قۆناغی دووەمی ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا

رامیار مەحمود


05/04/2020

لە چوارچێوەی ئەو ڕێكارانەی گیراونەتەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسی كۆرۆنا، ئەكرێت ناو ببرێت بە قۆناغی یەكەم و لە ئێستادا بیر لەقۆناغی دووەم بكرێتەوە بۆ  10 مانگی 4، چونكە ناكرێت بەیەكجۆر پلان یان كارنامە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بكرێت.

درێژكردنەوەی بەردەوام بە شێوەی هاوشێوە زیان بەمتمانەی هاووڵاتیان ئەگەیەنێت بەڕێكاری خۆپارێزی. 

بۆ قۆناغی دووەم پێویستە هەندێك گۆڕانكاری تازە هەبێت.. چونكە ئەم ڤایرۆسە هێشتا دوو شەپۆلی ماوە، شەپۆلی هاوین و شەپۆلی هەرە مەترسیداری ئەكەوێتە پایزو زستانەوە.

وێنەكە پێویستە گۆڕانكاری بەسەردابێت، بریتی نەبێت لە بەربوونی تەواوەتی، ئەبێت  بەگوێرەی پێویستی قۆناغەكە پلانەكان نوێبكرێنەوە، نەك ببنە هۆی بێزاری و بێنرخبوونی  ڕێنماییەكان و بارگرانی دەروونی هاوڵاتییەكان.

ئەو شوێنانە پێویستە بە داخراوی بمێننەوە كە گردبوونەوەی كۆمەڵایەتی دروست ئەكەن، وەك ئاهەنگ و پرسەو كۆڕو كۆنفرانس و مزگەوت و یانەكانی خواردنەوە.. بەڵام دووكانەكان بكرێنەوە كە كێشەیان نەبێت و هۆكاری كۆبونەوەی كۆمەڵایەتی نەبن.. 

هاتووچۆی بەینی شارەكان بۆ كاتێكی سنوردار بە داخراوی بمێنێتەوەو میكانیزمی بەدیل كاری پێبكرێت بۆ خوێندنگاكان.. هەڵمەتێكی بەهێزی هۆشیاركردنەوە هەبێت بۆ  خۆپارێزی، ماسككردنی دەم و لووت بەهەر جۆرە قۆماشێك بێت.. 

جێبەجێنەكردنی ئەو بڕیارانەی مەركەزین تاكوو هەڵسەنگاندنی تەواوی بۆ ئەكرێت.. دووركەوتنەوە لە گشتاندنی بڕیارە مەركەزییەكان وەك هەڵەی  48  كاتژمێرییەكە.

قۆناغی دووەم بەشی هەرە سەرەكی رێنمایی و هۆشیاركردنەوە بێت لەگەڵ جۆرە  ڕێكخستنەوەیەكی  گونجاو بۆ بازاڕو فەرمانگەكانی حكومەت و بەكارهێنانی ئۆتۆمبێل، چونكە ناكرێت وابزانین جگە لە درێژكردنەوە هیچ ریگەیەكی تر نییە.