چیرۆكە مێژووییەكانی ئەم خاكە.. (3 - 6)

نەبەز گۆران


پێش 3 هەفتە

بەشی سێهەم 

هاوینێكی گەرم بوو، گەنم و جۆكان دروێنە كرابوون. ئەو قەدە وشكەی گەنم و جۆكان كە جێ دەمێنێت، جگە لەوەی بەشێكی دەكرێت بە _كا_ بۆ زستانانی سەربانەكان و پاسارەكان، تاكو بەكاری بهێنن بۆ كوتینیان و دڵوپە نەكەن، بەشێكیشی دەبێتە ئالیكی ئاژەڵەكان و ئیشێكی دیكەی پێدەكرێت، ئەو قەدانە لەناو ئاودا دەكوڵێنرێت و دەخرێتە ناو دەفرێكی چەند كوونەوە، دوای ماوەیەك كەڕوو دێنێت و قارچك بەرهەم دەهێنێت، بە پێێ‌ حەكیمە دێرینەكان ئاوە كوڵێنراوەكەش سارد دەكرێتەوە و لە دەفرێكدا هەڵدەگیرێت، بۆ هەندێك لە نەخۆشی پێست بەكاردەهێنرێت.

لە كێوەكەوە كەوتم بەو دیودا شاری مەخمور دەركەوت. شارێك لە نێوان تەپۆڵەكاندا ڕاكشابوو. خانووە قوڕەكانی لە خاكەكەی دەچوون. درەختی كەمی لێبوو. كچۆڵەیەك بەرەو پیرم هات. ویستم پرسیارێكی لێبكەم. نەیدەوتوانی قسە بكات. لە دێریندا بەو كچۆڵانەی ناتوانن قسە بكەن، ناوێكی جاوانیان بۆ داناون و پێیان وتوون: پەرییە بێدەنگەكان. تەماشایەكی ڕوخسارە ئەسمەر و بێدەنگەكەیم كرد و بەرەو شارەكە ڕۆیشتم. بەڵام پەرییە بێدەنگەكە یادەوەری گوشیم و گەڕامەوە بۆ سەردەمە دێرینەكان، بیرم لە هۆراییەكانی زاگرۆس دەكردەوە، كە یەكەم گەل بوون پەرییان دروستكرد و خستیانە ناو هزری مرۆڤەوە، ئەوان باوەڕیان وابوو خوداكان مرۆڤیان دروست نەكردووە، پەرییەكان دروستیانكردووە و، یەكەمین پەری ڕووناكی بووە و ڕۆحی مرۆڤ لەو وزە ڕووناكییە دروستكراوە، هەتاكو وزەی ڕووناكیش نەناسرێت، خوداكان ناناسرێن، هەر ئەو پەری باوەڕەییەی زاگرۆس نشینی دواتر لە ئایینە یەكتاپەرستییەكان بوو بە فریشتە و ناوی دیكەیان لێنرا. لە هەندێك لە ئایینە یەكتاپەرستەكاندا، تیشكی ڕووناكی كرا بە هێمای دەركەوتنی خودا و، پاشان خۆر وەك سەرچاوەی ڕووناكی و ژیان، پێگەیەكی بنچینەیی داگیركرد. ئەوەی جێگەی سەرنجە پەرییەكانی زاگرۆس هەمووی مێن، ژنن، پێچەوانەی پەرییەكانی ئایینە سامییەكان، كە نێرن، ئەمەش نیشانەی جیاوازی دوو كولتوورە، كە یەكێكیان سەر بە دونیای دایكە و ئەویتریان سەر بە دونیای باوك. گۆڕینی ڕەگەزی ژنە پەرییەكانی زاگرۆس بۆ فریشتەی نێر. گۆڕینی چیرۆكێك نەبوو، گۆڕینی كولتوورێك بوو لە بەخشندەیی و میهرەبانییەوە، بۆ سزا و حەسار و كۆت و بەند. كولتووری زاگرۆسی كولتووری دایكە، دایك بەرهەمهێنەرییەتی، دایك پێگە سەرەكیەكەیەتی، بۆیە تا ئەم ساتەش شوناسی كورد بەستراوە بە زمان و كولتوورەوە، كە هەردووكی سەر بە دایكە، چونكە ڕیشەكەی لەوێوە هاتووە. پێچەوانەی ئەم كولتوورە، ئایینە سامییەكان، كولتووری باوكە، لەسەر پێگەی دەسەڵات و ئەویتر سڕینەوە خۆیان هەڵدەچنن و هەمیشە هزری داگیركردنییان هەیە، چونكە ئایینە یەكتاپەرستەكان لەسەر ئەو بنچینەیە ڕیشەی كولتووری خۆیان داكوتی. 

