ــ ( ٢٣ ) سال بەر لە لە ئێستا لە بەرواری ( ٨ / ۱۱ / ۱۹۹۷ ) لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا .
بە داخەوە شەڕی نگریسی براکوژی و ناوخۆ بوو کە هەرگیز شانازی پێوە ناکەم و حەزناکەم باسیشی بکەم .
بەلام کاتێک سوپای بێگانە بێتە ناوخاکمان و لەگەل هێزی شەڕکەری بەرامبەرمان ئەگەر براشمانبی پەلامارمان بدا ئەوە لە شەڕی ناوخۆو براکوژی دەردەچی ، بەرگری کردن دەبێتە کارێکی پیرۆزو ئەرکی سەرشانی هەموو پێشمەرگەیێکی ڕاستەقینەو وولاتپارێز ، یادکردنەوەو لەبیرنەکردنیشی جێی شانازیە .
لەو ڕۆژەدا فەرماندەی هێزبوم لە لەشکری ئامادە کە بەڕێز ( ئاسۆ ئەلمانی ) سەر لەشکرمان بوو من دوو ڕۆژ بوو گواسترابومەوە بۆ دۆلی هیران بەهۆی ئەوەی هەندێک لە پێشمەرگەکانم مالیان لە ( کۆیێ ) و هەندێکیشیان لە ( چوارقوڕنە ) بون لەو گواستنەوەیە ئاگادار نەبون .
بەیانی ڕۆژی ( ٨ / ١١ / ١٩٩٧ ) داوام لە بەڕێز کاک ( ئاسۆ ئەلمانی ) کرد ڕێگەم بدا بچم پێشمەرگەکان ئاگادار کەمەوەو بیانهێنم .
گوتی باشە بچۆ .
لە ناو هێزەکەمدا هەر من شڕە سەیارەیێکی بەڕازیلی مۆدیل ( ١٩٨٤ ) ی زۆر خراپم هەبوو .
بەڕێکەوتم بۆ کۆیێ دواتر گەڕامەوە چوارقوڕنە پێشمەرگەکانم ئاگادار کردنەوە بێنە گوندی ( گەرۆتە ) لە دۆلی هیران وە هەندێکیشم لەگەل خۆم هێناو گەڕامەوە بۆ دۆلی هیران .
لە ڕێی گەڕانەوەماندا لە ( سکتان ) کە ئەوسا گوند بوو سەیرمکرد تەیارە لەسەر ئاسمانی دۆلی هیران دەسوڕێتەوەو دەنگی ساروخ و تەقینەوەی گەورە دێ .
زیاتر بەڕێکەوتم بەرەو هیران پێشمەرگەیێکی زۆرم بینی بە پێ لە ڕێگابون بەرەو ( کاموسک کۆلکەڕەش و سکتان ) لێیانم پرسی چی بوە
گوتیان تەیارەی تورکیا لە هێزەکانی ئێمەی داوە و شەهیدو بریندار هەیە .
نەگەڕامەوە چومە ناو هیران لە دوڕیانی ناو هیران سەیرمکرد ڕۆژی حەشرە
پێشمەرگە هەموی لە پاشەکشێ و شکاندایە .
سەیارەکان لە ترسی تەیارە ڕادەکەن
ئیڤایەکم بینی تایەی تەقیبوو پارچەی ساروخی تەیارە لێیدابوو لەسەر ویل دەڕۆی .
هەر لەو دوڕیانە گەیشتمە هەندێک پێشمەرگەی خۆم لەگەل ئەوانەی کە لە گەلم بون لە ناو بەڕازیلی بوین بە ( ١١ ) کەس باقی پێشمەرگەکانی تری هێزکەی خۆم نەکەوتنە پێش چاو .
لەو کاتەیدا سەیارەیێکی پیکاب ( شلەخەجێ ) بەدەرکەوت سەیرمکرد ( سەفین ) ی کوڕی ( مام زیاد خۆرانی ) و كاك رائد ( موسی سپیگرەیی ) تێدایە .
