جێندەر لە چەمكێكی زانستیەوە بۆ پەلاماری سوشیال میدیای یەكگرتووی ئیسلامی

رێبین هەردی


20/12/2022

هێرشێكی زۆر پڕ قسەی ناشرین و دوور لەهەموو ئەخلاقێكی گفتوگۆ دەكرێتە سەر هەموو ئەوانەی باسی جێندەر دەكەن. زۆر بەداخەوە و لەوپەڕی سەرسوڕماندا برایانی یەكگرتووی ئیسلامی سەرەنێزەی ئەم هێرشەن كە هیچ سنوورێك نەماوە نەیبەزێنێت. بەناوی بەرگری لە ئەخلاقی كۆمەڵگاوە، بەدئەخلاقترین قسەكان دەكەن و بۆیەك ساتیش لەسەر ئەوە ناوەستن ئەو شەرە جنێوەی دەستیان داوەتێ، خۆی گەورەترین هەڕەشەی ئەخلاقیە لەسەر ئەخلاقی قسە و راگۆرینەوە. هەرگیزا و هەرگیز ڕێگەی بەرگری لە ئەخلاق، بە بێ ئەخلاقیدا ناڕوات. ئەوەشیی هەڕەشەی سەرەكی ئەخلاقیە لەسەر كۆمەڵگا و پارچە پاڕچەكردنی،  ئەو جنێوباران و بوختان و درۆیانەیە كە هەندێك پەیج لەژێر سێبەری برایانی یەكگرتووی ئیسلامیدا ئەنجامی دەدەن. بێگومان ئەو لەشكرە دەمپیسە هەڵەیەكی گەورە دەكات گەر بزانێت دەتوانێت بەم زمانە سوك و بەدە كەس بتوقێنێت یان ئیرهابێك دروست بكات كە كەسانێك ناچار بە پاشەكشێ لە بۆچونكەنیان بكات. تەنیا كارێك ئەم هێرشە دەتوانێت بیكات (و بەداخەوە بەسەركەوتویش تا ئێستا ئەنجامیداوە) لەكەداركردنی ناو و شێوازی كاری یەكگرتووی ئیسلامیە بەپلەی یەكەم كە وەك خۆم بەهێزێكی مەدەنی نەرومنیانم دەزانی كە تەنانەت لەوكاتانەشدا كە توندرین هێرشی نەك راگەیاندن، بەڵكو سەربازیشیان دەكرایە سەر، دانیان بەخۆیاندا دەگرت و جەختیان لە گفتوگۆ وتوێژ دەكردەوە. بەداخەوە پێموایە برایانی یەكگرتووی ئیسلامی بە ئازادكردنی ئەم سۆشیال میدیا دەمپیسە، زیانێكی گەورە بەرلەهەركەس بەخۆیان دەگەیەنن و هەمان ئەو هەڵانە دوبارە دەكەنەوە كە ئیسلامی عەرەبی لە جیهانی عەرەبیدا ئەنجامیدا كە ئەنجامەكەی بەردەوام پاشەكشێی یەك لەدوای یەكیان بووە لە زوربەی وڵاتەكاندا. لە تونس، مسر. لیبیا و تەنانەت كەنداویش. بەهەرحاڵ دیارە خۆیان ئەم ڕێگەیەیان پێ باشترە و باشی و خراپیش چی بێت، خۆیان بەرەكەی دەچنەوە.

بەڵام ئەم هێرشە بۆ و لەپای چی؟ هەموو ئەم هێرشە لەسەر چەمكێكە كە ناوی جێندەرەو لەبەرئەوەی دو و سێ كەسی ئیسلامی بە هەڵە تێییگەیشتوون و شەرحیان كردووە، هەمووان بەدوای ئەواندا و بە بێ ئەوەی ئیستێك بكەن تۆتیوار نەك دەیڵێنەوە، بەڵكو خۆیان وا دەبیینن لە جیهادێكی دینیدان دژی شتێك كە هاتووە بۆ ئەوەی كۆمەڵگا تێك ومەكان بدات و خێزان نەهێلێت و مرۆڤ لەهەموو ئەخلاقێك دابڕێنێت. شاهەڵەی ئەم بیركردنەوەیە یەكسانكردنی بەكارهێنەرانی جێندەرە لەگەڵ رەگەزخوازیدا. بگرە لە فەنتازیەی زوربەی برایانی ئێسلامیدا هەر ناوی جێندەر هات، یەكسەر بیریان بۆ ڕەگەزخوازی دەچێت و پێیانوایە ئەم چەمكە هیچ نیە، جگە لە ڕێگە خۆشكردن بۆ ڕەگەزخوازی. بگرە كار گەیشتە ئەوەی بانگخوازێكی دیاری وەك حاجی كاروان (كە وەك خۆم ڕێزێكی زۆرم بۆی هەیە) بە ئاشكرا بڵێت جێندەر واتە رەگەزخوازی. لەڕاستیدا من یەكەمجار كە ئەم قسەیەم گوێ لێ بوو، زۆرتر بۆ ئەوە چووم ئەو قسەیەیان بۆ دروستكردبێت، بۆ ئەوەی ئاگرەی ئەو لێشاوی شەڕە جنێو و سەنگەرگرتنە گەرم بكەن كە لەنێوان هەندێك ئیسلامیەكان بەگشتی و سوشیال میدیای یەكگرتووی ئیسلامی بەتایبەتی لەلایەك و ڕۆشنبیرانی نادینی یان ئەو كەسانەی كە مەرجەعی بیركردنەوەیان دین و شەریعەت نیە لە لایەكی دیەوە، بەرپا بووە. بگرە كار گەیشتە ئەوەی شانازی بەوەوە بكرێت توانراوە ڕێگە لە كۆڕ و سەمینار لەسەر جێندەر لەیەكێك لە زانكۆكاندا بكرێت، ئەم ڕێگریەش بە زیندووی ئەوە بەشەی كۆمەڵگا بزانیت كە ئەم ڕێگریەیە كردووە. لەسەدەی بیست و یەكدا بین وشانازیت ڕێگری بێت لە ڵێكۆڵینەوەو باسكردن لە زانكۆكاندا.

