چیرۆكە مێژووییەكانی ئەم خاكە.. (6 - 6)

نەبەز گۆران


5 رۆژ پێش ئێستا

بەشی شەشەم و كۆتایی

زۆرجار لەناو دونیای نووسیندا، بۆ قسەكردن و شرۆڤەكردنی پێكهاتە كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگەی كوردی، جۆرێك لە هەڵەكاری، یان خراپ بەكارهێنانی ڕیزبەندی بۆ پێكهاتە كۆمەڵایەتییەكان دەكرێت و جیاكاریان بۆ ناكرێت. بۆئەوەی ڕێزبەندییەكە وەك خۆی ببینرێت و شوێنی ڕاستەقینەی بناسرێت، پێویستە بە شێوەیەكی تەواو بگەڕێنرێنەوە بۆ ئەو پێگە تایبەتییەی هەیانە و لە چوارچێوەی خۆیاندا تەماشا بكرێن و لەیەك جیا بكرێنەو و واتا و شوێنەكانیان نەشێوێنرێت.

ئەگەر لە سەردەمی میرنشینەكانەوە بۆ ئێستا تەماشای ئەو پێكهاتە كۆمەڵایەتییانە بكەین، بەمجۆرەی خوارەوە دیاری دەكرێن:
_هۆز
_خێڵ
_تیرە
_ماڵبات
_خێزان.

_هۆز: یەكیەكی گەورەیە، لە كۆمەڵێك خێڵ پێكهاتووە. زۆرجار خێڵەكان فدراسیۆنێك پێكدەهێنن، هۆزێك دروست دەكەن. لەناو خاكی كورداندا، چەندین هۆز هەن، وەك هۆزی جافەكان، هۆزی بەختیارییەكان، هۆزی لوڕەكان، هۆزی ڕۆژەكی و هۆزی بەڕۆژی و هەزبانی و،..هتد. ئەم هۆزانە سنوورێكی جوگرافی گەورەیان لەژێر دەستدایە. سەرۆكی هۆز، نوێنەرایەتی كۆی ئەو خێڵانە دەكات لەناو چوارچێوەی ئەم یەكە گەورەیەدا كە ناوی هۆزە، كۆبوونەتەوە. یەكەمین پێكهاتەی گەورەی كۆمەڵایەتییە لەناو دونیای كورددا. جگە لەهۆز هیچ پێكهاتەیەكی دیكەمان نییە، لە هۆز گەورەتربێت. كاتێك باسی ئەم پێكهاتەیە دەكەین، باس لە دەسەڵاتدارترین ئاستی كۆمەڵایەتی دەكەین، چ لە ڕووی شوێنەوە، چ لەڕووی ژمارەی ئەندامەكانییەوە. لە هەڕەمی هۆزدا، ئەنجومەن نییە، سەرۆك هۆز هەیە، هەڕەمێكی ستوونییە و دەسەڵاتەكەی ئاسۆیی نییە، بەڵام لەناو چوارچێوەكەدا هەریەك لە خێڵەكانی سەر بە هۆز دەبن بە بازنەی دەسەڵاتداری و شێوازە دەسەڵاتدارییەكەی گوتییەكان و مادەكان، لە فۆڕمی هۆزدا دروست دەبێتەوە، بە هەندێك جیاوازییەوە. بۆنمونە: وەك فۆڕمی گوتییەكان زۆرجار لە كاتی كۆبوونەوەی هۆزەكاندا، كە زۆربەی سەرۆك خێڵەكان بەشداری تێدادەكەن، جۆرێك لە ڕاوێژ و گفتوگۆ ڕوودەدات و سەنگی قسەی سەرۆك خێڵەكانی ناو هۆز بە هەند وەردەگیرێت، ئەمما سەرۆك هۆز دوا بڕیاردەری سەرەكییە، جیاوازی سەرۆك هۆز لەگەڵ پاشای گوتی لەم خاڵەوە دەست پێدەكات، كە پاشای گوتی ئەنجومەنەكە هەڵیدەبژێرن، بەڵام سەرۆك هۆز وەك میراسی پاشا مادەكان لە باوكەوە بۆ نەوەكەی جێدەمێنێت. 

