ژن، كڵپەی شۆڕشەكان.. شۆڕشی ئۆكتۆبەر بەنمونە

بڵێسە جەبار فەرمان


22/02/2023

جیھان، لە زۆرێك لە سەردەمەكانی دا ناڕازایەتی ھاوڵاتیانی دژ بە خێزانە فەرمانڕەواكان و حكومەتە حكومرانەكانی بە خۆیەوە دیوە.

بە درێژایی مێژوو چینێكی مرۆڤ ھەوڵی باشتركردنی ژیانیان و رزگاربوونیان لە ستەم و چەوساندنەوە داوە.

ھەموو شۆڕش و كۆدەتایەك پێش بەرپابوونیان بە چەندەھا قۆناغ دا تێدەپەرێن.
ناڕەزایێتی دەربڕین چەندەھا شێوازی جیاوازی ھەیە و بە ھەموو قۆناغەكانی دا دەبێت تێبپەڕێت تا بگات بەو ئاستەی كڵپە بكات و كەسانی فەرمانڕەوا لەسەر كورسی دەسەڵات لاببات.

لە شۆڕش و كۆدەتاكان دا كەسانێكی زۆر بەژداردەبن بەڵام لە كۆتایی دا چەند كەسێك دەبنە پێشەنگ و بەرجەستە دەبن و جڵەوی نارەزاێتیەكان دەگرنە دەست.

ھەمیشە لەم شۆڕشانەدا ژنان رۆڵی سەرەكیان دیوە و بگرە كڵپە و داینەمۆی شۆڕش بونە.
لە ھەموو شۆڕشەكانیش دا ئەو كەسانەی كە لە گەرمەی پێشرەوتەكانی دواتری شۆڕش دا فەرامۆش دەكرێن، ژنانن.

ھەردەم دوای ساڵانێكی زۆر  كە مێژوونوسەكان دەست بە نوسینەوەی توێژنەوەی شۆڕشەكان دەكەن، ڕۆڵ و كاریگەری ژنانیان بۆ دەردەكەوێت، كە وەك سەربازی ون تێكۆشاون و رەچاو نەكراون. 

- ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئۆكتۆبەر بە نمونە

جیھان لە پێش جەنگی جیھانی یەكەم دا بە قۆناغێكی دژواردا تێدەپەڕی. چەندەھا شانشین لە ئەوروپا كۆتاییان پێھاتبوو. ئمپراتۆریەتی عوسمانی لە كۆتاییەكانی دابوو.
خێزانی قەیسەری روسیا لەلایەن ھاونیشتیمانیەكانیانەوە ناخۆشەویست بوون.
میلـلەت برسی بوو، باجێكی زۆری بەسەردا سەپێنرابوو.

لەگەڵ ئەو كێشانەی خێزانی شاھنشین پێیدا تێدەپەڕین، چاوەڕوانی بەرپابوونی جەنگیان نەدەكرد لە مانگی ئابی ١٩١٤.

سەرهەڵدانی شەڕ لە ساڵی ١٩١٤  بۆ قەیسەر و سوپاكەی چاوەڕوان نەكراو بوو ئیمپراتۆریەت بە تەواوی ئامادە نەبوو بۆی.

بەھۆی بەژداریكردنی پیاوان لە بەرەكانی جەنگ دا، ژنان ناچار بوون بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانیان روو لە بازاری كار بكەن.

كارگەكان بێ كرێكار مابوونەوە ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی خاوەن كار لە ناچاری دا ژنان دابمەزرێنێت.

ملیۆنان ژن كاری ئەو پیاوانەیان وەرگرت كە پەیوەندییان بە سەربازییەوە كردبوو.  
ژمارەی كرێكارانی ژن لە ناوەندە پیشەسازییەكان بۆ زیاتر لە ملیۆنێك بەرزبووەوە.
زیكەی ٢٥٠ هەزار ژن پەیوەندییان بە هێزی كارەوە كرد لە نێوان ساڵانی ١٩١٤ بۆ ١٩١٧. 