ئەم دۆخە سەیرە بیری ئەو دۆخەی جارانی خستمەوە كە هەندێك مەلای ئاینی دژی خوێندنی كچانی كوردستان سەنگەریان گرت و بەمەش كەوتنە ناكۆكیەوە لەگەڵ شاعیرە ڕۆشنگرەكانی ئەو سەردەمە. پێموایە هەندێك لە ئیسلامیەكان بەم ڕەفتارەیان تەنها كارێك بیكەن ئەوەیە هەندێكی تر هەڵە بۆ خەرمانی ئەو هەلانە زیاد دەكەن كە لە مێژووی خۆیاندا ئەنجامیان داوە.

بەداخەوە پێدەچێت لەهەمان ئەزمون و رەفتاری ئیسلامی سیاسی عەرەبیدا بژین كە بێگومان بەهەمان ئەو دەرئەنجامانەش دەگەین كە لەوێ بەدەستهاوون. ئەو كارانەی ئەم سۆشیال میدیا توندڕەو و جنێودەرە دەیكات هیچ نیە جگە لە سەڵماندنی مەترسی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی وەك هێزێكی دژ بە هەموو مافێكی مرۆڤ و توندڕەو و خۆ بەهەقیقەت زان و سەركوتكەر..مەترسیەك كە من وەك خۆم و وەك كەسێك كە خۆی بەعەلمانی دەزانێت ساڵانێكی زۆرە هەوڵی ئەوە دەدەم ئەم مەترسیە بە درۆ بخمەوە و بە دروستكراو و ئیسقاتاتی ئەزموونی ئیسلامی سیاسی عەرەبی بەسەر ئیسلامی سیاسی كوردیدا لە قەڵەم بدەم. 

بەڵام با لەم لێشاوی جنێو و بوختانەنە دوور كەوینەوە و لێگەڕێن ئەوانە دەرئەنجامی كارەكانی خۆیان لە داهاتوودا ببینن و بە ئارامی بپرسین ئایا ڕاستە جێندەر واتە رەگەزخوازی و ئەوەی باسی جێندەری كرد واتە باسی ڕەگەزخوازی دەكات؟ بەڕاستی جێندەر چیە؟ ئایا ڕەگەزخوازیە؟

جێندەر چەمكێكی زانستیەو جێگەی لێكۆڵینەوەی زانكۆكان و لێكۆلیارانە. وتەزایەكی ئایدۆلۆژی نیە ئەم و ئەو شەڕی لەسەر بكەن، جێگەشی شەرە جنێو ناو سوشیال میدیا نیە، بەڵكو دراسات و لێكۆڵینەوەیە.

كەواتە جێندەر چیە؟

با لە پێناسی سنوقی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ گەشەپێدانی ژنان دەست پبكەین. ئەم ڕێكخراوە نێو دەوڵەتیە بەمجۆرە پێناسی جێندەر دەكات: ((ئەو دەورە كۆمەڵایتیە دیاریكراوانەی بۆ هەر یەك لە نێر ومێ دیاریكراوە، ئەم دەورانەش بە پەروەردە دروست دەبن و بە درێژایی كاتیش گۆرانیان بەسەردا دێت، لەناو یەك كلتوور و لەنێواان كتور و كلتورێكی دیدا)). جێندەر چەمكێكە بۆ لێكۆلینەوە لەو جیاوازیانەی لە نێوان ژن و پیاودا هەن كە دروستكراوی نەریت و كۆمەڵگاكانن. باسكردنە لەو جیاوازی وچاوەڕوانی و دەورانەی هەریەك لە ژن و پیاو لە كۆمەڵگادا لێیان دەكرێت.