دانیشتن لەسەر یەكێك لە شاخەكانی زنجیرەكانی قەرەچوخ، مەیل و خەیاڵێكی سەیری هەیە. ناچارت دەكات بیری لە حەیران و لاوك بكەیتەوە، بیر لە جوتیارەكان بكەیتەوە. بیر لە (حەسەن سیساوایی) بكەیتەوە. حەیران و لاوك گۆرانی خانەدانەكانن. گۆرانی جوتیار و مرۆڤی ئیشكەر نین، گۆرانییە درێژەكان هی ئەو شوێنانەن كەسانی خانەدان و خاوەن دیوەخان گوێیان لێگرتوون و بنەوانی دروستكردنیانن، چونكە بێ‌ ئیش بوون و ماندوو نەبوون، مرۆڤی ئیشكەر توانای بەرهەمهێنانی گۆرانی درێژی نییە. لە هەموو ئەو شوێنانەی، جوتیار هەیە، باخەوان هەیە، گۆرانییەكانی كورتن، چونكە كاتی ئەوەی نییە گۆرانی درێژ بەرهەم بهێنێت. ئەمما لاوك و حەیران بەرهەمی ماڵە خانەدانەكانن و بەشێكی زۆری چیرۆكەكانیشیان، ململانێیە لە نێوان خانەدان و هەژارێك، یان جوتیار و پیشەگەرێك و خاوەن پایەیەك.

كاتێك حەسەن سیساوایی دەڵێت: "ئیزنم بدەیت هەر دەچم، ئیزنم نەدەیت هەر دەچم." بانگی شەڕێك دەكات لەگەڵ ئاغا وەك هێمای دەسەڵات. بەڵام ڕۆحی ئاوازەكەی بەرهەمی شوێنی خانەدانەكانە، ئەگەرچی دەقەكە ڕووبەڕووبوونەوە بێت لەگەڵ خانەدان و بەرگریكردن بێـت لە جوتیار و هەژارەكان، بەڵام ئەمە ئەو ئاوازە ناگۆڕێت لە ڕۆحی خانەدانییەوە بەرهەم هاتووە. 

لەسەر كێوەكانی قەرەچوخەوە تەماشای دۆڵەكان دەكەیت، تەماشای بنچكە گیاكان و خۆڵە سوورەكە و شاخ و تەپۆڵكە ڕووتەكان دەكەیت، ئەو سیما هەژار و ڕوخسارە پڕلۆچانەت پیشان دەدات، لە ماڵە جوتیارەكاندا ڕووبەڕوویان دەبیتەوە. ئەو جلوبەرگەت پیشان دەدات، كەمتر سیما كوردییەكەی پێوە ماوە و بێ‌ خاوەنی، عەگاڵ و دیشداشەیەكی پێ لەبەركردووە، كە زۆر نامۆیە بەو خاكە و بە مرۆڤەكان و مێژووەكەی و كولتوورەكەی. (هیچ بێكەس بوونێكی كورد، هێندەی ئەو بێكەسییە ئازارت نادات، لەسەر سنوورەكان دەیبینیت.)

