عارف قوربانی
2 کاتژمێر پێش ئێستا
بەهۆى ئەوەى درووشمى بانگەشە و بەرنامەى سیاسیی حیزبەکانى بەشدار لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە لە ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردوو بەڕێوەچوو، بەشى زۆرى رەنگدانەوەى ئەو ململانێ و ناکۆکییە سیاسییە بوو کە لەنێوان حیزبەکان هەبوو، بۆیە تا ئەندازەیەک چاوەڕوانکراو بوو کە دواى هەڵبژاردن هێزە براوەکان بە ئاسانى نەتوانن لەسەر مێزى گفتوگۆ کۆببنەوە بۆ پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان. بەتایبەتیش بەهۆى ئەوەى دواى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق نزیک دەبووەوە، ئەوەش هۆکارێکى دیکە بوو لە ترسى کاردانەوەى دەنگدەرەکانیان هیچ کام لە هێزە سیاسییەکان نەتوانێت پاشەکشە لە درووشم و بەڵێنى کاتى بانگەشەکانى بکات. بۆیە هیچ لایەنێک سازشى لەو درووشمانە نەکرد کە بەر لەهەڵبژاردن بەرزیانکردبووەوە. ئەوەش ئاویکردە ئاشى دواخستنى کاراکردنى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتەوە، بەڵام ئەوە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقیش تەواو بوو، سەربارى هەندێ بەرزى و نزمى لە دەنگ و کورسى لایەنەکانى کوردستان، شتێکى ئەوتۆى لە هاوسەنگى هێز و هاوکێشەى سیاسى نەگۆڕا.
ئایا هێزە سیاسییەکان دەروازەیەک بۆ رزگاربوون لەو دۆخە چەقبەستووەى هەرێمی کوردستان دەدۆزنەوە؟ یاخود جارێ سەرقاڵى چنینەوەى دەستکەوتەکانى بەغدا دەبن؟ بەرنامەى سیاسیی هەر کام لە هێزە سیاسییەکان بخوێنیتەوە، یاخود لێدوان و چاوپێکەوتنى هەرکامیان دەبینیت، ئەولەویەتیان خزمەتکردنە بە کوردستان. هەر سیاسەتێکیش لەگەڵ بەغدا و دونیاى دەوروبەر و جیهان پەیڕەوى دەکەن، ئامانجەکە هەر بۆ گەشەپێدانى سیاسى و بەهێزکردنى پێگەى کوردستانە، بەڵام جێى داخە ئەمانە تەنیا قسەى سەر زارن، نەک کردار.
لە چەند ساڵى رابردوو بەهۆى پەیڕەوکردنى سیاسەت و بڕیارێکى هەڵەى پارتى و یەکێتی و بزووتنەوەى گۆڕانەوە بە درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمان، کە هیچ بنەمایەکى یاسایى و هۆکارێکى لۆژیکى و واقیعى نەبوو، چارەنووسى ئەو دامەزراوە دەستوورییەى کوردستانیان دایە دەست قەدەرى دادگەى فیدراڵى و ئەویش مەردانە دارى دا بە رووحى کوردستاندا و پەرلەمانەکەى هەڵوەشاندەوە. بۆ هەلومەرج و دۆخێکى تایبەتمەندى وەک باشوورى کوردستان و ئەو نیمچە قەوارە سەربەخۆ کوردییەى ناوچەکە، سەربارى ئەوەى پارتى و یەکێتى هەر لە بنەڕەتەوە وەک دامەزراوەیەکى ئیفلیجکراو دایان مەزراند، بەڵام بوونى پەرلەمان وەک پێویستیی رووح وابوو بۆ جەستە. بۆیە عاقڵمەندانى کورد لە باشوور و هەموو پارچەکانى دیکەى کوردستان پەرۆشى ئەوە بوون هەرچۆنێک بێت، دەبێت لە