چیرۆكە مێژووییەكانی ئەم خاكە.. (2 - 6)

نەبەز گۆران


پێش 3 هەفتە

بەشی دووهەم 

لەناو كێوەكاندا ڕووبەڕووی كارەكتەرێكی مێژوویی، وردەكار و سەرنجڕاكێش و پڕ وزە دەبیتەوە. كە ئەو كارەكتەرە دواتر لە سەردەمی دەوڵەتشار و سیستەمە سیاسییەكاندا، ئەركێكی تری پێدەدرێت و دەبێتە دامەزراوەیەكی ترسناك.

كارەكتەری _ڕاوچی_ مێژووییەكی قوڵی هەیە لە زاگرۆس نشینیدا. لەسەردەمی ئەشكەوت نشینەوە ئەم كارەكتەرە وەك كۆكەرەوەی خۆراك دەردەكەوێت. دەبێتە دینەمۆیەك بۆ درێژەدان بە ژیانی مرۆڤ و، تێپەڕینی قۆناغە سەختەكان. ئەگەر لە قوڵایی مێژوودا كارەكتەری ڕاوچی، هێمای ژیان و بەردەوامی بێت، هێمای مانەوە و پارێزەری مرۆڤ بێت، لە سەردەمی شارنشینی و دروستبوونی دەسەڵاتەكاندا، هێمایەكی دیكەیە.

بۆئەوەی لە سیحری كارەكتەرەكە تێبگەین، نیگایەك لە لاوژەی_گەلگامێش_ دەكەین. تاكو بزانین لەم قۆناغەدا ڕاوچی ئەركی چییە؟ دەبینین لە لاوژەكەدا كارەكتەری ڕاوچی، ئەركێكی دەسەڵاتگەرای هەیە، بووەتە چاوی دەسەڵات بۆ دەرەوەی خۆی. ئەم چاوە بۆ ئەویتری نەیار و دوژمن دەگەڕێت، چونكە شارەزایە، چونكە تەكنیكی خۆشاردنەوە و خۆونكردن دەزانێت، چونكە بێ‌ شوێن پێیە و دەزانێت كوێ‌ بكات بە ڕووبەری بۆسەكانی، دەسەڵات متمانەیەكی تەواوی پێی هەیە و، دەیكات بە چاوی خۆی، تا ئەویتری نەیار و دوژمنی بۆ بدۆزێتەوە.

كارەكتەری ڕاوچی ناو لاوژەكە، گەڕانی بەدوای خۆراكدا، بیانووە بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكەی تر، كە چاودێریكردنە. سیستەمی چاودێریكردن لە دەسەڵاتەكاندا، لە دەوڵەتشارەكانی میزۆپۆتامیاوە دەستپێدەكات و پاشان لەناو سیستەمە مۆدێرنەكەدا پێگەیەكی تەواو پتەو دروستدەكات و دامەزراوەیەكی تۆكمەی چاودێریكردنی لێ‌ بەرهەم دێت. ئەگەر لە لاوژەی گەلگامێشدا، ڕاوچیەكە تەنها چاوی سیستەم بێت بۆ دەرەوەی خۆی، لەناو سیستەمە مۆدێرنەكاندا، دامەزراوە چاودێرییەكان، هەمان ئەركی كارەكتەری ڕاوچییە بۆ ناوخۆ و دەرەوەی سیستەم دەبینن. 

بۆئەوەی زیاتر لە هونەری ئەم كارەكتەرە ڕاوچییە تێبگەین، لەو بەشەی لاوژەكەدا پیشانمان دەدات، كە چۆن خۆی دەشارێتەوە بۆئەوەی _ئەنكیدۆی_ی نەیار و یاخی و ترسناكی دەسەڵات نەیبینێت. چاودێری دەكات، وردەكاری ژیانی دەخاتە ناو چاودێرییە چڕەكەیەوە، شوێن پێ جێناهێڵێت، وەك تارماییەك لە دوورەوە لە دوژمنەكە ورد دەبێتەوە، بەبێ‌ ئەوەی دوژمنەكە بیبینێت و هەستی پێبكات. تەكنیكە كۆنەكەی ڕاوچییەتی بەكاردەهێنێت. (خۆت بشارەوە بۆ ئەوەی نێچیرەكەت نەتبینێت و لە هەر چركەساتێكدا بۆت گونجا لێیدە.) بەڵام كارەكتەرەكەی ناو لاوژەكەی گەلگامێش، لێینادات، وردەكاری ژیانی دەوێت، زانیاری دەوێت، چونكە سەردەمێكی ترە، سەردەمێكە ئەركی ڕاوچی گۆڕانی بەسەردا هاتووە و، زیاتر ئەركێكی چاودێرییە نەك دەست وەشێن.

