ئەمەی یەكێتی و پارتی دەیكەن، ململانێ نییە!

سەردەشت حەمەساڵح


09/05/2021


دەڵێن لە كەشتییەكەی نوح (د.خ)ی لێ بێت، دوو كوردی تیابووە، خەڵكی ناو كەشتییەكە ئەوەندەی سەرقاڵی ئاشتكردنەوەی ئەم دوو كوردە بون ئاگایان لە ئاوبردنی دنیا نەبووە!

ململانێی ناتەندروستی ئەم دوو حزبە ناوەستێ ھەتا كۆی دەستكەوت و ئەزمونی ئەم ھەرێمە لەناو نەبات!

ھەرچەند ئەمەی یەكێتی و پارتی دەیكەن ململانێ نییە، بەڵكو دوژمنایەتییەكی دیقپێھێنەرە! 
دیقپێھێنەر بەو مانایەی بەلایەكییا ناخەن یان رێككەون یان یەكتر بسڕنەوە!.

بێت و كەسێك نەكەوێتە نێوانیان سەر بۆ خراپتر رادەكێشێ و بەرەو ئاكام و ئاقارێكی خراپ و مەترسیدار دەچین.

رۆژێك لە سەروبەندی دروستبونی ناوەندی بڕیار لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوم، دۆخەكە ئاڵۆز بوو، ھەر بەرپرسەو زیاتر لە پێویست پاسەوانی ھێنابوە ناو بارەگای مەكتەبی سیاسی. تەنھا پریشكێكی بچوك بەس بوو بۆ ئەوەی ئاگرێكی تۆقێنەر ھەڵسێنن، تاڵە موویەك مابوو یەكتر قەتڵ و عام بكەن. 

بەرزانی قالەی خەڵوزو كامەرانی سەعە چەتەو عەمید ئاری دانیشتبوون، وتم كاك بەرزان ئەو دۆخە چیە، بەرەو چی ئەبەن؟

وتی: ھیچ نییە، یەكێك ھەشتی بەر ئەكەوێ و یەكێك نۆ ! بەینیان زۆر نییە!.

مەبەستم لەو گێڕانەوەیە ئەوەیە كێشەی ئەمانە كێشەی فكرو ململانێی بەرەو پێشچونی كورد نییە، بەڵكو پارەو پارەو پارەیە. ئامادەن تەڕو وشك بسوتێنن، ھیچ گوێ بە ئەنجام و ئایندە نادەن، كورد چی لێ یەت چی لێ نایەت جار بە جەھەندەم!..

خۆ خۆری ئەم كوردە ھەر ھەڵدەقوڵێ.. ھەرگیز توشی وشك بون نایەت، یانی نەك ھەر خەڵكی خۆمان، بەڵكو ھەموو دنیا داوایان لێدەكات كۆك و تەبابن، ناوچەكە بەرەو گۆڕانكاری دەچێ، ھیچ ئەڵێی نەبایان دیوەو نە بۆران، بەراستی مێش میوانیان نییە.