ئەرسەلان بایز
4 کاتژمێر پێش ئێستا
ڕووداوه تراجیدییه‌كان، قه‌تل و عام و ئه‌نفالى كورده‌كانى ڕۆژئاوا به ده‌ستى داعشه نوێكان، بسك بڕینى ته‌رمی كچه شه‌ڕڤانێك، ئازاردان و برسیكردنى مناڵه په‌پوله‌كان، فتواى وه‌زیرى ئه‌وقافى حكومه‌تى عه‌ره‌بی ئیسلامى سوریا بۆ غه‌زاى كورد نشینه‌كان ویژدانى هه‌موو كوردێكى عه‌لمانى و ئیسلامى هه‌ژاند. له‌م سه‌ر تا ئه‌و سه‌رى كوردستانى یه‌كخست. ته‌نانه‌ت شه‌قامى شاره‌كانى ژماره‌یه‌كى زۆرى وڵاتانى ئه‌وروپاى شله‌قاند.
له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان دیمه‌نى چه‌ندین ژنه سه‌ربازى ئه‌مریكا، ته‌نانه‌ت چه‌ند دانه‌یه‌ك له ژنانى به ویژدانى عه‌ره‌بی جولاند، به گریانه‌وه پشتیوانیان له ژنه شه‌ڕڤانه شه‌هیدو ته‌رم فڕێدراوو قژ بڕاوه‌كان كرد. هه‌زاران ژنى كورد وه‌كو هێماى پشتیوانى قژى خۆیان كرد به دوو كه‌زى. دیاره ڕه‌فتاره داعشیه‌كان ده‌رهه‌ق به كورد به گشتى و ژنانى شه‌رڤان به تایبه‌تى. مامۆستا چه‌تۆ حه‌وێزى (ناساغ و ته‌ندروست هه‌ندێ ناله‌بار) هه‌ژاندووه تاكو ئه‌و چوار دێره شیعره بنوسێ، كه هه‌ر هه‌مووى زوخاوى ناخى مرۆڤه نیشتیمانپه‌روه‌رو عاشقانى خاكى كوردستانه:
كاتێ داعش له شه‌ڕ به‌زى
چه‌ته‌یه‌كیان له هه‌ڵاتن
تووشى ته‌رمى شه‌ڕڤانێ بوو
له‌داخانا كه‌زى بڕى
به‌و ڕه‌فتاره شاگه‌شكه بوو
واى زانى كه، وره‌ى كوردان داده‌به‌زێ
كه‌چى ژنان بسكى خۆیان وا هۆنده‌وه
هه‌موو قژیان بوو به كه‌زى
ئه‌م چوار دێر شیعره ته‌عبیر له دیمه‌ن و موعاناتى سه‌رجه‌م گه‌لى كورد ده‌كات. دیمه‌نى شه‌ڕ، فڕێدانه خواره‌وه‌ى ته‌رمى شه‌رڤانێكى شه‌هید، كه‌زى بڕین. ڕه‌فتارى دڕندانه‌ى داعشه نوێكان. یه‌ك هه‌ڵوێستى ژنانى كورد.
هه‌ر شاره‌زایه‌ك كاتێ له‌و چوار دێر شیعره ده‌ڕوانێ، ده‌زانێ شاعیر خاوه‌ن پاشخانێكى ڕ‌ۆشنبیرى، به ئاگا له ئه‌ده‌ب و هونه‌ر، چۆنیه‌تى به‌كارهێنانى وشه‌یه له سیاقى خۆیدا. چونكه بێ بوونى ئه‌و ئامرازانه ناتوانێ ئه‌و هه‌موو دیمه‌نه تراجیدیایانه له چوار دێر شیعرێكى ئاوا ناسك كۆبكاته‌وه.
به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و هه‌موو موعانات و به‌سه‌ر هاته‌ى ڕۆژان به‌سه‌ر كورد دێت، ئه‌و زه‌نگى مه‌ترسیداره‌ى ئه‌مڕۆ به گوێماندا ده‌درێ هێشتا نه‌بۆته هۆى یه‌كگرتووى سه‌ركرده‌كانى باشوور بۆ ئیداره‌دانى هاوبه‌شى هه‌رێم.