تێڕوانین لە تەرمی مرۆڤ

سالار مه‌حمود


10/02/2020

لە روانگەی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بەگۆڕە بەکۆمەڵەکان
لە سۆنگەی بابەتی پێگەی مرۆڤ لە دوای لە دونیا دەرچوون و فەوتانیەوە یا لە تێڕوانینی گشتیەوە بۆ قوربانی بە گرنگی دەزانم بەدوای وڵامی پرسیارێکدا بگەڕێم کە دەیان لقی هەیە و پەیوەستە بەبەهای مرۆڤ لەکۆمەڵگادا بە خودی خۆی و حکومەت و یاساو رێساکانەوە.
لەناو کۆمەڵگاکاندا نەریتی جیاجیا هەن بۆ مردوو، لاشەی مرۆڤ وەک رێزگرتنی جیاجیا هەن. رێورەسمی جۆراوجۆری بەخاکسپاردنی شایستە هەن. تەنانەت بۆ ئارامگا و دوا مەنزڵیش.
لە عیراقدا بەپێی یاسا دیاری کراوە چۆن مامەڵە لەگەڵ مردوو لەگەڵ تەرم و قەبر بکرێت.
بەداخەوە وەک چۆن لە کۆمەڵگا دواکەوتوەکاندا پێشێلی مافەکانی مرۆڤ بەبەردەوامی هێڵی سور تێدەپەڕێنێ، وەک چۆن زیندوەکان لەسەر ئاستی گشتی ماف و ژیانیان وەک پێویست لەبەرچاو ناگیرێت. پێدەچێ قەدەری ژیان وای کردبێ لەم وڵاتە لە دوای مردنیش تەرم و روفاتی مرۆڤ تاوانی گەورەی دەرهەق ئەنجام بدرێ کە دەدرێت.
لەم روانگەیەوە سەبارەت بە سزای شێواندنی تەرمی مرۆڤ و سوکایەتی کردن بە پیرۆزیەکانی مرۆڤ لە مردنیشیدا رێکار دیاری کراوە. یاسای سزادانی عیراقی ژمارە (۱۱۱)ی ساڵی ۱۹٦۹ هەروەها یاسای گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عیراق ژمارە(٥)ی ساڵی ۲٠٠٦ و یاسای ژمارە (۱٥) ساڵی ۲٠۱۳ی هەموارکراو بەچەند مادەیەکی یاسایی سزای دیاری کردوە.
بۆ نمونە لە مادە ۳۷٤ی یاسای سزادانی عیراقیدا هاتوە( بۆ ماوەیەک کەلە دوو ساڵ زیاتر نەبێ سزای زیندانی و غەرامە دەکرێت یا یەکێ لەو سزایانە هەر کەسێک بەئەنقەست دەستدرێژی کردە سەر حەرەمی لاشەیەک یان بەشێک لەجەستەی یا روفاتێک یا کفنی لێکردەوە یا کردەوەکە بۆ تۆڵە سەندنەوە بێ
لە مردوەکە یا تەشهیری پێ بکات سزای زیندانی دەدرێت کە زیاتر نەبێ لە سێ ساڵ).
مادەی ۳۷۳ی هەمان یاسا ئاماژەی کردوە کە سزای زیندانی کەلەدوو ساڵ زیاتر نەبێ و بەغەرامەیەک کەلەدووسەد هەزار دینار زیاتر نەبێ یان یەکێک لەو سزایانەی هەر کەسێک دەدرێت دەستدرێژی کردە سەر حەرەمی قەبرێک یا گۆڕستانێک یان بەمەبەست بیشێوێنێ.
مرۆڤ کە مرد ئەبێتە جەستەیەکی بێ رۆح، توانای هیچ داکۆکی و خۆپارێزیەکی نیە. لەبەر ئەوە هەر تاوان و پێشێلکردنێکی حورمەتی مردوو جۆرە تاوانێکی قورسن و پێچەوانەی بنەماکانی شەرع و یاسان. رێسا ئاسمانیەکانیش جەختیان کردۆتەوە لەسەر زەرورەتی پاراستنی مردوو لەهەر دەستدرێژیەک. پێویستە شوێنی شایستە بۆ مردوو هەبێ بۆ ئەوەی بە ئارامی بەخاک بسپێردرێ.
یاسای سزادانی عیراقی بەگشتی و هەردوو مادەی (۳۷۳و ۳۷٤) ناتوانن ببنە رەدع بۆ جۆری ئەو تاوانانەی دەرهەق بەمرۆڤ لە گۆڕەبەکۆمەڵەکان کراون. پێناسەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان وەک لە یاسای گۆڕەبەکۆمەڵەکاندا ژمارە(٥) ی ساڵی ۲٠٠٦ هەروەها یاسای مارە(۱۳)ی ساڵی ۲٠۱٥ هەموارکراودا هاتوە، کە ئاماژە دەکات بەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ ئەو شوێنە یا زەویەیە کە لە روفاتێک زیاتری تێدا شاردراوەتەوە، بەبێ رەچاو کردنی حوکمەکانی شەرع و بەهاکانی مرۆڤایەتی. کە ئەرکە لە کاتی بەخاکسپاردندا رەچاو بکرێت.