هۆز پێویستە مێژووی هەبێ‌، ڕیشەی هەبێت، نەریتی هەبێت، پاشان میراسەكەی لە باوكەوە بۆ كوڕ دەگوازرێتەوە و، ئەم نەریتە بووە بە نەریتی خێڵ و خێزانیش. پاش ئەم پێكهاتەیە: خێڵمان هەیە.
_خێڵ: یەكەیەكی بچوكترە لە هۆز. لەناوخۆیدا لە چەند تیرەیەك و ماڵباتێك پێكهاتووە. سنووری دەسەڵاتەكەی دیاریكراوە، ئەمما بە پێی خێڵەكان گەورەو بچوكیان دەگۆڕێت. خێڵ هەیە ژمارەیان زۆرە و هەشە ژمارەیان كەمە. زۆرێك لە نەریتە خێڵەكییەكان، دووبارە جێبەجێكردنەوەی نەریتی هۆز و نەریتە گشتییەكانن. هیچ خێڵێك نەریتی تایبەت بەخۆی نییە و سەر بە نەریتە گشتیەكانی هۆزە. خێڵەكان لە ڕووە مێژووییەكەوە دێرینترن لە هۆزەكان، چونكە دوای گوندنشینییەوە ئەم پێكهاتەیە دروست دەبێت و لە سنووری قەڵەمڕەوی خۆیدا بە پێی‌ خوێن كار بۆ مانەوە و بەرگری لە خۆی دەكات. لەگەڵ كەوتنی دەسەڵاتی دایكدا و گەورەبوونی كۆمەڵەی‌ مرۆڤەكان، خێڵ شوێنی دەگرێتەوە و دەسەڵاتی دایك دەگوازرێتەوە بۆ باوك. بەڵام پاش گەورەبوونی پێكهاتەی خێڵەكان و كاركردن بۆ مانەوە، مرۆڤەكان بیر لە یەكگرتن و پێكەوە ژیان دەكەن و ئەو بیرۆكەیەی یەكگرتنی خێڵەكان، هۆز دروست دەكات. بەو واتایەی: هەموو یەكگرتنێكی چەند خێڵێك لە سنوورێكدا، هۆزێكی لێ‌ بەرهەم دێت.

لە چەند شوێنێكدا نەریتە خێڵەكییەكان لە خێڵێكەوە بۆ خێڵێكی تر گۆڕانكاری بچوكیان بەسەردا دێت، بە تایبەت ئەو خێڵانەی دێنە شارەوە، چونكە شار كار لەسەر هاوڵاتی بوون دەكات و هێزی خێڵ دەپوكێنێتەوە و فۆڕمێكی تر لە مرۆڤ دروستدەكات، كە لە قەڵەمڕەوی خێڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ سیستەمی شار و كۆڵان و گەڕەك. ئەو سیستەمەی شار، دژە خێڵ و هۆزە، تاكێك بەرهەم دەهێنێت ژیان و ئایدیاكانی دەچنە ناو پانتایەكی ئازادەوە و دابڕانێك دروست دەكات. گواستنەوەی ئەندامانی خێڵ بۆ شارەكان، نەریتەكان ئاڵوگۆڕپێدەكات و سیستەمی شار شوێنیان دەگرێتەوە. ئەو خێڵانەی دێنە شارەكانەوە، بە پێی قۆناغەكان ناچارن نەریتەكانیان بگۆڕن و بیرۆكە نوێیەكانی شار قبوڵ بكەن و لە كۆتاییدا لەناو سیستەمی شاردا، خێڵ چیرۆكەكەی دەگۆڕێت و هاوڵاتی شار شوێنی كارەكتەری خێڵەكی دەگرێتەوە. بە پێی ڕیزبەندییە كۆمەڵایەتییەكە پاش خێڵ تیرە دێت. 

