پێویست بەموزایەدە ناكات، هێزە سیاسییەكان وەك یەك بەشدارن!

د.سامان جلال


17/08/2020

لەنێو گێژەلوولی هەرێمێكی پڕ قەیراناوی، كە تائێستا نەمانتوانیووە لەتاكە قەیرانێك دەرباز بین. یان ئاڵوزترمان كردوە یاخود قەیرانی ترمان لێ دروست كردوە. مەگەر وڵاتێك یان رێكخراوێكی خێرخوازی یان هاتنەپێشی رەوشێكی ئابوری و سیاسی لەناوچەكە، فریای هەناسەیەك بۆ ئەم هەرێمەی لێ كەوتبێتەوە. 

هیچ شتێك لەم وڵاتە بەهای بۆ داناندرێت، ئەوەی بەهای هەیە بێ بەها دەكرێت:- كەسایەتی، نیشتیمان پەروەر، شەهید، بڕوانامە، مردو، نەخۆش، رۆشنبیر، كاسبكار،جوتیار، كرێكار، لەسەروی هەمووان مرۆڤ، كەتادێت لەم دەڤەرە بێ ئەرزش و بێ بەها سەیر دەكرێت! 

ئەوانەی بوونەتە دەم راست و ریش سپی، هەندێك وا پیشان دەدەن، وەك ئەوانی تر بیر ناكەنەوە، ناخۆن، نادزن،ناشارانەوە، گەندەل نین و عەیار بیست و چوارن، ئۆباڵی باشییەكان لەخۆیان كۆ دەكەنەوەو تاوانی تاوانكارییەكان لەبەردەم كامیرا لەخۆیان دادەماڵن و خۆیان بێ بەری دەكەن.   

هەموو ئەو قەوماوانەی (رووداوانەی) كەبەسەر خەڵك و دامەزراوەكاندا دێت، هێزە سیاسییەكان وەك یەك بەشدارن، بۆیە لەم خاڵەوە واز لەموزایەدە بێنن. مێشكی خەڵك چەند بەناعەدالەتی و ئاستەنگی و قورسی ژیان وێرانە، سەد هێندە لەئاست موزایەدە سیاسی و هەنگاوە لاوازەكان، دۆش دادەمێنن و بێ هیواتر دەبن. بەڵێ ئەو جۆرە هەڵوێستە شەرمنانە بوو، كە روحی ژیان لەم دەڤەرە  دەكوژێت، ئەو جۆرە دروشمە قەبەو باق و بریقەدارانە بوو، كە جگە لەدەستكەوتی كەسی، هیچی تری لێ نەڕوا!. ئەو هێزە سیاسیانەی لەژێر ناوی هەڵوێستی  نیشتیمانی و دۆزینەوەی گەندەلی راستەقینەو خۆ توڕەكردن و خۆ زیزكردن، رۆژانە یان ناوە ناوە وەك بلقی سەر ئاو دەردەكەون، زیاتر ئینتمابوون دەكوژن، زیاتر توڕەیی دروست دەكەن. ئاخر جیاوازی هێزە علمانییەكان و هێزە ئیسلامییەكان لەنێو خۆیاندا و هەموویان لەگەڵ یەكتر چیە؟ لەكاتێك سەیری میدیاكانیان بكە، جگە لەدەستكەوتی ژێربەژێر هیچ ووزەیەكی تری لێ بەدی ناكەیەت. نە چارەسەریان لایەو نەدەتوانن ببنە دەم راست و فریاد رەس. بۆیە لەم هەرێمەدا ئەو هێزە سیاسییانەی وا رەفتار دەكەن، تا دێت زێدەتر دەپووكێنەوە، تا دێت تەنانەت نەوەك چوار دەوریان، بەڵكو خۆیان لەخۆیان رازی نابن، بەڵام ناتوانن دەست لەم جۆرە نان پەیداكردنانە هەڵگرن!

كاتێك كارئەكتەرێكی سیاسی هەست رادەگرێت، ئاخۆ چ جولەیەك بكات، چۆن دەبینێت؟ چۆن بیر دەكاتەوەو چۆن رەفتار دەكات؟ چی كردوەو دەیەوێت چی بكات؟ دەخوازێت چی بچینێت و لەدواجار دەیەوێت چ بدورێتەوە؟ 

بۆیە واز لەموزایەدەی سیاسی بهێنن. گەر دەخوازن، شەرم وشورەیی نیە، مەجالی زۆری تێدایە، زۆرێك لەهێزە سیاسییەكان تێكەل یەكترببن و خۆیان لەنێو یەكتردا بتوێننەوە، چونكە هەموو خەریكە لەیەكتر بچن. ئەو هەموو بارەگاو ئوتومبێل و قسەو بەیاننامە كۆپیكراو سواوانە واز لێ بێنن. چاوی مێژوو هەموو شتەكان وەك خۆی دەنوسێتەوەو وەك خۆی دەبینێت. بۆیە كاتێك هەر هێزێكی سیاسی، یان چەند كارئەكتەرێكی سیاسی، لەنێو هێزە سیاسییەكاندا دەستكەوتی خۆیان دەبێت، ئیتر دەبنە جەماعەتی ئەشهەدوبیلاو، تەنانەت گەر وڵات ئاو بیبات و سەرتاپا هاواری لێ هەڵبستێ! ئەوان هەر چاویان لەدەستكەوتی خۆیانە!

بۆیە ناهەقی فایەق بێ كەس نیە، كەلەپێنچ خشتەكیەكدا، لەسەر شیعرێكی پیرەمێردی شاعیردا (وەفدی كوردستان میللەت فرۆشان...هەرزە وەكیلی شاری خامۆشان) دەلێت:-

قەدری میللەتتان بە جارێ شكان
نەحەیاتان ما نە ناوونیشان
باری تەعنەتان وا هاتە سەرشان...

هەروەها بێ كەس دەڵێت:- حاجی تووتنەكەت مادەم فرۆشرا...قیروسیا لەسەد كوشتن و هەرا...