چیرۆكە مێژووییەكانی ئەم خاكە (1 - 6)

نەبەز گۆران


پێش 3 هەفتە

بەشی یەكەم
دیار نییە (بابەك هەكاری) چەند دەقی شیعری هەیە، بەڵام ناوەكەی ئەوەندە جوانە، ئەو هەواڵەت پێدەدا، كە سەدان ساڵ بەر لە ئێستا، ئێوارەیەكی زستان، لە پەنجەرەی ماڵەكەیەوە تەماشای ئەو هەورانە دەكات بەرەو هەكاری دێن، لەگەڵ نیگاكردنی بۆ ئاسۆی ئاسمان و هاتنی هەورەكان، بیر لە زمانی كوردی دەكاتەوە و، یەكەم شیعر لەو ئێوارە هەوراویەدا دەنووسێت. یەكەم شیعر، یانی، یەكەم بانگدانی كوردبوون، یەكەم گەڕانەوە بۆ گواستنەوەی شوناسی گەلێك بۆناو دونیای زمان، واتە: چیرۆكێكی نوێ، كە زمان بوونی گەلێك پیشان دەداتەوە. 

نازانم شێوەی چۆن بووە، بەڵام هەرچەند خەیاڵ دەكەم، پیاوێكی هێمنی ئارام بووە. شتێك لە ناخەوە ئازاری داوە، شتێك لە دەرەوەی كوردەوە وای لێكردووە ئیتر بنووسێت و بە نەوەكانی داهاتوو بڵێت، لەوانەیە ئێوە ڕۆژگارێك بێت بەدوای یەكەمین چاوگەی شیعردا بگەڕێن، ئەگەر باش بگەڕێن، ئەو چاوگەیە لەناو شارە ئەفسانەیەكەی هەكارییەوە سەرچاوە دەگرێت.

بەناو ڕێگە سەرەكیەكەی هەكاریدا تێدەپەڕیم، كە شارەكەی دەكرد بە دوو بەشەوە. ماڵەكان بە قەتپاڵی شاخەكانەوە بوون. كاتێك كە تاریكی دەكرد، چراكان دادەگیرسان ڕووناكی پەنجەرەكان لە ئەستێرەكانی ئاسمان دەچوون، دابەزیێتنە خوارەوە و بە قەتپاڵی شاخەكانەوە بدرەوشێنەوە. ئەوكاتەی لەوێ بووم هاوین بوو، لەبەردەم هەیوانی ماڵێك دانیشتبووم، تەماشای ڕووناكی چرای ماڵەكانم دەكرد و خەیاڵم دەچوو بۆ ئەو سەردەمە دێرینەی بابەك هەكاری لەوێ بووە، دەمپرسی، دەبێت سەر بە ڕووناكی كام لەم پەنجەرانەی ماڵەكان بووبێت؟ دەبێت لە كوێ‌ خوێندبێتی؟ دەبێ هاوڕێكانی كێ‌ بووبن و ئەو كتێبانە كامانە بوون هێندە ئازاری زمان و كەسایەتییەكەیان داوە، چیرۆكی كورد بە زمانی شیعر داڕێژێتەوە؟ 

لە هەیوانی ماڵەكەوە لە خەیاڵی شاعیرەكەدا بووم، خاوەن ماڵ هات وتی: پسمام سفرە ڕاخراوە. هەوایەكی فێنك لە شاخەكانەوە دەهات خۆی دەكرد بەناو شارەكەدا، دەنگی كوندەپەپوویەك دەهات، ئەو باڵندەیەی شەوان هوشیارە و بە شكۆوە لە شوێنێكدا دەوەستێت و پاسەوانی شەو دەكات بۆئەوەی تاریكی ئاگایی دانەپۆشێت. هێشتا شارەكە ڕۆحە كۆنەكەی شێوازی خانووبەرەی جێ نەهێشتبوو. خانووە بە بەرد دروستكراوەكان، هەیوانەكان و كۆڵەكەی ناوەڕاستی هەیوانەكان و پەنجەرە شین و سپییەكان بە غەریبەكانیان دەگوت: ئێمەی زاگرۆسی جۆرێكی تر تەماشای ژیان دەكەین، كە هیچكات دراوسێكانمان لەو نیگا كردنەمان تێناگەن.

