چاوەڕێی بەغدا مەبن، خۆتان چیتان پێدەکرێ

عارف قوربانی


02/05/2020

هەرچەندە وردە وردە مرۆڤایەتی خەریکە لەگەڵ کۆرۆنا رادێ و دەستدەکاتەوە بە ژیان بە بوونی کۆرۆناوە، بەڵام ئەگەر چارەسەرێک بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا نەدۆزرێتەوە، لێکەوتەکانی زۆر لەوە زیاتر دەبن کە ئێستا لەسەر کەرتی نەوت لە جیهاندا رەنگی داوەتەوە.
 
تەنها تەندروستیی مرۆڤ و چارەنووسی نەبەستراوە بە بوونی ئەم ڤایرۆسەوە، بەڵکو چارەنووسی زۆرێک لە حکومەت و دەوڵەتەکانیش وابەستەی لێکەوتەکانی ئەم بەڵایەن. وەک چۆن لە رووی تەندروستییەوە دەوترێت هەر کەسێ توانای بەرگریی لەشی لاوازبێ، ئەگەری تووشبوونی و کاریگەریی لەسەری زیاترە، بۆ دەوڵەت و میللەتەکانیش هەروایە، لە هەر وڵاتێکدا کێشەی ناوخۆیی هەبێ و سیستەمی بەڕێوەبردنی لاوازبێ، لێکەوتەکانی کۆرۆنا زۆرتر کاریگەریی هەیە.
 
ئێستا کە هێشتا سەرەتایە و چاوەڕواندەکرێ لە ئاستی جیهانی قەیرانی ئابووری سەرهەڵبدات، لە ئێستاوە لێکەوتەکانی وەک مەترسیی گەورە هەڕەشە لە عێراق و کوردستان دەکەن. هۆکارەکەش پەیوەندی بە بوونی کێشەو لاوازیی سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵاتەوە هەیە.
 
لەبەرئەوەی سەرەتا کاریگەریی لەسەر بازاڕی نەوت دروستکردووە، ئەو وڵاتانەش کە سەرچاوەی داهاتیان نەوتە، پێشتر تووشی کێشە دەبن. عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە لە ریزبەندیی یەکەمی ئەو وڵاتانە دەبن کە رووبەڕووی قەیرانی گەورە دەبنەوە.
 
عێراق مانگانە پێویستی بە شەش ملیار دۆلار هەیە، ئەگەر نرخی نەوت وەک ئێستا بە نزمی بمێنێتەوە، لە باشترین حاڵەتدا چارەک بۆ نیوەی ئەو پارەیە دەستەبەردەکات، بۆیە ئەگەر پێشتر کێشە و ناکۆکیش لەنێوان هەولێر و بەغدا نەبووایە، چاوەڕوانکراوبوو یان کێشە لەنێوان هەردوولا دروستبێ، یا چارەکی ئەو بڕە پارەیەی پێشتر بداتە هەرێم.
 
گەرچی ئەمە لەو راستیە کەمناکاتەوە کە ستراتیژی بەغدا ئەوەیە کە نایەوێ کوردستان نینۆکی هەبێ سەری خۆی پێبخورێنێ. بۆیە چاوەڕوانیکردنی هەرێم لە بەغدا، چاوەڕوانیکردنێکی بێئەنجامە. چونکە لە داهاتوییەکی نزیکدا عێراق خۆیشی تووشی داڕووخانی گەورەی ئابووری دەبێت.
 
تەنها لە دوو حاڵەتدا دەتوانێ تەمەنی کێشەکە درێژبکاتەوە، ئەویش ئەگەر بتوانێ لە پارەی یەدەگی عێراق، یا لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی قەرز بکات. هەرچەندە ئەو پارە یەدەگەی کۆکراوەتەوە بە هەمان رێژەی ئەوەی لە یاسای بودجە بۆ هەرێم دیاریکراوە، پشکی هەرێمی کوردستان لەو پارە ئیحتیاتەش هەیە و لە ئەگەری وەرگرتنی هەر قەرزێکیشدا پێویستە بەهەمان شێوە پشکی هەرێم بدرێت، بەڵام ئەزموونی رابردوو سیاسەت و ستراتیژی شیعە لە عێراق ئەوەی سەلماندووە، چاوەڕوانیکردنی کورد بۆ ئەو ئەگەرەش، بەبێ شێوو سەر دەنێتەوە. کەواتا تەگبیر چییە بۆ ئەوەی کوردستان لەم قەیرانە رزگاری بێ و بتوانێ لە داهاتوودا خۆی رابگرێت؟
 
