نازم دەباغ لەسەر كێشەی گرتنەوەی سەرچاوەی ئاوی سیروان و زێی بچوك لەلایەن ئێران-ەوە بۆ راچڵەكین دەدوێت

چاوپێکەوتن

19/08/2020     ژمارەی بینراو 354

راچڵەكین-کۆچەر عەزیز

نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران رایدەگەیەنێت، كیشەی گرتنەوەی ئاوی هەردوو سەرچاوەی ئاوی سیروان و زێی بچوك لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە كێشەیەكی بەردەوامە و پێیوستی بە چارەسەری بنەڕەتی هەیە.
  
نازم دەباغ، ئەمرۆ چوارشەممە لەلێدوانێكدا بۆ راچڵەكین- ئاماژەی بەوەكرد:" خۆ ئێران بەنداوی دروستنەكردووە هەوای تێبكات، یان خۆڵی تێبكات، بۆیە كاتێك پێویستی پێ بێت ئاوی تێبكات دەیگرێتەوە، بە ئەندازەی ئەوەی كە دەتوانێت بەنداوەكەی پڕ بكات دیارە ئەم كارە جۆرێك لە ناعەدالەتی تێدایە لە ئەندازەی بەردانەوەی ئاوی پێویست بۆ وڵاتی دراوسێ ئەوەش بە رێككەوتن رێكدەخرێت".

"ئەمە راستییەكە ناتوانیت تۆ لاریت هەبێت لەسەری و فەرامۆشی بكەیت، ئەم سیاسەت و رێكخستنەش بە هەرێمی كوردستان ناكرێ، بەحكومەتی عێراق دەكرێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان هەموو خەمەكان بووەتە مووچە و كۆی كێشەكانی تر خراونە لاوە، تا وای لێهاتووە بووەتە مزگێنی بڕیاری مووچە، ئێمەش  ئەوەی پێمان بكرێت كردوومانە ،بەڵام مەسەلەی ئاو بە ئێمە چارەسەر ناكرێت، بە حكومەتی ناوەندی و كۆماری ئیسلامی چارەسەر دەكرێت" نازم دەباغ وا دەڵێت.

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران ئاماژەی بەوەشكرد:" راستە ئەو سەرچاوانە موڵكی هاوبەشن، بەڵام هەر وڵاتە بە پێی یاسا مامەڵە لەگەڵ سەرچاوە ئاوییەكان دەكات لە ناو وڵاتی خۆیدا، ناتوانین بڵێین گرتنەوەی ئاو لەسەدا سەد رەوایە، چونكە كێشەكە پەیوەندی بە مافی وڵاتان و مرۆڤەوە هەیە، ئەمە پێویستی بە رێككەوتنە بە پێی یاسای نێودەوڵەتی، دەبێت هەموو لایەك سوودی لێوەربگرێت، وەزارەتی كشتوكاڵ بەیاننامە دەردەكات یەكلایەنە ئەوە چەندین ساڵە هەیە". 

نازم دەباغ دەشڵێت:" دەبێت، بەرپرسانی هەرێمی كوردستان ئەوە بزانن ئەو بەنداوانە بۆ ئاوگلدانەوە دروستكراون، حكومەتی هەرێم دەبێت بیر لە ئایندە بكاتەوە چەند بەنداوێك دروست بكات، لەو شوێنانەی كە دەتوانێت بەنداو دروستبكات، ئاو كۆبكاتەوە نەك بەنداو بداتە مقاولێك تا پارەی بەربكەوێت، ئەگەر ئەوەندە بە تەنگ خەڵكی كوردستانەوەن با وەزیری كشتوكاڵ بەیاننامەیەك دەربكات تا بەنداوی بێخمە تەواو ببێت".

بۆ چارەسەر ئەو كێشەیە ووتیشی:" دەبێت ئەو پرۆژە ستراتیژیانەی كە ئاو  كۆدەكەنەوە وەك بەنداوی بێخمە تەواو بكرێت، دووەمیش دەبێت لە رێگەی حكومەتی ناوەندی رێككەوتنی یاسایی بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەكان بكرێت، چ لە گەڵ ئێران چ لەگەڵ توركیا، ئێمەش پەیامی خۆمان دەگەیەنین، بەڵام ئێران دراوسێیە بۆیە دەبێت، بە شێوازێكی فەرمی و هێمنانە داوای لێبكرێت نەك بە شێوەی هەڕەشە ئامێز، دەبێت بڵێن داواكارین لە ئێران بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەكان و بژێوی مرۆڤ لە ناوچەكە ئاو گلبداتەوە بۆ هەرێمی كوردستان".

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران سەبارەت بە چارەسەری كێشەكە ئاماژەی بەوەكرد:" گرتنەوەی ئاو درێژە دەكێشێت لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تاكو بەنداوەكە پڕدەبێت و ئەوكات بەشێكی بەردەدەنەوە".

ماوەی چوار رۆژە كۆماری ئیسلامیی ئێران هەردوو سەرچاوەی ئاوی سیروان و زێی بچوكی گرتووەتەوە، شەوی رابردووش وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان  راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە كە تێیدا ئاماژەی بەوەكردووە:"كۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوەڕاستی مانگی ئاب، بۆ ساڵی سێیەم لەسەریەك لە وەرزی هاویندا ئاوی هەردوو رووباری سیروان و زێی بچوك دەگرێتەوەو داهاتی ئاوی كرد بە سفر."

وەزارەتی كشتوكاڵ ئەو كردارەی ئێرانی بەپێچەوانەی هەموو عورف و یاسایەكی نێودەوڵەتی وەسفكرد و باسی لەوەشكردووە:" ئاوی رووبارە هاوبەشەكان موڵكی هەردوو خەڵكی عێراق و ئێرانە، بەتەنها مافی هیچ كام لەو وڵاتانە نییە، لەهەمانكاتیشدا بە گرتنەوەی ئاوی ئەو دوو ڕووبارە بەسەدان هەزار ماسی لەناو چوون، سەرەڕای ئەوەی زیانێكی زۆری بەجووتیارانی ناوچەكە گەیاندووە، زۆربەی بەرهەمەكانیان وشك دەبن."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن