له چه‌ندین نووسینی دیكه‌شدا ئه‌وه‌م گوتووه کە ئه‌زموونی حوكمڕانیی كوردی له باشووری كوردستان له دروستبوونییه‌وه بۆ ئێستا، ئه‌زموونێكه له‌گه‌ڵ بنه‌ما و یاسا و رێسا و پێوه‌ره باوه‌كانی حوكمداری یه‌ك ناگرێته‌وه، چونكه له حه‌قیقه‌تدا بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری كورد هێشتا له قۆناخی رزگاریی نیشتمانیدا بوو كه‌وته دۆخێكی ناچارییه‌وه حكومه‌ت دروست بكات.
هه‌لومه‌رج و بارودۆخێكی تایبه‌ت كه لێكه‌وته‌ی داگیركردنی كوێت بوو له‌لایه‌ن عێراقه‌وە، وایكرد به‌هۆی راپه‌ڕینه‌وه به‌شێكی جیۆگرافیای كوردستان ئازاد بكرێت. حكومه‌تی عێراق ئیداره‌ی له شاره‌كانی ئه‌و به‌شه رزگاركراوه‌ی كوردستان كشانده‌وه و بۆشاییه‌كی ئیداری دروست بوو. پێویستیی قۆناخه‌كه بووه هۆكاری ئه‌وه‌ی كورد بیر له دروستكردنی شێوازێكی حوكمڕانی بكاته‌وه بۆ ئیداره‌دانی ئه‌و به‌شه جیۆگرافییەی كه‌وتبووه ده‌ستی.
هه‌رچه‌نده له سه‌ره‌تاوه هه‌وڵی ئه‌وه‌ش درا له‌سه‌ر بنه‌مای پێوه‌ره باو و دیموكراسییه‌كان بناخەی حوكمڕانیی كوردی دروستبكرێت، پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام درا، به‌ڵام له‌لایه‌ك ئه‌و پێوه‌رانه‌ی وه‌ك رێژه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات دیاریكرا و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به‌هۆی گومان خستنه‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و مل نه‌دان بۆ یه‌كدی، ئه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه كه له واقیعدا رێككه‌وتنی دوو حیزبی سیاسی چه‌كداری به هه‌ژموون بێت تا پێكه‌وه ئیداره‌ی هه‌رێمه‌كه بده‌ن و ده‌رفه‌ت نه‌ده‌ن حیزبه‌كانی دیكه له ده‌سه‌ڵات به‌شدار بن. له‌وكاته‌شه‌وه هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك ئه‌نجام دراوه، هه‌ر ئاوی كردووەته ئاشی راگرتنی ئه‌و هاوسه‌نگی و هاوكێشه‌یه‌وه كه پارتی و یه‌كێتی له ده‌سه‌ڵات بمێننه‌وه.
ته‌نانه‌ت ئه‌وكاتانه‌ی هێزی جیاوازیش دروست بوون و رێژی زۆری ده‌نگیشیان به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام هیچ گۆڕانكارییه‌كی له نه‌خشه‌ی سیاسیی سیستمی حوكمڕانیی كوردی نه‌هێنایه ئاراوه. بیرمه ئه‌وكاته‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ یه‌كه‌م جار لیستی بۆ به‌شداری هه‌ڵبژاردن دروستكرد، ئه‌وكات عیماد ئه‌حمه‌د، جێگری سه‌رۆكوه‌زیران بوو، چه‌ند جارێك له‌گه‌ڵ سه‌رنووسه‌رانی رۆژنامه‌كانی (هاووڵاتی، ئاوێنه، لڤین و ئاسۆ) دیداری دۆستانه‌مان هه‌بوو، له یه‌كێك له‌و دانیشتنانه‌دا گوتی، ئه‌گه‌ر گۆڕان 100 كورسیی په‌رله‌مان ببات و به ئێمه و پارتی ته‌نیا یه‌ك كورسی به‌ده‌ستبهێنین، ده‌سه‌ڵات ته‌سلیم ناكه‌ین. له‌به‌رئه‌وه‌ی دیداره‌كانمان دۆستانه‌یه و پێشتر رێككه‌وتبووین قسه‌وباسه‌كانی ئه‌م دیدارانه بۆ میدیا نین، بۆیه كه‌سمان ئه‌م قسه‌یه‌مان بۆ رای گشتی نه‌گواسته‌وه، به‌ڵام دواتر مه‌لا به‌ختیار له دیدارێكی ته‌له‌ڤزیۆنی به ئاشكرا ئه‌وه‌ی راگه‌یاند.
