كوڕە قەمیس ڕەشەكە دەیویست چی بڵێ؟

عەزیز ڕەئووف


31/08/2022


گەرمەی شەری براكان و ڕووداوەكانی دوای 31ی ئاب، لە خاڵی پشكنینی قەڵادزێ دەسگیركرام، ئەو ناوە یەك پارچە ئاڵای زەرد بوو. لە دواوەی توێتایەكەوە بردیانم بۆ بارەگای ئەو حزبە لە قەڵادزێ. جانتاكەم كەوتە دەستیان كە پڕ بوو لە كتێب، ئەوەی بیرم مابێت ژمارە 1ی گۆڤاری (ڕەهەند)ی تێدابوو. لەگەڵ چونەژوورەوەمان بۆ بارەگاكە بەرپرسەكە پیاوێكی قەڵەوی چوار شانە بوو بە هەموو هێزی خۆی زلەیەكی لێدام. لەو كاتەدا گوێم لە گۆرانیەك بوو لە ڕادیۆیەكەوە دەهات: ( ئەوا هاتە خوار دوو كوڕە بارزانی..... پێشڕەوی كورد پارتیە....) منیان بردە حەمامی بارەگاكە زیندانیان كردم. بارەگاكە پێشتر پێدەچوو ماڵ بووبێت. لەپڕ بە شەق و زلە كوڕێكی گەنجیان هێنایە ژوورەوە، كوڕێكی قۆز شەرواڵێكی ڕەساسی و  قەمیسێكی ڕەشی لەبەردابوو، ژیان لە چاوانی دەباری. سڵاوی كرد و وتی من دەكوژن چونكە ئەوە دووەم جارە دەستگیرم دەكەن، ئەمجارە ڕزگارم نابێت. زۆر قسەی خۆش بوو، مەجالی نەدام بپرسم تۆ كێیت و خەڵكی كوێی؟ پێدەچوو بیەوێـت پێش مردنی زۆرترین قسە بكات.

 نیوەڕۆ بوو، منداڵێك هاتە ژوورەوە و دوو قاپ برنجی سوری بۆ هێناین، كەرتێك پیاز و یەكی نانێكی لەسەر بوو، وتی ها بیخۆن منداڵەكە وتی : گوێم لە باوكم بوو وتی: (تاریك داهات بیانبەن بیانكوژن). دەستمان كرد بە نانخواردن و كوڕە قەمیس ڕەشەكە هەر قسەی دەكرد. لە نیوەی نانخواردنەكە هاتن كوڕەیان ڕاكێشا و هاواری كرد مەمبەن، خۆی ڕادەپچكان و قۆپچەكانی پچڕان و جەستەی دەركەوت كە سنگی موی گەنجێتی دایپۆشیبوو. كوڕە قەمیس ڕەشەكە بە جەستەیەكی نیوەڕووتەوە ئاوڕی دایەوە شتێكم پێ بڵێت، بەڵام بە زلە و شەق بردیان و نەمبینیوە. نازانم دەیویست بڵێ چی؟ پەیامی هەیە بۆ دایكە پیرەكەی؟ بۆ خۆشەویستەكەی؟ بۆ كەس و كاری؟ نازانم، هێندە دەزانم تا ئێستاش بیر لەوە دەكەمەوە دەیویست بڵێ چی و ئەو نهێنیە خرایە ژێر گڵ.

پاش پێنچ دەقیقە لەو دیوی دیواری حەمامەكە كە پەنجەرەكەی ئەوەندە لەسەرەوە بوو نەمدەتوانی ئەودیو ببینم، دەنگی چەند تەقەك هات و كوڕەكەیان گوللەباران كرد. 

تاسام، بۆنی مردنم لێ دەهات، تەماشایەكی قاپەكەی بەردەستم كرد نیوەی برنجە سورەكە مابوو، قاپەكەی هاوڕێ قەمیس ڕەشەكەم پاروەكەی لەسەر بوو كە دوا پاروی پێش مەرگ بوو، چەكدارەكان نەیانهێشت بیخوات. لەوڕۆژەوە برنجی سور دەبینم چاوەكانم سور دەبێت و كوڕە قەمیس ڕەشەكەم بیر دەكەوێتەوە و ئیتر لەو ڕۆژەوە بۆ دواجار برنجی سورم لەبەرچاو كەوت.

ئێستاش هاوسەرەكەم پێم دەڵێ عەزیز چیتان بۆ لێ بنێم:
منیش دەڵێم: هەناسە، بەس برنجی سور لێمەنێ، بەردیش لێ بنێی دەیخۆم.