لەبارەی بیرۆكەی هەرێمی سلێمانی

سالار مەحمود


08/09/2020

"دابەشكردنەوەی كوردستان بەدەستی كورد"

كارو بیركردنەوە لە شتە بچوكەكان دەرخەری فەرامۆشكردنی مەسەلە گەورەكانی وەك نیشتمان و نیشتمانسازیی و نەتەوەو قەوارەی نەتەوەییە.

بابەتی بیرۆكەی بەهەرێمكردنی سلێمانی نمونەیەكی لەو چەشنەیە.

داگیركەرانی كوردستان بەپێی رێككەوتنە سیاسییەكانیان كوردستانیان بەخاك و خەڵكەوە دابەشی سەر خاك و قەڵەمڕەوی خۆیان كرد. مێژووی پەرتكردنی كوردستان لەچاڵدێرانەوە تا شەڕی ناوخۆی كوردستانی عیراق و دواتر داگیركردنی عەفرین و لەدەستدانەوەی كەركوك، هەموو ئەمانە زنجیرەیەكی یەك لەدوای یەكی ئەو دابەشكردن و پەرتكارییەن. لە ئێستادا كوردستانی عیراق هەرێمێكی جوگرافیی سیاسیی دەستورییە، دامەزراوەی دانپیانراوی خۆی هەیە.
لەمێژووی سەد ساڵی رابردوودا هەرێمی كوردستان دوورو درێژترین قەوارەو دەسەڵاتی خۆبەخۆی كوردە. ململانێی سیاسی تێدایە ئایدۆلۆژیاو بیروباوەڕی جیاجیای تێدایە. جیاوازییەكان پێویستە بخرێنە خزمەتكردنی بەهێزكردنی هەرێمەكە. چاكسازیی كارگێڕیی و دارایی بكرێت. دەسەڵات لەسەر بنەمای ناناوەندێتی شۆڕبكرێتەوەو پارێزگاكان وەك حكومەتی خۆجێی توانای خزمەتی گشتییان زیاتر ببێ.

بیرۆكەی هەرێمی سلێمانی لە ئێستا بۆ؟ 

پێویستە قوڵتر لێی بڕوانرێ لایەنە نێگەتیڤە قوڵەكانی لەبەر چاو بگیرێت. نابێ لەسەر بنەمای كاردانەوەی عەقڵیەتی حزبایەتی تەسكی لایەنێك و قەتیسكردنی تواناكانی دەسەڵاتە گشتییەكان لەدەستی خۆیدا، دەست ببرێ بۆ پرۆژەیەك كە خزمەت بە قەوارەی كوردستان ناكات. دەرفەتیش دەداتە نەیارانی ئەزموونەكە زۆرتر كوردستان پەرت بكەن. 

ئەشێ ئەوانەی ئەم بیرۆكەیان راگەیاندووە بەوانەشی كە لە پشتەوە سەپۆرتی دەكەن، نیازی چاكەو خزمەتیان هەبێت. بەڵام بە بیركردنەوەیەكی سادە دەگەینە ئەو بڕوایەی هاوشێوەی ریفراندۆم كە چۆن زۆر بە سەلبی ئاكامەكەی كەوتەوە؛ ئەم بابەتەش گەر ببێتە پرۆژە هێندەی تر زیان بە كوردستان و قەوارەكەی و خەڵكەكەی دەگەیەنێت.

ئاسەواری دوو ئیدارەیی هێشتاو چەندین ساڵی تر، بەسەر هەرێمی كوردستانەوە دیارەو، باجەكەی تەنیا خەڵك داویەتی. زەمینەی پشكپشكێنەو بازرگانی ناڕەوای بۆ بەشێك لە بەناو سیاسییەكان زۆرتر رەخساندووە. لەبەر ئەوە هەر كەرتبوونێك برینێكی قوڵتر لەسەر جەستەی نیشتمان دروست دەكات.

سلێمانی دایكی راپەڕین و دروستكردنی حكومەت و پەرلەمانی هەرێمی كوردستانە. 
هەر خودی خەڵكی كوردستان بەگشتی و زۆرینەی پارێزگاكە ئەم بیرۆكەیە رەت دەكەنەوە.

گەرمیان و هەڵەبجە بیرۆكەی هەرێمی سلێمانی قبوڵ ناكەن.

پێویستە یەكێتی بەفەرمی و بە زووی هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەم بیرۆكەیە بۆ رای گشتی روون بكاتەوە.

پێویستە پارتیش ئەم بیرۆكە وەك زەنگێكی بەخۆداچوونەوە وەربگرێت و؛ دەسەڵات لەوە زیاتر قۆرخ و قەتیس نەكات لە پایتەختدا. پێكهێنەرانی حكومەت بەڵێنەكانی نا ناوەندێتی بكەنە كردار.

بابەتی مافی دەستوری هەر پارێزگایەكی عیراق بۆ داوای بەهەرێم بوون مسۆگەرەو رێكاری هەیە. بەڵام لەناو كوردستاندا وەك تاكە هەرێمی ناو دەوڵەتەكە هەر جۆرە هەوڵ و بیركردنەوەیەك جگە لە پەرتكردن و دبەشكاری  زیاترو دابڕاندنی خاك و خەڵكی كوردستان سەمەرێكی نابێ.