هه‌رچه‌نده تاوەکو ئێستا هیچ رێككه‌وتنێكی نووسراو له نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی نه‌كراوه، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی به‌رده‌ستن لێكتێگه‌یشتن له‌سه‌ر زۆر پرس و بابه‌ت له نێوانیاندا دروستبووه. تا ئه‌ندازه‌یه‌ك چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر هه‌موو داواكارییه‌كانی یه‌كێتی ده‌ربڕیوه، له پێدانی پۆست و ئیمتیاز له به‌غدا و به وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی پارێزگاری كه‌ركووكیشه‌وه.
لایه‌نه شیعیه‌كانی ناو چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی له میدیا و راگه‌یاندنه‌كان ئه‌وه ناڵێن، به‌ڵام چی له كۆبوونه‌وه داخراوه‌كانی نێوان خۆیان و له دیداریان له‌گه‌ڵ وه‌فدی ی،ن،ك چه‌ند جارێك ته‌ئکیدیان له‌وه كردووەته‌وه كه ئه‌وان قه‌رزاری یه‌كێتین. پێیان وایه ئه‌گه‌ر یه‌كێتی له‌گه‌ڵ سه‌در و پارتی و حه‌لبووسی بڕۆیشتبا كه له هه‌رسێ لایه‌نه‌كه‌وه داوای لێده‌كرا، ره‌نگه له‌وه زیاتری پێبدرابا، كه به مانه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی ده‌ستی ده‌كه‌وێت. به‌ڵام به نه‌چوونی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیی رزگاركردنی نیشتمان، خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی به چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی كردووه، هه‌موو ئه‌وه‌ی ئێستا بۆیان ره‌خساوه به هه‌ڵوێستی یه‌كێتی ده‌زانن.
بابه‌ته‌كه‌ش ته‌نها په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه نییه كه حكومه‌تیان له‌ده‌ست ده‌چوو، چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی ترسیان له په‌رله‌مان هه‌بوو نه‌ك حكومه‌ت، چونكه به‌شێكیان به‌شداری حكومه‌تیان پێده‌كراو هێشتاش مالیكی پێگه‌ی وه‌ك خۆی له‌ناو ده‌وڵه‌تی قوڵ ماوه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ی لێی ده‌ترسان ئه‌وه‌بوو كه پارتی و سوننه‌كان به پشتیوانی سه‌در له په‌رله‌مانه‌وه له‌لایه‌ك رێكاری یاسایی به‌رانبه‌ر به له قاڵبدانی حه‌شدی شه‌عبی بگرنه‌به‌ر و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه له رێگه‌ی گۆڕینی به‌شێك له یاساكان و ده‌ركردنی یاسای تازه‌وه ریسی چه‌ند ساڵه‌ی ئێران و شیعه‌كان بكه‌نه‌وه به خوری و ئه‌وه‌ی به نزیكه‌ی 20 ساڵ بنیاتیان نابوو، به چوار ساڵ ببێته‌وه به سفر.
ئه‌و گوشارانه‌ی ئێرانیش ده‌یكرده سه‌ر پارتی و سوننه‌كان بۆ كشانه‌وه له هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ سه‌در، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و مه‌ترسیانه بوو. سه‌رباری ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه و په‌لاماری درۆن و مووشه‌كه‌كانی ئێران پاشه‌كشێی به پارتی و سوننه‌كان نه‌كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێران له‌و رێگه‌یه‌وه ده‌یویست به‌ده‌ستی بهێنێت و هیچی لێنه‌چنییه‌وه، له رێگه‌ی یه‌كێتییه‌وه ده‌ستی كه‌وت. ئێران و شیعه‌كان ئه‌مه ده‌زانن و پێده‌چێت له‌به‌رچاویشیان بێت.
ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستا ره‌خساوه بۆ به‌ره‌ی مالیكی كه ئه‌گه‌ر سه‌در به گوشاری جه‌ماوه‌ری لێیان تێك نه‌دات، نه‌ك هه‌ر به ئاسانی حكومه‌ت ده‌كه‌وێته‌وه ده‌ستیان، به‌ڵكو ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ی ناو په‌رله‌مانیش وه‌ك گه‌وره‌ترین چه‌ك كه‌وته‌وه ده‌ستی به‌ره‌ی مالیكی و ده‌بێت له ئێستا به دواوه سه‌در به پله‌ی یه‌كه‌م و پارتی و سوننه‌كانیش دوای ئه‌و مه‌ترسی ئه‌وه‌یان هه‌بێت كه ئێران و مالیكی له په‌رله‌مانه‌وه به یاسا ئه‌وان له قاڵب ده‌ده‌ن.
مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیم له نووسینی ئه‌م وتاره هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و هاوكێشه و ئه‌گه‌ر و پێشهاتانه نییه كه رووبه‌ڕووی عێراق ده‌بێته‌وه، به‌ڵكو مه‌به‌ستمه سه‌رنجێك بخه‌ینه‌وه سه‌ر كه‌ركووك كه له چوارچێوه‌ی ئه‌و پێشهاتانه‌دا ئه‌گه‌ری به‌هێز ئه‌وه‌یه پارێزگاری كه‌ركووك بده‌نه‌وه به كورد. هه‌رچه‌نده وای نابینم هه‌موو هۆكاری گۆڕینی هه‌ڵوێستی ئێران و شیعه‌كان بۆ پرسی پارێزگاری كه‌ركووك ته‌نها په‌یوه‌ندی به له‌گه‌ڵ مالیكی بوونی یه‌كێتییه‌وه هه‌بێت، ده‌شێ ئه‌وه به‌شێكی هۆكاره‌كه بێت، به‌ڵام به‌شێكی په‌یوه‌ندی به خودی راكان جبوورییه‌وه هه‌یه كه زوو خۆی به‌لای خه‌میس خه‌نجه‌ردا یه‌كلاكرده‌وه‌و كه‌وته به‌ره‌ی هاوپه‌یمانی (ته‌یار) دژ به (ئیتار). شیعه‌كان و ئێرانیش له‌م بارودۆخه‌دا نایانه‌وێت ئیراده و ئیداره‌ی شارێكی گرنگی وه‌ك كه‌ركووك له ده‌ستی خه‌میس خه‌نجه‌ردا بێت.
