆژئاوا وەکو جۆرێک لە چەواشەکاری بەکاری دەهێنێت.