داڕووخان و شكستی خێرای سوپا و حكومه‌تی ئه‌فغانستان به‌رامبه‌ر به گرووپی تیرۆریستیی تاڵیبان، جێی تێڕامانه. سوپایه‌ك به درێژایی دوو ده‌یه ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی مه‌شق و راهێنانیان پێكردووه و به تازه‌ترین ته‌كنه‌لۆجیا و چه‌كی سه‌ربازی، فڕۆكه و هێلیكۆپته‌ری جه‌نگی، به هه‌مه‌ر و تانكی گولله‌نه‌بڕ پڕچەک کرابوون، به‌ڵام له‌به‌رده‌م ماتۆڕسكیل و پیكابی دوابه‌تاڵی چه‌كدارانی تاڵیبان هیچ به‌رگرییه‌كیان پێنه‌كرا. ئایا هۆكاره‌كان هه‌ر ئه‌وانه‌ن كه ئه‌مریكا و میدیای جیهانی ده‌یانه‌وێ وه‌ك په‌رده‌یه‌ك به‌سه‌ر شانۆی رووداوه‌كانی ئه‌فغانستانیدا بده‌ن كه له‌ناو سوپا‌و دامه‌زراوه حكومییه‌كان گه‌نده‌ڵی بێئه‌ندازه هه‌بووه، ئه‌و گه‌نده‌ڵی و نادادییه هۆكاری پشتی داڕووخانی وره‌ی سه‌ربازه‌كان بووه كه هیچ باوه‌ڕێكیان به‌وه نه‌ماوه خۆیان بۆ پارێزگاریی وڵاتێك به كوشت بده‌ن كه ژیانی به‌شی هه‌ره زۆری میلله‌ته‌كه‌ی به‌ره‌و هه‌ژاری برد و چینێكی ده‌ستڕۆ و ده‌سه‌ڵاتداریشی گه‌یانده كه‌شكه‌لانی فه‌له‌ك. ئایا هه‌ر به‌ڕاستی ئه‌وه هۆكاری داڕووخانه‌كه‌یه؟
ئه‌شێ یه‌كێك له هۆكاره‌كان بوونی گه‌نده‌ڵی و خراپیی حوكمڕانی وڵاته‌كه بێت، به‌ڵام هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌و داڕووخانه، خودی ئه‌مریكایه. نه‌ك هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چۆكی بۆ تاڵیبان دادا و له كۆبوونه‌وه ئاشكرا و نهێنییه‌كانی نێوانیاندا ملی بۆ خواسته‌كانیان كه‌چكرد كه هێزه‌كانی له ئه‌فغانستان ده‌كشێنێته‌وه و به‌وه‌ش زه‌مینه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی تاڵیبانی خۆشكرد، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌یوست تاڵیبان بگه‌ڕێنێته‌وه سه‌ر ده‌سه‌ڵات، وه‌ك چۆن له ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردووش بۆ كۆمه‌ڵێك ئامانج ده‌ستیگرتن و خستنیه سه‌ر حوكم. ئێستاش ئه‌مریكا زه‌مینه‌ی ئه‌وه‌ی بۆ ره‌خساندوون ده‌ست به‌سه‌ر وڵاته‌كه‌دا بگرنه‌وه. ئامانجی ئه‌مریكا له‌م سیناریۆیه چییه، مه‌گه‌ر پاش ساڵانێكی زۆر دره‌نگتر ده‌ربكه‌ون.
