عارف قوربانی
4 رۆژ پێش ئێستا
ساڵی رابردوو لە گەرماوگەرمی راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە مانگی ئۆكتۆبەر لەدیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا مەترسی ئەوەم خستەڕوو كە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان و دابەشبوونی كورسییەكان بەسەر هێزە بەشدارەكانی هەڵبژاردن بەجۆرێكە یارمەتیدەر نییە بە ئاسانی بتواندرێت كوردستان لەو چەقبەستوییە سیاسییەی بەهۆی ناكۆكیی نێوان پارتی و یەكێتییەوە تێیكەوتووە، دەرباز بكات. بۆیە باوەڕم وابوو پارتی و یەكێتی دروستكردنی كابینەی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبەستنەوە بە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە كە بڕیارە لە مانگی یازدەی ساڵی 2025 ئەنجام بدرێت، بەوەش پێكهێنانی كابینەی دەیەمی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ناو ساڵی 2026ـەوە.
لەبەر ئەوەی سێ لیستی براوە (پارتی، یەكێتی، نەوەی نوێ) زۆر زوو هەریەكە و پڕۆژە و مەرجی خۆی بۆ جۆری پێكهێنانی حكومەت خستەڕوو، كەم كەس لایەنگریی ئەو بۆچوونە بوون كە پێكهێنانی كابینەی دەیەم بەو ئەندازەیە دوا بكەوێت. چاوەڕوان دەكرا ئەم سێ هێزە یان دووان لەمان و چەند فراكسیۆنێكی بچووك بتوانن كابینە پێكبهێنن. بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی دوای چەند مانگێك دواخستن توواندرا یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجام بدرێت و بەدوای ئەویشدا لەسەر ئاستی باڵا هەردوو حیزبی سەرەكی یەكێتی و پارتی لیژنەیان دروستكرد بۆ ئامادەكارییەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەم، بەڵام هەر ئەوكاتیش ئاماژەكان روون بوون كە ناتوانن بەسەر كێشە و ناكۆكییەكانیاندا زاڵ بن و كۆبوونەوە یەك لەدوای یەكەكانیشیان بۆ ئەوە بوو یاری بەكات بكەن، تاوەكو دەگەنە وادەیەك بەهۆی نزیكبوونەوە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كاتی ئەوەیان نەبێت خۆیان بە پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەتی هەرێمەوە سەرقاڵ بكەن.
ئێستا گەیشتووین بەو كاتە وا 10 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تێدەپەڕێت، جگە لە هەندێ لێدوانی میدیایی، هیچ هەنگاوێكی كرداری نابیندرێت بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بتوانێت حكومەتێكی نوێ دروست بكات، لەكاتێكدا حكومەت و سەرۆكایەتیی هەرێم، بەبێ هیچ یاسا و بڕیارێكی پەرلەمان، یان بێ كۆدەنگییەكی هێزە سیاسییەكان، چوار ساڵە تەمەنی خۆیان درێژ دەكەنەوە.
بۆ دەربازبوون لەو چەقبەستووییە سیاسی و ئیدارییەی هەرێمی كوردستان چەند مانگێك لەمەوبەر لە وتارێكدا لە رووداو پێشنیازی ئەوەم كرد كە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆتایی ئەم ساڵ، هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستانیش ئەنجام بدرێتەوە، چونكە ناكرێت ئەم دامەزراوە گرنگەی هەرێمی كوردستان بە پەكخراوی بمێنێتەوە. سەرباری ئەوەی هەندێ لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانیش هەمان پێشنیازیان كردەوە و لە دادگەی باڵای فیدراڵیش سكاڵا تۆماركرا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ناچاركردنی هەرێمی كوردستان بە سەرلەنوێ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن، بەڵام ئەنجامەكەی هیچی لێ شین نەبوو، چونكە ئاشكرایە دادگەی فیدراڵی بڕیارێك نادات لە رووی ستراتیجییەوە لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان بێت، ئەوان پێیان خۆشە دۆخی كوردستان بەمجۆرە بمێنێتەوە و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان شەرعیەتی یاسایی و دەستووری و جەماوەری لەدەست بدەن.