ئه‌گه‌ر سه‌در شكستی پێبهێندرێت، یان روونتر ئه‌وه‌یه بگوترێت ئه‌گه‌ر سه‌در نه‌توانێ رێگری لە مالیکی بكات، ئه‌وه زۆر نابات پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت و دابه‌شكردنی كێكه‌كه ده‌ستپێده‌كات. وه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرێت یه‌كێتیش به‌شی شێری به‌رده‌كه‌وێت، به‌ده‌ر له‌و پۆست و ده‌ستكه‌وته حیزبیانه‌ی له به‌غدا ده‌یدرێتێ، بڕیار وایه پاڵێك به راكان جبووریشه‌وه بنرێت و كورسی پارێزگاری كه‌ركووك بدرێته‌وه به هه‌ر كه‌سێك یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دیاری ده‌كات. له رووی یاسایی و ده‌ستووریی و واقیعیشه‌وه دانانی پارێزگار ئێستا بۆ یه‌كێتیی ئاسانتره وه‌ك له چه‌ند ساڵی رابردوو.
بۆ هه‌لومه‌رجێكی وه‌ك دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر و به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌تی ته‌عریب له كه‌ركووك، پێدانه‌وه‌ی پارێزگاری كه‌ركووك بۆ كورد گرنگه، به‌ڵام بابه‌تێكی هه‌ستیاریشه، ده‌بێت بزانرێت چی جۆره كوردێك ده‌كرێته پارێزگاری كه‌ركووك. چونكه ئه‌و تێڕوانینه راست نییه وه‌ك هه‌ندێك پێیان وایه گرنگ ئه‌وه‌یه پارێزگاری كه‌ركووك كورد بێت، ئیتر ئه‌گه‌ر كه‌سێكی خراپیش بێت كێشه نییه. سه‌رباری هه‌موو ئازاره‌كانی، وێڕای ئه‌و هه‌موو زووڵم و سته‌مه‌ی ماوه‌ی پێنج ساڵی رابردوو له كوردی كه‌ركووك كراوه، به‌ڵام هێشتا كورد شانسی ئه‌وه‌ی هه‌بوو كوردێكی وه‌لائی بۆ حه‌شدی شه‌عبی نه‌كرایه پارێزگار و ته‌عریبچییه‌كی وه‌ك راكان پارێزگار بوو.
پارێزگاری عه‌ره‌بی خراپ بۆ كورد باشتره له پارێزگارێكی خراپی كورد، چونكه له حاڵه‌تی یه‌كه‌مدا كورد به‌هیوای ئه‌وه‌وه ده‌مێنێته‌وه، كه رۆژگارێك بێت ئیداره‌ی شاره‌كه‌ی بكه‌وێته‌وه ده‌ست، هەروەها ره‌فتار و كرداری خراپی پارێزگاره‌كه وه‌ك ئه‌وه‌ی راكان جبووری ده‌یكات، جۆرێك له كاردانه‌وه و رۆحی به‌رگری لای كورد دروست ده‌كاته‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر كوردێك بكرێته پارێزگار و به ئه‌جێندا و سیاسه‌تی ته‌عریب و ته‌شه‌یوع كاربكات، كورد ده‌ڕووخێت له‌و شاره.
به‌شێك له‌وانه‌ی له رابردوو و ئێستاش مرخیان له كورسی پارێزگاری كه‌ركووك خۆشكردووه، ئه‌وانه بوون كه پێشی حه‌شد كه‌وتن بۆ گرتنی كه‌ركووك، له‌وانه بوون كه چاوساغییان بۆ ئه‌و هێزه ده‌كرد كه به ده‌بابه‌وه به‌سه‌ر لاشه‌ی شه‌هیده‌كاندا تێده‌په‌ڕین. بۆیه یه‌كێتی له‌به‌رده‌م به‌رپرسیارێتییه‌كی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیدایە و ده‌بێت به وردی بڕیار له‌وه بدات كه‌ركووك به كێ ده‌سپێرێت، چونكه ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه لایه‌نی شیعی و ئێرانییه‌كانیش ئه‌وه بخوازن كه یه‌كێتی كه‌سێك رابسپێرێت به‌شێك بێت له دونیابینی ئه‌وان بۆ كه‌ركووك، پێویسته كه‌سێك بكرێته پارێزگار دید و تێڕوانینێكی كوردی و كوردستانیانه‌ی هه‌بێت بۆ كێشه‌ی كه‌ركووك، ئه‌گه‌رنا ئه‌وه به‌دڵنیاییه‌وه هه‌ر عه‌ره‌بێكی ره‌گه‌زپه‌رست بێت باشتره له هه‌ر كوردێك كه ته‌نها به‌ناو كوردبێت.