شۆكی هه‌ڵبژاردن هه‌ر كوژانه‌وه‌ی مۆمه‌كه‌ و هه‌ڵكردنی گڵۆپه‌كه‌ نییه‌

عارف قوربانی


پێش 1 هەفتە

 

هه‌رچه‌نده‌ هێشتا له‌لایه‌ن كۆمیسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ ئه‌نجامی كۆتایی رانه‌گه‌یێندراوه‌، به‌ڵام به‌پێی ده‌رئه‌نجامه‌ سه‌ره‌تاییه‌ نافه‌رمییه‌كان نه‌خشه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ركه‌وتووه‌. رێژه‌ی به‌شداریی ده‌نگده‌ر به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان كه‌م بووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌رئه‌نجامه‌كان و نه‌خشه‌ی هه‌ڵبژاردنی به‌جۆرێك گۆڕیوه‌ كه‌ بۆ زۆر لایه‌ن ئه‌نجامه‌كان شۆكهێنه‌رن. 
 
سه‌رباری ساردی و سڕی هه‌ڵبژاردن و به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی بایكۆت، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌م سیستمه‌ نوێیه‌ی كه‌ یه‌كه‌مجاره‌ هه‌ڵبژاردنی پێ به‌ڕێوه‌ده‌برێت سه‌ركه‌وتووبووبێت له‌ رێگریی له‌ ساخته‌كاری. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ بسه‌لمێندرێت كه‌ توانی گزیكردنی نه‌هێشتووەته‌وه‌ ئومێدی ئه‌وه‌ بۆ خه‌ڵك دروستده‌كات كه‌ له‌ خوله‌كانی داهاتوو به‌ متمانه‌وه‌ به‌شداریی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و عێراق ده‌باته‌ قۆناخێكی نوێوه‌. ده‌شبێته‌ سه‌ره‌تایه‌كی گرنگ بۆ گۆڕانكاری له‌ هاوكێشه‌ سیاسییه‌كان و پێگه‌ی حیزب و كه‌سایه‌تییه‌كان. چونكه‌ له‌ راستیدا هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووتر به‌هۆی ئه‌و ساخته‌كارییانه‌ی ده‌كران هیچ متمانه‌یه‌كی بۆ هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق نه‌هێشتبووه‌وه‌، نه‌چوونی خه‌ڵكیش بۆ به‌شداری له‌ پرۆسه‌كه‌، ئه‌و په‌یامه‌بوو. 
 
ئه‌وه‌ی لێره‌دا بۆ كورد گرنگه‌ سه‌رباری ئه‌و دۆخه‌ سه‌پێندراوه‌ ناسرووشتییه‌ی سه‌ر ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی کوردستان، به‌ڵام رێژه‌ی كورسییه‌كانی كورد زۆر زیاتر بووه‌ له‌ خوله‌كانی پێشوتر. ئه‌مه‌ خاڵێكی گرنگه‌ بۆ كورد و كاریگه‌ری له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی ئیداریی و به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و ناوچانه‌ زۆر ده‌بێت، به‌ڵام نابێت ببێته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كورد پێی وابێت ره‌وشی كورد باشه‌ بۆیه‌ رێژه‌ی كورسییه‌كانی زیاتر بوون، به‌ڵكو به‌شێكی به‌هۆی به‌شدارینه‌كردنی خه‌ڵكه‌وه‌ بووه‌ له‌ ده‌نگدان، كه‌می رێژه‌ی به‌شداریی هاووڵاتیان نه‌خشه‌ی ده‌رئه‌نجامه‌كانی به‌ قازانجی كورد گۆڕیوه‌ له‌و ناوچانه‌.
 
ئه‌وه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستانیش ده‌كرێت وه‌ك شۆكی هه‌ڵبژاردن وێنا بكرێت هه‌ر كوژانه‌وه‌ی مۆمه‌كه‌ و داگیرساندنی گڵۆپه‌كه‌ی نه‌وه‌ی نوێ‌ نییه‌. به‌ڵكو بۆ یه‌كێتی و پارتی و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووش ئاماژه‌ی گرنگی تیایه‌. بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌رباری رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و دروستكردنی هاوپه‌یمانێتیی كوردستان، نه‌ك هه‌ر هیچ كورسییه‌كی به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌، بگره‌ بەربژێرەکانی له‌ ریزبه‌ندی ركابه‌ره‌كاندا له‌ خواری خواره‌وه‌ن. ده‌نگه‌كانیان به‌ رێژه‌یه‌ك كه‌میكردووه‌ ده‌بێت ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ بخاته‌ به‌رده‌م هه‌ڵوه‌سته‌ی ئه‌و پرسیاره‌وه‌ ئایا گۆڕان ده‌وره‌ی حه‌یاتی ته‌واو بووه‌؟ یان هێشتا كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی پێویستی به‌ بوونی بزووتنه‌وه‌یه‌كی له‌و جۆره‌ ماوه‌؟ 
 
