ئەوە پێمانایە (2021) و كێشە و گرفتەكانی هەرێم بەردەوامە، نە كێشەی مووچە و نەوتی هەرێم چارەسەركراوە و نه رێكەوتن لەگەڵ عیراق كرا، بۆچونێكی نوێش لەناو شیعەكانی عیراق دروستبووە كە داوا لە هەرێم بكرێت كۆی دۆسێی نەوت رادەستی بەغدا بكرێت بە هەموو كەموكوڕی و قەرزی كۆمپانیاكان و گرفتەكانی هەیەتی، واتە بەغدا بەرپرسێتی چارەسەری ئاڵۆزییەكانی نەوتی هەرێم بگرێتە ئەستۆ و لەبەرامبەردا هەرێم شایستە داراییەكانی لەبودجەی گشتیی عیراق وەرگرێت، بەڵام پێناچێت ئەو پێشنیارەش شتێكی لێ شین ببێت.
سەبارەت بە رێكەوتن لەگەڵ بەغدا، تائێستا شتێكی نوێ نییە، ئەوەی زانراوە و پێشبینی دەكرێت لە بودجەی 2021 بەشە بودجەی هەرێم بەڕێژە واتە (12.67%) لەقانونی بودجەی ئەمساڵ جێگیربكرێت، بەڵام پێناچێت هەرێم پابەندی مەرجە نوێیەكان بێت و نەوت رادەستی بەغدا بكات، چونكە وەك دەگوترێت «نەوتەكەی لەدەست خۆی نەماوە». باشترین بەڵگە بۆ نەمانی ئومێدی رێكەوتن، دەبینین ئێستا گفتوگۆی پرۆژە قانونی بودجەی 2021 لە پەرلەمانی عیراق دەكرێت، كەچی هەرێم هیچ وەفدێكی رەوانەی بەغدا نەكردووە و هیچ هەواڵێكیش لەوبارەیەوە نییە. بەپێی هەواڵی میدیاكان كاربەدەستانی هەرێم ئێستا ئامادەكاریی دەكەن بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەران بەپێی ئەو داهاتەی هەیە «وەك خۆیان دەڵێن». بۆ ئەم مەبەستەش پێشنیارێك هەیە 35% مووچەی فەرمانبەران ببڕن، كە دەكاتە یەك لەسەر سێی كۆی مووچەی فەرمانبەر یان مووچەخۆر.
لەگەڵ دابەزاندنی نرخی دینار لەبەرامبەر دۆلار واتە لە 120 بۆ 145 دەبینین نرخی راستەقینەی دینار (توانای كڕین)ی بۆ ئەمڕۆ %23 كەم دەكات.
بە كۆكردنەوەی دابەزینی توانای كڕینی دینار و ئەو لێبڕینەی هەرێم، بۆمان دەردەكەوێت كە ئەگەر فەرمانبەرێك مووچەكەی 600 هەزار دینار بێت ئەوا حكومەتی هەرێم 210 هەزار دیناری لێ دەبڕێت و تەنها 390 هەزاری بۆ دەمێنێتەوە. بە كۆكردنەوەی ئەو لەدەستدانەی توانای كڕینی دینار، واتە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، دەبینین ئەو 390 هەزار دینارە 23% نرخی راستەقینەی لەدەستدەدات و توانای كڕینی ئەو 390 هەزارە رێك دەبێتە 300 هەزار دیناری پێشوو. سەرەنجام بۆمان دەردەكەوێت ئەو بڕە پارەیەی دەدرێت بە فەرمانبەران لە هەر مانگێكدا دەكاتە لە 50% مووچەی جارانی.
كەمبوونەوەی لە 50% داهاتی زیاتر لەیەك ملیۆن مووچەخۆری كوردستان كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بازار دەبێت. ئەو هەنگاوانەی حكومەتی هەرێم بۆ رێكخستنەوەی مووچە، بیركردنەوەی زۆری ناوێت، بەڵكو لەتكردنی مووچەی فەرمانبەرانە و هیچی دیكە! دەبوو! لەكاتێكدا پێویست بوو چاكسازیی لەداهاتدا بكرێت دواتر لە خەرجی بڕین و لەتكردنی مووچەی فەرمانبەران دوایین هەنگاوی بێچارەی حكومەت بێت.
بەپێی ئەو راپۆرتەی لەم چەند رۆژەی رابردوودا لەلایەن كۆمپانیای دیلۆیت بڵاوكراوەتەوە، حكومەتی هەرێم تەنها 45%ی داهاتی نەوتی گەیشتۆتەوە دەست! ئەم رێژەیە لەهیچ كوێیەكی دونیا نەبووە و نییە! داهاتی سامانێك كە بەمفتی دەفرۆشرێت، وەك ئاردی ناو دڕكی لێبكرێت. ئێ ئەگەر داهاتی نەوت ئەمە حاڵی بێت و زیاتر لەنیوەی (بەبا) بدرێت، تۆ بڵێی داهاتی سەرچاوەكانی دیكە چی لێبكرێت؟!