دیارە مەبەست لێی شاردنەوەی ئاسەوارەکانی تاوانی کۆمەڵکوژیە. لێرەدا بە ئاوڕدانەوە بۆ یاساکانی عیراقی ئەو سزایانەی دیاری کراون سزای سوکن. بەو سزایانەش کە لە یاسای گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا هاتوە بۆ دەستکاریکردن و شێواندنی گۆڕە بە کۆمەڵەکان.
لەم روەوە گرنگە یاسا دانەرانی عیراق و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەوردی دیراسەیەکی جۆری ئەو سزایانە بەبەراورد بەمەترسیە گەورەکانی ئەو تاوانانە بکات. وەک بەشێک لە پرۆسەی بەبەهای زیاترەوە روانین لەرۆڤ لەدوای بەجێ هێشتنی ژیان.
لە عیراقدا نزیکەی سێسەد گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوەو دەستنیشان کراون لەلایەن تیمی شارەزاو تایبەتمەندەوەو شوێنەکانیان دیاری کراون. بەپێی یاسای گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عیراق دەبێت لە رۆژی دۆزینەوەی گۆڕەکانەوە، پاسەوانی بکرێن بۆ ون نەبوون و پارێزگاریکردنیان لە شێواندن، تاوەکو بە رێوشوێنی زانستی هەڵدەدرێنەوە. بەداخەوە ئەم کارەش نەکراوە لەبەر ئەوەی ئەرکی جێبەجێکرنی حوکمەکانی یاسای گۆڕە بەکۆمەڵەکان سپێردراوە بە (دامەزراوەی شەهیدانی عیراق). لەگەڵ چەندین داەزراوەی پەیوەندیداری ترو بەرپرسیارێتیەکە دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان. کەمتەرخەمی لە راپەڕاندنی ئەرکە یاساییەکان لەلایەن حکومەتی عیراقەوە بەڕای من دەچێتە خانەی بەکەم تەماشاکردنی پیرۆزی مرۆڤ و رێز نەگرتن لە روفاتی قوربانیانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان چونکە هەمووان دەزانن تاوانەکان بە چ چەشنێکی دژ بە مرۆڤانەو دژ بەهەموو بەهایەکی ئاسمانی و زەمینی ئەنجام دراون بەرامبەر بەخەڵکی سڤیل و ژن و مناڵ و پیرو گەنج.
وەک لەمادە (٥) ی یاسای گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا هاتوە دوای دۆزینەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵ پێویستە حکومەت دەست بکات بە راپەڕاندنی ئەرکە یاساییەکان لەماوەی یەک ساڵداو کارەلانی تەواو بکات.
بە خوێندنەوەیەکی خێرای یاساکە بۆمان دەردەکەوێ بەهای گەورە نەدراوە بە گۆڕە بەکۆمەڵەکان بە چڕ کردنەوەی ئەرکەکانی سەر حکومەت لە راپەڕاندنی بەرپرسیارێتی هەمە لایەنە بەرامبەر بۆ گۆڕو رەفاتەکان. هەرچەندە بەبەراورد بە یاسای یەکەم و هەموارکراوەکە، ئەوەی دوەمیان چەند لایەنێکی تری ئەرکەکانی پڕ کردۆتەوە، بەڵام هێشتا تێرو تەسەل نیە.
لەمەدا دەگەینە ئەو راستیەی بەهای مرۆڤ وەک چۆن لە زیندوێتیدا لەم وڵاتە پێدەچێ لەئاستی پێویستدا نەبێ، ئاوەهاو زیاتریش بۆ مردوان یا ئەو قوربامیانەی بونە هەوێنی راماڵینی دیکتاتۆریەتی بەعس لە عیراقدا نەبێت.
بۆ بیر هێنانەوە سەبارەت بە گۆڕە بەکۆمەڵەکان تا ئێستا سێ کۆنگرەی بەناو نێودەوڵەتی ئەنجام دراوە هەریەکە لەو کۆنگرانە چەندین لێکۆڵینەوەو پێشنیارو بیرۆکەی کار خراونەتە روو بەڵام ئایا کار بەو راسپاردەو دەرخستانە کراوە بێگومان بەداخەوە نەخێر. کۆنگرەکان
یەکەم: لە ۲٠٠٦/۹/۱٦ لە شاری لەندەنی بەریتانیا بەسترا.
دووەم: لە ۲٠٠۸/۱٠/۸ لەشاری نەجەف لە عیراق بەسترا.
سێیەم: لە۲٠۱۱/٤/۱۷ لەشاری هەولێر پایتەختی کوردستان بەسترا.
هەرچەندە سانا نیە گەیشتن بە وڵامی ئەو پرسیارەی کە ئەم باسەی پێ داڕێژرا، بەڵام بەکورتی و کرمانجی راپەڕاندنی ئەرک و بەرپرسیارێتی بەرامبەر مرۆڤە بەکۆمەڵ لەگۆڕنراوەکان، بەشێکی گرنگە بۆ زیندو راگرتنی بەهای مرۆڤ.