شۆكی گه‌وره‌ بۆ پارتی و یه‌كێتی هه‌ڵكشانی نه‌وه‌ی نوێیه‌، هێزێك كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هیچ حیسابێكی بۆ نه‌ده‌كرا و له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی حیساباتی خۆیان هێشتبوویانه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا له‌ پایته‌ختی كوردستان به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر پێش یه‌كێتی كه‌وتووه‌ و له‌دوای پارتی بووه‌ به‌ هێزی دووه‌م. له‌ سلێمانیش نزیك بووه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی ركابه‌ری بۆ هێزی یه‌كه‌م بوون بكات. بۆ یه‌كه‌مجاریشه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی توانیوێتی له‌ كه‌ركووكیش كورسی به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌ی كوردستان و هاتنه‌پێشه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ‌ بۆ ململانێی به‌شداریكردن و وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات. 
 
هه‌روه‌ها دۆڕاندنی یه‌كێتی له‌ هه‌ولێر پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانییه‌كانی كه‌ به‌نیازی چوار كورسی بوو، ته‌نیا یه‌ك كورسی هێناوه‌. له‌وه‌ش شۆكتر بۆ یه‌كێتی دۆڕاندنێتی له‌ كه‌ركووك كه‌ هه‌میشه‌ خۆی وه‌ك هێزی بێڕكابه‌ری كه‌ركووك وێنا ده‌كرد و ململانێی ئه‌وه‌ی بوو كه‌ هه‌موو كورسییه‌كانی پشكی كورد لای یه‌كێتی بن. له‌ دوو خولی یه‌ك له‌دوای یه‌كی پێشتردا شەش كورسی پشكی كوردی پارێزگاكه‌ی هه‌بوو. ئێستا پارتی دوای ئه‌وه‌ی له‌ 16ـی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ له‌و شاره‌ قاچاخه‌، دوو كورسی بردووه‌ و نه‌وه‌ی نوێش كورسییه‌ك. كه‌ ئه‌مه‌ش هاوكێشه‌ی كه‌ركووك زۆر ده‌گۆڕێت، به‌تایبه‌ت پێگه‌ی یه‌كێتی له‌ نه‌خشه‌ی داهاتووی پارێزگاكه‌دا.ده‌رئه‌نجامه‌كانی پارێزگای سلێمانی وه‌ك جێنفوز و گۆڕه‌پانی سیاسی و پێگه‌ی حوكمڕانیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، چی به‌وه‌ی له‌ هه‌موو بازنه‌كاندا بەربژێری نه‌وه‌ی نوێ‌ زۆر له‌ پێش ئەوانەی یه‌كێتییه‌وه‌ن، هه‌روه‌ها بردنه‌وه‌ی سێ‌ كورسیی پارتی له‌ پارێزگای سلێمانی كه‌ یه‌كێتی خه‌یاڵی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بیناكردبوو پارتی له‌ زۆنی سه‌وز بسڕێته‌وه‌. بۆ یه‌كێتی نه‌ك هه‌ر چاوه‌ڕواننه‌كراو بوو، بگره‌ شۆكی هه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌. 
 
بۆ كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووی ئیسلامیش ده‌رئه‌نجامه‌كان جێی تێڕامانن. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و دوو هێزه‌ وه‌ك دوو حیزبی ئیسلامی تا راده‌یه‌ك پشتئه‌ستوور بوون به‌وه‌ی ده‌نگده‌ره‌كانیان چه‌سپاون و له‌به‌ر رۆشنایی ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان كۆمه‌ڵ غروری سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشتری به‌رینه‌دابوو، پێی وابوو كێرڤی روو له‌ به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ و لانی كه‌م مرخی له‌سه‌ر سێ‌ كورسی خۆشكردبوو، به‌ڵام ده‌رئه‌نجامه‌كان پێچه‌وانه‌ كه‌وتنه‌وه‌، ته‌نیا یه‌ك كورسیی برده‌وه‌. 
 
