ترسی پۆپۆلیستییانە

سۆران ناسیح


20/02/2021

چەند سەرنجێک لەسەر؛ هەڵوێست وەرگرتن و، ئازادی.  

هەڵوێست وەرگرتن لە دونیای کوردیدا؛ وەک تەواوی شتەکانی تر ناشرین و، بێمانا و، بێ بایەخ بووە. بە جۆرێک بێ نرخکراوە، زۆربەی کات لەژیر کاریگەری ئەوانی تردا بووە، ترسان بووە لەو نیگا کومەڵایەتییە بێ شوناس و، بێ کاراکتەرەی هیچ شتێکی لە شوێنی خۆیدا نیە، یان بە واتایەکی تر؛ هەڵویست وەرگرتن لە چوارچێوەی بەدەستهێنانی دانپێدانانی ئەویتر و، ڕەزەمەندی خەلكی سادە بووە، بەتایبەت لە ئێستادا بۆ زیادکردنی لایک و کۆمینتە ساختەکانی فەیسبووک. دواجار پیشاندانی حزورێکی ساختە، ئەویش بە زمانێکی سادە و کڵێشەیی و دووبارە، ئەمە بەو مانایە نایەت کە بڕوامان بە ئازادی و، ئیرادە و، خواستی مرۆڤ نەبێت، پێمان وابێت؛ ڕۆشنبیر دەبێت هیچ نەڵێت و گوێ بە ئازاری خەڵک نەدات، پەپێچەوانەوە، دەبێت لە گەڵ ئازاری هەموو ئینسانەکاندا بێت، بەڵام نەک لەژێر فشار و، بە تواندنەوە و، ئاوێتەبوون لە ناو خەڵکدا کۆتایی بێت. دواتر لەسەر خودی هەقیقەتی ڕوشنبیری ئێرە دەدوێین کە گومان دەخەینە سەر خودی هەڵوێست، لێرە وەک ئەکتێکی "ئەخلاقی و، ئینسانی و، فیکری" نابینین، چونکە هیچ یەکێک لەو  ڕەهەندانە وەرناگرێت، بەڵکو تەنیا بۆ نیگای ئەویترە تا پێیان بڵێت؛ بێ هەڵویست نین.

لێرەوە تەنیا ئەو   کاتە دەتوانین وەک کردەیەک وێنای بکەین، هەلوێست کاتێک نرخی هەیە کە هەست نەکەین لەژیر فشاری دەرەوەدایە، هەست نەکەین نووسەرەکەی سەیری خەڵکی دەکات و ئەوە دەڵێت؛ کە جەماوەر بە دڵیه‌تی، هەڵویست هەمیشە دەبێت لە ژێر زەبری دونیای ناوەوەی نووسەردا بێت و لە بیرکردنەوەی ئەوەوە هەڵبقوڵێت، بە بڕوای من "فاشیزم" بۆ کۆمەڵگە چەند ترسناکە، "پۆپۆلیست" بوونیش بۆ نووسەر و ڕۆشنبیر هێندە ترسناکە¬¬*؛ 

 ترسناکییەکە ئەوەیە؛  لە ئێستای کوردستاندا نووسەر و خوێندەوارەکانمان هەموو ژیان و بیرکردنەوە و تێڕامانیان لە شتە کڵێشەیی و، دووبارەکانی ڕۆژدا کورت بووه‌تەوە کە هەڵوێست بەشە سەرەکییەکەیەتی، وەک ئەوەی تەنها بابەت بێت بۆ بیرکردنەوە شتێکی تر نەبێت لەم کەونەدا، بەردەوام خوازیاری ئەوەن  بابەتی گشتی ڕۆژانە هەبێت، بۆ ئەوەی ئەمیش خۆی لەبیر بکات و، بیکاتە بیانوویەک بۆ چوونەوە ناو فەزا گشتییە پڕ غەڵبە-غەڵب و فەوزاکە، ئەویش شتێکی هەبێت و بێ هەڵوێست نەبێت. خودی ئەم دیاردەیە دەتوانین وەک ڕاکردن لە ئاڵۆزی و، ترس لە تەنهایی و نەمانی ئارەزووی مەعریفی و فیکری وێنا بکەین، ئارەزوویەک؛ کە بەرامبەری وەفادار نین وەک ئینسانێکی ئاسایی بەردەوام بن و خۆیان فریونەدەن، وەک ئەوەی "ژاک لاکان" جه‌ختی لەسەر دەکردەوە "بەرامبەر ئارەزووەکانتان وەفادار بن". گرفتەکە ئەوەیە؛ بەدەگمەن ئینسانی "کورد" دەبینیت بەرامبەر ئارەزووەکەی ڕاستگۆ بێت، لەگەڵیدا هەڵبکات، وەفادار بێت بۆی، نووسەر و، ئەدیب بوون ئەوەندە ئاسان نییە وەک ئەو وێنەیەیی لە دونیای ئێمەدا بۆی کێشراوە، شتێکە و بە زۆر لە ئینساندا دروست و سەوز نابێت، نووسەر بوون  بەر ئەنجامی ئیشکالیەتە لەگەڵ پانتاییە ڕەمزییەکە و،  نامۆیی و دابڕانێکی ئەخلاقی و فیکرییە، نەمانی ئەو ئارەزوویە کە ئەوانی تر ئارەزووی دەکەن، واتە؛ لە گشتدا تەنیا ئەو ئارەزووەی هەیە، ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە لە ناو نامۆیی و پرسیارەکانی  خۆیدا دەژی، وەفادارە بەرامبەر بە زاتی خۆی یان بە واتایەکی تر بەرامبەر بە ئارەزووەکەی ڕاستگۆیە، ئەو کەسە نییە لە ژێر ناو و پەردەی ساختەی فیکر و ئەدەبدا بە دوای هێزی سیاسی و، هێزی کۆمەڵایەتی و، هێزی ئابوورییەوە بێت، خوێندەوار بوون بکاتە ئامرازێک و یەکێک لەم هێزانەی پێ دەستەبەر بکات، بۆیە ناچێتە ژێر باری هیچ یەک لەم شتانە، بە مانا لاکانییەکە؛ ڕۆشنبیران ئەو زیادەیەن ناگیرێن و، لە ڕەمزاندنە سیاسی و، کۆمەڵایەتییەکە دەمێننەوە. 