ژنانی خوێندەوار و خاوەن بڕوانامە لە بوارەكانی دەرمانسازی و تەندروستی و خوێندنگاكان شوێنی پیاوانیان گرتەوە. 

ژنان بە گشتی بێجگە لەوەی لەبواری پیشەسازی و كارگەی ئاسن و ئەلەمنیوم و دروستكردنی چەك دا بەژدار بوون، بەھەمان شێوە لە كشتوكاڵ و كێڵگەكانیش شوێنی پیاوەكانیان گرتەوە.

ژنان ھەروەھا ڕاستەوخۆ لە شەڕدا بەژدار بوون بەڵام بە رێژەیەكی كەم. زۆرتر لە ھێڵی دواوەی جەنگ وەك پەرستیار خزمەتیان دەكرد.

بارودۆخی كۆمەڵایەتی ژنان لە كاتی جەنگی جیهانی یەكەمدا كاریگەری لەسەر ئەو ڕۆڵە هەبوو كە لە شۆڕشەكانی دواتردا گێڕاویانە.

لە ٢٣ی شوباتی ١٩١٧ سانتپترسبۆرگ بووە جێی سەرنجی قەیسەر ئەوكات و دواتر جێی سەرنجی ھەموو جیھان.

بەھۆی جەنگەوە لە لایەكەوە باج لەسەر ھاوڵاتیان زیاد كرابوو، لە لایەكی ترەوە نرخی خۆراك گران بوو بوو.

لە ٢٣/٢/١٩١٧ بە ڕۆژژمێری روسی (واتا ڕۆژژمێری جولیان) كە ھاوكاتە لەگەل ٨/٣ی ڕۆژژمێری ڕۆژژمێری زایینی (یان ڕۆژژمێری گریگۆری)، خۆپیشاندانی ژنان دەستی پێ كرد.

واتا لە ڕۆژی جیھانی ژنان دا، ژنانی كارگەكان لە ساپێترسبورگ بە دروشمی برسیمانە نانمان ئەوێ دەستی پێ كرد.

ھەر زوو ئەم خۆپیشاندانەی ژنان ژمارەیان زیادی كرد و ھەموو كرێكارانی كارگەكانی تر و بە سەدان كەسانی ترچوونە ریزەكانیانەوە.

بەم شێوەیەش "نان"  و “نانمان پێ بدەن" بوو بە دروشمی سەرەكیان.
بە هەوڵی شۆڕشگێرە دژ بە حكومرانەكان، بانگەوازی مانگرتنی گشتی لە كارگە و دوكانەكان لە سەرتاسەری سانتپێتربورگ بڵاوبووەوە. تا ٢٥ی شوبات نزیكەی هەموو كۆمپانیا پیشەسازییەكانی سانتپێترسبۆرگ لەگەڵ زۆرێك لە دوكان و كۆمپانیا خزمەتگوزارییەكان داخران.

ھەروەھا چینی خوێندكار و مامۆستا و پزیشك پەیوەندیان بە خۆپیشاندان و مانگرتنەوە كرد.

ئەگەر مێژوونووسان بەدوای ئەو گروپەدا بگەڕێن كە شۆڕشی ڕووسیای دەستپێكرد، ئەو راستیەیان بۆ روون دەبێتەوە كە شۆڕشی ڕووسیا لە لایەن ژن و دایكە برسیكراوەكانەوە دەستی پێكرد كە داوای نانیان دەكرد.  

ئەم خۆپیشاندانەی ژنان لە لایەن خێزانی ڕۆمانوڤەوە بە "ئاژاوەگێر" ناودەبران و ھیچ تێگەیشتنێكیان بۆ داخوازیەكانیان نەبوو.

دوای پێنج ڕۆژ لە شۆڕشی ژنان، دەسەڵاتی زیاتر لە 300 ساڵەی بنەماڵەی ڕۆمانۆڤ لەپێی ئەو "ئاژاوەگێڕانە" ڕووخێنرا كە هاوسۆزی سەربازەكانیان لە بەرەكانی جەنگ بەدەستهێنا.

ئەم شۆڕشە لە پترگرادەوە تا مۆسكۆ پشتیوانییان لێكرا.