محەممەدڕه‌زا شای ئێران له كتێبی وه‌ڵام بۆ مێژوو كه به‌شێكی بیره‌وه‌رییه‌كانییەتی و دوای له‌سه‌ركارنه‌مانی و ئاواره‌بوونی نووسیوێتی، له جێیه‌كدا باسی ئه‌وه ده‌كات پێش ئه‌وه‌ی دۆخی تاران ئاڵۆزبێت شه‌وێك باڵیۆزی ئه‌مریكا هات بۆلام و داوای ئه‌وه‌ی لێده‌كردم كه بۆ ماوه‌ی مانگێك گه‌شتێك بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا بكه‌م، كۆمه‌ڵێك پاساوی بۆ ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی من رێكخستبوو، ده‌ڵێت هێشتا من لای خۆمه‌وه هه‌ر خه‌ریكی گه‌ڵاڵه‌كردنی پێشنیازه‌كه‌ی بووم و بڕیاری سه‌فه‌رم نه‌دابوو، كه‌چی رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست به مانشێت نووسیبووی شای ئێران هه‌ڵهات و تارانی به‌جێهشت. شا ئه‌مه وه‌ك نموونه‌یه‌ك ده‌هێنێته‌وه بۆ بوونی ده‌ستی ئه‌مریكا له هاندان و دروستكردنی خۆپێشاندانه‌كان بۆ له‌سه‌ركارلابردنی رژێمی شاهه‌نشایی و هێنانه سه‌ر حوكمی مه‌لاكان.
ئه‌گه‌ر ته‌ماشای رووداوه‌كانی ته‌نیا ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی ئه‌فغانستان بكه‌ین و لێدوانی فه‌رمیی به‌رپرسه‌كانی ئه‌مریكا په‌یوه‌ست به دۆخی ئه‌فغانستان بهێنینه پێشچاوی خۆمان، زۆر به ساده‌یی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌مریكا هه‌مان ئه‌و رۆڵه‌ی سه‌رده‌می شا ده‌گێڕێت. هێشتا تاڵیبان هێرشه‌كانی ده‌ستپێنه‌كردبوو، ئه‌مریكا ده‌ڵێت، دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانمان ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه تاڵیبان ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌فغانستاندا بگرێته‌وه. ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌مریكا راپۆرتێكی بڵاوكرده‌وه و تێیدا زه‌مینه‌ی گفتوگۆیه‌كی دروستكردووه ئایا له‌ماوه‌ی 90 رۆژ یان 30 رۆژدا كابوولی پایته‌خت ده‌كه‌وێته ده‌ستی تاڵیبان. داوای له باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی كردووه به‌ڵگه‌نامه‌كان بسووتێنن بۆ ئه‌وه‌ی تاڵیبان ده‌ستیان به‌سه‌ردا نه‌گرێت. ئه‌مه له‌كاتێكدابوو هێشتا هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر پایته‌خت دروست نه‌ببوو. دوایین لێدوانی جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكاش زیاتر ئاوی كرده ئاشی هێرشه‌كانی تاڵیبانه‌وه بۆ سه‌ر كابوول كاتێك وتی هێزی سه‌رباز ده‌نێرین بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی سه‌فاره‌ته‌كه‌مان خێراتر بكات و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی له تاڵیبان كرد كه رێگری بۆ پرۆسه‌ی خێرا گواستنه‌وه‌مان دروست نه‌كه‌ن. هه‌موو ئه‌مانه ئاماژه و رێگەپێدانی ئه‌مریكا بوون بۆ تاڵیبان تاوەکو ده‌ست به‌سه‌ر كابوولدا بگرێت، هه‌روه‌ها زه‌مینه‌خۆشكردن بوون بۆ داڕووخانی سوپا و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌فغانستان. ئه‌مریكا بۆچی ئه‌مه ده‌كات؟ ئه‌وه ده‌بێت زه‌مه‌ن وه‌ڵامی دروستمان بداته‌وه چی كارێكی به هێنانه‌وه‌ی تاڵیبانه.
