لەنێوان جەلالی و مەلاییدا،با خاڵە هاوبەشەکان کۆبکەینەوە

هه‌ژار سدیق


07/02/2020


لەنێو هەموو نەتەوەیەك و کۆمەڵگەکانی سەرتاسەری دونیادا،دوو جۆر بیرکردنەوەو دوو تێڕوانین و ستایل هەیە بۆ ئیدارەدانی وڵات و هەرێمەکان،تەنانەت،لەنێو هۆزو تیرەو گروپ و باندەکانیشدا،دوو تێڕوانین و بیرکردنەوەی جیاواز هەیە.
کوردستانیش،وەکو بەشێکی بچوك لەنێو دنیای ململانێی سیاسی و چەکداریەکاندا،لەپێناو سەپاندنی هەژموون و شێوازی بیرکردنەوەی خۆیان،هەریەك لەباڵی چەپڕەو و ڕاستڕەوی نێو پارتی دیموکراتی کوردستان،بەردەوام لەململانێ دابوون.
بەداخەوە،تا دواجار لۆژیکی چەك زاڵبوو بەسەر ململانێی و شەڕی فیکری و عەقڵانیدا.
خوالێخشبوو مەلا مستەفا سەرۆکی ئەوکاتەی پارتی،ململانێیەکەی،لەگەڵ مەکتەبی سیاسی پارتەکەی بەهۆی چەك یەکلاکردەوە.
بەڵام پارتەکەی کرد بەدوو بەرەی دژ بەیەك و دواتر بەجەلالی و مەلایی ناسران.
هەڵبەتە،لەئەنجامی ئەم لێکترازانە سیاسیی و سەربازیەدا،فیکرو دیسپلینی حیزبایەتی کە هۆکارێك بوون بۆ وشیارکردنەوەو ڕزگاری نەتەوەیی و نیشتمانی،زەبرێکی گەورەو کاریگەری بەرکەوت و تا ئێستاش بەردەوامەو حیزب لەخزمەتکارو فریادڕەسی نەتەوەو نیشتمانەوە بۆتە بارێکی قورس بەسەر ژیانی میللەتەوە.
هەردوو شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێ،بەنان و ئاوی جوتیارو لادێ نشینی کوردستانەوە کراوە،ئێستاش حکومەتی حیزب بەهەمان نەفەسی شۆڕشەوە،هەموو شتێکی قۆرخ کردووە،تەنانەت ئەو پارەیەی بەغداش دەخوا،کەبۆ موچەی فەرمانبەرو مامۆستاو خانەنشینی کوردستان دەنێردرێت.
مۆدێلی نەهەنگە سیاسیە تێرنەخۆرەکان،مۆدێلێکی قێزەونە لەسیستمی ئێستای جیهاندا.
ئەم مۆدێلە قورخکارەی سیاسەت لە میسرو تونس کۆتاییان هات و لەناوچوون،لەیەمەن و سوریاو لیبیاش لەئاخرو ئۆخرەکەی دایە.
بێگومان لەداهاتوویەکی نزیك لەعیراق و کوردستانیشدا نەهەنگە سیاسیەکانی ئێمەش ڕاو دەکرێن و کۆتاییان پێ دێت.
بڕوام وایە،نەهەنگە سیاسیە غرورەکانی کورد،هێشتا دەرفەتیان لەبەردەم ماوە،بۆ ئەوەی نەکەونە ناو تۆڕی ڕاوە نێودەوڵەتیەکە،پێویستە لێبوردەیی و بیرفراوانیەکەی مام جەلال و خاکی بوونەکەی مستەفا بارزانی،بکەنە دەستپێکی گەڕانەوە،بۆ ڕێگە ڕاستەکەی کوردایەتی وخزمەتکردنی میللەتەکەمان،بۆ کۆتایهێنان بەشەڕی ناوخۆ مام جەلال دەستپێشخەری دەکردو کاك مەسعود بەپیر دەستپێشخەریەکەچوو،بەڵام ئێستا کاك مەسعود ئەرکێکی مێژوویی و ئەخلاقی کەوتۆتە سەرشان،دەبێ دەستپێشخەری بکاو لێبوردەیی و خاکیبوون بکاتە پێوەر،بۆ دەرچوون لەم وەزعە نالەبارەی خراوەتە سەر شانی خەڵکی کورستان،چونکە سیاسیەکان،بەهۆی میللەتی بەهێزو خاوەن ئینتیماو پڕ لەخزمەتگوزاری دەمێننەوە،نەك پارەو سامانی حەرام و ڕەش.
.
هەژار سدیق