ساڵی 2003 دوای كه‌وتنی سه‌دام بۆچوونی زاڵ ئه‌وه بوو به‌شی زۆری كێشه ناوخۆییه‌كانی عیراق له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه به‌درێژایی ته‌مه‌نی ئه‌م ده‌وڵه‌ته ده‌سه‌ڵات له ده‌ستی كه‌مینه‌یه‌كی سوننه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بووه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه و كێشه‌كانی رابردوو دووباره نه‌بنه‌وه ده‌بێت عیراق به‌جۆرێك نه‌خشه‌ی حوكمڕانییه‌كه‌ی بكێشرێت كه هه‌موو پێكهاته‌كان هه‌ست به‌وه بكه‌ن به‌شدارن له به‌ڕێوه‌بردنی وڵات. وه‌ك جۆرێك له دڵنیایی بۆ رێگریی له حوكمی زۆرینه پره‌نسیپی سازان و هاوبه‌شی هاته ئاراوه و بڕیار بوو بكرێته بنه‌مای حوكمڕانییه‌كی ته‌ندروست بۆ داهاتوویه‌كی دوور. به‌ڵام ئه‌م تێزه زۆری نه‌خایاند، به‌تایبه‌ت دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له ساڵی 2011 به پشتیوانیی ئێران هه‌ژموونی شیعه به‌سه‌ر ته‌واوی جومگه‌كانی حوكمڕانیدا زاڵكرا، له‌و كاته‌وه بۆ ئێستا شیعه عیراق به‌ڕێوه ده‌بات، هه‌موو به‌شدارییه‌كی كورد و سوننه‌ش بۆ دروستكردنی وێنایه‌كی رووكه‌شانه بووه كه هه‌موو پێكهاته‌كان به‌شدارن له حوكمڕانی.
ئێستا به‌هۆی ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی 10/10/2021 كه بۆ یه‌كه‌مین جار بوو به سیسته‌می فره بازنه‌یی ئه‌نجام بدرێت، دۆخێك له عیراق هاتووەته ئاراوه (كورد و سوننه) ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان بۆ دروستبووه به‌نواندنی ئازایه‌تی ئه‌م هاوكێشه‌یه بگۆڕن. ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مجاره ماڵی شیعی به‌م ئه‌ندازه‌یه‌ی ئێستا دابه‌شی دوو به‌ره بووبن، سه‌در وه‌ك براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ك و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی شیعه له به‌ره‌یه‌كی دیكه‌ن. هه‌ردوو به‌ره‌ی شیعی له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان زۆرینه‌یه‌كی سیاسی له ده‌وری خۆیان كۆبكه‌نه‌وه و ره‌وایه‌تی به‌وه بده‌ن بتوانن حكومه‌ت پێكبهێنن. تا ئێستا ململانێكان به‌و ئاراسته‌یه‌دا ده‌ڕۆن كه ئه‌م دوو به‌ره‌یه نه‌توانن پێكه‌وه و له‌ژێر یه‌ك چه‌تری شیعی‌دا كۆببنه‌وه، ئه‌مه‌ش ئه‌و دهرگەیهیه كه كورد و سوننه ده‌توانن لێوه‌ی بچنه ژووره‌وه بۆ دروستكردنی سه‌رده‌مێكی جیاوازتر له حوكمڕانی نزیك به دوو ده‌یه‌ی رابردوو.
