بڵێسە جەبار فرمان
29/06/2020
بە دروستكردنی بابەتی جەدەل لەسەر قەوارەی ھەرێم و دژە ھەرێم خەڵك جەواشە مەكەن.
ھەرێمی كوردستان دەستورییە و بە كەس ھەڵناوەشێتەوە.
ھەڵوەشاندنەوەی ھەرێمی كوردستان گۆڕینی دەستور و ڕاپرسی گەرەكە، كە لەم ھەلومەرجەی عیراق پێیدا تێدەپەڕێت سەختە و بگرە مەحاڵە.
بە لێدوانی سەیرو سەمەرە لەسەر موچەو گواستنەوەی موچە بۆسەر بەغداد، خەڵكی مەخەڵەتێنن. ھەموو كەسێكی ئیداری ئەزانێت كە ئەمە مەسەلەیەكی ئیداری و میلاكاتە و ھەر فەرمانبەرێك سەر بە وەزارەتێكە و میلاكی ھەیە لەسەر وەزارەتەكەی، بۆ گواستنەوەی موچە دەبێت میلاك بگوێزرێتەوە.
واتا دەبێت میلاكی تاك بە تاكی فەرمانبەرانی ھەرێم بگوێزرێنەوە بۆ سەر وەزارەتەكانی مەركەز. ئەمەش بێجگە لەوەی گۆڕینی بەڕێوەبەرایەتییەكان دەگەیەنێت و بێ نان كردنی ئەو ھەموو فەرمانبەرانەی لە وەزارەتەكاندا كاردەكەن، ھەڵوەشاندنەوەی حكومەتی ھەرێمیش ئەگەیەنێت كە وەكو ئاماژەم پێدا ھەرێم دەستورییە و بێ گۆڕینی دەستوری عیراق و ڕاپرسی ئەمە ناكرێت.
تكایە ھاوڵاتیان بەم لێدوانانە كە ھیچ بنەمایەكی یاسایی و ئیداری نییە، سەرقاڵ مەكەن.
یەكتری بە دژی یاسای چاكسازی تەخوین مەكەن
چاكسازی بە بڕینی نانی چەند كەسێك ناكرێت كە خێزان و مناڵیان ھەیە، چاكسازی بە شەفافیەتی داھات و گەڕانەوەی داھات بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەكرێت.
وەرن ھەموو لایەنەكانی ھەرێم پێكەوە
بێ یەكتری تەخوین كردن بە نانیشتمانی
بێ وەڵام و وەڵامدانەوەی یەكتری
بێ تۆمەت بەخشینەوە بەیەكتری
بێ لێدوان و نوسینی نامەنتقی
بێین و بە دوای چارەسەردا بگەڕێین
با بێین و خەونی دوژمنەكانمان بە پەرتەوازەیی كورد لە گۆڕ بنێین.
با بێین و چارەسەری ریشەیی بدۆزینەوە
ھیچ سەخت نییە
ھەزار میل بە یەك ھەنگاو دەست پێدەكات
با دەست پێبكەین
ھەموو پێكەوە......