باشوورى کوردستان پەرلەمان دروستبکرێتەوە. پاش بێنەوبەرەى زۆر و بڕوبیانووى جۆراوجۆرى بەغدا بەهۆى نەبوونى یاساى هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و نەمانى کۆمیسیۆن و هەرجارەى بیانوویەک، بۆشایى بێپەرلەمانى لە هەرێمى کوردستان زۆر درێژەى کێشا، بەڵام سەرئەنجام لە ئۆکتۆبەرى ساڵى 2024 هەڵبژاردن ئەنجام دراو دەرگە بە رووى کوردستاندا کرایەوە ئەو دامەزراوە شەرعى و دەستوورییە کە بۆ کوردستان کۆڵەکەى بنەڕەتى بەپێوە وەستانى بوو، بخاتەوە کار، بەڵام وا ساڵێک و مانگێک بەسەر هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستاندا تێپەڕیوە، هێشتا نەتواندراوە پەرلەمان کارا بکرێتەوە و دەستەى سەرۆکایەتیی بۆ دیاری بکرێت و هەنگاوەکانى پێکهێنانەوەى حکومەتێکى نوێ بگیرێتەبەر. وەک لە سەرەوە ئاماژەم بۆ کرد کۆسپى گەورەى بەردەم کاراکردنى پەرلەمان، پاساوى ناڕەوا و هۆکارەکانى لێکنزیکنەبوونەوەى هێزە سیاسییە براوەکانى هەڵبژاردن، بیانووى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بوو. ئەوە ئەو بیانووەش نەما و چاوەڕوانییەکان ئەوەیە کە ئیدى پەلە بکرێت لە دەستبەرکاربوونى پەرلەمانى کوردستان و پرۆسەى نوێکردنەوەى دامەزراوە حوکمڕانییەکانى.
کارانەکردنەوەى پەرلەمان و پێکنەهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان، هەرێمى کوردستانى تووشى دۆخێکى چەقبەستوو کردووە. پێگەى کوردستانى لەناو عێراق و لە هاوکێشەکانى ناوچەکە و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان لاوازکردووە. ئەگەر حیزبە سیاسییەکانى باشوورى کوردستان، ئەولەویەتیان کوردستان بووایا، نەدەبوو پرۆسەى سیاسى و دامەزراوە شەرعى و دەستوورییەکانى بگەیێنن بەم دۆخەى ئێستا. پاساو و بیانووەکانیان هەرچییەک بووبێت ناڕەوا بوون. بەهەر حاڵ تازە زەمەن ناگەڕێتەوە و هەرچییەکیش بۆ ئەو رابردووە بگوترێت کە دەبوو وابکەن و وایان بکردایا، وەک کەپنەکى پاش باران وایە، بەڵام دەتواندرێت بە هەڵگرتنى بەرپرسیارێتى و سیاسەتى دروست قەرەبووى ئەو لە دەستچووانە بکرێتەوە. پێویستە هەرچى زووە پەرلەمان دەست بەکارەکانى بکات و ناکرێت چی دیکە ئەم پرۆسەیە دوابخرێت، بەرپرسیارێتى سەرەکیشى لە ئەستۆى پارتى و یەکێتییە وەک دوو هێزى سەرەکى و براوەى هەڵبژاردن و زۆرینەى پەرلەمانى کە دەرکەوت هیچ کامیان بەبێ ئەویتریان ناتوانن نە پەرلەمان کارابکەنەوە و نە حکومەت پێکبهێنن. لەبرى هەر سیناریۆیەکى دیکە کە بیرى لێدەکەنەوە، باش وایە هەر لایەکیان شتێک لە خواست و داخوازییەکانى بێتە خوارەوە تاوەکو دەگەن بە خاڵى سازان. ئەگینا دوور نییە جارێکى دیکەش ئەم دامەزراوە دەستوورییە چارەنووسى بکەوێتەوە دەستى دادگەى فیدراڵى و ئەویش بە قەدەرى هەڵوەشاندنەوەى بسپێرێت.
