لە کپ کردنەوە بۆ خۆکوشتن

جوتیار فەتاح


26/06/2021

پەروەردەی خێزانی قۆناغی یەکەمی دروستکردنی کەسایەتی تاکە لە هەر کۆمەڵگەیەک، بەڵام تاوەکو ئێستاش بەشێک لە خێزانی کوردی شێوازی پەروەردەکردنی ئەندامانی پەروەردەیەکی نا مەدەنی ناتەندروستە، هەر لە منداڵیەوە ئەندامەکانی لەسەر بنەمای ترس و کپکردن گەورەدەکات، بێئەوەی کاریگەریەکانی بزانێت لەسەر ئایندەی ئەندامەکانی، کەمترین درەفەت دەدات بە منداڵەکانی، مندالی خۆیان بکەن، تەواوی منداڵی لە منداڵەکە وەردەگرێتەوە، ئەوەی لێ داوا دەکات کە خۆی دەیەوێت، واتا لە بری ئەوەی منداڵەکە بە قۆناغی ژیانی منداڵی خۆیدا بڕوات، گەورەکانی خێزان ئەوەی لە دەخوازن کە خۆیان دەیانەوێت، زۆجار دەیانەوێت منداڵەکە کۆپی خۆیان بێت، ئەوەی خۆیان پێیان باشە ئەوە لە منداڵەکە داوادەکەن، ئەمەش لە ئەنجامی بێ ئاگایی خێزانە لە زانستی دەرونزانی پەروەردە و گەشەی منداڵ لە لایەکو لە لایەکی تریش بێئاگاییانە لە توانا و خولیاکانی منداڵ.

خێزانی کوردی کەمترین وردبونەوەی هەیە بۆ تایبەتمەندیەکانی منداڵان، لەبەرامبەردا لە تەمەنێکی زۆر بچوک و سەرەتایی دەیانخەنە بە تیری (مەکە، عەیبە، شەرمە...هتد) ئەمەش قۆناغی سەرەتای کپکردن و دورخستەنەوەی منداڵە لە قۆناغی منداڵی و دەستپێکی خەفەکردنیانە، هەمو ئەمانەش دەگەڕێنەوە بۆ کاریگەر بوونی خێزان بە کلتور و داب و نەریتە کۆمەڵایەتیەکان و دەوروبەر ، پێیان وایە منداڵ گەر هاتو بە جوڵەو چالاک بوو خێزانێکی ناهۆشیار و بێپەروەردەیە، خۆی لە بنەڕەتدا پێچەوانەکەی ڕاستە، منداڵ خاوەنی وزەیەیکی زۆرە پێویستی بە خاڵیکردنەوە هەیە، بەڵام لە بری یارمەتی بدرێت و توانا و خولیاکانی بدۆزرێنەوە لە ڕێگەی ئەو جوڵانەی دەیکات، هەوڵی خەفەکردن و بێدەنگکردنی دەدرێت.

هەرچی تەمەنی هەرزەکاری و گەنجییە بە هەمان شێوەی منداڵی بگرە توندتر و زیاتریش دەکەوێتە بەر تیرەکانی خێزان و کۆمەڵگە، لەم قۆناغە تاک زیاتر بەرکەوتەی دەبێت لەگەڵ بەربەستە کۆمەڵایەتی و دەرونیەکان زیاتر رێگری لێدەکرێت، لە ژێر کۆمەڵێ ناوی جیاوازی بێبنەمای وەک خۆپارێزی خێزان، هەڵەنەکردن لەبەردەم ئایندە بە ناوی دلسۆزی، وریابون لە ناوبانگی بنەماڵە و خێزان و تا هۆزو خێڵیش کەهەموویان بۆ خۆپارێزی خێزاندەگەڕێتەوە، لەم قۆناغە تاک دەخرێتە ژێر زۆرترین فشار، ئەم قۆناغەی تەمەنە بە کۆمەڵێ سیمات دەناسرێتەوە کە ئەوانیش زیاتر لە خۆنمایشکردن و خۆ بەتاڵکردنەوەیە، بەگشتی تاک لەم تەمەنە خۆی نمایش دەکات و پێی وایە تەنها ئەو ڕاستە زۆر جاریش ئەگەر لە پێشتر باش ئامادە نەکرابێت، پێی وایە هەموان بەربەست و نەیارن لەبەردەم خەونەکانی، پێم وایە دەتوانین ئەم تەمەنە وەک مەنجەڵی بوخار بچوێنین کاتێک دەکوڵێت، گەر بێت و سەری مەنجەڵەکە نەکرێتەوە ئەگەری تەقینی زۆرترە، مرۆڤیش لەم تەمەنە وایە زۆرترینی حەز و خولیاکانی نمایش دەکات، ئەگەر بێت و باش مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت ئەگەری زۆرە بەهەڵەدابچێت یان ئایندەیەکی ناباشی هەبێت، بەڵام بە داخەوە زۆرێک لە خێزانی کوردی لەبری یارمەتی و پاڵپشتی کردنی تاک لە تەمەنی هەرزەکاری و گەنجی، فشاری زیاتری دەخەنە سەر زۆر جاریش ناوی زۆر ناتەندروستی دەخەنە پاڵ وەک (لەدەست دەرچو، بێکەڵک، شێت...)، خێزان کەمترین ئاگایی هەیە لەسەر تایبەتمەندی وەچەکانی بۆیە لەبری ئەوەی پاڵپشتی بکات و یارمەتی خۆ بەتاڵکردنەوەکانی بدات، بەڵکو دژیاتی دەکات و دەبێتە کێشە لەبەردەم دروستبونی کەسایەتی تاک.

