كاتێكی نەگونجاو بۆ پرۆژەیەكی هەستیار

دیاری محەمەد


27/05/2021

تا كاتی پێشكەشكردنی پرۆژە یاسای رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، دەنگدەران نەیاندەزانی بە چ میكانیزیمێكی كاریكاتێری پرۆژەیاسا رادەستی سەرۆكایەتی دەكرێت؟  بۆ نمونە پەرلەمانتار "بەبێ ئەوەی پرۆژەكە بخوێنێتەوە ئیمزای لەسەر كردووە"، پەرلەمانتارێكیش "شوفێرەكەی ئیمزای بۆ كردووە" یان "تەزویری ئیمزای پەلەمانتار كراوە".

دڵمان لەمستماندا بوو تا ئێوارەی دووشەممە 17ی ئاب، لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی لەپەرلەمانی كوردستان  سەبارەت بە پێشنیازە یاسای رێكخستنی میدیای ئەلكترۆنی لە هەرێمی كوردستان – عێراق ئەو تێبینیانەی سەبارەت بەناوەڕۆكی پێشنیازە یاساكە گەیشتە لیژنەكەیان بە هەند وەرگرت، بڕیاریاندا "ناوەرۆكی پێشنیازە یاساكە رەتبكەینەوە بەو شێوازەی كە ئێستا هەیە" ئامادەكاریی بكەن دوای پرس و راوێژ لەگەڵ پسپۆڕان و میدیاكاران و لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەن، بەمەبەستی ئامادەكردنەوەی بە ناوەڕۆكێكی گونجاو  كە تێكهەڵكێشبێت بەو سەرنج و تێبینییانەی لەلایەن پسپۆڕان و میدیاكارانەوە بۆ لێژنەكەیان هاتووە.

بێ ئەوەی لیژنەی رۆشنبیری رایبگەیەنێت كە پرۆژەكەیان خستۆتەوە بەردەم "پسپۆڕان و میدیاكاران و لایەنە پەیوەندیدارەكان" وەك خۆیان بریاریان لەسەر دابوو، ئەمجارەیان پرۆژەكە چۆتە ژوورێكی وەزارەتی رۆشنبیری لە ناو وەزارەتەوە، ئەمرۆ وتەبێژەكەیان مژدەی راگەیاندنی رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی و هەمواركردنی رێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2014  (رێكخستنی فریكوێنسی سپەیس لە هەرێمی كوردستان) راگەیاند.

لە دوو ساڵی رابردوودا، دوو هەوڵی هەڵگەڕانەوە بەسەر یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان، هەبوون. هەوڵەكان بریتی بوون لە پێشكەش كردنی دوو پڕۆژە یاسا، یەكەمینیان پرۆژە یاسای دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای میدیا لە هەرێمی كوردستان، هەروەها پرۆژە یاسای ڕێكخستنی میدیا ئەلیكترۆنی، یەكەمیان ساڵی 2019 شكستی پێهینرا، دووهەمینیان، ساڵی 2020.

سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنین:

1. هەموو برگەیەكی یاسایی و رێنامایی و بریارێكی وەزارەی بەرامبەر دەزگاكانی میدیا رەتدەكەینەوە كە پێچەوانەی مادەكانی یاسای ژماری 35ی ساڵی 2017 یاسای كاری رۆژنامەگەری.
2. ڕێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی دەبێت لە ژینگەیەكی سیاسی سەقامگیر گفتوگۆی لەسەر بكرێت و نەكەوێتە نێو ململانێی سیاسی و حزبییەوە، هەروەها ناكۆك نەبێت لەگەڵ پێودانگە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بەمافی ئازادی رادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەگەری.
3. سەبارەت بە هەمواركردنی رێنمایی ژمارە یەكی ساڵی 2014 ی وەزارەتی رۆشنبیری، رێكخستنی فریكوێنسی سپەیس لە هەرێمی كوردستان، میترۆ بە حەزەرەوە تەماشای ئەم هەنگاوەی وەزارەت دەكات بە تایبەتیش ئێستا وەرگرتنی مۆڵەتی میدیای بینراو بیستراو لە بنچینەدا ئاڵۆزكراوە، داوا دەكەین هەمواركردنەكە پەرچەكردار نەبێت بەرامبەر هەڵەی پیشەیی هەندێ دەزگای میدیا كە دەبێت لە چوارچێوەی بەندەكای یاسای رۆژنامەگەری مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، نەك رێنمایی و بڕیاری وەزاری. 

 

دیاری محەمەد 

بەرێوەبەری سەنتەری میترۆ