ئه‌گه‌ر ئێستا كورد و سوننه له نێوان ناكۆكییه‌كانی ناو ماڵی شیعی‌دا خۆیان به‌لای هه‌ر یه‌كێكیاندا یه‌كلا بكه‌نه‌وه، ئه‌و به‌ره‌یه ده‌توانێت حكومه‌ت پێکبهێنێت. ئه‌مه‌ش به‌و مانایه دێت كه هه‌ردوو ته‌ره‌فی شیعی ئێستا پێویستیان به كورد و به سوننه هه‌یه بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ركابه‌ره‌كه‌یدا، بێگومان له دۆخێكی وادا هه‌ردوولا ئاماده‌یی سازشی زیاترن بۆ سوننه و بۆ كورد. به‌ڵام ئه‌م هاوكێشه‌یه به‌ستراوه به‌كاته‌وه، كات لێره‌دا زۆر گرنگه بۆ بڕیاردانی كورد و سوننه، چونكه ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه ئه‌م یاریكردنه به‌كات كه ئێستا هه‌ستی پێده‌كرێت، ئامانجێكی دیكه‌ی له پشته‌وه بێت كه ئه‌ویش په‌یوه‌سته به كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكاوه له كۆتایی ساڵ و چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی كه‌می ماوه.
دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه ئێران بتوانێت ناوماڵی شیعی رێكبخاته‌وه، هه‌ركاتێكیش شیعه‌كان له‌ناو خۆیاندا رێككه‌وتن و وه‌ك یه‌ك به‌ره‌یه‌ك هاتنه‌وه ناو هاوكێشه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانین، ئه‌وه‌نده پێویستیان به كورد و به سوننه نامێنێت جگه له‌وه‌ی بۆ ماكیاژی ده‌سه‌ڵاتێكی شیعی بیانبه‌نه ناو حكومه‌ته‌وه. كه‌واتا ده‌بێت لێره‌دا سیاسی و بڕیار به‌ده‌سته‌كانی ناو سوننه و كورد بخرێنه به‌رده‌م به‌رپرسیارێتیی ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێی چی ده‌كه‌ن كه ده‌زانن زۆرینه‌ی شیعی ته‌نیا له‌و رێگه‌یه‌وه ده‌شكێت پێش كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا، كورد و سوننه له‌گه‌ڵ ته‌ره‌فێكی شیعی رێككه‌ون.
له میدیاكاندا باس له‌وه ده‌كرێت له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه گوشاری زۆر خراوه‌ته سه‌ر كورد و سوننه به دیاریكراوی تا له‌گه‌ڵ سه‌در حكومه‌تی زۆرینه پێكنه‌هێنن كه سه‌در داوای ده‌كات. ئێران و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی شیعی پێیان وایه ئه‌وه‌ی سه‌در ده‌یكات شكستی حوكمڕانی شیعه‌ی وابه‌سته به ئێرانه. له راستیشدا ئه‌گه‌ر ئه‌و پلانه‌ی سه‌در سه‌ربگرێت و كورد و سوننه پشتگیریی بكه‌ن، هاوكێشه‌ی هێز له ناوچه‌كه به زیانی ئێران ده‌گۆڕێت. به‌ڵام لێره‌یا پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه له‌م كاته هه‌ستیاره‌دا كه ئه‌مریكا دوای كه‌متر له سێ هه‌فته‌ی دیكه ده‌كشێته‌وه و عیراق وه‌ك سینییه‌كی زێڕ له به‌رده‌ستی ئێران جێده‌هێڵێت، ئێران هه‌روا به ئاسانی ده‌هێڵێت هاوكێشه‌كان پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران بكه‌ونه‌وه؟ بێگومان نه‌خێر، ئێران به ئاماده‌یی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كان هاوكێشه‌كانی عیراقی به‌جۆرێك ئیداره ده‌دا كه له به‌رژه‌وه‌ندیی ئێران بێت، چی لۆژیكێك له‌وه‌دایه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بكرێت به كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كان، گۆڕه‌پانه‌كه بۆ ئێران به‌رته‌سك بكرێته‌وه؟
هیچ گومان له‌وه‌دا نییه دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا، ئێران وه‌ك خاوه‌ن ماڵ به هێز و ههژموونێكی زیاتره‌وه له عیراق ده‌رده‌كه‌وێته‌وه. ئه‌ی كه‌واتە كورد و سوننه بۆچی ناچن له‌گه‌ڵ خاوه‌ن ماڵه‌كه رێكبكه‌ون؟ له كاتێكدا هه‌ر به راستی سوننه و كوردیش كێشه‌یان له‌گه‌ڵ ئێران و ئه‌و تهرهفانهی شیعه هه‌یه كه وابه‌سته‌ی ئێرانن. بێگومان بۆ چاره‌سه‌ری هه‌ر كێشه‌یه‌كیش پێویسته له‌گه‌ڵ ئه‌و ته‌ره‌فه رێكبكه‌وێت كه كێشه‌ت له‌گه‌ڵی هه‌یه.