ڕاوچییەكە دوای گەڕانەوەی بۆناو شار، وردەكاری ژیانی دوژمنەكە دەدات بە پاشا، سیستەمەكە هوشیاردەكاتەوە دوژمنێك هەیە، ترسناك و زەبەلاحە، پێویستە ڕام بكرێت. خاڵە لاوازەكانی دوژمنەكە دەگەیەنێتە سیستەم بۆئەوەی بزانێت چۆن ڕامی دەكات. ئەگەر ڕاوچییە دێرینەكانی ناو ئەشكەوتەكانی زاگرۆس هێمای مانەوەی ژیان و بەرگیركردن بن، ڕاوچییە نوێیەكەی ناو سیستەمی دەوڵەتشار، هێمای بەرگریكردن و مانەوەی سیستەمە. ئەوەی زۆر جێگای سەرنجە، لەناو كۆی میتۆلۆژیای میزۆپۆتامیای دێرینی سەردەمی فرەخودایی، لێدان و نەفرەتكردن لە ڕاوچی بوونی نییە، هەمیشە ڕاوچی وەك كارەكتەرێكی بەشكۆ و ئەركدار تەماشاكراوە و، سیستەمەكان، پاشاكان، شانازی پێوە دەكەن، هەم لەبەر توانا سیحراوییەكانی، هەم لەبەر تەكنیكەكانی. 

كەچی لە بەرامبەر ئەوەدا، كارەكتەری شوانكارە بەر نەفرەت دەكەوێت و هێمایەكی بەربەریانە و ناشارستانی پێ دەدرێت، لەكاتێكدا شوانكارە بێ‌ زیانە، یەكێكە لە پایەكانی ژیان و بەرهەمهێنان، خزمەت بە سروشتەكە و مرۆڤ دەكات، لێ‌ چونكە هەمیشە لە جوڵەدایە و خۆی نابەستێت بە سیستەمەوە، لە هزری شارستانیدا دەخرێتە دەرەوە و نەفرەتی لێدەكرێت. دیدێك هەیە وا وێنای ئەو نەفرەتە دەكات، شارستانییەتی میزۆپۆتامیا لێدان و نەفرەتەكانی لە شوانكارە، لێدان و نەفرەتە لە سامییەكان، كە وەك شوانكارە و‌ كولتوورێكی دژە شارستانی كشاون بۆ خواروی هیلالی بەپیت و، ئەم مۆدێلە لە كۆچەریی سامی بە مەترسی زانراون بۆ شارستانییەتە خاوەن فەرهەنگەكە. كاتێك یەكتاپەرستی دروست دەبێت و سامییەكان ڕابەرایەتی ئایینەكانی دەكەن، میتۆلۆژیاكە دەگۆڕن و خاوەنداریەتی شوانكارە دەكەن، دژی جوتیارە شارستانییەتەكە. بۆ ئەوەی بزانین چیرۆكەكە چۆن ئاوەژوو كراوەتە، كەمێك سەرنج لە میتۆلۆژیای یەكتاپەرستی دەدەین. 

كاتێك یەكتاپەرستی دروست دەبێت، هەمان لۆژیكی میتۆلۆژیا بە ئاوەژووكردنەوەی چیرۆكەكانەوە دەستپێدەكاتەوە، ئەمجارە لێدانەكە پێچەوانە دەبێتەوە، لە شوانكارەوە بۆ جوتیار. ئەگەر فرەخودایی كارەكتەری جوتیاری پێ شارستانی و خاوەن كولتووربێت و شوانكارەی پێ بەربەری بێت، یەكتاپەرستی شوانكارەی پێ شوناسێكی مەزنە و هەڵبژێدراوەكانی ناو یەكتاپەرستی ڕیشەی خۆیان گرێدەدەنەوە بە شوانكارەوە، بۆئەوەی لە  هزرە شارستانییەتەكەی پێش خۆیان بدەن، كە لە میتۆلۆژیای میزۆپۆتامیادا بەرهەم هاتووە. ئاوەژوو كردنەوەكە لە چیرۆكی _هابیل و قاییل_ی ناو تەوراتەوە دەست پێدەكات. جوتیارەكە شوانكارەكە دەكوژێت و، ئیدی كارەكتەری شوانكارە دەبێتە هێمای قوربانی و پاكی و هەموو پەیامبەرانی سەر بە ڕەگەزی سامی، خۆیان گرێدەدەنەوە بە شوانكارە و قوربانییەكەوە. چیرۆكی شوانكارەی پەیامبەران، دژە چیرۆكی شارستانییەتە، دژە شوناسێكە شارستانییەت پێشتر لە میتۆلۆژیاكانیدا نەفرەتی لێكردووە. خۆبەستنەوەی پەیامبەران بە شوانكارەوە، خۆبەستنەوەیە بە بێ‌ شوێنی، بە مرۆڤی دەرەوەی شار و مرۆڤی گرێدراو بە سروشت و خودا. خۆبەستنەوەیە بەو میتۆلۆژیایەی شوانكارە قوربانییە و، نیشانەی بەخشندەییە، هێمایە بۆئەوەی سەر بە میتۆلۆژیایەكن بكوژ نییە و شارستانییەت كە هێماكەی جوتیارە هەڵگری كوشتنە.(لە وتارێكدا لەسەر كولتووری شوانكارەی سامی و كولتووری جوتیاری زاگرۆس و میزۆپۆتامیا، سەرنج دەدەین، كە چۆن شەڕی ئەم دوو كولتوورە ڕیشەیەكی قوڵی هەیە و بەردەوام خۆی دەنوێنێتەوە.)

