نزار خەزرەجی

لەتیف فاتیح فەرەج


06/05/2022

من یاداشتەكانی نزار خەزرەجیم خوێندوەتەوە، ئەوەش دەزانم كە ئەو چەند درۆزنانە دەیەوێت خۆی بە پاڵەوان بكات و رووداوەكانیش بە جۆرێك ئاوەژوو بكاتەوە كە ئەنفال و هەڵەبجەو كوشت و بڕی كورد جگە لە بوختانێك بۆ سوپای عیراقی هیچی تر نییە.

هەڵبەت پێش ئەوەی یاداشتەكانی بخوێنمەوە ئێمە سەرقاڵی ئەوە بووین ئەو تاوانبارە بدەینە دادگا، راستییەكەی لە دانیمارك ئەحمەد عەزیزو ئەوان خەریك بوون، بیرمە یان ئەحمەد عەزیز، یان پێشڕەو شوانی بوو داوایان كرد ئەو بابەتە لە كوردستان بوروژێنین، من و ئاكۆ شوانی بۆ ئامادەكردنی راپۆرتێك چووینە گۆپتەپەو لە هاوڵاتی لە سەرمان نووسی، بۆ دادگای دانیماركیش سوودی خۆی هەبوو، لێرەدا من نامەوێ‌ ئەو رووداوە بگێڕمەوە، ئەوە بە جێدێڵم بۆ ئەحمەد عەزیزو هاوڕێیانی تر هەر ئەحمەد عەزیز كاتی خۆی نامەی یەكێتی و پارتی بۆ ناردم كە لە ئاستی زۆر بەرز داكۆكی لە خەزرەجی دەكەن و دەیانەوێت لە دانیمارك وەك پیاوێكی بێتاوان نیشانی بدەن.

لەو پاكانە نووسینەی كە بۆ خەزرەجی نووسراوە لە لایەن یەكێتی و پارتییەوە دكتۆر فواد مەعسوم، خەزرەجی وەك فریشە نیشاندەدات، زۆر لە ئەرشیفەكەمدا گەڕام نامەكانم نەدۆزیەوە تا دایبنەم، لە دیدارێكی تازەدا خەزرەجی كە سەردەمی ئەنفالی یەك بەرزترین پۆستی لەسوپای بەعسا هەبوو، هاشا لە هەڵەبجەو ئەنفال دەكات و تەنانەت ئەو بۆچوونەی مید ئێست و هۆچیش دەخاتە درۆوە كە دەڵێت لە ئەنفالدا 50 بۆ 100 هەزار كوردی سڤیل لەناوبرا، ئەو دەڵێت ئەنفال بۆ پانكردنەوەی تێكدەرەكانی كورد بوو بە تایبەت جەماعەتی جەلال تاڵەبانی، باسی ئەنفالی یەك، دوو، سێ‌ دەكات هەروەها قسە لە قۆناغەكانی تری ئەنفالیش دەكات و دەڵێت نۆ قۆناغ بوو !!، هەروەها دەیەوێت بڵێت ئەنفال بۆ ئەوە بوو كە تێكدەرەكان تەمبێ‌ بكرێن، چونكە یارمەتی سوپای ئێرانیان دەدا، ئەوەش دەڵێت گوایە بۆ پاراستنی بەنداوەكانی دوكان و دەربەندیخان بووە، ئەم رووقایمیە جێی سەرسوڕمانەو ئەمە یەكەم كەسیش نییە كە بەو جۆرە نكوڵی لە تاوانی جەنگ و جینۆسایدی گەلی كورد دەكات، پێشتریش سوڵتان هاشم بەو جۆرە دواوە، ئێمە بە نامیلكەیەك وەڵاممان داوەتەوە كە هێشتا چاپنەكراوە، هەروەها دكتۆر نەوزاد ساڵح رەفعەتیش وەڵامی داوەتەوە و چاپكراوە.

خەزرەجی دەڵێت باكوری عیراقمان لە تێكدەران پاككردەوە، بەڵام نوێنەرانی یەكێتی و پارتی لە ئەوروپا دەڵێن خەزرەجی دەستی لە خوێنی كەسدا نییەو فەرماندەیەكی سەربازی نیشتمانی و بێگەردە، نامەكان بە عەرەبی و ئینگلیزی نووسراون، ئەم لێدوانە تازەیەی خەزرەجی كە من دڵنیام لێدوانی خەڵكی تریشی بەدوادا دێت، بۆ چەند ئامانجێكە، لەوانە:

یەكەم: گێڕانەوەو شیرنكردنی بەعس لای نەوەی تازەی دوای 2003 كە ستەمی بەعسیان نەبینیوە.

دووەم: نیشاندانی كورد بە دوژمن و ناشرینكردنی لای نەوەی نوێی عیراق كە گوایە جوداخوازو تێكدەرن.

سێیەم: شێواندنی مێژوو، كە ئەمەش پڕۆژەیەكەو ئێستا لە عیراق كاری لەسەر دەكرێت.

نە خەزرەجی لە خۆیەوە ئەو قسەیە دەكات، نە هەندێ‌ میدیای عیراقی لەم كاتەدا بێ هۆ ئەو بابەتە دەوروژێنن، ئەوەشمان بیرنەچێت ئێستا بەعسییەكان بەردەوام لە جموجۆڵ و ماخۆلاندان و تەنانەت بۆ خول و پێگەیاندن خەڵك لە عیراقەوە دەبەنە ئوردن و شوێنگەلی دیكە، ماوەیەك پێش ئێستاش كاكەمین نەجاڕ باسی لەوە كرد زۆرێك لە بەعسییەكان لە هەولێرن.

ئێستا كە خەزرەجی بەو جۆرە قسە دەكات، ئەركی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالە بە نوسراوی فەڕمی داوا لە حكومەتی عیراقی و هەروەها دادگای فیدراڵی بكەن، ئەم جۆرە دیدارانە قەدەغە بكرێت و ئەو كەناڵ و میدیایانە سزا بدرێن كە ئەو كارە رەواج پێدەدەن، نكوڵیكردن لە كوشت و بڕو جینۆساید، خودی تاوانەكەیەو ناكرێت قەدەغە نەكرێت.