سەردار عەزیز
3 کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر لە 30 ساڵە سۆمالیلاند نیمچە سەربەخۆیە، بەڵام هیچ وڵاتێك لە دونیادا دانی پیادانەناوە. بۆیە پرۆسەی سەربەخۆییەكەی هەڵبەستراوە، یان چوتە دۆخی بەستەڵەكەوە. كەلاری واتەنی جەمەد بییە.
دانپیانانی ئیسرائیل ئەگەری هەیە هاوكێشەكە بگۆڕێت. زۆر بە كورتی چەند سەرە قەڵەمێك
یەكەم، عەقیدەیەكی كۆنی ئیسرائیلی هەیە كە گەلانی ناوچەكە نابنە دۆستی، بۆیە دەبێت بە دوای دۆستی تردا بگەڕێت كە جیاوازن لە گەلانی ناوچەكە. سۆمالیلاند دەچێتە ناو ئەو هاوكێشەوە.
دوو، تورك لە سۆماڵ زۆر ئامادە و بەهێزن، لە ڕاستیدا لە سەرتاپای ئەفریقا. ئەو وڵاتەی زۆرترین باڵوێزخانەی هەیە توركیایە. ئایا ئەمە جوڵەیەكە دژ بە توركیا یان بۆ دەستهێنانی كارتە بەرامبەر توركیا لە شوێنی تر بۆ نمونە سوریا.
سێیەم، ئیمارات و ئیسرائیل زۆر لە یەكەوە نزیكن لە شێواز كاركردن و مامەڵەیان، ئیمارات لە سۆمالیلاند ئامادەیە، ئیسرائیل ڕەنگە سود لەو توانا و ئامادەییەی ئیمارات وەربگرێت لەوێ.
چوارهەم، دەریای سور بوو بە بەشێك لە ناوچەی مەترسی لە سەر ئیسرائیل پاش هێرشەكانی یەمەن، بۆیە ئامادەیی ئیسرائیل لەو ناوچەیە وەك بەشێكە لە ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتە.
پێنجەم، ئایا ئەمە دەروازەی كردنەوەی هەناوی وڵاتانی ناوچەكەیە لە بەردەم دانپیانانی نێودەوڵەتیدا، كە دەبێتە مایەی نیزامێكی تەواو جیاواز لە ناوچەكە، بە سودی ئیسرائیلە.