ئەگه‌رچی ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه پێچه‌وانه‌ی هه‌موو به‌هاو پره‌نسیپه دیموكراسی و سیاسییه‌كان بوو، به‌ڵام له حه‌قیقه‌تدا واقیعێكی تاڵ بوو. حوكمڕانیی كوردی له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵبژاردن دروستنه‌ببوو تا به هه‌ڵبژاردنیش بگۆڕدرێت. هه‌ڵبژاردنە‌كان ته‌نیا رووپۆش و ماكیاج و مۆدێكی باو بوون په‌یڕه‌وده‌كران وه‌ك زاهیره‌یه‌ك، نه‌ك وه‌ك پره‌نسیپ و لۆژیكێك بۆ حوكمڕانیكردن.
هێشتاش دوای زیاتر له سێ ده‌یه له ئه‌زموونی حوكمڕانیی باشووری كوردستان، هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار كه هه‌ژموونیان به‌سه‌ر حوكمڕانی و به‌سه‌ر جیۆگرافیای ناوچه‌كانی خۆیاندا زاڵه، له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵبژاردن و رێژه‌ی ده‌نگی هاووڵاتییان نییه، ئه‌وه‌ندەی هه‌ر درێژكراوه‌ی ئه‌و رابردووه‌یه كه له ساڵی 1992 دروست بووه. رێژه‌ی به‌شداریی خه‌ڵك له دوایین هه‌ڵبژاردن و دابه‌شبوونی ئه‌و رێژه كه‌مه‌ش به‌سه‌ر لیسته به‌شداره‌كاندا زۆر له‌وه كه‌متره بتوانرێت وه‌ك نوێنه‌ری زۆرینه له شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵات بڕوانرێت.
به كوردی و كورتییه‌كه‌ی مه‌به‌ستمه بڵێم هه‌ڵبژاردن هیچی له هاوكێشه‌ی سیستمی سیاسی و حوكمڕانیی كوردی نه‌گۆڕیوه و لای زۆر كه‌سیش ئه‌و باوه‌ڕه دروستبووه كه له داهاتوویشدا هه‌ڵبژاردن دۆخی سیاسی ناگۆڕێت. به‌تایبه‌ت به‌هۆی ئه‌وه‌ی بابه‌تی ساخته‌كاریش بووه‌ته دێوه‌زمه‌یه‌كی دیكه به‌سه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه، بۆیه هاووڵاتییان هێنده‌ی دیكه بێ متمانه بوونه به پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و زیاتر له نیوه‌ی ده‌نگده‌ر به‌شداریی ده‌نگدانی نه‌كردووه؛ به‌ڵام هه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن باشتره له نه‌كردنی.
بێگومان ئه‌مه دۆخێكی خراپه، هه‌ر ده‌بێت بگۆڕدرێت، به‌ڵام واقیعی زاڵ به‌سه‌ر پرۆسه‌ی دیموكراسی و پرۆسه‌ی حوكمڕانیی كوردیدا شتێكه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و پێناسه باوانه‌ی بۆ دیموكراسی و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و حوكمڕانی داتاشراون. تێگه‌یشتن له‌م واقیعه تاڵه زۆر گرنگه و تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه خراپه و گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌كه بۆ قۆناخێكی باشتر، ئاگایی سیاسی زۆری ده‌وێت، ئه‌گه‌ر به ژیرانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كرێت، ره‌نگه له گرێژنه‌وه له‌سه‌ر ئاراسته‌كه‌ی بترازێت.
ئه‌وه‌ی ئێستا پارتی و یه‌كێتی پێیگه‌یشتوون و خه‌ریكه پرۆسه‌ی حوكمڕانیی كوردی به ئاقارێكدا ده‌بات كه چاره‌نووسمان ده‌خاته به‌رده‌م ئایینده‌یه‌كی نادیاره‌وه، له‌به‌رچاونه‌گرتنی ئه‌و واقیعه سه‌پێندراوه خراپه‌یه كه به‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسیی كوردستاندا چه‌سپیووه. یه‌كێتی، پارتی به‌رپرسیار ده‌كات له‌وه‌ی ره‌چاوی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه ناكات، بۆیه ئه‌میش تا یارییه‌كه له پارتی تێبكبدات، كه‌وتووەته دروستكردنی له‌مپه‌ر له به‌رده‌م پارتی و پرۆسه‌ی سیاسی له كوردستان.
