ئەوەی لە ئەڤغانستان ڕوویدا، لە كوردستان دووبارە نابێتەوە!

محەمەد ئەمین پێنجوێنی


16/08/2021

ئەو كاتەی كە (زەڵمای خەلیلزاد)، باڵێۆزی ئەمەریكا بوو لە عێراق، تەقینەوە، تیرۆركردن و ئاژاوەی سیاسی لە عێراقدا زۆر بوو، هەموو هێزە ئەمەریكییەكان و دەزگا هەواڵگرییەكان بۆ سەرچاوەی ئەو پەشێویی و لە گرێژنەچوونەی عێراق دەگەڕان، كە بزانن سەرچاوەكەی لە كوێوەیە؟

سەركردەیەكی دەستڕۆیشتووی كورد پێی گوتم: بۆمان ئاشكرا بووە، كە هەموو ئەم كارانە دەوڵەتی ئێران لەپشتیەوەیەتی. هەر ئەو سەركردە كوردە گوتی: زەڵمای خەلیلزاد داوای لێ كردووم كە هەوڵ بدەم دیدارێكی لەگەڵ باڵێۆزی ئێراندا بۆ بسازێنم. لەو دیدارەدا خەلیلزاد بە باڵیۆزی ئێرانی گوتبوو: ئێوە بۆ ئەم تەقینەوانە لە عێراقدا دەكەن، بۆ شیعەو سوننەمان لێ هان دەدەن؟ ئێمە سەدام و تاڵیبانمان رووخاند، كە دوو دوژمنی سەرسەختی ئێوە بوون، واتا ئێمە خزمەتێكی گەورەمان بەدەوڵەتی ئێران و گەلی ئێران كردووە، وامان لێ مەكەن لەو كارە پەشیمان ببینەوە .!!

وادیارە ئێستا لە پشتیوانی حكوومەتی ئەڤغانستان پەشیمان بوونەتەوە، هەرچەندە ماوەی دوو ساڵە لە قەتەر، ئەمەریكاو تاڵیبان لە گفتوگۆ دابوون بە ئامانجی ڕێكەوتن و هەندێ خاڵی نهێنی نێوانیان.

وەكوو دەبینین ئەمریكا پاشەكشێی كرد، سەرەڕای ئەوەی ماوەی بیست ساڵە ڕاهێنان بە سووپای ئەفغانستان دەكەن و پڕ چەكیان دەكەن و بە دەیان و سەتان ملیارد دۆلاریان تێدا خەرج كردن، حكوومەتیان بۆ دروست كردن و لەم پێناوەدا سەدان سەربازی ئەمریكیان بە كوشت دا، بەڵام لە ئاكامدا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە ئەم حكوومەتە هەر خەریكی گەندەڵییەو سووپاكەشیان نەبوو بە سووپایەكی نیشتیمانی، هەر عەقڵیەتی میلیشیایی، خێڵەكایەتی و حیزبایەتی زاڵ بوو بەسەریدا. بە چۆڵكردن و پاشەكشێی هێزەكانی ئەمەریكا بۆشاییەكی گەورە دروست بوو، تاڵیبان وەكوو هێزێكی گەورەی ڕێكخراوی عەقائیدی كە لە سەرانسەری وڵاتەكەدا دەسەڵاتیان هەبوو، بۆشاییەكەی زوو پڕكردەوە، ئەمەریكا ئومێدێكی گەورەی بە تاڵیبان هەیە، بۆ ئەوەی بیكا بە دژ ئێرانداو كێشە لە سنوورەكانیدا بۆ دروست بكات، لە لایەكی تریشەوە (ئیگۆر)ەكانی چین كە هەزاران چەكدارن لەسوریا، لەڕێگەی توركیاوە بیانگێڕنەوە بۆ سەر سنووری چین، بۆ ئەوەی كێشە بۆ چینیش دروست بكەن، چونكە ئەمڕۆ چین و ئێران دوو نەیاری سەرسەختی ئەمەریكان، ئەمەریكاش بەتەمایە ئەم كارتانە لە ڕێگەی تاڵیبانەوە بەكاربهێنێ.

بۆیە ئەڵێم ئەگەر ئەمەریكا بەتەواوی كوردستان بە جێ بهێڵێ، ئەو بۆشاییە دروست نابێ و پرۆسەی سیاسی كوردستان تێك ناچێت، چونكە راستییەكەی توركیا بەشێكی زۆری لە هەرێمی كوردستان داگیركردووەو هەشتاو دوو سەربازگەی تیا داناوە، ئێرانیش هەژموونی خۆی لە بەشێكی تری هەرێم دا باڵادەست كردووە، ئەم دوو دەوڵەتە، لەم قۆناغەدا نایانەوێت پرۆسەی سیاسیی هەرێم تێك بچێت، هەر چەندە ئەمەریكاو هاوپەیمانان گلەییان زۆرە لە حكوومەتی هەرێم، چونكە دە ساڵە دەیانەوێت هێزی پێشمەرگە یەكبخەن و بیكەن بە سووپایەكی نیشتیمانیی بەڵام منافەسەی حیزبی و عەقڵیەتی كێ هێزی یەكەم بێت، ڕێگر بووە لەم كارەو گلەییشیان لەحكومەت هەیە كە گەندەڵەو مەودای ئازادییشی تەسك كردووەتەوە. 

بەڵام ئەمە مانای وا نییە كە هەتاهەتایە دەستمان لێ بەرنادەن، ئەگەر چاكسازیی لە كۆی سیستەمی حوكمڕانیی نەكرێت، ئەوا ڕوژێك هەر دێت، وەكوو ئەڤگانستان، دەستمان لێ بەر بدەن، بۆیە دەڵێم پەند لەو كارەساتەی ئەڤگانستان وەربگیرێت.