پیاوێك لە شوێنێكدا دەڵێت: "ئەگەر دوژمنەكانت سەركەوتن، مردووی ناو گۆڕستانەكانیش لە ئاماندا نابن." هەتا نەچیتە سنووری خاكی كوردان و دراوسێكان، لەوە تێناگەیت مێژووەكەت و شوناسەكەت و بوونەكەت چۆن لە بەردەم هەڕەشەدان و چۆن ڕیشەكەت كەوتوەتە ناو بێ‌ ئامانییەوە. گۆڕستانەكان تەنها شوێنێك نین بۆ ناشتنی ئازیزەكانمان، گۆڕستانەكان مێژوون، ڕیشەن و شوناسی ئێمەن. كوردەكان لە سەردەمی گوندە زاگرۆسییەكانەوە تا ئەم چركەساتە، گۆڕستانەكانیان نزیكن لە شوێنی نیشتەجێ بوونیانەوە. كورد گۆڕستان لەخۆی دورناخاتەوە، هەم لەبەر ئەوەی ڕۆحی ئازیزەكانی لێیەوە نزیك بن، هەم لەبەر ئەوەی مێژووەكەی لێیەوە نزیك بێت. چونكە كاتێك لە كوردێك دەپرسی: لە كەیەوە لێرە دەژیت؟ پێتدەڵێت: گۆڕی باوباپیرم لەو گۆڕستانەیە. ئەو وەڵامە واتای ئەوەیە: ئەم شوێنە مێژووی منە. ڕیشەی منە. گۆڕستان هێمایە بۆ مێژوو.

جوتیارێك خەریكی چنینی تەماتەكان بوو. جامانەیەك بەسەرییەوە. جامانەكە تۆڕی ڕاوچییەكان بوو، نەمدەتوانی پێی بڵێم: ئەو جامانەیە هی ئێمەی كوردی زاگرس نشین نییە، هی ماسیگرەكانی خواروی میزۆپۆتامیایە. جامانەی ئێمە هێمای شاخەكان، هێمای دوو ڕووبارەكە، هێمای ئەستێرە، كە ئاماژەیە بۆ دایك، هێمای گوڵەنگی بچوك، كە دیسان هێمای دایكە و بە ڕیزبەندی گوڵەنگەكان هەفتە و مانگ و ساڵ دیاریكراوە وەك ڕۆژمێر. بەم هێمایانە جامانەی زاگرس نشین لەگەڵ خواروی میزۆپۆتامیا جیادەكرێتەوە. بەڵام ئەم ڕیشە مێژوویانە بەو گەرمایە بە جوتیارێك ناوترێت. 

كەپرێكی بچوك لە تەنیشت گۆلە تەماتەكانی بوو، خاتوونێك بە جلوبەرگی ڕەشەوە لەژێر سێبەرەكەیدا دانیشتبوو. خوداكردی قەبایەكی ڕەشیشی نەدابوو بەسەرسەریدا. ئەو قەبا ڕەشانە، هی عەرەبەكانە، هی كورد نییە. كورد بە پێی نەخشە هەڵكۆڵراوەكانی، بەپێی پەیكەری پاشا و شاژن و شازادەكانی، خاتوونەكان قەبایان نەداوە بەسەرسەریاندا لەسەرەوە بۆ خوارەوە، تەنها پارچە پەڕۆیەكی ناسك، یان هەورییەكیان داوە بەسەر شانیاندا و لەسەر سنگیان گڕێیانداوە. زۆرجاریش قەباكەی سەرشانیان كە ئەو پارچە پەڕۆییە، ڕەنگی ڕەش نەبووە. ئەوە جلوبەرگی عەرەبە سەرتاپا ڕەش بۆ ژن و سەرتاپا سپی بۆ پیاو، كە هێمای جیاكردنەوەی ژن و پیاون. هەرچۆن لە زمانی كوردیدا، بەڵەك بۆ هەڵپەڕكێ‌ بەكار دێت، كە نیشانەی ڕەش و سپییە و هێمایە بۆ نێرومێ‌، عەرەب بە جلوبەرگەكەیدا ئەو هێمایەی جیاكردوەتەوە. چیبكەن كەلەپوری جلوبەرگیان نییە، هەر قەبا و دیشداشەیان هەیە، وەك كوردنین بەس لە جلوبەرگی خانماندا حەفتا جۆری هەیە، لە جلوبەرگی پیاواندا زیاد لە سی جۆری هەیە. 