واتە دەكرێت باسی دوو جیاوازی لە نێوان و ژن و پیاودا بكەین، جیاوازیەك كە بایەلۆجیە و دەگەڕێتەوە بۆ پێكهاتەی جیاوازی جەستەیی هەریەك لەژن و پیاو. بۆ نموونە ئەوەی كە ژن شیردەرە و پیاو شیردەر نیە. ژن منداڵی دەبێت وپیاو نایبێت...هتد، هەموو ئەمانە جیاوازی بایەلۆژین ، بەڵام هەر جیاوازیەكی دی جگە لەم جیاوازیانە لەنێوان و ژن و پیاودا ئەژمێر بكرێت، دەچنە خانەی جیاوازی جێندەریەوە كە نەریت و كۆمەڵگاكان دروستی دەكەن. واتە دوو جۆر جیاوازی لە نێوان ژن و پیاودا هەیە، جۆرێكیان بایەلۆجیە و خواكردە، جۆرێكیشیان جێندەریە و مرۆڤ كردە. بۆ نموونە ئەو ڕوانینەی پێیی وایە كاری ژنان كاری ماڵەوەیە و كاری پیاوان كاری دەرەوەیە، جیاوازی جێندەریە.

ئەم جیاوازیە كۆمەڵگا و نەریت و چاوەڕوانی كۆمەڵایەتی دروستی كردووە و هەرلەبەرئەوەش قابیلی گۆرانە. بەڕاستیش هەنوكە لەسەردەمێكدان هەم ژنان دەتوانن كاری دەرەوە بكەن، هەم پیاوانیش دەتوانن كاری ماڵەوە بكەن..بەخێوكردنی منداڵ وەك ئەركی تایبەتی ژن و بێ بەریكردنی پیاو لێی جیاوازی جێندەریە.. چونكە پیاوانیش دەتوانن ئەم ئەركە ڕاپەڕینن و وەك ژنان ئەنجامی بدەن، یان ئەو ڕوانینەی پێیی وایە ژنان كەمتر لە پیاوان عەقڵانین و لە پیاوان زیاتر سۆز بەسەر عەقڵیاندا زاڵە، بە پێچەوانەوە پیاوان كەسانی عەقڵانین كە ڕێگە بە سۆز نادەن كۆنتڕۆلیان بكات، ئەم بۆچونانە جیاوازی جێندەرین و هیچ بنەمایەكی ڕاستەقینەیان نیە..ژنان نەك دەتوانن وەك پیاوان زۆر عەقڵانی و چالاك بن، بگرە وەك لەسەردەمی تازەدا دەیبین زۆرێكیان تا سەرۆكی وڵات و سەرەك وەزیران دەڕۆن و بەسەركەوتویش ئەو ئەركانە جێبەجێ دەكەن، تەنانەت لەناو دەوڵەتە ئیسلامیەكاندا وەك لە پاكستان بینیمان بەپێچەوانەشەوە سەدان پیاو فەشەل و بێ كەڵكیان لەم كارانەدا دەركەوتووە و سەلمێنراوە.. ئەمجۆرە جیاوازیانە جیاوازی جێندەرین و هەرئەمەشە ژنان خەبات دەكەن بۆ ئەوەی ئەم جیاوازیە جێندەریانە نەمێنێت. واتە بیرۆكەی جێندەر لەبەرئەوە بۆ مەسەلەی ژنان گرنگە چونكە تیشك دەخاتە سەر ئەو جیاوازیانەی داب ونەیت و كلتور لەنێوان ژن و پیاودا دروستی كردووە. بەتایبەتی ئەو جیاوازیانەی دەبنە هۆی پێشێلكردنی مافی ژنان و لە ئازادی و یەكسانی بێ بەشیان دەكات. واتە جێندەر لێكۆڵینەوەیە لەو جیاوازیانەی لەنێوان ژن و پیاودا هەیە كە دروستكراوی كلتور و مێژوو  و كۆمەڵگا جیاوازەكانە.

زۆربەی ئەم ڵێكۆڵینەوانەش ئەوە دەسەلمێنن كە ئەم جیاوازیانە لە كۆمەڵگایەكەوە بۆ كۆمەڵگایەكی دی و لە نەریتێكەوە بۆ نەریتێكی دی و لە مێژوویەكەوە بۆ مێژوویەكی دی دەگۆڕێت. هەر هێزە ئیسلامیەكان خۆیان و رەفتاریان باشترین نمونەی ئەم جیاوازیە جێندەریەن كە لە مێژووەیەكەوە بۆ مێژویەكی دی دەگۆڕێت. تا رابردویەكی زۆر دوریش نا و بگرە تا هەنوكەش، هێزی دینی وا هەیە كاری ژنان لە بواری گشتیدا بە قەدەعە و هەڵە دەزانن، بەڵام هەر لەناو ئیسلامی سیاسیدا ژنانێك نەك چالاكن و كاری سیاسی دەكەن، بەڵكو پێش هێزە  عەلمانیەكان ژنانیان لە سەركردایەتی سیاسیدا جێگیر كرد.