لە دەرەوەی ئەمە، بەهەمان میتۆدی فرەخودایی، كارەكتەری ڕاوچی، بەر نەفرەتی گەورە ناكەوێت و شوێنە سەنگینەكەی لەق ناكرێت. سیستەمی دەسەڵاتەكان، دامەزراوە چاودێرییەكانیان لەسەر بنەمای ڕاوچییەكە دامەزراندووە. تەكنیكانیشیان هەر لەسەر بنەمای ڕاوچییەكە داناوە. بۆئەوەی لەو دامەزراوە چاودێریانە تێبگەین، پێویستە بە باشی شرۆڤەی كارەكتەری ڕاوچی بكەین لەناو قوڵایی مێژوودا، بەبێ‌ تێگەیشتن لە ڕاوچی، لەو دامەزراوانە تێناگەین سیستەم دروستیكردون بۆ چاودێریكردنی خەڵك و دەرەوەی سیستەم. دەكرێت بڵێین: ئەندامانی ناو دامەزراوە چاودێریەكانی ئێستای سیستەمە سیاسییەكان، ڕاوچییە مۆدێرنەكانن و ڕیشەكەیان لە زاگرۆس و سەردەمی ئەشكەوت نشینیدایە.

بەڵام سیستەمە خۆرئاواییەكان ئەركێكی دیكە بەم كارەكتەرە دەبەخشن. ئەركی_ خۆرهەڵات ناسی لەم كارەكتەرەوە وەرگیراوە. چونكە گەڕیدە خۆرهەڵاتییەكان، وەك كارەكتەرە ڕاوچییەكەی ناو لاوژەكەی گەلگامێش، كەشفكەرن، دەچن بۆ سەرزەمینە نەناسراوەكان، پشكنین دەكەن و دەبنە چاوی سیستەمە خۆرئاواییەكە، كاتێك دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان ئەو كنەكردنەیان لە ڕێگەی زمانەوە دەگێڕنەوە، بۆئەوەی ئەویتری خۆرئاوایی بتوانێن سەرزەمینە نەناسراوەكە بناسێت و وێنەیەكی ڕوونی لەسەر كەسایەتییەكانی و گروپەكانی هەبێت. هەرچۆنێك بێت كارەكتەری ڕاوچی، جگە لە ئەركی خۆرهەڵات ناسی، دامەزراوەشی لەسەر دروستكراوە و ئەم قۆناغەی ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ كارەكتەرەكە دەكەین، قۆناخی شەڕ و ململانێێ‌ دامەزراوە چاودێرییەكانە و هیچ سیستەمێكی سیاسیی بەبێ‌ ڕاوچیە مۆدێرنەكان، ڕووبەرووی نەیارەكان و دوژمنەكانی نابێتەوە. 

وەكۆچۆن گەلگامێش زمانی ڕاوچیەكە دەبێتە بنەمایەك بۆی تاكو بزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ دوژمنە نوێیەكەی بكات، ڕاوچیە مۆدێرنەكانیش زمان و بینین و كەشفكردنەكانیان دەبێتە بنەمایەك بۆ سیستەمە سیاسییەكان، تاكو بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ نەیار و دوژمنەكانی سیستەمەكە بكەن. ئەگەر لە لاوژەكەی گەلگامێشدا كارەكتەرەكە ڕووی لە دەرەوەی سیستەمەكە بێت، لە سیستەمە سیاسییە مۆدێرنەكاندا كارەكتەرەكە دوو سیمای هەیە و سیمایەكی ڕوو بە دەرەوەیە و سیمایەكی ڕوو بە ناوەیەوە. لە هەردوو دیوەكەدا كار بۆ مانەوەی سیستەمەكە دەكات. سیستەم توانای هەبوو لە ڕووی هزری و كردەییەوە ڕاوچییەكە لە ئەركی مانەوە و بەرگری ژیانی مرۆڤەوە، بگۆڕێت بۆ ئەركی دیكە، كە بەرگریكردنە لە مانەوەی سیستەم.

(لە شوێنی دیكە، بە وردی لەسەر قۆناغە جیاوازەكانی، ڕاوچی و سیماكانی شرۆڤە دەخەینە ڕوو.)