 دەکرێت بلێین؛ دۆخی مەعریفە لە  ئێستای دونیای کوردیدا، لە تاریکترین و بیمارتیرن کاتەکانیدایە، دەتوانین؛ ئێستا وەک سەردەمی بە سوتووبونی وشە وێنا بکەین، ئەم تاریکییە بەو مانایە نا کە کورد سەردەمێکی ڕۆشن و گەش و جێگیری هەبووبێ لە مەعریفە و بیرکردنەوەدا، بەڵکو بەو واتایەی شتەکان بڕێک ڕێزیان هەبوو،  فەزای مەجازی و شاشە، یان سۆشیال میدیا حزوری نەبوو، سەکۆکە هێندە گەورە و کراوە نەبوو کە "گشت" قسە بکات، لانی کەم بەهایەک مابوو بۆ نووسین، بەڵام وەک دەیبینین؛ ئێستا سۆشیال میدیا بووه‌تە شوێنێکی گەورە بۆ ژورنالیزم و نەخوێندەوارە گەورەکانی کورد، بۆ خۆ-دەرخستن و نمایشی عەوامانە و هەرزەییانە، ناشرینکردن و بێزراندنی زمان بە شێوەیەکی ناڕەسەنانە، تا دوا سنووری بێزهاتنەوە.


کام ئازادی؟ 
"ئینسانی کورد" شتێکی نیە بەناوی ویستی فەردی، یان بە واتایەکی تر ئازادی لێرە هێشتا بە مانا خۆرئاواییەکه‌ی "فام" نەکراوە بەو واتایەی کە لە  عەقڵ و ئاگاییەوە دەستپێبکات و، دواتر ئازادی جەستە و بە کۆمەلێک ئازادی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا دەڕوات، کە لێرە هێشتا نەک ئەزموون نەکراوە بەڵکو ئەگەر نوزەیەکیش هەبووبێت بەرهەڵستی کراوە .کێشەکە ئەوەیە کۆی ئەو چەمک و ئایدیایانەی لە دونیای خۆرئاواوە دێنە دونیای ئێمە  گرفتی گەورە و ترسناک دروست دەکەن جگە لەوەی لە مانا و ناوەڕۆکە سەرەکی و ڕاستەقینەکەیان دوور دەکەونەوە، تێکەڵ و ئاوێتەی تێڕوانینە خێڵەکییە کوردییەکە دەبێت و دەشێوێنرێت، چونکە لای ئێمە ڕیشەیەکیان نیە بە سروشتی نەهاتوون، ئایدیا و چەمکەکانی وەک دیموکراسی و ئازادی... هتد، هەتا بۆ خورئاواش نوێیە و، بەرهەم و، بەرئەنجامی چەند سەدەیەک ڕووبەڕووبونەوەی پڕ توندوتیژییە لەگەڵ دەسەڵاتی (کلێسا، پاشا، عەقڵی جەهل)دا، بڕینی کۆمەڵێک قۆناغی مێژوویی و ڕووداوی گەورەو دەستکەوتی گەورەیە، هەر لە؛ ڕێنسانس، ڕیفۆرمی ئاینی، دەستکەوتەکانی زانست و،  شۆڕشی پیشەسازی، شۆڕشی فەڕەنسی، جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و بە زەحمەت جیاکردنەوەی چەمکی گشت لە تاک، دواتر ئاشناکردن و پەروەردەکردنی ئینسان بە ماف و ئازادی و ئەرکەکانی، واته‌؛ گەیشتن بەو دۆخەی ئێستا حازر و ئامادە نەبووە و خێرا هاتبێتە بوون، ئەو قوناغانەی باسمانکرد بەراورد بەوان، ئێمە نەک هەر هەنگاوی سەرەتایمان بۆ نەناوە بگرە دژایەتیش کراوە، بۆیە بۆ کورد نەک "ئۆتۆنۆمی" سەربەخۆیی تاکەکەسی نیە، بگرە وەک گشتێک-یش بەمانا پێش مۆدێرنەکەی وێنا ناکرێ، ئەوەی هەیە هێشتا دەتوانین بڵێین؛ قۆناغی پێش گشتێتیە، ئێمە هێشتا نەمان توانیووە قۆناغی گروپ و خێزان تێپەڕێنین، هەتا ئەم کاتەش ئینسانی ئێمە بەدەگمەن نەبێت لە دەرەوەی گروپ و خێزانەوە هەست بە بوونی خۆی ناکات، ئەوەی ماهییەت و  مانا بە بوونی دەدات ئەم دوو قەوارە بچوکەن، هەتا لەدەرەوەی گروپ و خێزان ناتوانێت کارێک ئەنجام بدات.
سەرچاوە 
*ئۆپۆزسیۆن و پۆرترێتەکانی. بەختیار عەلی