ژنانێكی ئیسلامی لە پۆستی وەزیرەوە بۆ ئەندام پەلەمان و بۆ كادری سیاسی بەرچاو دەكەون كە لەسەردەمێكی رابردودا هەموو ئەمكارانە تایبەت بوون بە پیاوان. گەر بۆ مێژوویەكی دوورتریش بگەڕەنەوە كە كاری زوربەی لێكۆڵیارانی بواری جێندەرە، ئەوا دەتوانین ئاماژە بۆسەرەتای درووستبوون و لەدایكبوونی ئیسلام وەك دین بكەین. تا پێش درووستبوونی ئیسلام ژن بوون وەك عەیبە تەماشا دەكرا. بگرە لەمێژووی بەر لە ئیسلامدا و لە هەندێك جێگە گەر خێزانێك كچی بوایە زیندە بەچال دەكرا. كەسێك كچی ببێت و كوڕی نەبێت هەستی بە شەرمەزاری دەكرد. لە یۆنانی دێریندا ژنان هیچ مافێكیان نەبوو و بۆیان نەبوو لەبواری گشتیدا كار بكەن. ئەرستۆ باسی نزمی ژنانی لەبەردەم پیاواندا دەكرد چ لەڕووی بایەلۆجی و چ لەڕووی عەقڵی و چ لە ڕووی دەروونیەوە، و زاڵبوونی پیاوانی بەسەر ژناندا وەك زاڵبوونی ڕۆح بەسەر جەستەدا، یان زاڵبوونی عەقڵ بەسەر سۆزدا دادەنا. لەگەڵ هاتنی دینی ئیسلامدا نەك ئەم وێنەیە گۆرا بەڵكو ژنانی وەك پیاو بە بەندەی خودا لەقەڵەمدا و زیندەبەچالكردن و كوشتنیانی بە تاوان دەزانی. كوشتنی كچ لەبەرئەوەی كچە، كوشتنی ڕۆحێكی ئینسانی بوو كە خودا درووستی كردووە (یا ایها الناس انا خلقناكم من ژكر و انپی...) العمران: ٣/١٩٥. واتە چ نێر و چ مێ درووستكراوی خودان و لەپاڵ یەكدان وهەمان ئەركیشیان لەسەر شانە: ((و المۆمنون و المۆمنات بعچهم اولیا‌و بعچ یامرون بالمعروف ، ینهون عن المنكر و یقیموون الصلات ، یۆتون الژكاە و یگیعون الله و ص رسوله اولئك سیرحمهم الله ان الله عزیز الحكیم)) التوبە: ٩/١٧. 

گەر بەراوردی دۆخی ژنان پێش ئیسلام، بە دوای ئیسلام بكەیت، چیت بۆ دەردەكەوێت. ژن هەر ژنە و پیاویش هەر پیاوە..لەڕووی بایەلۆجیەوە نەگۆرن و وەك خۆیان ماون، ئەی ئەوەی دەگۆڕێت چیە؟ جیاوازی جێندەرەیە لە سەرەدەمێكەوە بۆ سەردەمێكی دی. لەسەردەمێكەوە كە كچ بوون عەیبەیە و هەندێك دەیانكوژن. بۆ سەردەمێك كەكچان وەك پیاوان درووستكراوی خودان و وەك یەكیش ئەرك و پاداشتیان هەیە. 