گوتم ئەدی مام زیاد خۆرانی لە کێیە ؟
گوتیان لە سەر چیای سەفینە
گوتم کەس لە پێشەوە مایە ؟
گوتیان بەس بەڕێز کاک ( کۆسرەت ) و چەند کەسێکی کەمی لەگەلدا مایە لە سەر جادەی گوندی دۆرێ مایتەوەو ناڕوا .
گوتم ئێمە ( ١١ ) کەسین لە بەڕازیلی جێمان نابێتەوە ئەگەر هاوکاریمان بکەن بە پیکابەکەتان با کاک ( موسی ) بمانگەینیتە لای کاک ( کۆسرەت ) و ( سەفین ) ئەتوش بەڕازیلیکەی خۆمت تەسلیم دەکەم با لەلاتبی .
گوتیان باشە .
بە سواری شلەخەجێ بەڕێ کەوتین بەرەو گوندی ( دۆرێ ) لەسەر جادەی لای قەبرستانی ( وارش ) نێوان گوندی ( دۆرێ و گەرۆتە ) گەیشتینە کاک ( کۆسرەت ) دەوری نزیکەی ( ١٣ ) کەس یان زیاتر دەبو لەگەلی مابونەوەو بەجێیان نەهێشتبوو ناوی هەندێکیانم لەبیرە کە ئەمانەن .
١- کاک قارەمان شینە .
٢- کاک جوتیار برای شەهید ( فاروق جبار ) .
٣- کاک ڕەشيد شمقار .
٤- کاک بکرەڕەش .
٥- کاک وەفا .
٦- شەهید رائد مقداد خه لكى كفرى بوو .
٧- کاک قاسم ڕەشیدی ڕەحمەتی .
٨- کاک عبدالله مام ئۆمەر .
٩- کاک بەندی مام ئۆمەر .
١٠- کاک ڕێدار هەنارەیی .
١١- شەهید عثمان هەنارەیی .
١٢- کاک محمد خەتی .
داوای لێبوردن دەکەم ئەگەر ناوی هەندێکیانم لەبیر چوبێتەوە .
کە گەیشتینە لای بەڕێز کاک کۆسرەت دابەزین و سلاومانکرد دەبابەی تورکیا لە سەر جادەی نێوان ( گردجاسوسان و گردی گەورە ) بەدیار کەوتن .
بەڕێز کاک کۆسرەت گوتی قادر ئێوە هاتن ؟
گوتم بەلێ کاک کۆسرەت .
گوتی باشە بچنە ناو ئەو قەبرستانە بەرگری بکەن .
گوتم باشە بەسەرچاو کاک کۆسرەت دلنیابە چۆکی خۆمان دەبەستین ئەگەر دەبابەکانیش بەسەرماندا تێپەڕن ناڕۆین دەبی ئەو قەبرستانە ببێتە گۆڕمان بەلام تکایە تۆ بڕۆ با شتێکت لێنێ کەسێکی وەک جەنابت بۆ یەکێتی زەروری و دروست نابیتەوە .
گوتی نا ناڕۆم بەجێتان ناهێلم .
کە چوینە سەر قەبرستانەکە خێمەیێکی لێ بوو ،گوتم کێ چەقۆی پێیە باپەتی ئەو خێمەی ببڕین نەبینە ئامانجی دەبابەکان .
بە ڕەحمەتبێ ( قاسم ڕەشید ) لەبەر ئەوەی ڕاوچی بوو هەمیشە چەقۆی پێ بوو ، گوتی ئەمن پێمە چەقۆی دامێ و خێمەکەمان خست و بە دورمان خستەوە .
وەختێک ڕەحمەتی ( قاسم ڕەشید ) بە دوربین سەیری دەبابەکانی دەکرد ئەمن دوربینم نەبوو .
گوتی کاک قادر دەبابەکان هاتنە خوارێ بەرەو لای خۆمان دێن .