بەدەم ئەم دەغدەغانەوە لەسەر هێمای جلوبەرگ، بیری هەڵپەڕكێم كەوتەوە. سروتێكی كۆنی كوردە، سروتێكی سروشتییە، لێدانە لە هەموو بیرۆكەی ئایینە یەكتاپەرستییەكان. چونكە ئایینە یەكتاپەرستییەكان لەسەر بنەمای جیاكردنەوەی ژن و پیاو كاردەكەن، سروستی هەڵپەڕكێی كوردی جارێكی تر ئەو جیاكردنەوەیە هەڵدەوەشێنێتەوە و ژن و پیاو پێكەوە گرێدەدات، لە پاڵیدا هێمای یەكسانی دوو ڕەگەزەكە پیشان دەداتەوە و چینی دەسەڵات و ناوەند و پەراوێز، پێكەوە دەبەستێتەوە و هیچكات جیاوازی ڕەگەزی ناكات لە نێوان چینەكاندا. هەتا سروتی هەڵپەڕكی لەناو كورددا بمێنێ‌، ئایینە یەكتاپەرستەكان بیرۆكەی جیاكردنەوەی ژن و پیاویان بۆ ناكرێت بە واقیع، چونكە دروستبوونی هەر ئاهەنگێك و هەڵپەڕكێیەك سەرلەنوێ‌ ڕیسەكە دەكاتەوە بە خووری.  

خانووەكانی مەخمور و گوندەكانی دەوروبەری دوو جۆر بوون، جۆرێكیان بە خشتی قوڕی سوورەونەكرا و دروستكرابوون، كە هێمابوون بۆ خانووە دێرینەكانی گوندە زاگرۆسییەكان، جۆرەكەی تریان بە خشتی سوورەوكراو دروستكرابوون، كە هێمابوون بۆ سەردەمی شارنشینی میزۆپۆتامیا. هەردوو جۆرەكە خۆیان گرێدابوو بە خاكەوە، چونكە شوێنی نیشتەجێبوونەكەیان هاوینی گەرمە، تەنها خاك دەتوانێت ئەو گەرمایە ڕابگرێت. سیستەمی بیناسازی دێرین، جگە لە زەخرەفە و شێوازی بیناسازییەكە، بیركردنەوە لە گەرما و سەرما، بنەمایەكی سەرەكییەتی. دێرینەكان هیچ كەرەستەیەكیان بەكار نەهێناوە بۆ زیاتر كردنی گەرما و بە پێچەوانەوە ئەو كەرەستانەیان بەكارهێناوە، هێزی ڕاگرتنی سەرما و گەرمایان هەیە. هەر ئەمەیە وادەكات تا ئەم دوایانە، باوباپیرانمان دادیان بەدەست گەرماوە نەبێت، چونكە كەرەستەی بیناسازی گوندەكان و شارەكان، هەمان كەرەستە سروشتییەكانن و هێشتا مرۆڤ ئەو كەرەستانەی بەكارنەهێناوە نە توانای ڕاگرتنی سەرمایان هەیە، نە توانای ڕاگرتنی گەرما و بەڵكو گەرما و سەرما زیاتر دەكەن، وەك كەرەستە مۆدێرنەكانی ئێستای بیناسازی و خانووبەرە و ئەو فشارە زۆرەی بۆ شارەكان و گوندەكانی دروستكردووە، چونكە زۆرێك لە گوندەكانیش سیما دێرینەكەیان لەدەستداوە و لەبەرامبەر شارەكاندا خۆیان دەنوێننەوە. كەرەستە مۆدێرنەكان تەنگ بە مرۆڤی شارەكان هەڵدەچنن، چ لە وەرزی هاوین، چ لە وەرزی زستان. هونەری جوانكاری و ڕووكەش، ئەو دۆخەی بیناسازی گۆڕی، كە باپیرانمان بیریان لێدەكردەوە، ئێستای بیناسازی ڕووكەش و جوانییەكان، شوێنی خۆپارێزی لە گەرماو سەرمای لەدەست داوە.

_تێبینی: قەبا، ناوە دێرینەكەیەتی و پاش هاتنی عەرەبەكان بووە بە عەبا، عابا.