سه‌رنج و چاوه‌ڕوانییه‌كان بۆ دوای ئه‌فغانستان له‌سه‌ر عێراقن، له عێراقیش هاوشێوه‌ی ئه‌فغانستان ماوه‌یه‌كی زۆره ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ گرووپه‌كانی به‌عس و داعش و حه‌شدی شه‌عبی له گفتوگۆی راسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆدایه بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له عێراق. ئایا به كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له عێراق سیناریۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش، یان هێنانه‌وه‌ی به‌عس لانی كه‌م بۆ ناوچه سووننییه‌كان، ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوانكراوه؟ هه‌رێمی كوردستان رووبه‌ڕووی هیچ هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌ك ده‌بێته‌وه؟
ئەگه‌رچی عێراق و ئه‌فغانستان خاڵی هاوبه‌ش و هاوشێوه‌یان زۆره، له گه‌نده‌ڵی و نادادی، خراپیی حكومڕانی، ئاستی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك، دۆخی ئه‌منی و ناسه‌قامگیری، تا ده‌گاته هه‌مان ئه‌و نائومێدییه‌ی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كان به‌وه‌ی سه‌تان ملیار دۆلاریان له مه‌شق و راهێنان و پڕچه‌ككردنی سوپایه‌كدا خه‌رجكردووه و نه‌بووەته سوپا، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك چاوه‌ڕوان ناكرێت ئه‌و دۆخه‌ی ئه‌فغانستان له عێراق دووبارەببێته‌وە، چونكه ئه‌و گرووپانه‌ی داوای چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان ده‌كه‌ن له عێراق، وه‌ك تاڵیبان هێزێك نین له ده‌ره‌وه‌ی حوكمڕانی، تاوەکو به‌كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا زه‌مینه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ خۆش بكرێت، ئه‌وه‌ی له عێراق داوای چوونه ده‌ره‌وی ئه‌مریكا ده‌كات، داعش و به‌عسییه‌كان نین، به‌ڵكو ئه‌و گرووپانه‌ن كه كۆڵه‌كه‌ی حوكمڕانی شیعه‌ن له عێراق و ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ستی خۆیانه‌وه‌یه. بۆیه ئه‌وه‌ی به‌كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له عێراق مه‌ترسی ده‌كه‌وێته‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه نه‌ك به‌غدا.
به‌كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له عێراق، گۆڕه‌پانه‌كه بۆ ئێران واڵاتر ده‌بێت و ئێران هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی له‌وه‌دا نییه كێشه بۆ شیعه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار دروست بێت، بۆیه ئێران وه‌ك پاسه‌وانی به‌غدا رێگه به‌وه نادات نه گرووپه‌كانی به‌عس و نه داعش، كۆسپ بۆ ده‌سه‌ڵاتی شیعه دروستبكه‌ن، مه‌گه‌ر له‌و ناوچانه‌ی پێویستی به پاساوی وێرانكردن و هه‌ڵته‌كاندنی ژێرخان و پاكتاوكردنی خه‌ڵكه‌كه‌ی هه‌بێت، ئه‌وه‌ش بۆ ناوچه سوننییه‌كان چاوه‌ڕوانكراوه نه‌ك بۆ به‌غدا.
ئه‌گه‌ری به‌هێز ئه‌وه‌یه كه هه‌رێمی كوردستان ببێته خاڵی چاوه‌ڕوانی بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه، هه‌ڕه‌شه‌ی داعش و هه‌ڕه‌شه‌ی گرووپه‌كانی شیعه. به‌پێی راپۆرتی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی وڵاتانی ئه‌ندام له هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش هێشتا مانه‌وه‌ی هێزه چه‌كداره‌كانی داعش به هه‌زاران كه‌س ده‌خه‌مڵێندرێن. له‌م سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیای زانیارییه‌دا كه ئامرازه‌كانی به‌رده‌ستی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان زۆر پێشكه‌وتوون، جێی گومانه بگوترێت هه‌زاران چه‌كداری داعش به‌چه‌ك و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازییانه‌وه نازاندرێت له‌كوێ خۆیان حه‌شارداوه. چه‌كداره‌كانی داعش بۆ ئه‌ركێكی دیکە هه‌ڵگیراون و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان خۆیان ئیداره‌ی خواردن و حه‌وانه‌وه‌یان ده‌ده‌ن. ئه‌وه‌ی هه‌ستپێده‌كرێت به‌شی زۆریان له ناوچه‌كانی نێوان موسڵ و هه‌ولێرن. ئه‌و ناوچه‌یه‌ش هێنده سه‌خت و تووش نییه بتوانرێت هه‌زاران كه‌س خۆی له مانگه ده‌ستكرده‌كان و چاوی كامێرای فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان بشارێته‌وه. ئه‌و هێزانه‌ی داعشیان به‌كارده‌برد، هه‌ڵیانگرتوون بۆ قۆناخێكی دیکە، كه به‌دوور نازانرێت دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا بیانكه‌نه سه‌رئێشه بۆ هه‌رێمی كوردستان.