گوتم باشە
گوتی بەنیازی چی ؟
گوتم شەڕ دەکەین .
گوتی دەلێی شێتی ، ئەتو چەند کەست لەگەل دایە ؟
گوتم ( ١١ ) کەس .
گوتی ها دوربینت دەمێ بزانە چەند دەبابەیە خۆ دەبابەکان لە ئێوە زیاترن .
بە دوربینی سەیرمکرد دەبابە ڕێزیان گرتبو بەبیرم نایێ چەند دەبابە دەبوو وابزانم هەتا هەشت دانەیان دیار بون .
چومە لای کاک کۆسرەت لەسەر جادە بوو نزیکەی ( ٤٠ تا ٥٠ ) مەترێک لە پشت ئێمە بوو .
گوتم کاک کۆسرەت ( ئار پی جی ) مان نیە ئەگەر ئی زیادتان پێیە بماندەنێ .
گوتی بڕۆ پشتی ئەو مێکەزەمینیەی ( ئار پی جی ) تێدایە تەقەمەنیش چەندی دەبەن ببەن .
( ئار پی جی ) یەکو هەندێک گولەم هێنا .
کوڕێکم لەگەل بوو زۆر قارەمان بوو ناوی ( سردار دەبل ) بوو گوتی ( ئار پی جی ) یەکەی بدە من .
گوتم باشە .
پێشمەرگەکانم دابەشکرد ئەوانەی لای خۆم و هەندێکی لای کاک کۆسرەت بۆخۆم لەبەر جادەی سەر قەبرستانێ مامەوە هەندێک پێشمەرگەشم ناردە پشت جادەی .
من لەبەر ئەوەی چوار مانگ پێشتر دەرچوی کولیژی سەربازی ( قەلاچۆلان ) بوم لەوێ خوێندبوم دەمزانی لە دەشت و ناوچە شاخاویەکان لەگەل دەبابە چۆن شەڕ دەکرێ ، ئەزمونێکی شەڕی پێشتریشم هەبوو لە ( ٣١ ئابی ١٩٩٦ ) لە ( کانی قرژالە ) لەگەل دەبابەو هێزی سەربازی عراق و پێشمەرگەی پارتی .
خوێندبوم و دەمزانی لە ناوچەی شاخاوی دەبابە ناتوانێ بە شێوازی کرانەوە هێرش بکات تەنها دەتوانێ بە یەکڕیز یەک لە دوای یەک بێن پێشڕەوی بکەن ، بۆیێ ئەگەر دەبابەی یەکەم تێکبشکێنی یان ڕایبگری هەمویان ڕادەوستن و مەدای کارێگەری ئارپیجی ( ٣٥٠ ) مەترە بۆیێ گوتم ئارپیجی نەتەقێنن تا دێنە پێشێ کە من یەکەم فیشەکم تەقاند ئەوجا ئارپێجی لێدەن .
دەبابەکان هاتنە خوارێ بۆ ناو گەرۆتە
هێزەکانی پارتی کە سەیریان کرد بەرگری نیە ئەوانیش بە سەیاران هاتنە خوارێ بۆ ناو گوندی ( گەروتە ) .
لەناو گەرۆتەی هێزەکانی پارتی مانەوە دەستیان بە تالانکردنی گوندی گەرۆتە کرد ، هەندێک سەیارەی بەرپرس و ئیدارەی پێشمەرگەی یەکێتی لە سەرجادەی گەرۆتە تەیارەی تورکیا لێی دابون پەکیان کەوتبو و بەجێ مابون پارتیەکان خەریکی دەسکەوتو پاتاڵ کۆکردنەوە بون لە گەرۆتەی دەرنەچون نەهاتنە پێش لەگەل دەبابەکان .
