ڕێككەوتنی دوو ئیدارەیی بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان

عەلی حەمەساڵح


19/04/2022


-  بەردەوامیدان بەم ڕێككەوتنە، كە ئێستا لە بواری جێبەجێكردندایە، ئیدارەی سلێمانی لە دوو لاوە خراوەتە ژێر گەمارۆوە.
-  ئەم ڕێككەوتنە ڕانەگەیندراوە و نەخراوەتە سەر كاغەز، بەڵام تەنیا ڕێككەوتنە لە كورستاندا بەتەواوەتی جێبەجدەكرێت..
-  لەماوەیەكی كورتدا و لە ئەنجامی ئەم ڕێككەوتنە سلێمانی تووشی داڕوخانی گەورە دەبێت.

بەشی یەك: مووچە
- ئەو پارەیەی نەوت كە دەگەڕێتەوە، ٤٣٪ بۆ موچەخۆرانی ئیدارەی سلێمانیە و ٥٧٪ بۆ ئیدارەی هەولێر و دهۆكە… 
-  بۆ نمونە: مانگی ٢ی ئەم ساڵ، داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی گشتی بڕەكەی (٤٨٨ ملیۆن دۆلار) بوە. بڕی( ٢٠٩ ملیۆن دۆلار) بۆ ئیدارەی سلێمانی و ئەوی دیكە بۆ هەولێرو دهۆك.. 
-  ئەگەر پارەی نەوت بەشی موچەی نەكرد… هەر سنورە و تەواوكردنی مووچە لە داهاتی خۆی بدات.. بۆ نمونە مانگی ٢ی ئەم ساڵ، ئیدارەی سلێمانی دەبێت( ٤٨ ملیۆن دۆلار ) بدات، هەولێریش( ٦٤ ملیۆن دۆلار) ..
-  سلێمانی نەیتوانی لە كاتی خۆیدا (٤٨ ملیۆن دۆلار)ەكە دابین بكات، ئەمەش وایكرد مووچەی بەشێك لە مووچەخۆرانی سنوری ئیدارەی سلێمانی دوا بكەوێت..

بەشی دووەم: پرۆژەكان:
-  سەرۆكی حكومەت، دەبێت بڕیار لە هەمو پرۆژەكانی ئیدارەی سلێمانیش بدات وەك هەولێرو دهۆك، بەڵام پرۆژەكانی سلێمانی بەداهاتی  سلێمانی خۆی جێبەجێبكرێت.. بەرپرسانی سلێمانیش، دەڵێن : داهات نیە.. ئێستا هەرچی پرۆژەیەی سنوری سلێمانیە وەستاوە..
-  سەرۆكی حكومەت و بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران، ئێستا قسە لەسەر قاچاخی و گەندەڵی و دۆسیەی زەوی سنوری سلێمانی و  بێ پرۆژەیی ناكەن، چونكە زیانەكە تەنیا لەسەر خەڵكی سلێمانییە، نەك كۆی هەرێمی كوردستان..
- بەرپرسانی سلێمانیش لە حكومەت قسە لەسەر داهاتی نەوت و فیشخابورو ئیبراهیم خەلیل و باج و زەوی و هیچ شتێكی سنوری هەولێر و دهۆك ناكەن.. ئەمیش پەیوەندیدارە بەخۆیانەوە، تەنانەت: حكومەت ڕۆژانە نزیكەی ملیۆنێك لیتر بەنزینی هەیە.. پشكی سلێمانی چوارسەد هەزار لیترە و هەموو دەدرێتە كۆمپانیای( سەن ئۆیڵ) و بەرپرسانی یەكێتی و گۆڕان لەحكومەت دێڕێك ناڵێن! 

‏‎-سێیەم: دەرمان و نەسریەو خەرجی فەرمانگەكان
هەر سنورەو دەبێت خەرجی هێزی ئەمنی و سەربازی و نەسریەی سەرجەم فەرمانگەكان و خواردنی نەخۆشخانەو زیندانەكان و دەرمان و پێداویستی تەندروستی و كۆكردنەوەی خاشاك لە داهاتی خۆی دابین بكات.. ئەگەر ئیدارەی سلێمانی ناتوانێت لەداهاتی خۆی دابینی بكات باهیچ كام لە مانە نەكات.. تەنانەت بۆ كڕینی چەك و فیشەكییش هەر دەبێت لە داهاتی ئیدارەی سلێمانی خۆی بێت..
ئێستاش سلێمانی دەڵێ: داهاتی پێویست نیە بۆ ئەمانە، بۆیە لە ئێستادا لەبەر نەبوونی دەرمان نزیكەی ١٠٠ توشبوی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا لە مەترسی مردندان..

