میراتی قادری حاجی عەلی

رێبوار کەریم وەلی


13/11/2020

ئەگەر میراتی شادڕەوان نەوشیروان مستەفا و باقی سەرکردەکانی دیکە بۆ گردەوانەکان بریتی بێت لە تەوریسی سیاسی، ئەوا بۆ شوێنکەوتوانی قادری حاجی عەلی رێک پێچەوانەکەیەتی.
*
ناکۆکیی بنچینەیی قادری حاجی عەلی لەگەڵ خودی نەوشیروان مستەفا لەو خاڵەوە دروست بوو کە دیتی ئەویش ھەمان ئاراستەی سەلەفەکانی خۆی گرتۆتەبەر. بێ پێچ و پەنا پێیگوتم کە سەروەت و مومتەلەکاتی گۆڕان نابێ بەناوی کاک نەوشیروانەوە بێت و دەبێ بیانخاتە سەر ناوی بزووتنەوەکە.

ئەو کاتەیش کە نەوشیروان مستەفا لە کۆتا رۆژەکانی ژیانیدا، داوای لێدەکات وەکو وارسی سیاسیی ئەو رابەرایەتیی بزوتنەوەکە بکات. قەبوڵی ناکات.
کاک قادر بۆ نەت کرد؟
"کاکە گیان کار لەکار ترازابوو..."

قادری حاجی عەلی باش دەیزانی کە نەدەبووە رێکخەری راستەقینە و بگرە لە باشترین حاڵەتدا دەبووە مامی گەورە و پاسەوانی ئەو میراتەی کە دەمێک بوو دابەشکرابوو!
*
کاتێک دووساڵ پێش ئێستا لە وتارێکمدا نووسیم"لە گردەکە وەرنە خوارەوە. مادام ھەر کرێچین، لە خوار گردەکە دوو ژوور بەکرێ بگرن."
تەلەفۆنی کرد. بەپێکەنینەوە گوتی"ھەندێک حەزیان لێیە لە بەرزایی کرێچی بن."
*
ئەو و ھاوڕێی تەمەنی، کاک عوسمانی مەحمود، ھەمیشە تەئکیدیان دەکردەوە کە حزبایەتی سوک کراوە. زۆر بەئاسانی دەیانتوانی گۆڕان نەک بکەن بە دوولەتەوە، بگرە بەشی زۆریشی بۆخۆیان ببەن. بەڵام کێشەی ئەو لەگەڵ ماھییەتدا بوو.

"پارتی و یەکێتی ھەر ئەوەن کە ھەبوونە. ئینکاری ئەسڵی خۆیان نەکردووە. ئەوە گۆڕانە کە خەڵکی نائومێد و دەستخەڕۆ کردووە."
*
گردەوانەکانیش ئەم قسانەیان دەبیستەوە. بۆیە ئەوەی لە دەستیان ھات لە دێواندنی  قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحمود لای پارتی و یەکێتی درێغییان نەکرد. بەس مابوو بڵێن قڕناقە و پشتئاشان ، تەنانەت شەڕی ناوخۆ و ٢٣ی حوزەیرانیش خەتای ئەم دوانە بووە!
*
 قادری حاجی عەلی، دامەزرێنەر و بەرپرسی دەزگای زانیاریی یەکێتی بوو. کاتێک گۆڕان و شەڕی راگەیاندن دامەزرا و بەرپا بوو. یەک پەڕە کاغەزیش(سەرباری گوشارەکانی نەوشیروان مستەفا) لەو قوتووە رەشە نەھاتە دەرێ.

"ئەوە لە ئەخلاقی میھەنیی من نەدەوەشایەوە. پارتی و یەکێتی بای ئەوەندە کەموکوڕیتان ھەیە کە پێویست نەکات بۆ رابردوویان بگەڕێیەوە."
*
ئامانجی سیاسیی  قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحمود کودتا و لەتکردنی گۆڕان نەبوو. بەپێچەوانەوە وازھێنانەکەشیان زۆر بەھێمنی بوو. خەڵکێکی زۆر پەیوەندییان پێوە دەکردن. خەڵک چاوەڕێی ئەوە بوون کە حزبێکی تازە دابندرێت، بەڵام لە راستیدا ئەوان سور بوون لەسەر ئەوەی کە دەبێ بە پشودرێژییەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەدا بکرێت و ھەتا نەتوانن کۆدەکانی گۆڕینی راستەقینە بە پشتیوانیی ناڕازیی رەسەن کەشف بکەن، ھەموو ھەوڵێک چەواشەکردنی خەڵک و مایەپوچی دەبێ.
*

 قادری حاجی عەلی پیاوێک بوو لێوانلێو لە مەعریفە و ئەخلاق. سیاسییەکی دووربین و ھاوڕێیەکی بەوەفا.
سپی بوو وەک ھەور، بەڵام بە تامی باران...