دەبابەکانی تورکیا لە گەرۆتەی دەرچون بەرو لای ئێمە هاتن جادەو جادە یەک لە دوای یەک بەرەو گوندی ( دۆرێ ) ، کە نزیک بونەوە گەیشتنە مەدای کەرێگەری ( ئار پی جی ) تەقمان لێکردن ، دەبابەکان پێشکەوتوبون گولەی ( ئار پی جی ) پێیان دەکەوت بەلام نەیدەبڕین و کاری لێنەدەکردن .
بەبیرمدێ کاک ( ڕشید شمقار ) لەسەر مێکزەمینی بە دۆشکەی تەقەی لە دەبابەکان دەکرد .
دوای بەرگریەکی توند پێشڕەوی دەبابەکانمان وەستاند ، دەببەکان کە زانیان هێزی پیادەی پێشمەرگەی پارتیان لەگەل نیەو ئێمەش لە جێی خۆمان هەلناستین و بەرگری دەکەین ناچار پاشەکشێیان کرد گەڕانەوە ناو گوندی گەروتە .
چومە لای بەڕێز کاک کۆسرەت گوتم دەبابەکانی تورکیا کشانەوە ناو ( گەرۆتە ) ڕێگەم بدە بچینە پێشێ لە ناو گەڕۆتەش دەریان کەین .
گوتی ئێوە کەمن ئەوان زۆرن هێزەکە هاوسەنگ نیە پێم باشە هەر لێرە لە شوێنی خۆتانبن .
گوتم کێشە نیە ڕێگەمان بدە دەچینە پێشێ .
گوتی باشە بە کیفی خۆتانبن .
کاک کۆسرەت بانگی کەسێکی کرد لەوانەی لای خۆی بەبیرم نەمایە کێ بوو گوتی بە سیارە بڕۆ بەرەو کاموسەک و کۆلکەڕش هەتا دەچیە هیزۆپی لە ڕێی هەر مەسئولەکی پێشمەرگەت دیت پێی بلێ کاک کۆسرەت دەلێ بگەڕێتەوە ناویشی بنوسە ئەگەر نەگەڕاوە دوایی لێپرسینەوەی لەگەل دەکەم و لە بەرپسیارەتی لای دەدەم .
ئێمە بوینە دوو بەش بەشێک بە دەستە ڕاستی جادەی بەشێک بە دەستەچەپی جادەی کە خۆم لەگەلیان بوم بەڕێکەوتین بەرەو گوندی ( گەرۆتە ) .
کە سەیرمانکرد پێشمەرگەکانی پارتی خەریکی تالانی مالان و پاتال و سەیارە شکاوەکان بون دەبابەکانی تورکیاش لە سەر جادەی ناو گوند گەرۆتە بون .
بە ئارپیجی و بیکەیسی لە دوو لاوە تەقەمان لێیان کرد .
پێشمەرگەکانی پارتی ڕایانکر بەرەو ( گرد جاسوسان ) ، دەبابەکانیش کەوتنەڕێ لەسەر ( گردجاسوسان ) دامەزران و ڕوی تۆپەکانیان لە ئێمە کرد .
تۆپێکیان گرتە ئێمە بەلام جێگامان قایم بوو پێشمەرگەیکم لەگەلدابوو خزمم بوو ناوی ( شێرزاد ) بوو پێمان دەگۆت ( تێلۆ ) خەریک بوو شەهیدبێ .
دواتر دەبابەکان تۆپێکیان گرتە بەڕێز کاک ( کۆسرەت ) و برادەران لە سەر جادەی قەبرستانی ( واراش ) تۆپەکە بەناویان کەت .
پاش ماوەیک سەیرم کرد چەند کەسێک لە لای سەیارەکانی کاک کۆسرەت بەڕێ کەوتن بە ئاڕاستەی ئێمە هاتنە پشت ئێمەوە .