لەسەردەمێكدا كە ژنان لەمافی خوێندن و تەنانەت لە مافی دەنگدان بێ بەش دەكران، لەبەرئەوە نیە كە ژنن، بەڵكو لەبەرئەو جیاوایە جێندەریەیە كە كۆمەڵگا و نەریت دروستی كردووە. تاسەردەمێكی نزیك وەرزشكردن بوارێكی تایبەت بە پیاو بوو، بگرە لە هەندێك شوێن تا هەنوكەش هەندێك گەمە بۆ پیاوان پاوان كراوە، بەڵام هەنوكە و لە زۆر شوێن تەنانەت لە دەوڵەتە ئیسلامیەكاندا ژنان نەك هەر وەرزشدەكەن، بگرە لە بۆنە و كێبڕكێی جیهانیەكاندا بەشداری دەكەن و پلەی بەرز و هەندێكجار یەكەمیش بەدەست دێنن. سەردەمێك فتبۆڵ بەیاریەكی پیاوانە ئەژمار دەكرا، بەلام هەنوكە ژنانیش فتبۆڵ دەكەن و بگرە وەك فتبۆڵی پیاوان مۆندیالی فوتبۆڵی ژنان هەیە كە سەدان دەوڵەت بەشداری تێدا دەكەن، بە دەوڵەتە ئیسلامیەكانیشەوە. نموونەی نزیكتر كە ئەم ماوەیە روویدا لە مۆندیالی قەتەردا بوو. تا پێش مۆندیالی قەتەر كاری داوەریكردنی گەمەكان پیاوان بوون، بەڵام لەمۆندیالی قەتەردا بۆ یەكەمجار ژنان وەك داوەری گەمەی فتبۆڵی پیاوان لەناو دەوڵەتێكی ئیسلامیدا بەشداریانكرد.. تا ڕابردویەكی نزیك كەس بە خەیاڵیدا نەدەهات، داوەری گەمەی تۆپین ژنێك بێت، ئەمكارە تەنیا پیاوان ئەنجامیدان دەدا، بەڵام هەنوكە و بێ هیچ كێشەیەك ژنانیش داوەری دەكەن وبە بەسەركەوتویش داوەریەكە ئەنجام دەدەن. 

ئایا ژنانێكتان نەبینووە كە تەنانەت لە كەناڵی هێزە ئیسلامیەكاندا پێشكەشكاری بەرنامەن، یان لە كۆڕ و سەمینارەكاندا باس پێشكەش دەكەن، یان لە زانكۆ و پلە سیاسیەكاندا بە جلوبەرگی دینیەوە دەردەكون و لەكارەكانیانیشاندا سەركەوتوون؟ ئەی ئەوەتان نەبینووە كە رەنگە هەر ئەمكارە لە ١٠٠ ساڵی رابردوودا مومكین نەبوو؟   ئەمەیە جیاوازی جێندەری لەسەردەمێكەوە بۆ سەردەمێكی دی. ژن و پیاو لەڕووی بایەلۆجیەوە لەیەك جیاوازن، بەڵام ئەم جیاوازیە بایەلۆجیە ناتوانێت دیاریكەری ئەرك ومافی جیاوازی هەریەك لە ژن و پیاو بێت. ئەو دەور و چاوەڕوانیانەی لە ژن و پیاو هەیە، دروستكراوی كۆمەڵایەتین و وەك خەسلەتی بایەلۆجی نین كە نەگۆر و خواكرد بن. ئەمە پوختە و ناوەڕۆكی سەرەكی جێندەرە. هەرشتێكی دی دوای ئەمە دەگوترێت جگە لە شێواندن و هەڵە لێكدانەوە هیچی تر نیە.

