دواڕۆژ بێ وەرگرتنەوەی دوێنێ مسۆگەر ناكرێت

ستران عەبدوڵا


10/04/2022


تەكنیكی بەرزی میدیای پارەداركراو  نابێ لە دزینی هەموو رابردووی یەكێتییەكەمان سەركەوتوو بێت، هەوای دەستبەسەرگرتنی زەمین و زەمانی وڵات بۆ حزبێك كە تۆماری دوای لە راپەڕین نییە و زەحمەتە بتوانێ ڤیدیۆیەكی راستەقینەی ئەوكاتە بكاتە بەڵگەو ناچاری فیلمی دیكۆدرامی دەبێت، نابێ سەركەوێت و بۆی بچێتەسەر. ئیتر بەسە دەستبەسەراگرتنی مێژووی شانازییەكانی شۆڕشی نوێ و خەباتی میللـەتەكەمان.

سەردەمێك هەوڵیاندا بەناوی گشتی جەماوەر و تایتڵی گشتگیرەوە یەكێتی مەحروم بكەن لە سەروەرییەكانی و ئێستاش بە زەبری پارەو تەكنەلۆژیای چەواشەكاری دەیانەوێ ئەو مێژووە سەربەرزەی یەكێتی بە ناوی خۆیانەوە تۆماربكەن.

نەخێر ئازیزان !

دوای هەرەس  یەكێتیی شۆڕشی بەرپا كردووە. دوای ئەنفال یەكێتی پارتیزانەكانی لە چیا هێشتۆتەوە، دوای بێئومێدی جاری دووەمیش كە سەرۆك مام جەلال پێشبینی داگیركردنی كوێت و لاتەریك كەوتنی رژێمی بەعسی كرد،  یەكێتی نەخشەی راپەڕینی بۆ گەل و رێكخستنەكان داڕشت و رێبەریی كردو كردی بە واقیعی كوردستانی ئازاد.

یەكێتی بە گیانفیدایی شەھیدەكانی و جەماوەرەكەی بەشی خۆی لە راپەڕین جێبەجێكرد ، تا كەركوك تاجی راپەڕینی ساڵی 1991 لەسەر نا ، خەڵكی تر بڕیاربوو موسڵ رزگاربكەن و ئێستاو ئەوساش نەیانتوانیوە مێژوویەك دابتاشن كە لە ساڵی 1991 موسڵیان رزگاركردووە.

شەهیدەكانی یەكێتی لە راپەڕین بەڵگەی خوێنین كە ئەم بەڵگانە بە دیكۆمێنتاری درۆو دەلەسە ناسڕدرێنە‌وە.

داستانی كۆڕێ و داستانی ئەزمڕ لە دوو قۆڵی بەرەنگاری بەعسی گەڕاوە بۆ تۆڵەكردنەوە، لەدوای پاشەكشێ و كۆڕەوی ملیۆنی شایەتی بۆ یەكێتی و پێشمەرگەكانی یەكێتی دەدەن، پێشمەرگەی بە هیممەتی لایەنەكانی تر گەواهیدەر و بەڵگەن لەسەریٔەوەی كێ لەوێ بووەو كێ جامانەی فڕێداوه،  چونكە بۆ یەك جار شەرمی لە مێژوو كرد، كەچی وا جارێكیتر شەرمیان شكاوەو بە دیكۆدرامی درۆزنانە گەرەكیانە رابردوو بدزن بۆ نەوەی پایەكانی واقیعی زاڵی یٔەمڕۆیان قایمتر بكەن.

ئەركمانە ئێمە لە میدیای خۆمان، ھی یەكێتی و ھی ھەموو میدیایەكی ھاوسەنگ و بە ویژدان ئەم رابردووە بە فاكت و بەڵگه ‌و بیرهێنانەوە بپارێزین و خاوەندارێتی لێبكەین، «نموونەی ئەوەش گێڕانەوەكەی شەھیدی نەمر حەسەن كوێستانی لەسەر داستانی كۆرێ كە كاتی خۆی لە گۆڤاری سەرھڵدان نووسیویەتی» . ئەركمانە ئەم ئەرشیفە ئەبدەیت بكەینەوە ، نەك لەبەرئەوەی هەر كای كۆن بە بادا دەكەین و هیچمان نییە بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ پێشكەشی بكەین، بەڵكو لەبەرئەوەی خاوەندارێتی لە رابردوو سەرەتایەكی نوێیە بۆ لە قاودانی واقیعی زاڵی دەستبەسەراگرتن و بردن و یٔاودیوكردن.

خاوەندارێتی لە دوێنێ كە سامانێكی مەعنەوی گەورەیە ، وێستگەیەكی جەوهەرییە ‌ بۆ ڕێگرتن لە بردن و دەستبەسەراگرتنی سبەینێشمان. 

دواڕۆژ ھی  ئێمەیەو مەرج نییە ئەوی ئەمڕۆ لەوەزعی راھن  تاسەر بمێنێتەوەو ببێتە وەزعی ئایندەش.

سڵاو لە شەهیدانی كۆڕێ و ئەزمڕ، لە شەهیدانی كاروانی هەكاری تا كاروانی راپەڕین و كاروانی بەرەنگاری داعش، كە ئەویش گێڕانەوەیەكی راستەقینەتری نەبەردییەكانی دەوێت.
بەھاری ٢٠٢١