بە سید ( شاکر ) م گوت کە ئەوسا سەرتیپ بوو لەگەلمدا بوو بچۆ دوو پێشمەرگە لەگەل خۆت ببە بەلای ئەوانەدا بڕۆ کە لە پەشتمانن بزانە کێن بزانە ئەو تۆپە بەناو جەماعەتی کاک کۆسرەتی کەوت نەوەک کاک کۆسرەت برینداربی یان شەهید بوبی
بۆ ئەوەی ئەگەر شتێکی لەو بابەتە ڕویدابی خوانەخواستە هەتا چارسەرەکیان لێ بکەین .
گوتم ئەگەر سەلامەتیش بون ئەوە هەندەک گولەی ئارپیجی و فیشەکی بیکەیسی و کلاشنکۆف بینن و وەرنەوە .
سید شاکرو پێشمەرگەکان بەڕێ کەتن دوای ماوەیێک هاتنەوە تەقەمەنیەکی باشیان هینابوو .
گوتم دەنگوباس چ بوو ؟
گوتی ئەو چەند کەسانەی پشتمان کاک ( کۆسرەت و قارمان شینە ) بون گوتی وابزانم کاک ( کۆسرەت ) ملی بریندارە بە جەمەدانی ملی خۆی پێچابو بۆ ئەوەی ئێمە نەزانین بریندارە .
سید شاکر گوتی بە کاک ( کۆسرەت ) م گوت ( قادر خۆرانی ) ئێمەی ناردوە گولە ئارپیجی و فیشەکی بۆ بەرین ، گوتی کاک ( کۆسرەت ) گوتی قەت نەمدەزانی ( قادر خۆرانی ) ئەوەندە ئازایه ، بڕۆن ئەوە سەیارەکان لەسەر جادەن تەقەمەنی تێدایە بە دلی خۆتان چتان پێ دوێ بیبەن .
سید ( شاکر ) گوتی کە چوم یەکێک لە جەماعەتی کاک کۆسرەت بە گولەی تۆپی دەبابەکانی تورکیا شەهید ببو برینداریشیان هەبوو .
دواتر زانیم ئەو شەهیدە رائد ( مقداد ) بو خەلکی کفری بوو .
وەختێک دوای عەسر هێزێکی باشی پێشمەرگەی خۆمان بەدەرکەوتن .
دیاربو نوێنەرەکەی کاک ( کۆسرەت ) کە بەدوایانیدا ناردبو ئاگاداری کردبونەوە هێزێکی زۆری گێڕابۆوە .
هێزەکە ڕاستەوخۆ جادەو جادە بۆ ناوگەرۆتە بەڕێکەوتن بە دۆشکەو بیکەیسی و ئارپیجی هێرشیان برد بێ ترس وەک شێر سەرکەوتن بەرەو ( گردجاسوسان ) .
پارتیەکان ڕایانکردو دەبابەکانی تورکیاش بە دوایاندا ڕایانکرد پێشمەرگەکانی یەکێتیش بە سەیارە لە دویان نەبونەوە تا گوندی ئاقوبان ، دەبابەکان چونەوە شەقلاوە شەو لەوێ مانەوە .
ئێمەش هاتینەوە ناو گەرۆتە وەختێک لای ئێوارێ کاک کۆسرەت هات گوتی قادر خۆت و جەماعەتەکەت بڕۆنە ڕەبیەی ( محارەزە ) چۆلیان کردیە ئاوەدانی کەنەوە لەوێ بن هەتا پێتان دەلێم
تێبینی :
ـــ ئەوەی باسی دەکەم هەر ئەوەیە کە خۆم لێی ئاگادارم وە لە گۆشەنیگای خۆم باسی دەکەم دەنا ڕەنگەلەو ڕۆژەدا زۆر لەوە زیاتر کرابی بەلام ئەمن لەوێ نەبوبم یان زانیاریم لەسەر نەبی یان لەبیرم نەمابێ .
ـــ جەنابی کاک ( کۆسرەت ) و زۆربەی ئەوانەی ناوم هێناون ئێستاش لە ژیاندا ماون و خۆشیان شاهێدن و لەشەڕەکەشدابون .
مــاویــەتــی