ماری هولمز لە كپێبەكەیدا بەناوی((جێندەر چیە)) پەرەگرافێك دەهێنێتەوە بۆ ئەوەی باشتر لەوە تێبگەین جێندەر مانای چیە. ماری هولمز دەنوسێت: ((كڕێس هەستاو چوو بۆ حەمام. بیجامەكەی لەسەر زەویەكە فڕێدا و چوو ژێر دوشەكە. پاش ئەوەی سەری بە سابون شت و ئیتر كاتی ئەوە هات وشكی بكاتەوە. پاش ووشك بوونەوە هەندێك كرێمی لە قژیدا و هەندێك بۆنی لە خۆیدا..)) كاتێك ئەم پەرەگرافە دەخوێنیتەوە چیت بۆ دەردەكەوێت ئایا كریس ژنە یان پیاو؟ بەتایبەتی كە ماری هوڵمز هیچ ئاوەڵناوێك بەكارناهێنێت كە دیاری بكات كریس كێیە ژنە یان پیاو. ناوی كریس دەشێت هەم بۆ ژن و هەم بۆ پیاو بەكاربهێنرێت. رەنگە تۆ بڵێیت كریس پیاوە، چونكە وێنای تۆ بۆ پیاو لەبەشێكیدا ئەوەیە گرنگی بە جلوبەرگ و ڕێكخستن نادات و مادام جل بەرگەكەی لەسەر زەوی فڕیداوە، كەوابوو كریس پیاوە؟ یان ڕەنگە بڵێت نا كریس ژنە، چونكە بە گشتی ژنان زۆرتر كرێم و بۆن بەكار دەهێنن. ئەوەی لێرەدا وامان لێدەكات كریس بەژن یان پیاو بزانین، بینینی جەستەی جیاوازیان نیە، بەڵكو ئەو وێنایەیە كە لە زیهنی ئێمەدا بۆ رەفتاری ژن و پیاو هەیە. ئەم وێناو و تەسەورەش بەرهەمی كلتوور و نەریت و ڕاهاتنە بە جۆرێكی دیاریكراوی سەیركردن بۆ ژن و پیاو. جێندەر ڵێكۆڵینەوەیە لەم قاڵبی بیركردنەوانە كە وامان لێدەكات هەندێك رەفتار بە ژنانە و هەندێكی دی بە پیاوانە بزانین. چونكە ئەم قاڵبانە هیچ بنەمایەكی راستەقینەیان نیە و بگرە زۆر قابیلی گۆڕانن لەناوی یەك كلتور و لەسەردەمێكەوە بۆ سەردەمێكی دی. ئەوەی كریس جلوبەرگەكەی فڕیدایە سەر زەوی و وای لێكردیت هەستبكەیت كرێس پیاوە، هەڵەیە چونكە هەزاران پیاو هەن جلوبەرگ لەسەر زەوی فڕێ نادەن و بگرە ڕەنگە لە ژنانیش زیاتر وەسواسی ڕێك وپێكیان هەبێت و تابە شوێنێكدا هەڵینەواسن، ئارام نەگرن. ئەوەی كریس كرێم و بۆن لە خۆی دەدات وای لێكردی بلێیت كریس ژنە، هەڵەیە، چونكە پیاوانێكی زۆریش لەم سەردەمەدا هەن كە كرێم و بۆنیش بەكار دەهێنن. بەكورتی جێندەر لێكۆڵینەوەیە لەو جیاوازیە مرۆڤكردانەی هەریەك لە ئێمە رەفتاری هەریەك لە ژنان و پیاوانی پێ دەناسینەوە. نموونەیەكی تر كە زۆر لە زمانی كوردیدا باوە و هەموو (بەخۆشمەوە) پێی راهاتووین و دەیانجار لە ژیان و ئاخاوتنی ڕۆژانەدا بەكاری دێنین چەمكی ئازایەتی و ترسنۆكیە، كەسێك كە كاری ئازایانە و مرۆڤانەی گەورە ئەنجام دەدات: دەڵێن بەراستی پیاوە. كەسێكیش كە لە هەڵوێستێكدا دەترسێت دەڵێن ئەوە چیە ئەلێت ژنیت. ئەم شوبهاندنەی ئازایەتی و ترسنۆكی بە پیاوەتی و ژنێتی هیچ پەیوەندی بە پێكهاتەی جیاوازی جەستەیی ژن و پیاوەوە نیە، بەڵكو وێنا و تەسەورێكە كە پێوەی پەروەردە بووین و ڕاهاتوین پێیی. بەڵام لە واقعدا چیمان هەیە، ژنانێك سەدهێندەی پیاوان ئازا و جەربەزە و و چاونەترس. پیاوانێكیش ترسنۆك و بێ هەڵوێست و بێدەنگ. دەی جێندەر لێكۆڵینەوەیە لەم جیاكاریە ناهەقانە و بیر خستنەوەی ئەوەیە چ ئازایەتی و ج ترسنۆكی و كاری گەورە و خراپ تایبەت نین بە ڕەگەزێك و هەردوو رەگەزەكە هەم دەشێت ئازا و كاری گەورە بكەن و هەم دەشێت ترسنۆك وكاری خراپ بكەن. لێرەوە یەكێك لە هەوڵەكانی جێندەر هەوڵدانە بۆ نەهێشتنی ئەمجۆرە زمان و ئاخاوتنە كە وێنەیەكی نێگەتیڤ بە رەگزێكیان دەدات كە تاكە خاوەنی نیە، و وێنەیەكی پۆزەتیڤیش بە رەگزێكی دی دەدات كە دیسان تاكە خاوەنی نیە. 

جێندەر هەوڵدانی لێكۆڵینەوەیە بۆ ئەو هۆكارانەی ئەمجۆرە جیاوازیە دروست دەكەن و هەوڵێكە بۆ تێگەیشتن لەوەی ئەم جیاوازیانە كەم بكەنەوە كە دەبنە هۆی پێشێلكردنی مافی ژنان و ئیمتیازی زیاتر بۆ پیاوان. بەكورتی و كوردی جێندەر باسی ئەو جیاوازیانە دەكات كە مرۆڤ كردن نەك خواكرد. جێندەر هەوڵدانە بۆ دابەشكردنی یەكسانی ئەرك و مافەكانی ژن و پیاو و ئەو دەورانەی لە كۆمەڵگادا دەینین. هەوڵدانە بۆ كۆتایهێان بە زاڵبوونی پیاو بەسەر ژندا و بەخشینی هەلی یەكسان لەبەردەم هەردوكیاندا. جیاوازی جێندەری ئەو جیاوازیە كۆمەڵایەتی و كلتوریانەیە كە لەنێوان ژن و پیاودا هەیە. 
بەوەشدا كە كلتور و كۆمەڵگاكان بەردەوام دەگۆرین و ئەرك و دەوری كۆمەڵایەتیەكانیش دەگۆڕین، لەبەرئەوە بێگومان جیاوازی جێندەریش گۆرانی بەسەردا دێت. جێندەر نكوڵیكردن نیە لە بوونی ژن و پیاو وەك دوو جەستەی جیاواز لەڕووی بایەلۆجیەوە، بەڵكو نوكڵیكردنە لە ئەرك و مافی جیاواز بۆ هەریەك لە ژن و پیاو. ژنان و پیاوان دوو بوونەوەری ئینسانین و نابێت و راست نیە جیاوازی بایەلۆجیان ببێتە هۆی زاڵبوونی و باڵادەستی یەكێكیان بەسەر یەكێكی دیدا. گرنگی ئەم چەمكەش هەر لێرەوە دێت. ئەم چەمكە نەگۆڕ و گۆڕاو لەنێوان ژن و پیاودا دیاری دەكات. نەگۆڕ جیاوازی پێكهاتەی جەستەیی ژن و پیاوە و گۆڕاویش ئەو دەور و ئەركانەیە كە هەریەك لە ژن و پیاو لە كۆمەڵگادا دەینینن كە بەدرێژایی مێژوو لەناو یەك كلتوردا و لە كلتورێكی دیەوە بۆ كلتورێكی دی، گۆرانیان بەسەردا دێت و هاتووە. 

