كارەساتی گەورە لە عیراق روودەدات

بڵێسە جەبار فەرمان


07/07/2021

ئەم توێژە سیاسییەی عیراق بە تەمای چییە؟

 

لە دروست بوونی دەوڵەتی عێراق تا ئەم سەردەمە، كەرتی پەروەردە بەم خراپیەی ئێستای بێ ئاست و كواڵیتی نزم نەبووە. رێژەی نەخوێندەواری بەم ئەندازەیە بەرز نەبووە.

گەر بە وردی خوێندنەوە بۆ دۆخی عێراق بكرێت، دەبینی كە بە ھەنگاو لەدوای ھەنگاو وە بە خواست، كار لەسەر تێكشكانی دوو سێكتەری ئەساسی كۆمەڵگا دەكرێت.
كەرتی خوێندن و نەخوێندەوار كردن و جاھل كردنی كۆمەڵگا. ئەوەی تریش تێكدانی شیرازەی خێزانیە.
كەرتی خوێندن روون و ئاشكرایە و پێویست بە قسەی زیاتر ناكات، ھەر لە سەرەتاییەوە تاكو زانكۆكان و كڕینی بروانامەی ماستەر و دكتۆرا. كردنەوەی زانكۆو پەیمانگای ئەهلی بێ كۆنترۆڵ و بێ مەرجی كواڵیتی. ئاستی زانكۆو پەیمانگاكان لە لیستی زانكۆكانی جیهان بەهەزاران لەدوای دواوەوەیە. بەكوردی بڵێم ناوەندی خوێندن لە عیراق هیچ پێوەرێكی لە  ئاستی زانستی وڵات و پەروەردەكردنی تاك و فیركردن نییە. گەندەڵی ئەم سیكتەرەشی داگیركردووە.

خێزانی عیراقی بەرەو هەڵوەشانی زیاتر ئەڕوات و هیچ پڕۆژەیەكی باش بۆ راگرتنی نیە. لەسایەی دەركردن و ھەمواركردنەوەی ھەندێك پرۆژە یاسا ئەم چوارچێوە خێزانیە بەرەو دابڕانی زیاتر و پەروەردەكردنی مرۆڤی ناسەقامگیری زیاتر ھەنگاو دەنێت.

لەسایەی ئەم یاسایانەوە تا دێ زیاترو زیاتر ژنانی كۆمەڵگا پەراوێز دەخرێن و مافیان زەوت دەكرێت.

حكومەت و یاسادانەرێك رێگا خۆش بكات بۆ پیاوان بۆ ھێنانی ژنی دووەم و زیاتر لە رێگای پێدانی قەرزو سلفەوە لە لایەك و رێگر بێت لە جیابوونەوەی ژنەكان بەوەی حچانەی مناڵەكانیان لێبسەنرێتەوە، دەبێت پلان و ستراتیجیەتی ئەم حكومەتە چی بێت؟
تەلاقدان بۆ پیاو زۆر ئاسان كراوە وە ھان دەدرێت ژنی زیاتر بھێنێت.

لە بری ئەوەی توێژەری خێزانی زیاد بكرێت و ئاستی دارایی خێزان بەرزبكرێت، گرنگی بە منداڵ بدرێت و بە یاسا مافی دەستەبەر بكرێت، لە بری ئەوەی یاسای توندوتیژی خێزانی تشریع بكرێت و تاك بە تاكی خێزان بپارێزێت، دێن و ھانی پیاو دەدەن بە ھێنانی ژنی زیاتر. وەك ئەوەی ئەوە تەنھا چارەسەر بێت گەر گرفتێكیان ھەبێت.

رۆژانە لەدەرەوەی دادگاكان و بە ناوی شریعەتەوە كیژۆڵەی منداڵ و ھەرزەكار بە شوو دەدرێن و بە پێی ئامارەكانی دادگا بەشێكی زۆریان ھێشتا نەگەیشتوونەتە تەمەنی روشد، تەڵاق وەردەگرن و خاوەنی چەند منداڵێكیشن كە خۆیان ھێشتا منداڵن و بەرپرسیارێتی خۆیان بە باشی ناتوانن ھەڵبگرن.

یاسای باری كەسێتی ژمارە ١٨٨ ی ساڵی ١٩٥٩ یەكێكە لە یاسا باشەكان و بۆ ئەو سەردەمە تاكو ئێستا یەكێكە لەیاسا مەدەنیەكان.

بڕگەی ٥٧ی ئەم یاسایە، باس لەوە دەكات پەروەردەكردنی منداڵ دوای جیابوونەوە لای دایكە تا تەمەنی ١٨ ساڵی.

