نوێبوونەوەكەی یەكێتی و چەند سەرنجێك!

كەمال رەئوف


28/06/2020


لەدوای گۆنگرەی یەكێتی، كە ناوی "نوێ بوونەوە"ی لێنرابوو، دەبوو یەكەم كاری هاوسەرۆكەكانی یەكێتی، رادەستكردنەوەی بینای مەكتەب سیاسییەكەیان بوایە، كە موڵكی وەزارەتی پەروەردەیە، ئاخر ناكرێت ئەو هەموو ساڵە یەكێتی حاكمی یەكەمی ئەم ناوچەیە بێت و بەشی ئەوە زەوی‌و موڵكی نەبێت، كە مەكتەب سیاسییەكەی لە بینایەكی پەروەردەدا بێت و لەناو ئەو بینایەوە گفتوگۆی چاكسازی بكرێت و بەڵێنی و نوێبوونەوە بدرێت.

كەس نییە نەزانێت كە ساڵانێكی زۆرە غەدر لە سلێمانی دەكرێت، بۆیە هەق وابوو یەكێتی دوای كۆنگرە هەنگاوی یەكەمی ئەوە بوایە لەئیدارەی سلێمانی كە لەبندەستی خۆیەتی، گۆڕانكاری ریشەی بكات‌و بەشەفافییەت داهاتی ئەم ناوچەیەی بخستایەتە روو، دەستی لەبازار و زانكۆ تێكەڵ كردنی ئیشی حیزب و حكومەت هەڵگرتایە تا جیاوازی خۆی لەگەڵ پارتی لێرەوە نیشانبدایە و ئەوكاتە لامەركەزیەتی پێشنیار بكردایە، نەك بەشێوازە كلاسیكییەكەی ململانێ، كە بەردەوام پارتی تیدا براوە بووە.

ئێستا لەم دۆخەدا، كە ڤیرۆسی كۆرۆنا تەنگی بەخەڵك هەڵچنیوە، سێكتەری تەندروستی بن دەستی قەڵەمرەوی یەكێتی لەپەرێشان خراپترە، سەرباری لەخۆبوردەی كارمەندانی تەندروستی و دكتۆرە بەرێزەكان و كەفائەتی زۆر، كەچی تەندروستی سلێمانی واحاڵیان خراپ بووە، تەنانەت ناتوانن پشكنینی پێویست بۆ بەركەوتووەكان بكەن، لەبەرانبەردا هاوسەرۆكەكانی یەكێتی هیچ بەرپرسیارییەكیان نەخستووەتە سەرشانیان، كە دەكرا لەرێگەی گەرانەوەی بەشێك لەداهاتی سنورەكان و داهاتی كۆمپانیاكانیان، دۆخەكەیان بگۆریایەو بەدەستپێشخەری یەكێتی، كە ساڵانێكی زۆرە پشكی گەورەی كۆنترۆڵكردنی ئەو داهاتەی لەلایە، بەبرێكی بەرچاو لەبەخشتنی پارە، هەڵمەتی نیشتمانی كۆكردنەوەی كۆمەكیان بكردایە، هاوشێوەی ئەوەی پێشتر بۆ نەخۆشخانەی هیوا و چەند پرۆژەیەكی تر كرابوو.

هەموو لایەك بەسەركردەكانی پارتی و یەكێتیشەوە خۆیان باشتر لەخەڵك دەزانن، كە حكومەتی هەرێم، نە ئەوساو نەئێستاش، لەسەرهیچ شتێك، لەجەوهەردا یەك دەست و یەك دەم ویەك هەڵوێست نەبوون، تەنیا لەسەر پشك و بەشكردنی دەسەڵات وداهات نەبێت، بەلەبەرچاوگرتنی كەم ‌و زۆری پشكەوە لەنێوانیاندا. 

یەكێتی ئەوكاتە ئەیتوانی فشارێكی كۆمەڵایەتی لەدەرەوەی چوار چێوەی حیزبییەوە لەسەرشێوازی حوكمرانی پارتی دروست بكات، كە دوای كۆنگرە خاڵی وەرچەرخانی دروست بكردایەو دەستی خۆی بەهەموو كەموو كورتییەكانەوە بۆ خەڵك بخستایەتە روو، تا چیتر بزنس و سیاسەت تێكەڵ نەكرێت و جیاوازی ئیدارەی قەڵەمرەوی دروست بكردایە و دژی گەندەڵی هەنگاوی عەمەلی هەڵبگرتایە.

سەركردایەتی نوێی یەكێتی دەبوو مەرجی سەركەوتنی نوێبوونەوەی دوای كۆنگرەیان ببەستایەتەوە، بەرادەی ئاستی سەركەوتنیان لەئاشتكردنەوە و نزیك كەوتنەوەیان لەخەڵك و دروستكردنی گۆرانكاری لەدۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵك، نەك بەسەرخستنی كۆمەڵێك وگۆرانكاری لەخیتاب لەگەڵ پارتی، چونكە گەر یەكێتی بروای بەكاری ئایندە و هەستانەوەی خۆی هەیە، دەبوو ئەوەبكات چونكە ئەوە رێگا دروستەكە بوو، دەبوو بەشێنەی و مەحكەمی بەئیرادەوە، لێرەوە هەنگاوی هەڵبگرتایە بۆ نوێ بوونەوەكەی، نەك بە گرتنەبەری هەڵوێستی پەرچەكردار لەبەرامبەر ئەوانی دی.