یه‌كگرتووی ئیسلامی به‌هۆی ئه‌و كه‌وتنه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كانه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوو تووشی هات، كه‌م كه‌س چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی ده‌كرد بتوانێ‌ ده‌ست به‌ رێژه‌ی ده‌نگ و كورسییه‌كانییه‌وه‌ بگرێت، بۆ ئه‌میش ده‌رئه‌نجامه‌كان پێچه‌وانه‌ بوون، به‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌وه‌ كورسییه‌كانی بۆ دوو به‌رامبه‌ر زیادیكردووه‌،‌ بەربژێرەکانیشی له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاكان له‌ ریزی پێشه‌وه‌ن. 
 
ده‌رئه‌نجامه‌كان هه‌ر بۆ حیزبه‌كان مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌كردن نه‌بوون، بگره‌ بۆ ئه‌و گرووپه‌ش كه‌ خۆیان وه‌ك بەربژێری سه‌ربه‌خۆ ناساندبوو، گومان ده‌كرا ده‌ستی چه‌ند كاره‌كته‌رێكی سیاسی نێو لایه‌نێكی كوردستان له‌ پشتیانه‌وه‌ بێت و كۆمه‌ك به‌وه‌ ده‌كرا موعجیزه‌ بخوڵقێنن، وه‌ك گرووپێكی یه‌كلابووه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتوو وێنا ده‌كران، پڕوپاگه‌نده‌كان هێنده‌ سیحراوی بوون ته‌نانه‌ت كه‌سانی وه‌ك ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید، بەربژێری كۆمه‌ڵ له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجەش وه‌ك جۆرێك له‌ دڵنیابوون بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌و گرووپه‌، خۆی وه‌ك به‌شێك له‌ سه‌ربه‌خۆكان ده‌بینییه‌وه‌ نه‌ك نوێنه‌ری حیزبێكی ئیسلامی، به‌ڵام ده‌رئه‌نجامه‌كان نه‌ك هه‌ر سه‌ری سه‌ربه‌خۆكان، سه‌ری كۆمه‌ڵیشیان خوارد. 
 
لێره‌دا ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بۆ پرۆسه‌كه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ تاوەکو ئێستا گومان له‌سه‌ر ده‌رئه‌نجامه‌كان و ساخته‌كاری نییه‌، كه‌ ئه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنی هه‌موو لایه‌كه‌ به‌ دۆڕاوه‌كانیشه‌وه‌. بۆ هه‌ریه‌ك له‌ هێزه‌ به‌شداره‌كانیش ده‌بێت ببێ‌ به‌ مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌كردن و به‌خۆدا چوونه‌وه‌، له‌ هه‌مووشیان زیاتر یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌خاته‌ به‌رده‌م به‌رپرسیارێتییه‌وه‌، چونكه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كان ته‌واو پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانییه‌كان بوون بۆ یه‌كێتی. ره‌نگه‌ ئێستا بویسترێت هۆكاره‌كانی شكستی یه‌كێتی ببه‌سترێتەوە بە‌ كێشه‌كانی ئه‌م دووایه‌ی نێوخۆی حیزبه‌كه‌وه‌، به‌ڵام كه‌وتنی بەربژێرەکانی لاهوور شێخ جه‌نگی، وه‌ك فه‌یسه‌ڵ كه‌ریمخان و ئاڵا تاڵه‌بانی، ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن به‌ حزووری ئه‌ویش دۆخی یه‌كێتی باشتر نه‌ده‌بوو، چونكه‌ ئاڵا و فه‌یسه‌ڵ هه‌موو توانا و پشتیوانییه‌كی لاهوور شێخ جه‌نگی و لایه‌نگرانی ئه‌ویان له‌پشت بوو، كه‌چی هه‌ر ده‌رنه‌چوون، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌ی خراپی دۆخی یه‌كێتییه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی. 
 
ئه‌گه‌ر بڕیار بێت هۆكاره‌كه‌ هه‌مووی ببه‌سترێته‌وه‌ به‌ كێشه‌كانی ئێستای یه‌كێتییه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌كرێت بگوترێت هۆكاره‌كه‌ ته‌نیا له‌به‌ر بوونی ململانێكان نییه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌و گوتارە‌ میدیاییه‌وه‌ هه‌بوو له‌ میدیاكانی یه‌كێتی خۆی و له‌ ماڵپه‌ڕ و سایته‌ سێبه‌ره‌كانی و له‌لایه‌ن نه‌یاره‌كانییه‌وه‌ ده‌گوتران كه‌ حوكمڕانیی یه‌كێتییان له‌ دوو ساڵی رابردوو به‌ حوكمی مافیا ده‌شوبهاند. حیزبێك كه‌ له‌سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردندا خۆی وه‌ك گرووپێكی مافیایی پێناسه‌ بكات له‌نێو حوكمڕانیی كوردستان، چی لۆژیكێكه‌ هه‌ڵبژاردنیش بباته‌وە؟