سلێمانی موشاغەبە چییە!

ئاری محەمەد هەرسین


02/05/2020

هەر لە سەردەمی داگیركاری ئینگلیزەكانەوە، پێش ئەوەش لە سەردەمی حوكمی عوسمانی و سەفەویەوە، سلێمانی لای داگیركەرانی كوردستان خۆشەویست نەبووە. 
هەر لە مەبدەئی گواستنەوەی ناوەندی حوكمڕانی لە قەڵاچوالانەوە كە مەوقیعەكەی بۆ پایتەخت نەگونجاوە و گەڕان بە شوێن كەمێك دەشتایی، هەتا دروستبوونی پیرەمێردێك كە سەری گەورەی فرۆ دێنێ بۆ منداڵانی كورد زوبان… هەتا نالی خزماتكار و عاشقی خاك و خۆڵی نیشتیمانی پیرۆزی كوردستان… هەتا كوردی، هەتا بێكەس، زێوەر هەتا هەردی و سەرتۆپی شاعیرانی مۆدێرنی كوردی شێركۆی تاك و نازدار… نازانم بڵێم هەتا چەن، … هەتا شەهیدانی شار… لە سالە شێتەوە هەتا  كەریم دانزێڕ، عومەری ساڵح مەنسور، جەمال دیگۆڵ، عوسەی ئامە، عەریف غەریب، شێخ محەمەدی سەید عەلی حافز، نوری حەمە عەلی، جەمالی عەلی باپیر، ئاسۆی دەلاك، عەبدوڵا ئاغا، مام ئاراس، جەزای عەلی كاتب، ئەنوەری عەلی نەجاڕ، عومەری حەلاو… ئیتر لیستەكە زۆر دوورو درێژە و لێم ببورن كە هەموو ناوەكانی تیا نییە. ئەو شارەی كە لەبەر ئەوەی ئامادە نەبوون دژایەتی مەلا مستەفای بارزان بكەن، بە ڕۆژی ڕوناك لە حوزەیرانی ١٩٦٣ خەڵكیان لێ زیندەبەچاڵ كرا.

ئێستە ئەڵێن دەمڕوت و نەزان و كاسەلێس و ناڕەسەنی وا پەیدا بوون كە لە ژێر سێبەری پارتی بووندا، و لە خوار جەمەدانەی سوورەوە، سوكایەتی بە سلێمانی گەورە ئەكەن (كە لە ئەساسدا هیچ نەبوون جگە لە پەیامنێرێكی دەرەجە هیچ). 
هەمو عالەم ئەزانێت نوێنەری جامانە سوور كێن. هیوادارم نمایەندەكانی جەمەدانەی سوور و، مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵوێستیان ڕوون بێت. ئەگەر ئێمەی سلێمانی لەدەرەوەی شێخایەتی تەریقەتی كوردایەتین، نە لێمان بترسن و نە موجامەلەشمان بكەن، زۆر بە ڕوونی پێمان بڵێن بڕۆن، خۆمان ئەڕۆین. شەرتیش نییە ئەوەی پارتی نەبێت ئیتر یەكسەر ببێت بە یەكێتی یان شتێكیتر. دونیا و كوردایەتی زۆر لە پارتی و یەكێتی گەورەترە. لە بێدەنگی ئەم لایەنە پەیوەندیدارانەدا، بەندە تەرجومەی پەندە فارسیەكەی بۆ ئەكەم كە ئەڵێت: سكوت نشانە رزاست (ئەمتوانی بۆ نوسینەكە پیتی عەرەبی بەكار بێنم، چونكە ئەزانم ئیملای فارسی چۆنە، بەڵام بە ئارەزوی خۆم نەمنوسی).

ئەم پاڵەوانانەی كە لەپاڵ سەنگەری پارتیا زاتی ئەوە ئەكەن پەنجە بۆ نەمامی گوڵەكانی شەهیدانی گردی سەیوان بەرن، با وەك ئێمە چۆن لە هەولێر و دهۆك هەین، بفەرمون پیاسەیەكی بەردەركی سەرا و توی مەلیك بكەن و لەوێ جورئەتیان هەبێت چاو ببڕنە چاومان و پێمان بڵێن ئێمە موشاغەبەچین… ئەگینا با بۆ هەمیشە ئوسكوت بن.

 تایبەت بۆ PUKmedia ی ناردووە