دەبێ دادگاکان دادگایی بکرێن

عارف قوربانی


15/03/2020

فەرهاد پیرباڵ لە یەکێک لە ناڕەزایەتیدەربڕین و خۆپیشاندانە تاکەکەسییەکانیدا، لە بەرانبەر نادادپەروەریی دەسەڵاتی یاسایی درووشمێکی سەرنجڕاکێشی بەرزکردەوە. بە دەنگە زوڵاڵەکەی هاواری کرد، "دەبێت دادگاکان دادگایی بکرێن". بەڵام کەس ئازایەتیی ئەوەی نەنواند لەدوای پیرباڵەوە وەک پرسێکی هەستیار ئاماژە بۆ بەرپرسیارێتیی دەسەڵاتی دادوەری بکات لە بەشێکی زۆری ئەو کێشە و گیروگرفتانەی لە کوردستان هەن.
 
من منداڵ بووم، دێتە بیرم کە باپیرم دەیگوت،"وەسێت بێت بۆتان، نەچن بەگژ مەلادا، چونکە مینبەری بە دەستە." ئەم بیرکردنەوەیە بۆ دەسەڵاتی مەلا بەدرێژایی مێژوو بەسەر کۆمەڵگەی ئێمەدا زاڵ بووە. بۆیە عەیب و عاری مەلاکان هەمیشە بە شاراوەیی ماوەتەوە و کەم جار لۆمە کراوون. لە کاتێکدا ئەوانیش خۆیان و کەسوکاریان وەک هەر ئەندامێکی دیکەی کۆمەڵگە  لە هەڵە و کەم و کوڕی مەعسوم نەبوون.
 
لە 28 ساڵی حوکمڕانیی خۆبەخۆی کوردییشدا لە هەرێمی کوردستان، یەکێک لەو دەستەبژێرانەی نێو کۆمەڵگەی کوردی کە دادوەرەکانن، پارێزبەندییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسییان بۆ دروست بووە، نەک لەبەر ئەوەی هوشیاریی گشتی لە ئاستێکدا بێت کە دەسەڵاتی یاسا لە سەرووی هەموو بەها و دەسەڵاتەکانی دیکەوە بینێت، بەڵکو لەبەر ئەوە بوو کە ئەمانیش دەسەڵاتی یاسایان بەدەستەوە بووە، بۆیە کەم کەس رەخنەی لێگرتوون. لە کاتێکدا بەرپرسیارێتیی زۆریان دەکەوێتە ئەستۆ لەو دۆخە سیاسی و ئیداریی و کۆمەڵایەتییەی دروست بووە.
 
لە وتارێکی وادا شوێنی ئەوە نابێتەوە جۆری بەرپرسیارێتییان لە هەریەک لەو پرسانە دیاری بکرێت و لە راستیشدا ئەوە ئەرکی توێژەر و کەسانی پسپۆڕی ئەو بوارانەیە، بەڵام ئەوەی بە گرنگی دەزانم لێرەدا ئاماژەی پێبکەم، نادادپەروەری یان جیاکاریی حوکمی سزا یاساییەکانە بەسەر تاوانباراندا کە هۆکارێکی سەرەکیی زۆربوونی تاوانە لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا.
ئەشێ گرفتێک لە بەند و بڕگەکانی یاسای سزاداندا هەبێ، کە پێداچوونەوەو چاککردنی ئەرکی پەرلەمانی کوردستانە، بەڵام میزاج و ویژدانی دادوەرەکانیش رۆڵیان هەیە لە چەسپاندنی حوکمەکانی ئەم یاسایە. هەرچەندە بەشێک داوەری ئازا و بەویژدان هەبوون هەوڵی زۆریان داوە بۆ دەستەبەرکردنی یەکسانی لە حوکمی یاسادا، بەڵام خراپیی سیستەمە گشتییەکە یارمەتیدەر نەبووە بۆ چەسپاندنی دادپەروەری لە جۆری سزا بەسەر تاوانباراندا.
 
لە نەوەدەکان هاوڵاتییەک لەبەر نەبوونی نان چەند فەردە گەنمێکی دزی بوو و کردبووی بە ئارد تاوەکو نانی منداڵە برسییەکانی بدات، زیاتر لە 10 ساڵ حوکم درا. هەر لەو سەردەمەشدا دزی زۆر گەورە هەبوون سووک و ئاسان لە تۆڕی یاسا رزگار دەبوون. 
 
لە سەرەتاکانی دوو هەزارەکان لە میدیاکاندا بە بەربڵاوی باس لە حوکمدانی مێردمناڵێک کرا بە چەندین ساڵ لەبەر ئەوەی جووتێک کۆتری دزی بوو، بەڵام دزی گەورەش وەک باڵدار دەیاندا لە شەقەی باڵ و بۆی دەردەچوون. 
 
