ئەمریكا لە نزیكەوە

محەمەد دەرگەڵەیی


09/11/2020


ئەمریكایی قسەیەیكیان هەیە دەڵێن “ ئەمریكا وڵاتێكی باش نیە بەڵام لەهەموو وڵاتەكانی جیهان باشترە”  بەواتایەكی تر، ئەمریكا وڵاتێكی بەهێز و پێشكەوتوە، بەڵام پڕە لەكەم و كورتیش.

ئەمریكا بەوە ناسراوە كە وڵاتی فرسەت و داهێنانە بۆ هاوڵاتیەكانی، هەركەسێك دەتوانێ هێز و توانا خواپێداوەكانی تاقیبكاتەوە و بەرەو پێشیان ببات و كەڵك نەك تەنها بەخۆی بگرە بە تەواوی مرۆڤایەتیش بگەیەنێ. ڕەنگە ستیڤ جۆپس داهێنەری كۆمپانیای ئەپڵ یان بیڵ گەیتس داهێنەری مایكرۆسۆفت باشترین نموونەبن بۆ پشت ڕاستكردنەوەی ئەم چەند دێرەی سەرەوە. بەڵام لەهەمان كاتدا ئەمریكا لەڕوی پێگەیاندن و وشیار كردنەوەی تاكەكانی كۆمەڵگە زۆر لەدواوەیە. هەڵبژاردنی چەند ڕۆژی ڕابردووش باشترین بەڵگەی ئەو ڕاستیەن كە تاكی ئەمریكی وەك هەر وڵاتێكی دواكەوتوی جیهان دەكرێ بە درۆ و خەیاڵی لەڕاستی دوور هەڵبخەڵەتێندرێ و وەك گاگەل ئاراستە بكرێن. 

 لە هەڵبژاردنی چەند ڕۆژی ڕابردوو نزیكەی ٧٠ ملیۆن كەس دەنگی بە دۆناڵد تڕەمپی سەرۆكی ئێستای ئەمریكا دایەوە كە ٤ ملیۆن دەنگ زیادی كردوە بە بەراورد بە هەڵبژاردنی ٢٠١٦. 

 ئەمە لەگەڵ ئەوەی لە چوار ساڵی سەرۆكایەتی ئەمریكا دۆناڵد تڕەمپ جگە لە ناشرین كردنی وێنەی ئەمریكا لە جیهان، لەناوخۆی وڵاتیش ٢٥ هەزار درۆی لەسەر ساغ بۆتەوە. كۆمەڵگەی ئەمریكای بەشێوەیەك لەبەر یەك هەڵتەكاندوە ڕەنگە ٤ سەرۆكی داهاتووی ئەمریكاش نەتوانن ئاسەواری ئەم چوار ساڵەی تڕەمپ بسڕنەوە. 

ئەمریكایەك نزیكەی ٢٣٢ ساڵە دەستاو دەستكردنی ئاشتی تێیدا نەك تەنها یاسایە، بەڵكو بۆتە نەریتیش. بەڵام تڕەمپ دێت و لە ساڵی ٢٠٢٠ هەم یاسا و هەم نەریتەكەش دەخات ژێر تاقیكردنەوە و ٧٠ ملیۆن ئەمریكایش پشتیوانی لێ دەكەن. 

 من ناڵێم هەموو ئەوانەی دەنگیان بەتڕەمپ داوە خەڵكی خراپن، بەڵام بەدڵنیایەوە ئەوانە ئاستی ڕۆشنبیری گشتیان بایی ئەوەندە نەبوە درۆ و تەڵەكە بازیەكانی تڕەمپ لەگەڵ ڕاستیە بەڵگە نەویستەكان لە یەكتری جیا بكەنەوە.

 لەم وڵاتە پێوانەی سەركەوتنی مرۆڤ بە سەرمایەكەی دیاری دەكرێ، واتا خەڵكی پارەدار بە سەركەوتوو و خەڵكی هەژاریش بە دۆڕاو دەبینرێ كە لەنزیكەوەش ئەمریكا و ئەمریكایەكان بناسی، لەو ڕاستیە تێدەگەی كە سەرمایەی خەڵكە خوا پێداوەكەی تەنها لە سەدا یەكی سەرمایەی شەرعیە، لەبەرامبەریشدا ٩٩ لەسەدانی بەجۆرێك لەجۆرەكان بەگەندەڵی یان داگیركاری و خوێنڕێژی دەستیان كەوتووە و نموونەی قەتڵ و عام كردنی هیندە سورەكانیش كە خەڵكی ڕەسەنی ئەمریكان زیندوو ترین نموونەی ئەو ڕاستیەن. 

بەڕای من سیستەمی سەرمایەداری ئەمریكا هۆكاری یەكەمی دواكەوتنی كۆمەڵگەیە، چونكە ئەم سیستەمە بەجۆرێك تاقەت پڕوكێنە، كە لەبەر  كاركردن و ڕاكردن بەدوای بژێوی ژیان، كاتی نەهێشتۆتەوە بۆ خۆپێگەیاندنی تاكەكانی. 

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هاوڕام “ ئەمریكا وڵاتێكی باش نیە، بەڵام لەهەموو وڵاتانی جیهان باشترە.