شاهد ماشافش حاجة

چیا ھاوار


30/04/2021


یەکێک لە شانۆگەرییە بەناوبانگەکانی ھونەرمەندی دیاری میسڕی (عادل ئیمام)  بەناوی (شاهد ماشافش حاجة) یە، کە باس لە رووداوێک ئەکات و عادل ئیمام ئەبێتە شاھێدی رووداوەکە و ھیچیشی نەبینیوە، بۆیە شانۆگەرییەکەش بەو ناوەیە، واتا (ئەو شاھێدەی ھیچی نەبینیوە) و ئەو شانۆگەرییە دەنگدانەوەیەکی ئێجگار زۆری ھەبوو، چونکە رووداوی راستەقینەی لەو شێوەیە بێ شوماربوون و تا ھەنوکەش درێژەیان ھەیە.
ئێستاش لە کوردستان رۆژانە شتی وا ئەبینی، کە ئەمانخاتەوە بیری (شاهد ماشافش حاجة) و وائەزانی شانۆگەرییەکە بۆ ئەمڕۆ نووسراوە.
ئەمڕۆ ڕاپۆرت و روماڵی راستەوخۆی چەند کەناڵێکی ئاسمانی و دەزگا میدیاییەکانم سەیرکرد لەبارەی ئەو گەنجەی شەوی رابردوو لە گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی بەرچەقۆدرا و گیانی لەدەستدا.
چوار کەناڵ دوای تێپەڕینی ١٢ کاتژمێر بەسەریدا، لە شوێنی رووداوەکە رووماڵی راستەوخۆیان ھەبوو لەکاتی جیا جیا، واتا لەیەک کاتدا نەبوو، ھەر چوار کەناڵەکە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کەسێکدا کرد، کە ھەر ھێندەی کەسێک شاھێدی رووداوەکە بوو، کە تەنانەت لەدەرەوەی وڵاتیشە، ئەو راستگۆش بوو، چونکە خۆی ئاماژەی بەوە ئەدا کاتێک گەیشتۆتە شوێنی رووداوەکە زیاتر لە نیو کاتژمێری بەسەردا تێپەڕیوە و کەسەکە بە برینداری گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و گیانیشی لەدەستداوە. واتا بەھیچ شێوەیەک ئەوکەسە نابێتە شاھێدحاڵ وەک کەناڵەکان ناویان ناوە، ئەو ھاوڵاتییە گوناھی نیە و کەناڵەکان وازیان لێ نەھێنا ئەگینا خۆی ئەیوت، کە گەیشتۆتە شوێنەکە ھەموو شتێک کۆتایی ھاتووە و ھیچ شتێکی بەچاوی خۆی نەبینیوە و زانیارییەکانی لە خەڵکی تر گوێ لێبووە.
کەناڵی bbc بەریتانی بەوە بەناوبانگە، کە ھەواڵی خێرای کەمترە لەچاو کەناڵە ھاوشانەکانی خۆی، بەڵام bbc ستانداردێکی خۆی ھەیە و روماڵی ھەواڵە خێراکانی وایە, کە پێویستە زیاتر لە دوو سەرچاوە بۆی پشتڕاست بکەنەوە. من نامەوێ بەراوردی کەناڵە کوردییەکان بە bbc بکەم، چونکە رەنگە چەندین ساڵی ترمان بوێ تا کەناڵێکی کوردی ھاوشێوەی ئێستای bbc دروست بێت، بەڵام خۆ ئاسانە ھەندێک شتمان لەوان بچێت و لانی کەم پشت بەو سەرچاوانە نەبەستین کە شاھێده‌کان ھیچان نەبینیوە.
مرۆڤ کاتێک ئەو جۆرە لە کاری راگەیاندن ئەبینێ بێ ھیوا ئەبێت و گومانیش لە ھەموو زانیارییێک ئەکات، کە لەڕێگەی کەناڵەکانەوە پێی ئەگات، چونکە بینیومانە ھەواڵێک بە چەند زانیاری پێچەوانە و دژ بەیەک لە کەناڵەکان بڵاو بۆتەوە.
کێبڕکێی وەدەستھێنانی زانیاری نوێ و دروست مافی ھەموو کەناڵێکە و کارێکی دروست و بەجێیە، بەڵام ئەو کێبڕکێیە کاتێک ببێتە جێی گومان ھیچ بایەخێکی نامێنێت و کەناڵەكەش ئەخاتە ژێر پرسیارەوە.
من بڕوام وایە  شانۆگەری (شاهد ماشافش حاجة)  بۆ رۆژێک و دووان یان رووداوێک و دووان نەنووسراوە، بەڵکو پێدەچێ نووسەری شانۆگەرییەکە بەباشی بیر و ھەستی رۆژھەڵاتییەکانی خوێندبێتەوە و ھەڵسەنگاندنی بۆ کردبێت ئینجا نمایشی کردووە، بۆیە دوای چل ساڵ لە نمایشی ئەو شانۆگەرییە ھێشتا ئەڵێی بۆ رووداوەکەی دوێنێ شەوی گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی نووسیوە، چونکە سەرچاوەی چەندین کەناڵی راگەیاندن تاکە شاھێد حاڵێک بوو، کە ھیچی نەبینی بوو.!