ئەوەی لێرەدا دەمەوێت بیڵێم مەترسییەكی دیكەیە، نوقڵانەی دۆخێكی خراپ و مەترسیدارترە بۆ داهاتووی حوكمڕانیی خۆماڵی لە باشووری كوردستان. لەكاتێكدا لەدوای لاوازبوونی ئێران و رووخاندنی رژێمی سووریا و لەو ئەگەر و پێشهاتانەی چاوەڕوان دەكرێت لە ناوچەكە رووبدەن، بۆ كورد وەك نەتەوە ئاسۆی خۆرێكی گەش لە هەڵاتندایە، بەڵام ئەوەی مایەی هەڵوەستە لەسەركردن و گرفت و لەمپەری بەردەم هەر دەستكەوتێكیشە بۆ كورد، مانەوەی هەرێمی كوردستانە لەناو ئەم بازنە چەقبەستووەدا.
ئەوەی چاوەڕوان دەكرا وەك ئەگەرێكی ناچاری، پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە هەرێمی كوردستان ببەسترێتەوە بە دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، ئەو ئەگەرەش بەرەو مرداربوونەوە دەڕوات. ئەگەر پارتی و یەكێتی رێگەی رێككەوتنێكی دیكەی هاوشێوەی رێككەوتنی ستراتیژی نەگرنەبەر، بەدڵنیاییەوە پێتان دەڵێم هەڵبژاردنی عێراقیش تەواو دەبێت و كابینەی تازە لە بەغداش پێكدێت و هەرێمی كوردستان وەك خۆی دەمێنێتەوە. نەدەتوانن پەرلەمان بەگەڕ بخەنەوە، نە دەشتوانن كابینەی نوێی هەرێمی كوردستان پێكبهێنن. بەوەش هیچ مانایەك بۆ هەڵبژاردن و شەرعیەتی حوكمڕانی نامێنێتەوە.
لێرەدا پرسیاری جەوهەری ئەوەیە پارتی و یەكێتی بۆ رێك ناكەون؟ لەكاتێكدا مەحكوومن بەوەی پێكەوەبن، چارەنووسی خۆیان و هەرێمەكەش بەستراوە بە جۆری مامەڵەیانەوە لەگەڵ یەكدی، ئایا هەر بەڕاستی گرفتێكی هێندە گەورە هەیە نەتوانن چارەسەری بۆ بدۆزنەوە؟ لەكاتێكدا پێشتر و لە چەند قۆناخێكی زۆر خراپی پەیوەندیی نێوانیاندا، تەنانەت ئەوكاتانەی دەستیان لە خوێنی یەكدیشدا بوو، توانیویانە بەسەر ئاستەنگەكاندا زاڵ بن. ئێستا بۆ ناتوانن ناكۆكییەكان تێپەڕێنن؟ لەكاتێكدا بە ئەزموونیش بۆیان دەركەوتووە لە هەر پێكەوەبوونێكیاندا هەم خۆیان قازانجیان كردووە و هەم گەلی كوردستانیش. لە پێچەوانەكەشی خۆیان و خەڵكی كوردستانیش زیانمەند بوون.
جاران مام جەلال و كاك مەسعود دەیانتوانی بە سازشكردن بۆ یەكدی، یاخود سازشی یەكێكیان بۆ ئەوی دیكە، ناكۆكییەكان وەلا بنێن، بەڵام پارتی و یەكێتی ئێستا جیاوازن و پێناچێت هیچ كامیان سازش بۆ ئەوی دیكەیان بكات، یان ئامادەی سازشكردن بن بۆ یەكدی. سەرباری ئەوەی كە كێشەكانی ئێستا بەراورد بە رابردوو زۆر سادەن، بەڵام هیواكانی گەیشتن بە رێككەوتن و ئەگەرەكانی تێپەڕاندنیان لاوازن. بەردەوامبوونی ئەم ناكۆكییانەش دواجار رەنگە سەری هەرێمی كوردستان و قەوارەكەشی بخوات.
