پێویستە ئەم كەسە ببێتە پارێزگاری هەولێر

ئاری محەمەد هەرسین


24/11/2020

برادەر و هەڤاڵێكی خوێندەوار و بەڕێزم كە خەڵكی  هەولێرە، لێی پرسیم: بە ڕای تۆ كێ دەبێتە پارێزگای هەولێر؟… بە پێویستم زانی كە وەڵامی ئەو هەڤاڵەی خۆم چۆن دایەوە، لە دووتوێی گوتارێكدا بینووسمەوە.  

ئەو كەسەی كە دەبێتە پارێزگاری هەولێر پێویست ناكات ئەندامی سەركردایەتی پارتی بێت، چونكە كاكە فرسەت ئەندامی سەركردایەتی نەبوو، پێویستیش ناكات لە بنەماڵەیەكی ناسراوی خەڵكی هەولێر و دیسانەوە معامەلەی تەوریسی سیاسی  بێت، چونكە فرسەت ئەویش نەبوو، پێویست ناكات (د) لێك لە پێش ناوەكەیەوە بێت، چونكە فرسەت بە دكتۆراكەیەوە شت نەبوو، فرسەت بەبێ دكتۆراكەشی هەر شتبوو، هەرچەندە فرسەت دكتۆراكەی وەك شیری دایكی خۆی پێ حەڵاڵ بوو، چونكە بەرهەمی حەز و ماندووبوونی خۆی بوو، شەهادەی زانكۆ نەتیجەی جوهدێكی شەخسیە و هیچ پەیوەندیەكی بە پریستیژی سیاسییەوە نییە، هەرچەندە لە هەرێمی كوردستان زۆرن ئەو شەهادانەی كە بە واستە، بە پارە و بە زەبری هێز وەرگیراون، هەر بۆیەش ناچنە ریزی شەهادە كەی كەسانی وەك كەمال مەزهەرەوە و هیچ قیمەتێكی زانستییان نییە، سەرچاوەی زۆربەی ئەم شەهادانەش بە مەرامی بەدەستهێنانی ئیمتیازی شەخسیە، نەك خولیاو خۆشەویستیەكی زانستی.

ئەو كەسەی كە دەبێتە پارێزگاری هەولێر، دەبێت نەخۆی و نە كەسێكی نزیكی، مولاحەزاتی گەندەڵی لەسەر نەبێت، ئەو كەسە دەبێت خاوەن خەون و مەبدەئی چاكسازی و ریفۆرمی ئیداری و كۆمەڵایەتی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی بێت. ئەو كەسە ئەبێت هەولێر تەنیا بە شاری كورد نەزانێت و، لەو ئەركەدا حیزبایەتی نەكات، بەڵكو دوای دەوام لە بارەگای (لق) و (ناوچە) پارتایەتی بكات، ئەو كەسە دەبێت پردەكانی پاش خۆی لەپێناو خزمەتی گەل و نیشتیماندا روخاندبێت و خەت ڕەجعەی خانەنشینێكی چەوری دانەڕشتبێت. 

بە كورتی: ئەو كەسە دەبێت ئینسانێك بێت كە شەخسیەتی، نەك نوسخەی فرسەت، بەڵام لە چوارچێوەی مەنزومەی سیاسی و ئەخلاقی كوردایەتیدا قابیلی تەعریفكردن بێت و بێ ئەندازە ئازابێت.

ئیتر هەر كەس دەبێت با ببێت…  

ئەو هەڤاڵە بەڕێزە وتی: كەواتە كەسێكی وەك نێچیرڤان ئەحمەد. 

منیش گوتم: خۆزگە.