_تیرە: یەكەیەكی بچوكی ناو خێڵە. لە ڕیشەیەكی زۆر نزیكەوە بۆ نەوەكان دروست دەبێت. هیچ نەریتێكی تایبەتی سەربەخۆی نییە و نەریتی خێڵ جێبەجێ‌ دەكات. تیرە ئەو یەكەیە خوێن و خزمایەتییەكی نزیك بە پێی سولالەی باوباپیر و باوك و كوڕ و ئامۆزا و پورزا و هتد دروست دەبێت. چەند تیرەیەك پێكەوە خێڵێك دروست دەكەن، سەرۆكی تایبەت بەخۆی نییە، بەڵام ڕیش سپی و دەم سپی هەیە. كە مرۆڤێكی بە ئەزموون و گوێلێگیراوە و لە زۆرێك لە كێشەكان و خۆشییەكاندا بەشداری دەكات و داواكانی ڕێزلێگیراوە. تیرە هەوڵی خۆجیاكردنەوە نادات لە خێڵ. هەمیشە تووند خۆی گرێدەدات بە خێڵەوە و خێڵ دەبێتە ئەو شورا بەهێزەی تیرە لە تەنیشتەوە دەوەستێت بۆ خۆپاراستنی. هەموو تیرەیەك لە چەند ماڵباتێك پێكدێت. 
_ماڵبات: یەكەیەكی بچوكترە. لە سێ‌ نەوە زیاتر تێناپەڕێت. ئەم پێكهاتەیە لە زۆر شوێنەكانی كوردستان. كە پێكهاتەی خێڵیان تێدا نییە، دەبێتە یەكەیەكی بنەڕەتی: بۆ نمونە: لە سنووری ناوچەكانی هەورامان، نە هۆز هەیە، نە خێڵ. یان تیرە هەیە، یان ماڵبات. ئەم یەكانە سەرۆكی تایبەت بەخۆیان نییە، چونكە لەو سنوورانەدا، گوند لەبری سەرۆك خێڵ و سەرۆك هۆز و سەرۆك تیرە، ڕیش سپی و دەم سپی هەیە، كە نوێنەرایەتی كاری چاكە و چارەسەركردنی كێشەكان دەكەن. ئەمما ماڵباتەكانی شوێنەكانی دیكە، وەك هەموو یەكەكانی تر خۆیان گرێدەدەنەوە بە خێڵ و هۆزەكانەوە. ماڵبات تەنها شوناسێكی دیاریكراوی سێ‌ نەوەیە كە خزمایەتییەكی زۆر نزیكیان هەیە. دواهەمین پێكهاتەی كۆمەڵایەتی و بنچینەیەترین پێكهاتە كۆمەڵایەتییەكان خێزانە.

_خێزان: یەكەیەكی تایبەتی دیاریكراوە. نەریتی گشتی جێبەجێ‌ دەكات. بنچینەی هەموو گۆمەڵگەیەكە. شوێنێكی گرنگ داگیردەكات بۆ بەرهەم هێنانی مرۆڤ و بەهاكان. نەریتەكانی لە پێشخۆیەوە وەردەگرێت، زۆرجار سیستەمی شار دونیابینی خێزان دەگۆڕێت و واتایەكی تری پێدەدات، بەڵام هەمیشە خێزان دەیەوێت لەناو چوارچێوە تایبەتییەكەی خۆیدا بەرگری لەو نەریت و بەهایانە بكات خێزانی لەسەر پێكهاتووە. باوك و دایك لە پێكهاتەی خێزاندا لوتكەی هێما گرنگەكانن و دامەزرێنەر و درێژە پێدەرین. 

لەڕووی كولتوورییەوە، هەموو ئەم پێكهاتانە كۆدەنگییەكیان هەیە. چونكە كولتوور ڕیشەیەكی قوڵی هەیە و لە گوندنشینەوە ڕیشەكەی داكوتراوە. بەڵام زۆرجار نەریتی خێزانی دەبێتە نەریتی خێڵەكیش، ئەمما بۆ كولتوور هیچكام لەم پێكهاتانە هێزی ئەوەیان نییە گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی لە كولتووردا بكەن، چونكە كولتوور دوا قۆناغە و لە گوندنشینیەوە دروست بووە پێویستی بە مێژووییەكی قوڵ و دانپێدانانێكی گشتیی هەیە، تاكو دروست بێت. بۆئەوەی ڕێزبەندی كولتوور و نەریت و دیاردە و خوو، جیا بكەینەوە، سەرنجێكی كورتی لەسەر دەدەین.