کاتێکیش دەگاتە قۆناغی کامڵبون فشارەکان و بەربەستە خێزانی و کۆمەڵایەتیەکان کۆتاییان نایەت، تەنها شێوازیان دەگۆڕێت لەبری ئەوەی تەنها کۆمەڵایەتی و دەرونی بن کە هەمیشە ئامادەییان هەیە، زۆر جار دەگۆڕێن بۆ فشاری ئابوری، یان فشاری سەختی ڕاستەقینەی ژیان، ئەم فشارە ئابوریە ئەرکی ژیانکردنی هێندەی تر لێ قورس و دژوارتر دەکات، پێشتریش لە قۆناغەکانی ژیانی ئامادە نەکراوە بۆ ئەوەی بتوانێ بەسەر بەربەستەکان زاڵبێت و کێشەکانی چارەسەر بکات، دروستکردنی خێزان و دابین کردنی پێویستیەکانی خێزانی و ماڵداری، لەبری ئەوەی قۆناغی چێژ و خۆشژیان بێت قۆناغی دروستکردنی یادگاری خۆش بێت، لێی دەبێت بە قۆناغی تاقەت پڕوکێن، بەتایبەتیش گەر ئەو تاکە لە خێزانێکی ئاسایی یان کەمێک ئابوری و پەروەردەیی لاوازبێت، واتا لەم قۆناغە زیاتر فشارەکان ئابورین و لە هەوڵی دابین کردنی ژیانێکی شایستەیە بۆ ئایندەی خۆی و خێزانەکەی.

قۆناغی پیری و بەساڵاچوو، کە قۆناغی پشوو کات بەسەربردنە، گەڕانەوەیە بۆ یادگاریەکانی ڕابردوو چێژ وەرگرتنە لە گشت و کۆبونەوەیە لە ناو نەوە و وەچەکانی بەدەم قاقا لێدان بۆ بەسەرهاتەکانی ژیانی ڕابردوو، بەڵام لەبری ئەمانە لێرە بەم مرۆڤە بە تەمەن داچوانە دەوترێت (منداڵ بۆتەوە)، لەبەر ئەوەی ڕێز لە ڕابردوی بگیڕێت و سەختیەکانی ژیانی لە بیر ببردرێتەوە، ئەوە جگە لەوەی لەناو نەوەکانی بە خەڵەفاو منداڵ بۆتەوە ناو دەبرێت، لەبەردەم سیستمی دەوڵەتیش بێبایەخ سەیر دەکرێت تا دەگاتە حاڵەتی ئەوەی لەسەرەی وەرگرتنی موچە دوومانگیەکەی لەبەر گەرما ببورێتەوە بینیویشمانە بە مردوییش گەڕێندراوەتەوە لە چاوەڕوانی وەرگرتنی ئارەقی نیوچاوانی ژیانی ڕابردووی.