بێگومان كێشەو ناكۆكیشیان لەسەر دەسەڵاتە، لە خولی پێشووی رێككەوتنی ستراتیژی وا رێككەوتبوون پشكی شێری بەشی كورد لە دەسەڵاتی بەغدا لای یەكێتی بێت و هەرێمی كوردستان بۆ پارتی، بەڵام دوای لاوازبوونی پێگەی كورد لە بەغدا، یەكێتی هەستی بەوە دەكرد لە هەرێمی كوردستان فەرامۆشكراوە و داوای راگرتنی هاوسەنگی دەكرد. پارتیش ئەمەی رەتدەكردەوە و ئامادەی ئەوە نەبوو سازش بۆ بەرانبەرەكەی بكات، بەهۆیەوە ناكۆكی و ململانێكانیان گەیشتە دەستبادان و هەوڵی دەستشكاندنی یەكدی. لاوازبوونی كورد و ئەو گورزانەی لە بەغداوە بەر هەرێمی كوردستان كەوتن، هەمووی دەرئەنجامی ئەو ململانێ و ناكۆكییانەی نێوان ئەم دوو حیزبە بوون.
سەیر بكەن، ئەوكاتەی رێككەوتنی ستراتیژییان هەبوو، پێگەی كورد لەچی ئاستێكدا بوو. ئێستا ببینن بەهۆی ناكۆكیی ئەمانەوە گەیشت بە كوێ. جا با ئەوە بهێنینە پێشچاوی خۆمان ئێستا بەم پێگە لاوازە و بەم دۆخە خراپەوە، ئەگەر ناكۆكیی و دەستشكانی یەكدییان بەردەوام بێت، چوار ساڵی دیكە چی بۆ كورد دەمێنێتەوە؟
دڵنیایی و متمانە گرنگن بۆ پەیوەندیی تەندروستی سیاسی. پارتی و یەكێتی نە متمانەیان بەیەكدی ماوە و نە بە ئاسانیش دڵنیایی لەنێوانیان دروست دەبێتەوە. چارەسەر ئەوەیە بەجۆرێكی دیكە لە دابەشكردنەوەی پۆستەكان و ئاڵوگۆڕی هەندێ لەو پۆستانەی نێوان هەولێر و بەغدا لەنێوان خۆیاندا، بەجۆرێك كە هەردوولا هەست بەوە بكەن لە بەغدا و لە هەولێر جۆرێك لە هاوسەنگی لە پشك و پۆستەكاندا هەیە. رەنگە بۆ دۆخێكی وەك ئێستا تا ئەندازەیەك یارمەتیدەربێت لە تێپەڕاندنی ناكۆكییەكان. ئەوكات پارتی نیگەرانی ئەوەی نامێنێت كە یەكێتی دەسەڵات لە بەغدا لەدژی بەكاردەهێنێت و یەكێتیش نیگەرانی ئەوە نابێت لە هەرێمی كوردستان هاوبەش نییە لە دەسەڵات. دەشبێتە زەمینەخۆشكەری هەلومەرجێك كە بتوانن رێككەوتنێكی درێژمەوداتر بكەن.
ئەگەر ئەمە نەكەن، ناتوانن بە پینەوپەڕۆ سەختییەكانی قۆناغەكانی داهاتوو تێپەڕێنن. بەهۆی ئەوەشەوە كە كێشەی كورد و وێناو رەوایەتیی مەسەلەی كوردیشیان وابەستەی خۆیان كردووە، لاوازبوونی پێگە و بێهێزیی ئەوانیش راستەوخۆ رەنگدانەوەی لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی میللـەتەكەمان هەیە. بۆیە سەرباری هەموو خراپەكارییەكانیان، تاوەكو ئەوكاتەی ئەم قۆناخی راگوزەرە تێدەپەڕێنین، دەبێت پەرۆشی بە بەهێزی مانەوەی ئەم بزووتنەوە سیاسییە بین كە پێی دەگوترێت بزووتنەوەی سیاسیی كورد لە باشووری كوردستان. دڵنیایی بەهێزی بزووتنەوەكەش بەستراوە بە پێكەوەبوونی پارتی و یەكێتییەوە.
لە رووداو وەرگیراوە