بێگومان دەشێت وهەیە و زۆریشە كە دژی ئەمجۆرە یەكسانیەن و پێیان وایە یەكسانی تەواو لە نێوان ژن و پیاو دانیە و بەرگری لێ ناكەن. تا ئێرە ئاساییە بەڵام ئەوەی ئاسایی نیە و شێواندن و بەلارێدا بردنە یەكسانكردنی بیرۆكەی جێندەرە بە رەگەزخوازی. ئەم باسی ڕەگەزخوازی لە چیەوە هاتووە؟ 

هەموومان دەزانین ڕەگەزخوازی دیاردەیەكی تازە نیە و بگرە بە درێژای مێژوو هەبووە و هەیە. یەكێك لەو پرسیارانەی دەروونساكان لە خۆیان كرد ئەوەبوو كە چیە وادەكات رەگەزێك حەز لەرەگەزەكەی خۆی بكات؟ رەگەزخوزی بۆ هەیە و هۆكارەكانی چین.
هەندێك زانا پێیان وایە جینێكی تایبەت هەیە لەو كەسانەدا كە وایان ڵێدەكات رەگەزخواز بن..بەڵام تا ئێستا بوونی ئەم جینە نەسەلمێراوە. دەرونشیتكارەكان هۆكانی دەگەرێنەوە بۆ قۆناغی مناڵی و باسی خراپی پەیوەندی نێوان كوڕ و دایك لەلایەك و كچ و باوك لەلایەك دەكەن..هەندێك لە كۆمەڵناسان دەیگەڕینەوە بۆ فەزای كۆمەڵایەتی و بۆ پەروەردەی هەڵەی دایك و باوك، بەتایبەتی كاتێك دایكێك كە ئەزموونی باشی لەگەڵ هاوسەرەكەی نەبووە و رقی لە پیاو هەستاوە و ئەم ڕقە بۆ كچەكەی دەگوێزێتەوە، یان باوكێك كە ئەزموونی خراپی خۆی لەگەڵ ژندا بۆ كوڕەكەی دەگوێزێتەوە. هەندێكی دی دەیگەڕینەوە بۆ كێشەی هۆرمۆنات و كەم و زیای هۆرموێكی دیاریكراو لە جەستەی مرۆڤدا. 

بۆچوونی تر ئەوەیە كە پێی وایە لە بنەرەتدا رەگەزخوازی شتێكی ئاساییە و لە ئەزەلەوە هەبووە و دەمێنێت و پێویست ناكات بۆ هۆكارەكانی بگەڕێین. لایەنگرانی ئەم بۆچوونە سوود لە چەمكی جێندەر دەگرن و بەشێوەیەكی زۆر جیاواز و دەگمەن بەكاری دێنن. ئەم كەسانە دەڵێین مادام شوناسی جێندەری جیاوازە لە شوناسی بایەلۆجی، ئەوا دەكرێت و دەشێت شوناسی جێندەری ناكۆك بێت لەگەڵ شوناسی بایەلۆجیدا.   واتە دەشێت كەسێك ژن بێت بەس هەستبكات شوناسێكی جێندەری پیاوانەی هەیە. یان پیاو بێت و بەڵام شوناسە جێندەریەكی ژن بێت. سەرنج لەوە بدەن جێندەر باسی ئەوە ناكات شوناسی بایەلۆچی ناكۆكە بە شوناسی جێندەری، بەڵكو باسی ئەوە دەكات ئەم جیاوازیە بایەلۆجیە بەڵگە نیە بۆ ئەوەی دەورو و شوناسی ژن دیاری بكات لە كۆمەڵگادا. جێندەر دەڵێت راستە ژن مناڵی دەبێت، شیردەرە، پێكهاەتی جەستەی جیاوازە لە پیاو، بەڵام هیچ یەك لەم خەسلەتانە نابنە هۆی ئەوەی بڵێن ژن لە پیاو بێ عەقڵترە، لەو ترسنۆك ترە، توانای كاری دەرەوەی نیە، ئەركی چواردیواری ماڵە و ناتوانێت لە بواری گشتیدا كارا بێت...و هتد. 
بەڵام ئەمە تەنیا بۆچوونی ئەو كەسانەیە كە بەرگری لە رەگەزخوازی دەكەن و بۆچوونی هەموو ئەو كەسانە نیە كە بەرگری لە جێندەر بە ئاراستەی یەكسانی ماف و ئەركی ژن و پیاو دەكەن. بەرگری لە رەگەزخوازیش زۆر پێش چەمكی جێندەر هەیە و دوای ئەویش هەر دەمێنێت. جێندەریش تاكە بەهانەی بەرگریكردن نیە لە رەگەزخوازی. بەڵكو هەندێك مافەكانی مرۆڤ، ئازادی، چەمكی یەكسانی بۆ بەرگریكردن لە رەگەزخوازی بەكار دەهێنن.

