بێستون ئیبراهیم
08/06/2020
ڕازی كارمەندێكی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی شەهید هەژار (تەواری) كەلار
ئێمەی كارمەندانی تەندروستی تەواری لەكەلار هەمیشە قوربانین، كاك فەرهاد وەك نموونە. قوربانین نەك هەرلە توش بوون بەنە خۆشی كۆرۆنا، بەڵكو قوربانین و پشكی شێرمان هەیە لە شەڕو لەجنێوپێدانی نەخۆش و ئیهمالی مودیرو ئیداریاتی نەخۆشخانەو لە بێباكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی و لە بێ پشتگیری سەندیكا.
ئاخر یەكێك پێم بڵێ ئەبێ فەحس بكەم چی یەو فەحس نەكەم چی یە و چی سودێكی هەیە!! جگە لە ڕوخاندن و تێكدانی دەروونی، گریمان من تووش بووم ئەی دوای ئەوە بچمە كوێ؟! بچمە ئەو نەخۆشخانەیەی كە بەحساب تایبەت بەكۆرۆنا دروست كراوە، بەڵام تاكو ئێستا چاوەڕێی مەسئولێكن بیكاتەوە و بیكاتە مزایەدەی سیاسی.
یان بچمە نەخۆشخانەی گشتی كە ئەمیش بەحساب تایبەت كراوە بە كۆرۆنا، بەڵام دڵنیا بن ماڵەوەی هەریەكەمان لەوێ باشترەو گونجاوترە (ڕۆژێك یەكێك لەدكتۆرە بەڕێزەكانی داوای لە كارمەندەكان دەكرد و ئەیوت توخوا خێرتان ئەگات بچن یەك دوو دەرزی ئەنتی بایۆتیك بكڕن نەخۆشێكی كۆرۆنای لێ یە كەس پرسیاری لێ ناكات ).
منیش و كاك فەرهادو هەموو هاوڕێكانی ترمان ئێستا وەكو یەكین، تەنها جیاوازییەكە ئەوەیە كاك فەرهاد فەحسی كردووە و پۆزەتیڤ دەرچووە ، چونكە پێش ئەوەی كاك فەرهاد فەحس بكات، هەموومان و لە هەمان شوێن كارمان كردووەو لەگەڵ یەكتر بەركەوتەمان هەبووە، تەنانەت لەگەڵ دكتۆر شكاریش كە ئێستا ئەویش تووش بووە، ئێستا پێم ناڵێن جیاوازیمان چییە؟!
دەی كوا خەمخۆر؟!
هاوڕێیەكمان دەڵێ چووین فەحس بكەین، ئەڵێ مختەبەرەكە ئەونە قەرەباڵخ بوو لەبەر كۆكە كۆك و پژمینی ئەوانەی بانگكرابوون بۆ فەحس، بێزار بووین و فەحسەكەمان نەكرد. ئەوەی جێی سەرنجە ئەبێ فەحس ئاوا بكرێ؟ كە بەحساب ئەتەوێ بڵێی بۆ ئەوە فەحست بۆ ئەكەم نەوەكو توشی كۆرۆنا بووبیت، دەی من پێت ئەڵێم ئەرك مەكێشە پێش ئەوەی بێینە ژوورەوە بۆ ناو مختەبەرەكە، لەبەردەم دەرگاكە توش بووین.
ئەوەی زیاتر جێی داخە ئیداریاتی شاری كەلاریش ئێستا وەك پێویست بەدەم نەخۆشخانەی فریاكەوتن و لایەنی تەندروستی و كارمەندانی تەندروستییەوە نایەن و ڕەوشەكە زۆر خراپە، چونكە لەم كاتەدا دكتۆرە موقیمەكان مانیان گرتووەو پێ دەچێ لەچەند ڕۆژی داهاتوودا كارمەندانی تەندروستیش مان بگرن بەهۆی پێنەدانی مووچەكانیانەوە.
هەر لەبەر هەموو ئەم هۆكارانەو هەروەها مانگرتنی كارمەندانی گرێبەستیش، ئێمەش ئەركێكی زۆرمان كەوتۆتەسەر و گیرمان خواردووە لە نێوان بەرداشی هەڕەشەی نەخۆش و ئەمری ئیداری نەخۆشخانە كە دەڵێن دەبێ دەوام بكەن، لەكاتێكدا ئێمە ناتوانین هەموو نەخۆشێك بخەینەڕێ بەبێ دكتۆر و ڕێنمایی دكتۆر.
لەكۆتاییدا داواكارم و تكا ئەكەم لەهاوڕێ و هاوپیشەكانم، باخۆمان بپارێزین لەنەخۆشی كۆرۆنا ، لەو شەڕو مەترسیانەی ڕۆژانە لەلایەن نەخۆش و خاوەن نەخۆشەوە دەكرێتە سەرمان، چونكە دڵنیابن كەس خەممان ناخوات و فریامان ناكەوەێ .
تكایە كەس بەقسەی بریقەداری سەندیكاو وەعدە بێ بنەماكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و ئیدارەی نەخۆشخانە هەڵنەخەڵەتێ كە بەحساب لایەنی پەیوەندیدارن.
وە داواكارم لەخەڵكی گەرمیان خۆیان و ماڵ و مناڵیان بپارێزن لەم پەتایە و لەهەر ڕووداوێك، ئەگینا ئەبێ بەدیار مناڵە شیرینەكانتانەوە دانیشن و بگرین لەتەواری بەبێ دكتۆرو خەدەمات ،وەك ئەو مناڵەی كە سێ شەو پێش ئێستا لە تەواری شتێكی قوتدابوو دكتۆرێك نەبوو لایەكی لێ بكاتەوە، چونكە وەزعی تەندروستی لەگەرمیان زۆر خراپەو جێگای نیگەرانییە.
بەهیوای سەلامەتی بۆ هەموو لایەك
كارمەندی تەندروستی نەخۆشخانەی فریاكەوتن