چەند رۆژێکە لەلایەک پارتى وەک کارتى هەڕەشە، پرسى دووبارە ئەنجام دانەوەى هەڵبژاردن دەوروژێنێت، یەکێتیش پێدەچێت روو لە بەغدا بێت بۆ بەکاربردنى دەزگا یاسایى و دەستوورییەکان بۆ چۆنێتى مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخە چەقبەستووەى هەرێمی کوردستان. لە هەردوو حاڵەتەکەشدا رێگەکە بۆ کوردستان قورستر و سەختترە لەوەى ئەگەر هەر سازشێک بۆ یەکدی بکەن، چونکە ئێستا هیچ گرەنتییەک نییە بتواندرێت هەڵبژاردن لە هەرێمى کوردستان ئەنجام بدرێت کە بەندە شەش مانگ پێش ئێستا لە وتارێکدا داوام لێکردن ئەگەر بڕیارتانداوە بەوەى پەرلەمان کارا نەکەنەوە، تا زووە لەگەڵ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقدا، لە هەرێمی کوردستانیش پرۆسەى دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردن ئەنجام بدەن. ئەوکات دەکرا وەک یەک پرۆسە ئەم دوو هەڵبژاردنە پێکەوە بەڕێوەببرێت، بەڵام بۆ داهاتوو مەحاڵە، چونکە تەمەنى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق تەواو بووە و پێشتر بۆ ماوەیەکى کاتى و بەڕێوەبردنى ئەم هەڵبژاردنەى 11-11 تەمەنى درێژکرایەوە. کات و دەرفەتى ئەوەیان لەبەردەم نەماوە سەرپەرشتى ئەنجامدانەوەى هەڵبژاردن لە کوردستان بکەن، هەرێمی کوردستان خۆیشى کۆمیسیۆنەکەى لەکارخراوە و ناتوانێت لە رێگەى هیچ دەزگا و دامەزراوەیەکى دیکەشەوە سەرپەرشتیی هەڵبژاردن بکات. بۆیە بیرکردنەوە لەوەى رێگەى ئەنجامدانەوەى هەڵبژاردن بگیرێتەوەبەر، رێگەی بەردەمى خەرەندە و چارەنووسى پەرلەمان دەخاتەوە ناو گێژاوێکى خراپترەوە.
ئەوانەشى بیر لەوە دەکەنەوە کە رێگەی بەغدا و دادگەى فیدراڵى بگرنەوەبەر، داهاتوویەکەى دیارە و ئەزموونى چەند ساڵی پێشوترمان لەبەرچاوە کە سپاردنى پەرلەمانى کوردستانە بە قەدەرى هەڵوەشاندنەوە. لەو دۆخەشدا رەنگە تاوەکو ساڵانێکى دوورتر نەتواندرێت پرۆسەیەکى دیکەى هەڵبژاردن لە کوردستان ئەنجام بدرێت. بەمەش چارەنووسى دامەزراوە دەستوورییەکانى دیکەى وەک سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەت و دەزگاى دادوەریش دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
پرسیار ئەوەیە بۆ بیر لەو رێگە و کارتانە دەکەنەوە کە لوتتان دەدات بە بەردى ئەلحەد دا. بۆ بیر لە سازشکردن بۆ یەکدى و رێککەوتن ناکەنەوە کە بە رێککەوتنى نێوانتان دۆخى سیاسى و سەقامگیریى هەرێمى کوردستان بۆ خۆتان و دەسەڵات و بەرژەوەندیی حیزبەکانیشتان فەراهەم دەکات. دەبێت تەماشا بکەین بزانین حیزبە سیاسییەکان کە ئیدیعاى کوردستانى بوون و پەرۆشى پێگە و داهاتووى کوردستان دەکەن، بە دواى دەروازەکانى دەربازبوون لەم دۆخە چەقبەستووەى هەرێمدا دەگەڕێن، یاخود دەکەونە هەڵپەى چنینەوەى دەستکەوت لە بەغدا؟
لە رووداو وەرگیراوە