ئایا لەبەرئەوەی رەگەزخوازەكان ئەم چەمكانە بۆ بەرگری لە خۆیان بەكار دەهێنن، كۆمیدی نیە بڵێن كێ باسی ئازادی یان یەكسانی، یان مافی مرۆڤی كرد، واتە باسی ئازادی رەگەزخوازی و یەكسانی رەگەزخوازی دەكات؟.چەند هەڵەیە بڵێین ئەوەتی باسی مافی مرۆڤ دەكات، دەیەوێت مافی رەگەزخوازەكان بسەپێنێت، هەر هێندەش هەڵەیە گەر بگوترێت ئەوەی باسی جێندەر دەكات، واتە مافی رەگەزخوازی دەسەپێنێت.   مێژووی هەموو چەمكێك و دروشمێك بەم دەردە چووە و كەسیش نیە لەسەر ئەمە دەستبەرداری ئەو چەمكانە بێت. فەمەنیزم لەبەشی گەورەیدا بریتی بوو لە خەبات بۆ یەكسانی ژن و پیاو، بەڵام هەر ئەم چەمكە لەسەر دەستی لقێكی توندرەو بوو بە دژایەتی پیاو لەلایەن ژنەوە و بگرە بوو بە بەهانە بۆ دەستبەرداربوون لە پەیوەندی بە پیاوەوە و هاندان بۆ پەیوەندی ژن وژن. ئایا هەڵە نیە ئێستا هەركەس باسی فەمەنیزمی كرد، بەوە تاوانباری بكەین كە دژی پیاوەو بگرە لەگەڵ هیچ جۆرە پەیوەندیەك نیە لەگەڵ پیاودا؟  جا بۆ دوور بڕۆین و هەر با باسی ئێسلام بكەین. ئایا ئەم دینە لەسەردەستی كەسانێك نەبوو بە داعش و هەر ئەو ئایەت و فەرموودانەشی بەكار نەهێنا كە قورئان و فەرومودەكانی پێغەمبەرە؟ ئایا گەمژەیی نیە بڵێن هەر كەس باسی دینی ئیسلامی كرد، واتە باسی داعش دەكات؟ لەراستیدا گەمژەیی یەكسانكردنی جێندەر بە رەگەزخوازی، ڕێك وەك گەمژەیی یەكسانكردنی دینی ئیسلامە بە داعش. ڕێك وەك یەكسانكردنی فەمەنیزمە بە دژایەتی پیاو. 

سەنتەركانی جێندەریش لە كوردستاندا كاری سەرەكی و لاوەكیان بریتیە لە بەرگریكردن لە مافی یەكسانی ژن و پیاو و بەیەك وشە یەكسانی جێندەری..واتە یەكسان بوون لەهەموو ئەرك و مافەكاندا و بەشداریكردن هاوشانی پیاو لەهەموو بوارەكاندا. سەنتەرەكانی جێندەر كلە كوردستاندا خەبات دەكەن بۆ ئەوەی ئەو وێنە نێگەتیڤ و ناڕەوایە بگۆرن كە ژن وەك بوونەوەرێكی كەمتر لە پیاو، ترسنۆك و ناعەقڵانیتر لە پیاو تەماشا دەكەن. جا گەر برایانی ئیسلامی دژی ئەمەن، ئەوا بە دژایەتی خۆیان راگەیەنن و هپچ كێشەیەك نیە. باش یان خراپ بكەن خۆیان باجەكەی وەردەگرن. بەڵام ناشرینە و نا ئەخلاقیە باسەكە بشێوێنت و وەك بەرگری لە رەگەزخوازی باسی بكەیت.