لەبارەی چەمچەماڵەوە، ئەمەیان بە خەڵك ناكرێت

عارف قوربانی


14/12/2025

 

لەگێڕانەوەی چیرۆكی زۆربەی خێزانەكانی چەمچەماڵ و لە بەشێك لەو تۆمارە ڤیدیۆیانەش كە لە كامێرای چاودێریی ناو كۆگا و قوتابخانە و دووكانەكانەوە دەیانبینین، لافاوەكەی چەمچەماڵ لە ماوەی چەند ساتێكی زۆر كورت دروستبووە، خێرایی و كوتوپڕی گەیشتنی ئاوەكە بەجۆرێكە تەنیا دەرفەتی ئەوە هەبووە بەخێرایی رابكەنە سەربان و لە ماڵە دراوسێوە خۆیان رزگار بكەن. 

كاتێ دیمەنەكانم دەبینی و گوێم لە گێڕانەوەی ئەو دایك و باوكانە بوو چەند بە زەحمەت منداڵەكانیان گەیاندووەتە سەربان، هەزار جار دەمگوت، سوپاس بۆ خوا كە ئەم لافاوە لە شەوێكی درەنگدا نەبوو. ئەگینا بە هەزاران كەس لە كەسوكارمان لە (چەمچەماڵ و شۆڕش و تەكیە) لە شیرینی خەودا دەبوونە قوربانی. كارەساتەكە زۆر ئازار بەخشە، بەڵام دیمەنەكانی بە هاناوەچوونی خەڵك و پەرۆشیی كوردستانیان لە دەڤەرە جیاجیاكان، لە منداڵێكی هەشت نۆ ساڵەوە كە دەخیلەكەی دەبەخشێت بۆ كەمپەینەكانی كۆكردنەوەی كۆمەك بۆ لێقەوماوان، لە دیمەنی بەرماڵی راخراوی ناو مزگەوتەكانەوە، بۆ هەڵمەتی تاك و رێكخراوەكان تاوەكو دەگات بە بەخشینی سەتان ملیۆن و ملیاران دیناری بەخشینی كۆمپانیاو سەرمایەداران، وێنایەكی ئارامبەخش و سەبووریی خەم و ئاماژەیەكی دڵخۆشكەرە كە لە سەردەمی لە دەستچوونی زۆرێك لە بەهاكاندا، لەنێو میللـەتی ئێمەدا هێشتا بەها ئینسانی و كۆمەڵایەتییەكان بەو ئەندازەیە ماوەتەوە. ئەگەر بەهاناوە هاتنی خێرای ئەوان نەبووایە و چاوەڕوانی لیژنە و لیژنەكاری حكومەتەكانی بەغدا و كوردستان بكرابایە، كارەساتی گەورەتری بەدوادا دەهات.

وەك چەمچەماڵییەك بە گەروویەكی پڕ لە تاسە و چاوێكی پڕ لە فرمێسكەوە، بەدەم ئازارەوە خۆشحاڵی دەردەبڕم بۆ هەڵوێست و بە تەنگەوەهاتنی هاووڵاتیانی شارەكانی دیكەی كوردستان، سوپاسگوزاری یەكەیەكەی ئەو خاوەن كۆمپانیا و سەرمایەدارانەم كە گیانی بەخشینیان تیایە و دەیانەوێ بەشداربن لە كەمكردنەوەی خەم و ئازاری هاوشارییەكانم. سەرەڕای تێبینی و نیگەرانیمان لەوەی هەندێ (میدیای حیزبی) ئازار و برینی چەمچەماڵیان كردووەتە كەرەستە و ئامرازی قوڵكردنەوەی ناكۆكیی نێوانیان، بەڵام هەر سوپاس گوزاری یەكەیەكەی ئەو میدیاكار و كەناڵانەی راگەیاندنم رووماڵی برین و ناسۆرییەكانی ئێمە بوون. 