ئەم  یاخیبوونە لە سیستێمی فەرمانرەوایی و خێزانی ڕۆمانۆڤ وەك ئاگر  بۆ شارەكانی تر و دەشتەكان و شاخەكانی قەوقازی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیادا كڵپەی سەند.

نیكۆلاس ڕۆمانۆڤ قەیسەری روسیا كە بە دووری ٣٠٠ كیلۆمەتر لە باشووری پترۆگرادەوە لە ناو شەمەندەفەردا گیری خواردبوو، لەلایەن ژەنەراڵەكانییەوە ناچار كرا  دەستبەرداری پۆستەكەی بێت.  

ترۆتسكی لە كتێبی درەوشاوەی مێژووی شۆڕشی ڕووسیادا ڕێزی لە ژنان و ڕۆڵی ئەوان لە شۆڕش دا گرتووە و دەنوسێ:

ژنەكان بوێرتر لە پیاوەكان.

كاتێك بەرەی خۆپیشاندان دەرۆن و و دەمانچە دەگرنە دەست و فەرمان دەكەن: "بایۆنێتەكانتان بەرز بكەنەوە و لەگەڵمان بن".  ورەی سەربازەكان بەرزدەكەنەوە. بەمەش بەربەستەكە دەكرێتەوەو، چەپڵە لێدانەكان بەرز دەبنەوە... شۆڕش هەنگاوێكی دیكە بەرەو پێشەوە دەنێت”. 

شۆڕشی بەلشەفییەكان یان شۆڕشی ئۆكتۆبەر قۆناغی دووەمی شۆڕشی ڕووسیا بوو لە ساڵی ١٩١٧ بە سەركردایەتی بەلشەفیكەكان لە ژێر فەرمانی ڤلادیمێر لینین كە سەركردەی ئەو شۆڕشە بوو لەسەر بنەمای بیرۆكەكانی كارل ماركس؛  بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كۆمۆنیستی و ڕووخاندنی حكومەتی كاتی، شۆڕشی بەلشەفی یەكەمین شۆڕشی كۆمۆنیستی سەدەی بیستەمی زاینییە و درێژە پێدەری شۆرشی ژنان بوو لە ٨ی مارس(٢٣/٢ شوبات).

بەمەش دەتوانرێت ژن بە دەستپێك و پلان دارێژەری شۆرسی ئۆكتۆبەر دابنرێت.
زۆر لەبارەی بە پلان و بێپلانی شۆرشی ٢٣ی شوبات نوسراوە.

مێژوونوسەكان كۆك نین لەسەر ئەوەی ئایا ئەم دەستپێكە لە لایەن ژنانەوە بە بەرنامە بووە یا زەروریەت و برسێتی تەنگی پێ ھەڵچنیون و لەخۆوە و بێپلان رژاونەتە سەر شەقامەكان.

وەڵامی ئەم دوو تێروانینە بەلای منەوە ئەو بایەخەی نیە بەڵكو ئەوەی گرنگە و حاشا ھەڵنەگرە كڵپەی شۆرشی ژنانە كە شۆرش ھەڵدەگیرسێنن و خەبات دەكەن و باجی زۆر دەدەن و لە سەركەوتن و بەرھەمەكانی سەركەوتن بێبەش دەكرێن.
تبینی:
رۆژژمێری جولیان
‏(Julian Calendar) ساڵنامەیەكە كە لەلایەن جولیۆس قەیسەرەوە لە ساڵی ٤٦ پێش زایین دۆزرایەوە و لە ساڵی ٤٥ پێش زایین كەوتۆتە بواری پەیرەوكردنەوە. ساڵنامەی جولیان هەوڵی ھاوشێوەكردنی ساڵی خۆر دەدات و پێكدێت لە ٣٦٥،٢٥ ڕۆژ كە دابەشكراوە بەسەر ١٢ مانگدا .ڕۆژژمێری جولیان لە كڵێساكانی ئۆرتۆدۆكسیدا تا سەدەی بیستەم پەیرەو كراوە.
لە روسیا ئەم رۆژژمێرە تا دوای شۆڕشی ئۆكتۆبەر پەیڕەوكراوە.