خەڵک هەن لەسەر تاوانی کوشتن کە بەرگری بووە لە ماڵ و لە کەرامەتی، بە ئیعدام یان بە هەتاهەتایی سزا دراون. بەڵام زۆریشن ئەوانەی بە تەعدا و بۆ زوڵم کەسانێکیان کوشت و یاساش دەستی بۆ نەبردوون. 
 
لە سەرەتای قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان لە گەرمیان مامۆستایەک شیر و دایبی لە مارکێتێک دزی بوو، چەندین ساڵ حوکم درا. بەڵام دەیان مەلەفی چاودێریی دارای لە دادگاکانن کە سامانی گشتییان تێدا بەهەدەر دراوە یان دزراوە، بەڵام تاوانکارەکان ئازادن. 
 
کێشەکە هەر تەنیا لەوەدا نییە کە یاسا بەسەر کەسانێکدا جێبەجێ دەکرێت و بۆ بەشێکیش بووەتە تارمایی، بەڵکو بەپێی چینەکانی کۆمەڵگە و دەستڕۆیشتویی جیاکاری لەنێو ئەوانەشدا دەکرێت کە سزای یاساییان بەسەردا دەسەپێنرێت. 
 
 بۆ تاوانی قێزەونی وەک دەستدرێژی لەسەر منداڵە حەوت ساڵەکەی هەولێر دادگا تاوانبارەکە ئازاد دەکات، هەرچەند دواتر لەژێر گوشاری رای گشتی بڕیاری دەستگیرکردنەوەی درا. خەڵکی دیکەیش هەن تاوانەکەیان زۆر لەوە سووکتر بووە و سزای قورستر دراون. 
 
لەم رۆژانەی رابردوودا باوکێک هاوارنامەیەکی بڵاوکردەوە کە زیاد لە چەند جارێک دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر منداڵە چوار ساڵییەکەی و سکاڵای لەسەر دوو کەس تۆمارکردووە، دادگا تەنیا سزای پێنج ساڵی بۆ تاوانبارێکیان بڕیووەتەوە و ئەوی دیکەیان ئازادە.
 
لەبەر ئەوەی ئێستا رای گشتی سەرقاڵن بە ڤایرۆسی کرۆناوە، کەس گوێی لە هاوار و ناڵەی سووتانی جەرگی ئەم باوکە نەگرت و هەست و ویژدانی کۆمەڵگەی ئێمەی نەورووژاند. ئایا ئەگەر کەسێک دڕندەئاسا تاوانێکی هاوشێوە بەرانبەر مناڵێکی چوار ساڵی دادوەرێک بکات، هەر بە هەمان ئەو یاسایەی سزای پێنج ساڵی بۆ دەستدرێژیکەرەکەی رواندز بڕییەوە، سزای چەند جار ئیعدام بۆ تاوانبارەکە دەردەکات ئەگەر ستەملێکراوەکە کچی دادوەرەکە خۆی بێت؟
 
ئێستا لە کوردستان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کرۆناوە، هەروەها بەهۆی ئەو بڕیار و رێکارانەی حکومەت وەک خۆپارێزیی پێشوەختە گرتوونیەتەبەر، لەبەر بایەخپێدانی میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیش بە هەواڵە تایبەتییەکانی ئەم ڤایرۆسە و لێکەوتەکانی، وایکردووە خەڵک بایەخیان بۆ هیچ پرس و بابەتێکی دیکە نەبێت. لە کاتێکدا هەندێک بابەت هەن ڤایرۆسی زۆر مەترسیدارترن بۆ ژیانی کۆمەڵگەی کوردەواری. بۆیە لەم کاتەدا بە پێویستی دەزانم سەرنجی خوێنەر بۆ بابەتێکی گرنگ و هەستیار رابکێشم و هیواخوازیشم رۆژێک بێت هەمووان وەک بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش کار بۆ چاککردن و ڕێکخستنەوەی ئەم پرسە بکەین کە ئەویش دەسەڵاتی دادوەرییە لە کوردستان.
 
وا بۆ ماوەی مانگێک دەچێت کرۆنا گەیشتووەتە کوردستان، تەنیا یەک کەسی کوشتووە، بەڵام لەم وڵاتەی ئێمەدا لە مانگێکدا دەیان کەس دەکوژرێن بەهۆی سەروەرنەبوونی یاسا و جیاکاری لە جێبەجێکردنی حوکمە یاساییەکاندا. 
 
 ئەو هەستە دەستەجەمعییەی لەنێو کۆمەڵگەی کوردی وەک هەستی بەرپرسیارێتی بەهۆی کرۆناوە خەریکە دروست دەبێت، گرنگە بۆ دوای تێپەڕاندنی ئەم کێشەیەش پەرەی پێبدرێت و لە ئاستی پرسە گشتییەکانی تابیبەت بە سەلامەتیی گشتی کۆمەڵگە بەردەوامیی بدرێتێ.