راستە زیانەكانی كارەساتەكە زۆرن، بەڵام بەدەنگەوەهاتن و كۆمەك و هاوكارییەكانیش كەم نین. دەتواندرێت بكرێتە هەوێنی ساڕێژی برینەكان. لە رووی مادییەوە ئەوەی كۆكراوەتە هێشتاش هەر بەردەوامی هەیە، ئەگەر بە پلان و لە دەستێكی ئەمیندا دابەش بكرێت، بەشی ئەوە دەكات هەموو ئەو ماڵانەی زیانیان بەركەوتووە بە ئەندازەی پێویست قەرەبوو بكرێنەوە، هەموو ئەوانەی ئۆتۆمبێلیان ئاو بردوویەتی، یان دووكان و كۆگا و كێڵگەیان زیانیان پێگەیشتووە، بە ئەندازەی زیانەكەی، كۆمەك بكرێت. حكومەتی هەرێم و بەغداش دەبێت بچنە ژێر باری هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و لانی كەم بە ئەندازەی خەڵك و كۆمپانیاكان بەشداری لە بونیاتنانەوەی ژیانی زیانمەندان بكەن، بەڵام ئەوەی وەك مەترسی و هەڕەشەیەك ماوەتەوە و ئەگەری ئەوەی هەیە دووبارە بێتەوە، سەرچاوە و هۆكارەكانی دروستبوونی لافاوەكەن. ئەمجارەش دەیڵێمەوە دووربێت ئەگەر لە شەوێكی درەنگدا لافاوێكی هاوشێوە دروستبێتەوە، بە هەزاران كەس دەمرن، چونكە تائێستا ئەوەی كراوە هەڵمەتی كۆكردنەوەی كۆمەك و فریاگوزاری خێرایە بۆ لێقەوماوان و هەوڵدان بۆ پاككردنەوەی ماڵ و كۆڵانەكانی شار. هیچ هەنگاوێك نەنراوە بۆ چارەسەری هۆكارەكان. 

چەمچەماڵ لە بونیاتی شارەكەدا رەچاوی ئەوە نەكراوە رۆژگارێك بەو ئەندازەیە گەورە دەبێتەوە، هەر بۆیە هاوینان كێشەی بێئاوی هەیە و هەندێ زستانیش مەترسیی لافاو. لە گەورەبوونەوەی شاردا گەڕەكی تازە لە هەندێ شوێن دروستكراون كە پێشتر چەم و شوێنی رێڕەوی ئاو بوون. من بیرمە لە كۆتای هەشتاكان و سەرەتای نەوەتەكانیشدا چەندجارێك لافاو لە چەمچەماڵ دروست بووە، گەرچی هیچ كات بە ئەندازەی ئەمجارە نەبوو، بەڵام ئەوجارانەش زیانی بە بەشێك لە ماڵان گەیاندووە. ئەوكات بەهۆی ئەوەی بانی مەقان لەژێر كۆنترۆڵی رژێمدا بوو دەرفەتی ئەوە نەبوو لە سەرچاوەكەیەوە چارەسەر بكرێت، بەڵام دوای رووخانی سەدام هەر زوو لە بناری مەقان بۆندێك لەسەر ئەو رێڕەوە دروستكرا كە سەرچاوەی لافاو بوو، ئیدی مەترسییەكە كەم بووەوە. ئەو بۆندەی هەیە بۆ دوورخستنەوەی مەترسیی لافاو بۆ زستانی ئاسایی و ئەو رێژە بارانە دروستكرا كە پێشبینی دەكرا ساڵانە لە ناوچەی چەمچەماڵ ببارێت، بەڵام ئەم شەپۆلی بارانەی ئەم چەند رۆژە بە بیرەوەری هەرە بە تەمەنەكانیشمان هیچ ساڵێك بارانی لەم جۆرە نەباریوە. بۆیە چاوەڕوانكراوە ئەو رێگەچارانەی پێشتر هەبوون بۆ چارەی رێژەیەكی زۆری لەم جۆرە دەست نەدەن. ئەمە چ جای ئەوەی بەهۆی دروستكردنی خانوو باخ و پڕۆژەوە دەستدرێژی كراوەتە سەر هەندێ شوێنی رێڕەوی ئاوەكە، بەڵام هۆكاری سەرەكیی دروستبوونی لافاوەكە زۆریی رێژەی بارانەكە بووە. 