خاوەن ماڵەكە پیاوێكی باڵابەرزی ئەسمەر بوو، كەمێك لە (شاكرۆ) دەچوو. بەڵام دەنگی نا، دڵە پاكەكەی. حەزم دەكرد پێی بڵێم لەو دەچێت، نەمگوت، چونكە دەمزانی زەردەخەنەیەك دەكات و هیچ ناڵێت: كرمانجەكان وان، كەم قسە دەكەن، بەڵام كردەوەیان زۆرە. شێوەی خاوەن ماڵەكە بردمییەوە بۆ ئەو گۆرانییەی شاكرۆ، كە هاواردەكات_میرۆ. هاوارێكی بەرز و تیژ وەك لوتكەی كێوەكان. شاكرۆ دەنگی شار نییە، دەنگی شار ئاسۆییە، وەك شێوەی خانووەكان و كۆڵانەكانی بە ئاسۆیی دەڕوات، شاكرۆ دەنگی كێوەكانە، بەرزو تیژە. كاتێك كە گوێی لێدەگریت لە شار و خەمگینییەكانی دورت دەكاتەوە و دەتباتەوە بۆناو دۆڵ و كێوەكان و پێتدەڵێت: ئاسودەیی ڕاستەقینە لێرەیە لە تەنیشت داربەڕووەكان.

ئێمە بۆ ئەوەی گۆرانی كوردی بناسین، دەبێ‌ شوێن بناسین، بە بێ‌ ناسینی شوێن، قسەكردن لە گۆرانی كوردی كەلێنی تێدایە. هەرشوێنە و ئاوازی خۆی هەیە. ئاوازی هیچ شوێنێك لە ئاوازی شوێنێكی تر ناچێت. گەرمیان ئاوازێكی خەمگینی هەیە، ئاوازێك ئازارت دەدات وەك ئاسۆی تەختایەكانی، وەك قەتارەی بەرزی و نزمییە ڕووتەكانی. دەشتی هەولێر ئاوازی خۆی هەیە. ئاوازێك لە نێوان خەمگینی و خۆبەدەستەوە نەداندا لە شەڕێكی گەورەدایە. ناوچەی دۆڵەكان و شاخەكان ئاوازی خۆیان هەیە، شاكرۆ ئاوازی شاخەكانە. دەنگی سەردەمێكە كورد لە كەوتندایە و لە هەرشوێنێكدا دەیەوێت هەڵسێتەوە لێیدەدەن. ئەویش ناچار دەبێت هاوار بۆ میرۆ بكات و جارێكی تر سەختی شاخەكان و ماڵە هەمیشەییەكانی كورد پیشان بداتەوە. هاوارەكەی شاكرۆ بۆ میر، هەم زیندووكردنەوەی یادەوەری سەردەمی میرنشینییە، هەم ڕاچڵەكاندنی ئەو مرۆڤە كوردەی ناو شارەكانە، بۆئەوەی نیگایەك لە باوباپیرانی بكات و لەخۆی بپرسێت: من لەكوێم؟ كوا ماڵەكەم، چونكە هاوارەكە بۆ بێ‌ ماڵییە، هێنانەوەی میر بۆناو ئێستا، هێنانەوەی باوكی خاوەن ماڵە، كە لە سەردەمی گۆرانییەكەدا ئەو باوكە دەمرێت و بێ ماڵی دەبێت بە ئازاری كورد.

لەسەر سفرەی ماڵی كرمانجە هەكارییەكە نانمان دەخوارد، سەیری شاخەكان و پەنجەرە ڕووناكەكانم دەكرد و دەمێك خەیاڵم گرێیدەدام بە بابەك هەكارییەوە، دەمێك دەنگە بەرزەكەی شاكرۆ خەیاڵی دەبەستمەوە بە شوێنەوە. نانی گەرم و تەماتەی سورەوەكرا و پیازی تەڕ و  برنجی كوردی دەشتایەكانی خوار گۆمی وان، لەسەر سفرەكە دانرابوون، چرایەكیش بە كۆڵەكەكەوە هەڵواسرابوو، شنەبا یاریی بە ڕووناكییەكەی دەكرد، ئەو یاریكردنەی شنەباكە بە ڕووناكی چراكە، سێیەرەكانی ئێمەی لەسەر سفرەكە تێكەڵ بە یەكتری دەكرد.
ڕیزێك دارچنار لەبەردەم ماڵەكەدا باڵایان بەرزبووبووەوە. گوندە كوردییەكانی ناوچە بنارەكان، هەمیشە دارچنار لەبەردەم ماڵ و پەرستگاكاندا دەچێنن، چونكە مێشوولەیەكی وردی كەسك بە گەڵاكانییەوەیەتی چۆلەكە زۆر حەزی لێدەكات، بە بۆنەی ئەو مێشوولانەوە چۆلەكە لێی كۆدەبنەوە و ئاوەدانییەكی خۆش بۆ ماڵ و حەوشە دروست دەكەن. گەڵاكانیشی جۆرێكن كە شنەبا لێیاندەدات ئاوازێكی خۆش دروست دەكەن، كە لە ئاوازی گەڵای هیچ درەختێكی تر ناچێت. جوانیی و بەرزییەكەی لەلایەكی تر، كە هێمایە بۆ ئەو بەرزاییانەی باوباپیرانمان هەمیشە تێیدا ژیاون، لەبەر ئەم هۆكارانە باپیرانمان دارچناریان لە نزیك ماڵەكانیان و لەسەر كانی و بەردەم پەرستگاكان چاندووە.

