لە نێوان جوولەكە زایۆنییە داگیركار و فەلەستینییە وڵات زەوتكراوەكاندا


12/10/2023

ستەملێكراویی گەلی فەلەستین و ستەمكاریی جوولەكە زایۆنییەكان، كە پابەند نەبوون بە چەندان بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوە یەكگرتووەكانەوە، هیچ مشت و مڕێك هەڵناگرێ بۆ هەر كەسێك تۆزە ئیمانێك یان لانی كەم بڕە ویژدانێكی هەبێ، چونكە جوولەكە زایۆنییەكان حەفتا و پێنج ساڵ لەمەوبەر (1948) بە دەسیسە و پیلان و هاوكاریی و دەست لەپشت دانی زلهێزانی ئەوكاتە، بەتایبەتی ئەمەریكا و بەریتانیا، قەوارەیەكی ناڕەوایان لەسەر زەمینی گەلی فەلەستین بنیاتنا و، خەڵكی وڵاتە داگیركراوەكەشیان دەربەدەر و پەڕاگەندە و زۆرجاریش قەتڵعام كرد.

هەربۆیەش كە لە ڕۆژی شەممە (7/10/2023 ز)دا مسوڵمانانی فیداكاری كەرتی غەززە زەبرێكی گورچكبڕیان لەو قەوارە ناڕەوایە وەشاند و بەتوندیی هەژاندیان، بۆ تێكڕای مسوڵمانان و مرۆڤە ویژدان زیندووەكانی دنیا، مایەی دڵخۆشیی بوو، لەنێویشیاندا خەڵكی كوردستان لە هەموو بەشەكانیدا: باكوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، بەڵام جێی داخ و سەرسوڕمانە كە كەمینەیەك بەو ڕووداوە كێچیان كەوتە كەوڵ و، زۆر بێزار و نیگەران بوون، تەنانەت بەهۆی نووسینێكی بەندەوە لە: (7/10/2023 ز)دا كەسانێك لەو دڵسووتاوانەی جوولەكە زایۆنییەكان، كە وابەستە و دابەستەی بەرپرسانێكی دەسەڵاتدار یان بێ دەسەڵاتی پارەدارن – پارەی حەڕام و بە ناڕەوایی پەیداكراو -، كەوتنە قسەی ناشیرین كردن و بوختان و درۆ هەڵبەستن بەرانبەر بە بەندە، بێ ئاگا لەوەی كە ئەو جۆرە جنێودان و تۆمەت و درۆ هەڵبەستنانە، وەك تفی بەرەو سەر بۆ خاوەنیان دەگەڕێنەوە.

دڵسۆزانەش بەو جۆرە كەسانە و پێش وانیش، بە هاندەرە پارە پێدەرەكانیان دەڵێم: دڵنیابن بە ماستاوی بەلاش كردن بۆ جوولەكە ستەمكارەكان و، دژایەتییكردنی مسوڵمانە فەلەستینییە وڵات داگیركراوەكان، هەر گوناهبا‌ریی و شەرمەزاریی بۆ خۆتان زیاد دەكەن و، ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆتان ئاشكراتر دەكەن و، نیشانەی پرسیاریش نەك هەر لەسەر مسوڵمانەتیی خۆتان پەیدادەكەن، چونكە مرۆڤ ئەگەر مسوڵمان بێ دەبێ پشتی مسوڵمانان بگرێ، بەتایبەت ئەگەر وەك فەلەستینییەكان مەزڵوومیش بن، هەروەها مزگەوتی ئەقصا و قودسیش خاڵی هاوبەشی نێوان تێكڕای مسوڵمانانە، چونكە یەكەمین ڕووگە و سێیەمین حەڕەمیان و، شوێنی سەفەری شەوڕۆ و میعڕاجی پێغەمبەرەكەیانە: {سُبْحَانَ الَّژِی أَسْرَیٰ بِعَبْدِهِ ڵیْلًا مِّنَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ إِڵی الْمَسْجِدِ الْأَقْصَی الَّژِی بَارَكْنَا حَوْڵهُ لِنُڕێهُ مِنْ ێ‌ێاتِنَا  إِنَّهُ هُۆ السَّمِیعُ الْبَصِیرُ (1)} الإسرا‌و. 

بگرە نیشانەی پرسیار – بۆ بەشێكتان - لەسەر كوردایەتیی و خەباتی ڕزگاریخوازیی و، بۆ بەشێكیشتان لەسەر پڕوپاگەندە و دروشمە دیماگۆجیی و خەڵك فریودەرەكانیشتان پەیدادەكەن، چونكە ئەوەی ئێستا فەلەستینییەكان بۆی تێدەكۆشن، هەمان ئامانجە كە كاتی خۆی هەموولایەكمان لە باشووری كوردستاندا بۆی تێكۆشاوین و، ئێستاش لە بەشەكانی دیكەی كوردستاندا خەباتی بۆ دەكرێ!

بۆیەش دەڵێم:
هەركەس لەم ڕۆژگارەدا پشتیوانیی لە مسوڵمانانی ستەملێكراوی فەلەستین نەكات، لە بەرانبەر ستەمی جوولەكە زایۆنییەكاندا، نیشانەی پرسیاری زەقی دەكەوێتە سەر لە ڕووی: مسوڵمانەتیی و كوردایەتیی و مرۆڤایەتییشەوە!
لە كۆتایی ئەم نووسینەشمدا دەڵێم:

1-  گەلی جوولەكەش وەك هەر گەلێكی دیكە مافی خۆیەتی خاوەنی ئیرادە و ئیدارەی خۆی بێ، بەڵام نەك لەسەر حیسابی خەڵكی دیكە و بەزۆر و سەپاندن.
2-  چارەسەری ڕیشەیی كێشەی گەلی فەلەستین بەوە دەبێ كە لەسەر خاكی خۆی، خاوەنی قەوارە و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بێ و، چیدیكە پەڕاگەندە و دەربەدەر نەبێ.
عەلی باپیر
27/3/1445 ك – 12/10/2023 ز