لەبەرئەوەی سرووشتیش سرووشتی تێكچووە، چاوەڕوانكراوە لەمەودوا رێژەی بارانی لەم جۆرەی چەند رۆژی رابردوو چەند بارەببێتەوە. بۆیە پێویستە لە ئێستاوە و بەخێرایی بیر لە چارەسەری یەكجاری بكرێتەوە. خەڵك و رێكخراوەكان و كۆمپانیا و سەرمایەداران لەدوای لافاوەكە بۆشایی فریاگوزاری خێرای حكومەتیان پڕكردەوە، بەڵام بۆ چارەسەری سەرچاوەی مەترسییەكە ئەمەیان بە خەڵك ناكرێت و دەبێت حكومەتی هەرێم بەخێرایی بێتە سەر خەت بۆ جێبەجێكردنی ئەو هەنگاوەی كە مەترسی لافاوی هاوشێوە و ترسناكتر لەسەر چەمچەماڵ دووردەخاتەوە. خۆشبەختانە باراناوی بانی مەقان نایات بۆ چەمچەماڵ ئەگینا هەموو ساڵێك چەند جارێك شارەكە رووبەڕووی لافاو دەبووەوە. ئاوی بانی مەقان دەڕوات بۆ خاڵۆبازیانی و لەیلان و خوارووی كەركووك. ئەو لافاوەی چەند رۆژی رابردووی لەیلان، سەرچاوەی لافاوەكە ئاوی بانی مەقان بوو. تەنیا باراناوی بەشێكی كەمی بناری مەقان لە پشتی مۆفەر شۆڕدەبێتەوە بۆ چەمچەماڵ، ئەویش لە حاڵەتی زستانی ئاساییدا ئەو پۆندەی لە بەردەمی دروستكراوە، چارەسەرێكی خراپ نەبوو، بەڵام وەك چاوەڕوان دەكرێت بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەواوە ئەگەری شەپۆلی بەرزی باران بەردەوام بێت، بۆیە پێویستە لە دوورایی پشتی ئەو پۆندەی ئێستا هەیە، چارەسەرێكی دیكە بدۆزرێتەوە. 

ئەوەی من دەیڵێم جێبەجێكردنی كارێكی قورس و سەخت نییە، بەڵام چارەسەرێكی هەمیشەییە بۆ دوورخستنەوەی مەترسیی دروستبوونەوەی لافاو لەسەر چەمچەماڵ و شۆڕش. ئەو شوێنەی ئاوەكەی پێدا دێت، دۆڵێكی درێژە، دەبێت لە پشتی مۆفەرەوە لایەكی ئەو گردەی دۆڵەكەی دروستكردووە ببڕدرێت بۆ ئەوەی رێڕەوی ئاوی باراناوی ئەو بەشەی بانی مەقان لەبری ئەوەی رووە و چەمچەماڵ بێت، بگۆڕدرێت بۆ پشتی گوندی (فەیزاوا). كارەكەش تەنیا چەند ئامێرێكی بووڵدۆزەر و شۆفڵ و گەڵابەی پێویستە. لە بەشی ئەو گردە ببڕدرێت و لەبەردەم رێڕەوەكە دابنرێت تاوەكو كەلەبەرێك دروست دەبێت بۆ گۆڕینی رێڕەوی ئاوەكە. ئیدی بۆ هەمیشە نە چەمچەماڵ و نە شۆڕش رووبەڕووی مەترسی لافاوی هاوشێوەی هەفتەی پێشوو نابنەوە. 

ئەگەر ئەمە نەكرێت، ئەو پۆندەی ئێستا هەیە، ناتوانێت بەر بە ئاوی زۆر بگرێت. تەنانەت ئەگەر هەموو ئەو ماڵ و باخ و پڕۆژانەش هەڵبگیرێن، ناتواندرێت هیچ دڵنیاییەك بدرێت كە لافاو دروست نابێتەوە، چونكە وەك ئاماژەم پێدا بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا و تێكچوونی سرووشتی سرووشتەوە، چاوەڕوانكراوە لە ئێستا و ساڵانی داهاتوو شەپۆلی هاوشێوە و تووندتری باران روو لە ناوچەكە بكات. بۆیە هیوادارم حكومەتی هەرێمی كوردستان كات و تواناكانی بەو رێگەچارانە بەفیڕۆ نەدات كە چارەسەری كاتین، بە هەمان كات و هەمان ئەو ئیمكانیاتانەی بۆ چارەسەرە كاتییەكە پێویستن، دەتوانێت بەو جۆرەی خستوومەتەڕوو چارەسەری یەكجارەكی بكات.

 

لەڕووداو وەرگیراوە