رووماڵی جەنگی لەنێو راگەیاندنی كوردیدا

شاكۆ عوسمان جریدە


05/12/2021

راگەیاندن بە بەشێكی سەرەكی سیستەمی كۆمەڵایەتی هەر ناوچەو جوگرافیایەك دادەنرێت و زانستێكی فراوانە لە بەرەوپێشچوون و بنیادنانی كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو و هۆشیارو دروستكردنی رای گشتی هێنانەكایەی سەكۆیەكی ئازاد و فراوان بۆ كۆمەڵگەو جەماوەر.

رووماڵی جەنگی لقێكە لە لقەكانی رووماڵكردن لەنێو راگەیاندن و میدیادا بە رووماڵێكی گەرم دادەنرێت كە جەماوەر ئاراستە دەكات و سات بە سات هەوڵی گەیاندنی زانیاری و ناوەڕۆكی رووداوەكانی جەنگ دەدات بە شێوەیەكی بابەتیانەو پیشەییانە لەكۆی رووداوەكانی ناوچەكەو ئەو جوگرافیایەی رووماڵی جەنگی تێدا دەكرێت، میدیای كوردییش لەگەڵ سەرهەڵدان و گەشەسەندنی بێبەش نەبووە لەم جۆرە رووماڵە، ئەویش بە هۆكاری ئەوەی جوگرافیای كوردستان و ناوچەكە بەشێكن لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و داگیركەران، كەم تا زۆر میدیای كوردی توانیوێتی رووماڵ سات بە سات بكات، جەماوەر لە ناوەڕۆكی جەنگ هۆشیاربكاتەوەو وەرگر راكێشێتە نێو بەرەكانی جەنگ.

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، میدیای كوردی كەموكوڕی زۆری پێوە دەبینرێت، زۆرجار بەبێ فلتەركردن و خوێندنەوەی سایكۆلۆژیای تاك و گوێنەدان بە بەها نیشتیمانی و كۆمەڵایەتییەكان میدیا بەشێك بووە لە بڵاوكردنەوەی ترساندن و تۆقاندن تاڕادەی تێكدانی سایكۆلۆژیای هەر تاكێكی ئەم نیشتیمانەو دروستكردنی رێڕەوێك بۆ تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی.

پێویستە هەرسێ ئامرازەكەی میدیا (خوێنراو و بیستراو و بینراو) بتوانن هاوسەنگییەكە دروستبكەن لە نێوان جەنگ و وەرگردا، ئەمەش دەبێت لە پەیامە میدیاكاندا رەنگبداتەوە، هەروەها رۆژنامەوانی جەنگی (نێرەر) كە بە بەشێكی گرنگی دامەزراوە میدیایەكان دادەنرێن كەسانێك بن لە رووماڵی جەنگیدا شارەزا و پێشكەوتووبن، بتوانن بە وردی و هاوسەنگییەكی زۆرەوە پەیامە میدیاییەكان بگوازنەوەو بە لەبەرچاوگرتنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و نەشێواندنی سایكۆلۆژیای تاك و بەرپرس بن بەرامبەر ئەوەی وێنە و هەواڵەی دەیگوازنەوە بنەماكانی هەواڵی جەنگی و كاری پیشەیی خۆیان لەیاد نەكەن وەكو كادرێكی میدیایی نەكەونە هەڵەوە، بتوانن جەماوەر ئاراستە بكەن و بیرێكی تەندروست بنیادبنێن هەروەها خۆشیان پارێزراو بن لە هەر رووداوێكی نەخوازراودا، ئەو سنورەی بۆیان دیاریكراوە بۆ رووماڵكردن تێنەپەڕێندرێت و گیانبازی نەكات و دۆخێكی نەخوازراو دروست نەكات و بابەتیانە هەواڵ و زانیارییەكان بگوازێتەوە.