زیڕۆكردنی كێشەكان، یان گەڕانەوە بۆ چوار گۆشەی یەكەم ؟

ستران عەبدوڵڵا


10/06/2022

دەست لەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر چی لە كێشەكانی عیراق چارەسەر دەكات و ئەم ھەنگاوە بۆچی باشە؟

ئایە پەستانی خوێنی پرۆسەی سیاسی خاو دەكاتەوە و درزێك دەخاتە ناو دیواربەندی ئاسنین كە بۆتە بابەتی میدیاكان و بۆتە ھۆی توڕەیی سەدرو ھاوپەیمانەكانی و بۆتە مایەی داخرانی جموجۆڵی سیاسەت لەم وڵاتەدا.

دەست لەكاركێشانەوەی وا كە قەوما نیشانەی كۆتایی خولی یەكەمی ململانێ سیاسییەكەیە، بەڵام مەرج نییە مژدەی چارەسەرێكی سەنگینی پێ بێت.

مەزەندەی یەكەمین دوای كشانەوە ئەوەیە سەدر بچێتەوە بۆ سەر سیناریۆی وروژاندنی شەقام كە كەیفی بە سیاسەتی تا ئێستای رەسمی نایەت و ئەمەش وەبەرھێنانێكی كۆن و نوێیە كە رەوتەكە چەند جار كاری تیا كردووە. مەعلومە كە شەقام رای سەلبی لەسەر سیاسەتی رەسمی خراپە و جارێ نەگۆڕە، بەڵام مەرج نییە رای لەسەر ھاندەرانی شەقام و ئەندازیارانی جموجۆڵە جەماوەرییەكان تا سەر نەگۆڕ بێت كە رەوتی سەدر تێیدا مەعلانە چ بە كۆششی زاتی خۆی و چ بە تێكەڵكردنی سەرمایەی رەمزی تشرینییەكان لەگەڵ جموجۆڵی «تاعەتی كوێرانەی رەوتەكە»ی كە ئەم تاریفە خۆی بە باڵای رەوتەكەیدا بڕیویەتی. لەھەموو حاڵێكدا كە رەوتی سەدر ئەم بژاردەی شەقامەی ھەمیشە لەبەردەمدا بووە و ئێستا بیكاتە بژاردەی یەكەمین خۆی لە خۆیدا نیشانەی نیگەرانی و لەقبوونە.

دەست لەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدر و راكێشانی كارتی تر لەدەرەوەی پەرلەمان و رێڕەوەی رەسمی حوكمڕانی دەرخەری بێ ئومێدییە تا ئەوەی دەرخەری سەركەوتن و فرەیی چانسەكانی بەردەمی بێت.

لەوانەیە سەدر وای نیشان بدات دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ شەقام، ھەڕەشە بكا بە پەلاماردانی دامەزراوەكان و خستنەگەڕی نارەزایەتی و تەنانەت وای دەربخات دەتوانێ پاڵ بە پرۆسەی سیاسییەوە بنێت بۆ دووبارەكردنەوەی ھەڵبژاردن. ئەمانە ھەمووی دەشێ و دەكرێن، بەڵام قەناعەت ساز نین و ھەرگیز بەڵگەی بردنەوەو سەركەوتن نییە.

رەوایی دوا ھەڵبژاردنی پێشوەختی عیراق كە لە ١٠-١٠-٢٠٢١ سازكرا ھەر ئەوە بوو كە گوایە و شەرتیش نییە وابێت، ئاكام مەخرەجەكانی ھەڵبژاردنەكانی پێشوو نەیتوانی حكومەتی باش و گوزەرانی باش بەرھەم بێنێت. نەیتوانی گەندەڵی و پشكپشكێنەی تەسك و تەنگی حزبەكان و خۆپەرستی دەستەبژێری حوكمڕان چارەسەر بكات. بەم پێوەرە دەیسا كوا بەرھەمی ھەڵبژاردنی ئەمجارە كە رەوتی سەدر یەكەمێتی و بە ھەموو پێوەرێك خۆی تێیدا بڕیاردەری سەرەكی بەرەی براوەیە، بەو شێوەیە كە خۆیان پێیان خۆشبوو رووبدات؟.

ئەگەر رەوتی سەدر، دوای دەست لە كاركێشانەوەی جەماعی كە كەمتر دەتوانرێت ناونیشانی جوڵەیەكی دیموكراتی لێ بنێرێت و زیاتر رەنگی فەتوای جەماعی گرتووە، بەرەو جەماوەر و ناڕەزایی شەقام بڕوات، ئەوا زیاتر ھاوپەیمانەكانی ئیحراج دەكات و ئەگەر بەرەو گەڕەێكی تری ھەڵبژاردن پاڵی پێوە بنێ خۆ دەبێ خەرجی ئەم ھەڵبژاردنە بكەوێتە ئەستۆی خۆی. تەبعەن خەرجی دارایی ناڵێین كە دیموكراتییە نەوتییەكان قەت لەسەر تێچووی دارایی ھەڵبژاردن پەكیان ناكەوێت، بەڵكو خەرجی سیاسی و خەرجی تریش وەك دەركەوتنی بێ جەدوایی و بێ كەڵكی تەنانەت بژاردەی ھەڵبژاردن و ئامرازی دیموكراتی كە رێگای چارەسەر ناكاتەوە بەڵكو دیاردەی تا ئێستا كاتی بنبەستی دەكاتە دیمەنێكی رەسەنی سیاسیی و دوور مەودا.

قەرار نەبوو وا بێ. قەراربوو دوای دوو دەیە لە دیموكراسیی بە ھەموو سەركەوتن و پاشەكشێكانییەوە  عێراق بچێتە قۆناغی وڵاتێكی شایان كە ویستی گۆڕانكاری لەگەڵ جێگیرییە دەستورییەكانی وەك تەوافوق و فیدرالی ئاوێتە بكات.

كێ ئەم نرخە دەدات و كێ ئەم خەرجییە لە ئەستۆ دەگرێت؟