كێ بەرپرسە: 
یەك: ئەوەی ڕاستەوخۆ دەسەڵاتی بەسەر خاڵی سنوری و ئیدارەدانی سنوری سلێمانی هەیە هەریەك لە( بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی) یە.. پاشان ئەگەر دەشڵێن: داهاتی ئەم سنورە خۆی كەمترە! ئەی چۆن لە حكومەتی هەرێم بەم فۆڕمەی دوو ئیدارەی ڕازین. 
دوو: سەرۆكی حكومەت لەڕوی یاسایی و حوكمڕانیەوە بەرپرسی یەكەمە. لە كوێی یاساو كارنامەی حكومەت هاتوە بڵێت: خەزێنەی گشتی نەبێت.. لەچەك و تەقەمەنیەوە هەتا كۆكردنەوەی خاشاك و دەرمان هەر سنورەو لە داهاتی خۆی بیكات؟ 
بەڵێ: لە باشماخ قاچاخ هەیە، بەڵام لە واقعدا داهاتی خاڵەسنوریەكانی هەولێرو دهۆك كە لەگەڵ سێ وڵاتدایە زیاترە لە سلێمانی.. 
ژمارەی كۆمپانیاكانیش لە هەولێرو دهۆك، سێ هێندەی سلێمانین.. بەهۆی نەمانی متمانەش خەڵك لە سلێمانی ئامادەنیە بەتەواوی پەیوەست بێت بە پێدانی ڕسوماتی ئاو و كارەباوە.. 

ئەنجام: 
یەك: ئێستا ئیدارەی سلێمانی، دەڵێ: هەمو هەوڵ بۆ دابینكردنی موچە و بەشێك لە نەسریەی فەرمانگەكانە، بۆیە هەرچی پرۆژەیە خزمەتگوزاری وەك ئاو و ڕێگاوبان و نەخۆشانە…. هتد، وەستاوە.. لە ئایندەیەكی نزیكدا نەبوونی خزمەتگوزاری و گرفتی دەرمان…. دەبنە گەورەترین قەیران بۆ خەڵكی و تەنانەت چاڵی شەقامەكانیش پڕ ناكرێتەوە.. 
دوو: لە ئێستادا ئیدارەی سلێمانی مانگانە( ٤٨ ملیۆن دۆلار) بۆ موچەی سنوری خۆی دابین دەكات،،  لەئەگەری دابەزینی نرخی نەوت، دەبێت سلێمانی لە داهاتی ناوخۆ پارەی زیاتر بۆ موچە دابین بكات، ئەگەر بەم فۆڕمەی ئێستا بەردەوام بن، گرفتی گەورە بۆ بەشێك لە موچەخۆرانی سلێمانی دروستدەبێت. 
سێ: ئەم دوو ئیدارەیە ڕانەگەیاندراوە زیانێكی گەورەی لە كۆی هەرێمی كوردستان گەیاندوە، دەرگای گەورەشی بۆ گەندەڵی و قاچاخی كردوەتەوەو بەرپرسی ڕاستەقینە لە دۆخەكە وندەكات، بەیەكتر تاوانباركردن لەلایەن پارتی و یەكێتیەوە خەڵك دەكرێتە قوربانی..
چوار: جگە لە نەبوونی پرۆژە بەشێكی زۆری نەخۆشخانە حكومیەكانی سلێمانی مەترسی ڕاوەستانی هەیە.. نەخۆشخانەكان بەرەو ئەوە دەچن دەرمانیان تێدا نەمێنێنێت..
 
تێبینی: 
بەپێی ئەو داهاتەی هەردوو ئیدارەی (هەولێر و دهۆك) و ( سلێمانی) بۆ تەمویلی موچە دەیدەن، لە ئێستادا لەسەرتاسەری كوردستان داهاتی ناوخۆ بەشێوەیەكی بەرچاو  كەمكراوەتەوە.. 
مانگی ٢ ی پارساڵ ( ٣٧٤ ملیار دینار) لە داهاتی ناوخۆ تەنیا بۆ موچە تەرخاندەكرا، جگە لەوەش لە داهاتی ناوخۆ بۆ پرۆژە و خەرجی فەرمانگەكان تەرخاندەكرا، كەچی ناتواندرێت بۆ كۆی كوردستان ئێستا (١٦٤ ملیار دینار) لە كاتی خۆیدا بۆ موچە دابین بكرێت! 
سەرەتای پار ساڵ، مانگانە هەولێر و دهۆك(٢١٣ ملیار دینار) و سلێمانی(١٦١ ملیار دینار) تەرخاندەكرد بۆ تەمویلی موچە، بەڵام ئێستا مانگانە هەولێرو دهۆك( ٩٣ ملیارو ٤٨٠ ملیۆن دینار) سلێمانی( ٧٠ملیارو ٥٢٠ ملیۆن دینار)؛ كەچی هێشتا ئیدارەی سلێمانی ناتوانێت ئەم بڕە لە كاتی خۆی دابین بكات.. 
چارەسەر: 
پێویستە داهات بە دروستی لە سەرتاسەری كوردستان كۆبكرێتەوە، پاشان بە دادپەروەری بەسەر شارەكاندا جێبەجێبكرێت.. 
پرۆژە یاسای بودجە بێتە پەرلەمان و ئەم دادپەروەریەی تێدا بچەسپێت..