جارێ ئەوەی زۆر روونە ئەگەر نرخی نەوت بەرزنەبێتەوە، دەرگای بەغدای بەڕوودا دادەخرێت، داهاتی ناوخۆ و گومرگی خاڵە سنوورییەکانیشی تا ئاستێکی زۆر دابەزیوە. مووچەی چەند مانگێکی فەرمانبەران نەدراوە، جوڵەی بازاڕ و کاروکاسبی خەڵک راوەستاوە، واتا لە مەودای نزیکدا هیچ ئاسۆیەک نابیندرێت کە ئاماژەی ئەوەبێ هەرێم بەهیواوە لێی بڕوانێت.
 
دەبێ دەسەڵاتدارانی کوردستان بەرچاویان روونبێ ئەمجارە خەڵک بەرگەی قەیرانەکە ناگرێت، بەتایبەتیش لەبەر ئەوەی کێشەو گیروگرفتی دیکەی سیاسی لە ئارادایە دەبێتە هۆی تەقینەوە و تێکچوونی کوردستان. بۆ ئەوەی نەگاتە ئەو دۆخە دەبێ حکومەت بەخۆ بکەوێت و چەند هەنگاوێکی خێرا بگرێتەبەر بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە تا دواتر دەرفەتی ئەوەی هەبێ پلانێکی ئابووری دابنێت گیرۆدەی دەردی وا نەبینەوە.
 
ئەگەر ئیدارەیەکی باشی هەبێ ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ئەوەندە زۆر نییە تا لە قەیرانێکی وادا مەترسی ئەوەی بکەوێتە سەر کە رووبەڕووی برسیێتی بێتەوە. لە هەندێ وڵاتدا لەو ژمارەیە زیاتر لە شارۆچکەیەکدا دەژین و قایمقامێک بەڕێوەیان دەبات. کوردستان ئەگەر سێ چوار ملیار دۆلارێکی لە بەردەست بوایە بۆ زامنی مووچەی فەرمانبەرانی مەترسی نەدەکەوتەسەر و دەیتوانی ئەم دۆخە تێپەڕێنێ.
 
حکومەت لەبەر ئەوەی زۆر قەرزارە متمانەی ئەوەی نەماوە قەرز وەرگرێت، بۆیە دوو رێگەی لەبەردەستە بتوانێ بەشێک پارەی بکەوێتە دەست، یەکەمیان: لە زاری پەرلەمانتاران و کارەکتەرەکانی ناو حکومەتەوە باس دەکرێت نزیک بە 700 ملیۆن دۆلاری پارەی حکومەت لای چەند کۆمپانیاو سەرمایەدارێکە و نایگەڕێننەوە بۆ حکومەت. چەند جارێکش وادەی جیاجیا دیاریکرا بۆ وەرگرتنەوەی و حساب بۆ حکومەت ناکەن. دەبێ بە بڕیارێکی ئازایانە ئەو پارانە لە زووترین ماوەدا وەربگیرێنەوە.
 
رێگەی دووەمیش ئەو رێکارەیە شازادەی سعودیە گرتییەبەر و لە خزم و نزیکەکانی خۆیەوە دەستیپێکرد، دەبێ حکومەت ملی ئەو سەرمایەدار و بازرگانە سیاسیانە بگرێت کە لەسەر حسابی ئەم حکومەتە و بەڕێگەی نایاسایی و پینەوپەڕۆی رێکار و یاساکان بوونەتە ملیاردێر. پێویستە بەشی ئەوەیان لێوەربگیرێتەوە کە زامنی مانەوەی کوردستان بکات. ئەمە نەکات، دڵنیابن هەموو دونیا وەکوو خۆی بمێنێتەوە، کوردستان بەم شێوەیە نامێنێتەوە.
 

 ئه‌م وتاره‌ له‌ سایتی رووداو بڵاوكراوه‌ته‌وه‌