هه‌ڕه‌شه‌ی دووه‌میش له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبین. هۆكار زۆره بۆ بوونی ناكۆكی و ململانێ له‌نێوان هه‌رێمی کوردستان و به‌غدا، له‌نێوان حه‌شد و پێشمه‌رگه. مانه‌وه‌ی كێشه‌كانی رابردووی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، هه‌روه‌ها لێكه‌وته‌ی ئه‌و كێشانه و سه‌رهه‌ڵدانی گرفتی جۆراوجۆری دیكه كه ئێستا بوونیان هه‌یه، ئه‌گه‌ری زۆره دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا، نێوان هەولێر و به‌غدا به‌ره‌و ئاڵۆزتر به‌رێت. ئه‌و رێوشوێنانه‌ی بۆ سیاسه‌تی ته‌عریب و ته‌شه‌یوع له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌روه‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌ڕێوه‌ده‌برێن، زاڵبوونی هه‌ژموونی حه‌شدی شه‌عبی به‌سه‌ر ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و ئیداره‌ی ئه‌و ناوچانه‌دا، مه‌ترسییه‌كانیان بۆ سه‌ر كورد، ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوانكراون بۆ ته‌قینه‌وه. تازه‌ترین داوای ئێرانیش له هه‌رێمی كوردستان به ده‌ركردنی بنكه و باره‌گای هێزه كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵات له هه‌رێمی کوردستان كه دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ڕێگه‌ی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه شایه‌تی بینینی زنجیره په‌لاماردانیان ده‌بین، كوردستان به‌ره‌و دۆخێكی خراپ ده‌بات.
ئه‌وه‌ی بتوانێ كوردستان له‌و گێژاوانه بپارێزێت و ببێته به‌دیلی ئه‌مریكا بۆ كوردستان، ئێرانه. ئێران ده‌توانێت مه‌ترسیی داعش له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان زیاد بكات و هه‌ر خۆیشی ده‌توانێ مه‌ترسییەکە دووربخاته‌وه. ئێران ده‌توانێ گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی بكاته سه‌رچاوه‌ی نائارامی و ناسه‌قامگیری بۆ هه‌رێمی کوردستان، هه‌ر خۆیشی ده‌توانێت مه‌ترسیی حه‌شد له‌سه‌ر كوردستان دووربخاته‌وه. ئێران ده‌توانێت به‌غدا بكاته هۆكار بۆ تێكدانی دۆخی سیاسی و ئیداریی هه‌رێمی کوردستان و هه‌ر ئێرانیش ده‌توانێت به‌غدا بكاته سه‌رچاوه‌ی هێز بۆ كوردستان. بۆیه پێویسته هه‌رێمی كوردستان بۆ دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا دڵنیایی ئێرانی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی پاراستنی هه‌رێمی كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكات، ئه‌مه‌ش پێویستی به بیری ورد هه‌یه. وه‌ك چۆن (شوكری فه‌زڵی) له شیعرێكدا رووده‌كاته مه‌لیكی كوردستان و ده‌ڵێت:
ئیش كه رووی ئێسته له هه‌ورازه، سه‌ره و لێژی نه‌كه‌یت
بیریی وردیشی ده‌وێ، هه‌ر به دوعا و نوێژی نه‌كه‌ی!