ساڵانێكە ھەوڵی ھەمواركردنەوەی دەدرێت یاخود باشترە بڵێم ھەوڵی تێكدانی دەدرێت.
ھەندێك لایەن ساڵانێك پێش ئێستا تانەیان لەو یاسایە دا لە دادگای ئیتحادی بە بیانووی ئەوەی دژی بنەماكانی ئاینی ئیسلامە. 

ئەم تانەیە لەلایەن فقھای ئیسلامی دادگای ئیتحادییەوە رەفزكرایەوە.
ئێستا كە عێراق بەرەو ھەڵبژاردنی پێش وەختە ھەنگاو دەنێت، دەستێكی رەش ئەم ھەلومەرجەی بە لەبار زانیوە بۆ سەپاندنی مەرامی خۆی و ھەمواكردنەوەی (تێكدانی) ئەو یاسایە و بەوەش تێكدانی كۆمەڵگای عێراقی و پێشێلكردنی مافی دایكان و ژنان.

ئەوەی لە حكومەت و پەرلەمانی عێراقی دەبینرێت نە لە ئێرانی پێشەڕەوی شیعە و نە لە سعودیەی پێشڕەوی سوننەش بەدی ناكرێت.

كێشەی گەورە دیراسەنەكردنی زانستی دۆخی خێزان و باری دەروونی مناڵ و دایكە لەكاتی هەوڵدان بۆ دەركردنی یاسا یان بڕیارێك كە پەیوەندی بە خێزانەوە هەبێت.

بە گوێرەی ئەم ھەمواركردنەوەیە بێت منداڵ بۆی ھەیە تا تەمەنی حەوت ساڵی لای دایكی بمێنێتەوە، بەو مەرجەی ھاوسەرگیری نەكاتەوە.

دوای ئەو تەمەنە حچانەی منداڵەكە دەدرێت بە باوكی. بۆ گوێزانەوەی حچانە لە دایكەوە بۆ باوك گرنگ نییە باوكی ھاوسەرگیری كردۆتەوە یا چەند ھاوسەرێكی ھەیە. 
گەر ھات و باوكی منداڵەكە لە ژیان دا نەمابوو یاخود مفقود بوو، ئەوكات منداڵەكە دەدرێت بە باوكی باوكی، واتا باپیری.

گەر ئەوان نەیان توانی منداڵەكە بگرنە خۆیان و دایكی ھاوسەرگیری نەكردبۆوە، ئەوكات دایكەكە بۆی ھەیە دووبارە منداڵەكە بگرێتەوە خۆی.

ئەمە رێگریكردنە لە دووبارە ھاوسەرگیری كردنەوەی دایك پێشێل كردنی مافی ژنە.
ھەروەھا داڕمانی باری دەرونی منداڵەكە بەھەر جارە و گواستنەوەی بۆ لای یەكێك.

لە بری ئەوەی ھاوشێوەی وڵاتانی پێشكەوتوو بەرژەوەندی منداڵەكە لێك بدرێتەوە و دایك و باوك ھاوشێوەی یەك تەماشا بكرێن و ھەڵسانگاندن بكرێت كامیان گونجاوترن بۆ پەروەردەكردنی منداڵەكە، دێن و بێ بەرچاو گرتنی بەرژەوەندی منداڵەكە دەدرێت بە دایك و لێدەسەندرێتەوە و دەدرێت بە باوك و بە باپیر و بەرژەوەندی و باری دەرونی منداڵ رەچاو ناكرێت.
ھەمواركردنەوەی ئەم یاسایە نارەزایەتیەكی زۆری رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و ژنان و پارێزەران و بەشێكی زۆری چین و توێژەكانی بە دوای خۆی دا ھێناوە.

بەداخەوە بەهۆی ئەوەی ململانێی سیاسی نامەشروع ئەكرێت و نزیك بونەوە لەهەڵبژارن هەیە بە مەرامی سیاسی و شەخسی هەوڵ هەیە سیكتەرە ستراتیژی و گرنگەكان بكرێتە قوربانی زیاتر، بە جۆرێكی وا من تێناگەم ئەم توێژە سیاسیەی عیراق دەیانەوێ چی بكەن و چ كارەساتێكی ناخۆشترو رەش تووشی ئینسانی ئەم وڵاتە بكەن.

ئەم توێژە سیاسیە لە ھەوڵی دروست كردنی نەوەیەكی بێ عیلم و نەخوێندەوار و خاوەنی كەسایەتیەكی ناتەندروستن.