ناوچه سوننەنشینهكانی عیراق له‌ژێر هه‌ژموون و حوكمێكی قه‌ره‌قوشییانه‌ی حه‌شدی شه‌عبیدا به‌ڕێوه ده‌برێن، سه‌روماڵیان داگیرده‌كرێت و گه‌نجه‌كانیان ده‌خرێنه زیندانه‌وه و دواتر له گۆڕی به‌كۆمه‌ڵدا دهردهكەون، یان هه‌ر چاره‌نووسیان نادیاره. ئایا به رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ سه‌در، ئه‌م ستراتیژه‌ی ئێران له رێگه‌ی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه له‌سه‌ر سوننه‌كان هه‌ڵده‌گیرێت، یا ئه‌گه‌ر خراپترین ئه‌گه‌ریش بێت لۆژیك ئه‌وه‌یه سوننه‌كان بۆ رزگاربوون له زوڵمی حه‌شدی شیعی بچن له‌گه‌ڵ ئێران و خاوه‌نه‌كانی حه‌شد رێككه‌ون، كه ئێستا پێویستیان به سوننه‌كانه.
ئه‌مه بۆ كوردیش هه‌ر راسته، كورد كێشه‌ی له‌گه‌ڵ حاكمه راسته‌قینه‌كانی پشته‌وه‌ی حوكمڕانی عیراق هه‌یه نه‌ك ئه‌وانه‌ی به رووكه‌ش وڵات به‌ڕێوه ده‌به‌ن. دۆخی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمیش خه‌ریكه هاوشێوه‌ی ناوچه سوننییه‌كانی عه‌ره‌ب ده‌كه‌وێته ژێر هه‌ژموونی حه‌شدی وه‌لائی ئێرانه‌وه. هه‌موو ئه‌و گرووپه چەكدارییانهش كه ناوه‌ناوه له رێگه‌ی درۆن و كاتیۆشاوه هه‌رێمی كوردستان به ئامانج ده‌گرن، به‌شێكن له ئامرازه‌كانی ئێران. ته‌نانه‌ت بۆ پرسی بودجه و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیش بڕیار لای ده‌سه‌ڵاتدارانی شیعه‌یه، كه‌واتە بۆ كوردیش ئه‌وه راسته بۆ ناچن له‌گه‌ڵ ئێران و شیعه وه‌لائییه‌كانی ئێران رێككه‌ون كه كێشه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه و چاره‌سه‌ریشی هه‌ر له ده‌ستی ئه‌واندایه.
كورد و سوننه سه‌رباری ناكۆكییه‌كانی نێوانیان، به‌ڵام ئێستا به‌شێكی كێشه‌كانیان هاوبه‌شه و چاره‌سه‌ره‌كانیشی پێكه‌وه ده‌كرێن. گرنگه ئه‌م دوو پێكهاته‌یه وه‌ك هاوپه‌یمانێك پێكه‌وه له‌گه‌ڵ ئێران وه‌ك خاوه‌ن ماڵ له عیراق بكه‌ونه گفتوگۆیه‌كی جدییه‌وه بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران، به‌تایبه‌ت كه ده‌ركه‌وت ئه‌مریكا و وڵاتانی سوننه‌ی ناوچه‌كه تاسه‌ر له پشتی كورد و سوننه‌وه نامێننه‌وه.