بۆ نمونە: خوومان هەیە، كە تایبەتەو سەر بە تاكە كەسێكە، واتە: خوو لە دەرەوەی تاكە كەس نییە، دەڵێن: فڵانكەس خووی بەو شتەوە گرتووە، خوو نابێتە پرسێكی خێزانی یان پرسێكی تیرەیی و ماڵباتی و هتد. خوو سنوورێكی تەسك دیاری دەكات، كە سنووری تاكە كەسە. پاش خوو، دیاردەمان هەیە، دیاردە تەمەنی دیاریكراو نییە، پرسێكیش نییە هەمووان جێبەجێی بكەن، نمونە: دیاردەمان هەیە هەزاران ساڵە وەك دیاردە ماوەتەوە و هێزی ئەوەی نییە ببێت بە نەریت، وەك دیاردەی كوشتن، دیاردەی دزیكردن، كە دیاردەی بێزراون و نەریت قبوڵیان ناكات. 

پاش دیاردە نەریتمان هەیە. نەریت لەناو خێزانەوە بۆ خێڵ و هۆز شوێنی خۆی دەگرێت، هەندێك نەریت هەن دەبنە نەریتی گشتی، بەڵام ئەگەرچی گشتیش قبوڵیان دەكات، لێ‌ نابنە كولتوور. بۆ نمونە: نەریتی ڕێزگرتن، نەریتێكی گشتییە، مێژووی هەیە، لە خێزانەوە بۆ هۆز پەیڕەو دەكرێت، بەهایەكی بەرزی هەیە. بەڵام وەك نەریت ماوەتەوە و نەگەیشتوە بە كولتوور، كولتوور زۆر قورسە، جگە لە دیوە مێژووییەكەی دانپێدانانێكی مێژووی و گشتی پێویستە. دواهەمین قۆناغە كە كۆی كۆمەڵگە پێكەوە ڕەزامەندبن لەسەری و جێبەجێی بكەن. بۆ نمونە: هەندێك نەریتی خێڵەكی هەیە، لەناو خێڵێكدا جێبەجێدەكرێن و لە شوێنێكی دیكە قبوڵكراو نین. ئەمما كاتێك وتمان كولتوور، واتە قسە لەسەر چەمكێك دەكەین هەمووان قبوڵیانە، وەك كولتووری ئیشكردن، كولتووری خێزان دروستكردن و هتد. ئەوەی ئەمڕۆ بەناوی كولتوورەوە قسەی لەسەردەكرێت زۆربەی كولتوور نییە، یان خووە، یان دیاردەیە، یان نەریتە. بەڵام چونكە دەستەواژەكان بە وردی لە شوێنی خۆیاندا شرۆڤە نەكراون، تێكەڵكردنیان بووەتە پرسێكی ئاسایی، تەنانەت كولتوور و كەلەپوریش پێكەوە تێكەڵ دەكرێن، لە كاتێكدا كەلەپوور هەموو ئەو كەرەستانە دەگرێتەوە بەدەست دروست دەكرێن، ئەمما كولتوور لەناو هزردایە، كەرەستە نییە. بۆیە سەرنج دەخەینە سەر ئەم ڕێزبەندیانە، بۆئەوەی بەهوشیارییەوە لە شوێنی خۆیاندا بەكاربهێنرێن و ئەو تێكەڵكردنەیان نەیان شێوێنێت و لە مانا تایبەتییەكانی خۆیان دایان نەماڵێت. ئەمە تەنها وەك سەرنج دەكرێت لە بەشی داهاتوو بە وردی لەسەر ڕیشەناسی هەریەك لەم چەمكانە، كولتوور و نەریت و دیاردە و خوو، بەوردی تێبینی بدەین و ڕیشە مێژووییەكەیان دەربخەین.