شێوازی ماڵە گوندییەكانی بنارەكانی زاگرۆس زۆربەی لەیەكەوە نزیكە. بۆ دروستكردنیان بەرد بەكارهاتووە، بۆئەوەی لە سەرما و گەرما بیانپارێزێت. داری دیمەك خراوەتە نێوان دیوارەكان بۆ بەستنەوە و پتەوكردنیان. بەشێكیان دوو نهۆمن، نهۆمی خوارەوە شوێنی مەڕوماڵاتە بۆئەوەی بەهۆی پەینەكەیانەوە زستانان ژێرەوەی نهۆمی دووهەم گەرم بكات. 

لە زۆر شوێن هەیوانی ناوەڕاست هەیە و ژووری نووستن و ژووری دانیشتن. چونكە خێزانی كوردی پەیوەندییەكی تووندی خۆشەویستی و كۆمەڵایەتی هەیە، ئەندامانی ماڵ هەموویان لە یەك ژووردا خەوتوون. جیاكردنەوەی ژووری منداڵانی ماڵ بەرهەمی بیرۆكەی شارە. كە ئەم جیاكردنەوەیە كەمێك سەربەخۆیی پێدەدات و متمانە بەخۆكردنیشی پێدەبەخشێت، بەڵام درزێك لە پەیوەندییە خۆشەویستییەكەی نێوان خێزان دروست دەكات، كە ئەمەیان هەمیشە خەمە گەورەكەی دایك و باوكانە.

ئێمە لە هەكاری شەوەكەی لەسەر ئەو بانە خەوتین هی دراوسێی خوارەوەی ماڵەكە بوو، كە سەربانەكەی بووبوو بە حەوشەیەك بۆ ماڵەكەی سەروی خۆی، ئەم شێوازە ماڵە وەك پلیكانە بەدوای یەكدا دێن لە هەورامانیش هەمان شتە، بەرهەمی ئەم شێوازە بیناسازییە بەرهەمی بیركردنەوەی هۆریاییەكانە، كە بنچینەی كوردن. سیستەمەكە وا داڕێژراوە قەتپاڵی شاخەكان دەكرێن بەخانوو، زەوییە تەختەكان دەكرێن بە باخ و كێڵگەی كشتوكاڵی، تاكوو ببن بە سەبەتەی خۆراك. زەوی تەخت بۆ باوباپیرانمان هێمای ژیانە و قەتپاڵەكانیش هێمای ئارام گرتن و دروستكردنی ماڵە. زەوی تەخت جگە لەوەی ئابووری بۆ گوند دروستدەكات، دەبێتە بنچینەیەكیش بۆ وزەخستنە ناو بازاڕی شار، بۆیە باپیرانی كورد ماڵ دەبەنە قەتپاڵەكان و زەوی تەخت دەكەن بە بنچینەی ئابووری، چونكە ئەم شێوازە لە ئەزموونی ژیان، مرۆڤەكە دەگەڕێنێتەوە بۆ دۆخە سروشتییەكەی خۆی و تێگەیشتنێكی ئابووریی و ژینگە دۆستانەیە، باپیرانمان هەزاران ساڵ بەرلە ئێمە زانیویانە شاخ ژینگە پاك دەكاتەوە، بۆیە ماڵەكانیان بردووەتە قەتپاڵی ئەو پاكییەوە.

خەوتن لەژێر ئاسمانی پڕ ئەستێرەدا، ئەو هەستەت بۆ دورستدەكات، كە تۆ وەك مرۆڤ بەشێكیت لەم سروشتە و ئەوە شارو دونیا نوێیەكەیە دایان بڕیویت و هەست بە غەریب بوونی خۆت دەكەیت لەم دونیایەدا. حەیف ماڵەكە تەجسیلیان نەبوو لەو شەوە پڕ لە ئەستێرەیەدا كەمێك گوێ لە شاكرۆ بگرین و لە هەیبەتی كێوەكان تێبگەین. خاوەن ماڵەكە چونكە مرۆیەكی زەحمەت كێش بوو، هیچێكی وا گرنگی لەبارەی بابەك هەكارییەوە نەدەزانی، ئەمما خانی و مەلای جەزیری دەناسین. هەرچۆنێك بێت، لە هەكاری ئەگەر یەك وشەش نەنووسیت شاعیرانە دەژیت، سروشتەكە و شێوازە ژیانەكە، ئەو ڕۆحە بەرزەت پێدەدات جوتیارێك و شاعیرێك لەیەك جیا نەكەیتەوە و هەردووكیان گرێبدەیت بە بوونێكی ڕاستەقینەوە.