یه‌كێك له‌و كۆسپانه‌ی یه‌كێتی دروستیكردووه، رێگریكردنه له ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن. ئه‌وه‌ی له رووكه‌شدا كردوویه‌تی به پاساوی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی له به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن، كورسیی كۆتاكانه، به‌ڵام ئه‌وه ئه‌سڵی كێشه‌كه نییه. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سبه‌ی بڕیار بدرێت كورسیی كۆتاكان نه‌شهێڵدرێت، یه‌كێتی هه‌ر ناهێڵێت هه‌ڵبژاردن بكرێت. هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه نییه وه‌ك هه‌ندێك وێنای ده‌كه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌زعی حیزبه‌كه خراپه و ترسی ئه‌وه‌شی هه‌یه لاهوور شێخ جه‌نگی هه‌ر به‌ناوی یه‌كێتییه‌وه لیست بۆ هه‌ڵبژاردن دروستبكات به‌و حوكمه‌ی وه‌ك خۆی له دوایین راگه‌یێندراویدا له‌م باره‌یه‌وه گوتی "شه‌رعیه‌تی كۆنگره‌م هه‌یه‌و لیست دروست ده‌كه‌م."
یه‌كێتی و پارتیش گوێیان له‌وه نییه چه‌ند خه‌ڵك لێیان رازین، ئه‌گه‌ر ره‌زامه‌ندیی هاووڵاتییانیان له‌به‌رچاو بگرتبایە، ده‌بوو دۆخی كوردستان جۆرێكی دیكه بووایا. هه‌ڵوێستی یه‌كێتی له به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه نییه خه‌ڵك ده‌نگی پێده‌دات یاخود نا؟ به‌ڵكو په‌یوه‌سته به‌و كێشه و ناكۆكییانه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی هه‌یه‌تی. ئه‌گه‌ر سبه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی له‌سه‌ر كێشه‌كانی نێوان خۆیان رێكبكه‌ونه‌وه، چه‌ند هێنده‌ی دیكه جه‌ماوه‌ر ناڕازیی و نیگه‌ران بن، هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌ده‌ن و چاره‌سه‌ریان زۆره بۆ كورتهێنانی ده‌نگه‌كانیان، به‌ڵام پێناچێت هێشتا چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كان دۆزرابنه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌و واتایه دێت رێگرییه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌رده‌وام ده‌بن.
ئێستا کات له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی کوردستاندا نییه، له‌لایه‌ك دادگەی باڵای فیدراڵی وه‌ك مۆته‌كه‌یه‌ك به‌دیار چاره‌نووسی هه‌رێمی كوردستانه‌وه راوه‌ستاوه و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئه‌و واده‌یه‌ی بۆ هه‌ڵبژاردن دیاریكراوه تادێت كورتتر ده‌بێته‌وه و ده‌رفه‌ته‌كانی گرتنه‌به‌ری رێكاره پێویسته‌كان بۆ هه‌ڵبژاردن به‌رته‌سكتر ده‌كاته‌وه. پێویسته هه‌ردوو حیزبه‌كه له‌وه تێبگه‌ن سه‌رباری ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن لای خه‌ڵكیش بایه‌خی ئه‌وتۆی نه‌ماوه، به‌ڵام خۆدزینه‌وه له ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، شه‌رعیه‌تی حوكمڕانیه‌كه‌یان ده‌خاته به‌رده‌م مه‌ترسییه‌وه. هه‌ر ئه‌وه‌ش نا، به‌ڵكو شه‌رعیه‌تی قه‌واره‌كه‌ش ده‌خاته به‌رده‌م تیغی دووژمنكارانه‌ی دادگەی فیدراڵی. بۆیه ده‌بێت یه‌كێتی ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاو بێت گوشار و له‌مپه‌ری زیاتر بۆ پرۆسه‌ی حوكمڕانیی هه‌رێمی کوردستان، هه‌ڵكه‌ندنی چاڵێكه پێش پارتی، یه‌كێتیی تێده‌كه‌وێت. هه‌روه‌ها پارتیش پێویسته له‌وه تێبگات له‌وه زیاتر هه‌وڵی كه‌وتنی یه‌كێتی بدات، دواجار خۆیشی به‌سه‌ریدا ده‌كه‌وێت.
ره‌نگه خه‌ڵكێكی زۆر گه‌یشتبنه ئه‌و ئاسته له نائومێدبوون و خۆزگه بۆ وێرانبوونی بخوازن، به‌ڵام من له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ستراتیجی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه ده‌خوێنمه‌وه وه‌ك ئیسماعیل بێشكچی دەڵێت، خراپترین ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانیی كوردی به باشتر ده‌بینم وه‌ك له باشترین ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌رانی. بۆیه زه‌نگی وریاكردنه‌وه به گوێی هه‌ردوو لایاندا لێده‌ده‌م، به‌رده‌متان خه‌ره‌نده، خه‌ره‌ند.