بڕیاری دادگای پاریس لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە

سالار مەحمود


26/03/2023

لە دوای هەڵبژاردنەكانی توركیا ئاسۆیەكی نوێ لەهەرێم دەردەكەوێت.

سەیرو سەمەرەترین بابەت ئەوەیە لە كێشەیەكی یاسایی نێوان  توركیاو عیراق، لە دادگا عیراق بیباتەوە، هەرێمی كوردستان پێی نیگەران بێت!. یا لایەنگیری توركیا بێت!

پرۆژەی تەسلیمكردنی ئابووری هەرێمی كوردستان بە توركیا تەواو ئیدی شكستی هێناو رێگا دروستەكە گەڕانەوەیە بۆ بەغدا.

نوخبەی دەسەڵاتداری هەرێم لەبەر بەرژەوەندی بچووكی كەسی و گروپ، نایانەوێ تەسلیمی واقیعێكی باشتر ببن، واقیعی نوێ لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و ئایندەی قەوارەكەیە.

چەندین ساڵە دەڵێین ئەزموونەكە لەبەردەم مەترسییە، مەترسییە راستەقینەكەش ئەوەیە هەرێمی كوردستان ئیرادەی دەرەكی و بەتایبەتی توركیا لانی كەم بەسەر ئابووریەكەیەتی، نەمانەوەی ئەم سێبەرە رەشە لانی كەم دەرفەت بەهەرێم دەدات بەخۆیدا بچێتەوەو رێگا دروستەكە هەڵبژێرێت.

شەرمە بۆ قەوارەیەكی فیدراڵی خاوەنی ئەنفال و كیمیاباران و چەندان كەیسی جینۆساید بێ، لەناوەندە جیهانییەكاندا هەموو لایەك ببێتە ئامۆژگاریكاری.

نەدەبوو بگاتە ئەو ئاستەی تەنانەت دیبلۆماتكارە بازرگانەكان ببنە ئامۆژگاریكارو ئەوان رێگای باش و راست بە كورد پیشان بدەن.

هێشتا دەرفەتێك ماوە بۆ رێكەوتن لەگەڵ بەغدا.

لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا، گۆڕانكاری نوێ دروست دەبن و ئاسۆیەكی نوێ روو لە هەرێمی كوردستان دەكات، ئەگەر كوردستانی عیراق بەیەكگرتوویی خۆی بۆ ئامادە بكات.