لەم کۆمەڵگەیە کە مرۆڤ بە ساڵا چوو، بێ ئەوەی پشت بە توێژینەوەی زانستی ببەسترێت دەگوترێت لەم تەمەنە مرۆڤ ئەقڵ و بیرکردنەوەی دێتەوە سەرەتاو منداڵ دەبێتەوە، ئەم تێڕوانینەی کۆمەڵ بۆ مرۆڤ هیچ بەڵگەیەکی زانستی و پاڵپشتێکی سەلمێنراوی نیە، تەنانەت هیچ پەروردەکار و مرۆڤناسێکیش پاڵپشتی ئەم دەربڕینە کۆمەڵایەتیە ناکات، بەڵکو تەنها دنیا بینی خەڵکی ئاسایی و سادەی ناو کۆمەڵە، بە تایبەتیش کاتێک بینیویانە ئەو ئەندامانەی خێزان کە بە تەمەن ددادەچن زیاتر ئەو کردارانە ئەنجام دەدەن کە نزیکن لە ئەتواری منداڵ، لەبەر ئەنجامی ئەم تێگەیشتنە و ىێگەڕانەوە بۆ هۆکاری بنەڕەتی بڕیار لەسەر کەسایەتی دەدرێت و وەک منداڵێک مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. ئەم کردار و شێوازەی مامەڵەی مرۆڤی بەتەمەن لە کۆمەڵی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغەکانی تری ژیانی بە تایبەتی منداڵی کاتێک لەو قۆناغە بازیداوە بە هۆی هەمو ئەو بەربەستانەی کە بۆی دروستکراوە، مرۆڤیش لە هەر قۆناغێک باز بدات لە قۆناغێکی تری ژیانی بۆی دەگەڕێتەوە، واتا لە منداڵی حەزەکانی جێبەجێ نەکراون و ویستەکانی تێر نەکراون، وزە منداڵەیەکەشی خاڵی نەبۆتەوە، بۆیە لەم قۆناغی کۆتایی ژیان دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغێک کە نەیبینیوە و بازی بەسەرداداوە.
هەموو ئەو کپکردن و خەفەکردنە کۆمەڵایەتی،دەرونی و ئابوریانەی بەردەم تاک لە کۆمەڵی کوردی وایکردووە کەسایەتی تاکی کورد زیاتریش لە باشوری کوردستان، کەسیاتیەکی قەلەق وداخراوی لێدەربچێت، لاواز لە بڕیاردان، ترس لەسەر ژیان، لەسەر ئایندە، کەمتر توانای ڕوبەڕوبوونەوەی لەمپەر و کۆسپەکانی بەردەمی هەیە لە ژیانیدا، هەمیشە پێویستی بە کەسێکی ترە بڕیاری بۆ بدات، هەموو ئەو فشار و لاوازیەی کەسایەتی وای لێدەکات هەندێک جار بگاتە ترۆپکی بێهیوابوون لە ژیانی و بڕیاری هەڵەش دەدات، تا دەگاتە ئەوپەڕی بێهیوایی و لاوازترین جۆری کەسایەتی و بڕیاری خۆکوشتن، ئەم بڕیارە هەڵەیەش لە قۆناغە جیاوازەکانی تەمەن ڕودەدات واتا مەرج نیە لە قۆناغێکی دیاری کراو ئەم بڕیارە هەبێت، بەڵکو لە کوێ مرۆڤ تەواو غەرقی بێهیوای بوو و دەستەوەستان بوو لەبەردەم پرسیار و کۆسپەکانی ژیان دەگاتە ئەم بڕیارە نادروستە.

چارەسەر، خۆکوشتن چارەسەری هیچ کێشەیەک ناکات، تەنها کێشە زیاد دەکات.

خاڵیکردنەوەی وزەی تاک بە دیاریکراویش لە قۆناغی منداڵی و هەرزەکاری، دۆزینەوەی تواناکانی ئەندامانی خێزان و کارکردن لەسەر ویست و خولیاکانیان، دورکەوتنەوە لە هەموو هۆکارەکانی کپکردن کە پێشتر باسمکردون، مامەڵەکردن لەگەڵ مرۆڤ بە پێی قۆناغەکانی تەمەن نەوەک ئەوەی خێزان دەیەوێت و ویستیەتی ئەندامانی خێزانەکەشی هەر ئەوە بکەن، وریابوون لە پێدانی ناز و خۆشەویستی و ئهمالکردنیان هاوسەنگ ڕاگرتن لە نێوان هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ و جیاوازی نەکردن لە پێدانی خۆشەویستی و تێرکردنی ئارەزوەکانیان، دورکەوتنەوە لە بەکار‌هێنانی توندو تیژی جەستەیی و دەرونی، هاوڕیەتی کردنی منداڵ و چاودێری کردنی. پێم وایە گەر توانرا ئەوانە بکرێت مرۆڤ هەرگیز بێهیوا نابێت و کەسایەتی لاواز نابێت، دەتوانێ بڕیار بدات و کێشەکانی چارەسەر بکات.